( تۆ بە وەفاى )
تۆ بە وەفاى ..
قەت ناتوانى دایە و بابە بە جێ بێڵى ..
هەموو ڕۆژێ ،
هەروەکو پەپولەى زیندان ،
بە ژوورە تاریکەکانا دێیت و
ئەچى .. ئەو ژوورانەى سەد کابینە و
هەزار وەزیرى کارەبا نەیانتوانى تەواو ڕوناکى کەنەوە
..
هەموو ڕۆژێ ،
پرسیارەکان ئەکەیتەوە :
دایە کەى کارەبا دێتەوە ؟
بابە کەى بۆیلەر گەرم ئەبێ ؟
تۆ بەوەفاى ..
قەت دواى کچێ ناکەویت و
بە بیانووى هاوسەرگیریى و تەکمیلەى نسفى دین و ئەو
شتانە ،
دایە و بابە جێ ناهێڵى ..
قەت لە ڕقى دەم و چاوى دەسەڵات و دواکەوتن و ئەو شتانە
،
ڕاناکەى بۆ هەندەران و
دایە و بابە جێ ناهێڵى ..
قەت لە داخى دڵدارەکەت ،
شەوێ ناچى بۆ مەیخانە و
نیوە شەوێ بە بەدمەستى ،
دایە و بابە بێزار ناکەى ..
قەت شەڕ بە باوکت نافرۆشى و
داواى دوا مۆدێلى ئاى فۆن ..
داواى سەقف سلاید و تۆربۆ و کوشن جلدى ، لێ ناکەى ..
( بە ڕاست ! .. بۆ داواى هیچ ناکەى ؟؟
ئەو بازاڕە پڕ لە دەنگ و
پڕ لە ڕەنگ و جم و جوڵە ،
قەت سەرنجى ڕانەکێشاى ..
بەو هەموو بریق و باقە ،
بۆ ساتێکیش هەڵنەخڵەتاى )
تۆ بە وەفاى ..
تەنانەت بۆ کراسەکەت ..
تەنانەت بۆ بیجامەکەت ..
تەنانەت بۆ پێڵاوەکەت ،
ناتوانى دەست بەرداریان بى..
ئەو شتانەى کە توشیان بووى ،
ئەتەوێ هەتا هەتایە ،
برادەر و هاوکاریان بى ..
* * *
تۆ بەوەفاى ..
قەت ناتوانى دایە و بابە بەجێ بێڵًى
ناماندەیتە دەست تەنیایى ..
بەڵام ئێمە زۆر بێ وەفاین ،
ڕۆژێ لەگەڵ مردن ئەڕۆین ..
ئەڕۆین و تۆ ئەدەینە دەستى تەنیایى ..
خۆیشمان وێنە ڕێژى ناکەین ،
ئەبێ چۆن بێ کاردانەوەت ..؟؟!
هەڵس و کەوتت ..؟؟؟!
مەراسیمى ماڵئاوایى .. ؟؟!
* * *
تۆ بەوەفاى ..
خۆزگە هەرسێکمان یەک لافاو ..
یەک بوومەلەرزە ..
یەک ئاگر ..
یەک تیرۆریست ..
یەک ڕووداو ،
ئەیبردینەوە بۆ لاى خوا ..
( زۆر زەحمەتە تۆ و تەنیایى ،
لە ژوورێکدا ئیشتان بڕوا )
* * *
تۆ بە وەفاى ..
( من
کوڕێکم هەبوو )
من کوڕێکم هەبوو ..
ناوم لێ نا : کوڕە ئازا ..
دکتۆرەکان ناویان لێ نا : ئۆتیزم ..
دادەکان ووتیان : بیبەرەوە ماڵەوە ..
دایەنگاى ئەهلى پارەى مانگانەکەیان دامەوە و
ووتیان : بیبەرەوە ماڵەوە ..
بەڕێوبەر و مامۆستاکان ، ووتیان : بیبەرەوە ماڵەوە ..
ماڵەوە ووتى : بیبەرەوە دەرەوە ..
من کوڕێکم هەبوو ..
کوڕێک .. چۆن کوڕێ ..
چاو ڕەش – ڕەش
برۆ کەوان ..
باڵا بەرز – بەرز
ناوقەد باریک ..
نەنکى ئەیووت : ئەم کوڕە بەر چاوى حەسوود کەوت ..
ئەم کوڕەتان خەسار کرد ..
مورویەکى شین ..نوشتەیەکتان نەکردە ملی ..
بە بەرچاوى ئەو خەڵکە چاو پیسەوە ،
ئەتانهێنا و ئەتانبرد ..
کوڕێکم هەبوو ..
کوڕێکى بێ وێنە ..
ناوم لێ نا : ئەمیر ئەرسەلان ..
پزیشکەکان ناویان لێ نا : ئۆتیزم ..
کوڕێ بوو تاک و تەنها ..
بێ هاوڕێ ..
بێ یار ..
کوڕێ بوو .. کوڕێکى بریندار ..
خوا هاوار ! ..
* * *
کوڕێکم هەبوو ،
یەک چرکە تامى لە مناڵیى نەبینى ..
گەورە بوو ..
بوو بە پیاو ..
پیاوێکە ، پیاوێکى خەمگین ..
پیاوێکە ..
پیاوێک لە برین ..
|