ئەمڕۆ ڕێکەوتى 23 ى دیسەمبەرى 2014 ڕۆیشتم بۆ وەرگرتنى
مووچەى مناڵێکى کەمئەندام لە بنکەى دابەشکردنى مووچەى
کەمئەندامان لە سلێمانى ، داخێک چووە دڵمەوە ، نەمزانى
چۆن بگەمە ماڵەوە و چۆن کۆمپیوتەرەکەم بکەمەوە و چۆن
ئەم وێنە تراژیدییە بۆ بەڕێزتان بگوێزمەوە ، هەڵبەت من
هەر ئەوەندەم لە دەست دێ ، وەک پێغەمبەرانیش سڵاوى
خوایان لێ بێ ، تەنها ڕاگەیاندنیان لەسەر بووە ، ئیتر
جێ بە جێکردن ، بۆ لایەنى دەسەڵاتدار و جێ بە جێکار
ئەگەڕێتەوە ..
ئەمڕۆ شەستە باران بوو ، ژمارەیەکى یەکجار زۆر لە
کەمئەندامان و کەس و کارى کەمئەندامان ڕژابوونە ئەو
مەڵبەندەى کە مووچەى تێدا دابەش ئەکرێ .. گۆڕەپانێکى
خۆڵ ، یەک بست بنمیچى تێدا نییە ئەو خەڵکە داماوە لە
گەرماى هاوین و .. باران و بەفرى زستان بپارێزێ .. ئەو
خەڵکە تێکڕا لەبەردەم سەرما و سۆڵە و باراندا
هەڵئەلەرزین .. ئینجا تەنها یەک پەنجەرە تەرخانکراوە
بۆ ووردبینیى ، دوو سەرەى دوور و درێژى پیا و و ژن بە
ڕاست و چەپى ئەو بستە پەنجەرەیەدا درێژ بوونەتەوە ، لە
ژێر لێزمەى باران و سەرمادا ..کوێر و شەل و شەلەل
دەماغ و کەڕ و مەنگۆل و بێ دەست و قاچ ، هەڵئەلەرزن و
.. لە حاڵى مەرگدا ، زیاتر لە دوو سەعات لەناو قوڕ و
چڵپاودا ، چاوەڕوانى بستە پەنجەرەیەک ئەکەن مۆرێک بدات
لە پسووڵەى ژمێریارییەکەیان ..بە مەرجێک پێشتر
لەبەردەم پەنجەرەیەکى تر سەعاتێکى تر وەستاوە و ..
ناسنامە و سێ پەنجە مۆر و ناوونیشان و ژمارەى مۆبایلى
لێ وەرگیراوە..
ئینجا دواى ئەو هەموو چاوەڕوانییە ، ئەبێ سەرەى ژوورى
دابەشکردنى مووچە بگرێ ، واتە سێ جۆر سەرەگرتنى تاقەت
پڕوکێن .. لە لایەکى ترەوە مەنهۆڵى موشتەمەلاتى
فەرمانبەران گیراوە و .. بۆگەن و زێراب دێتە دەرەوە بە
بەردەم ئەو خەڵکە نەخۆش و داماوەدا ، ئەڕوات ..
بەڕێز .. مرۆڤى کەمئەندام کەسێکە پێویستى بە یارمەتى و
خزمەتگوزارییەکانە چونکە بەشێک یان زیاتر لە بەشێکى
لەشى ئیش ناکات ، کەچى لەو مەڵبەندەدا هیچ
خزمەتگوزارییەک بوونى نییە ، نە دەستشۆرێک .. نە
کورسییەک بۆ دانیشتن .. نە ئاودەستخانەیەک .. نە یەک
بست بنمیچ بۆ پاراستنیان لە هەتاوى هاوین و بارانى
زستان .. نە تەنانەت چوار دیوار کە کۆیان بکاتەوە ..
نا .. لە حەوشەیەکى قوڕ بە زستان و خۆڵ بە هاوین ..
بنمیچەکەى ئاسمانە .. لەگەڵ زێرابى تەقیوى
فەرمانبەرانى مەڵبەندەکەدا ..خۆ ئەگەر باسى گەرمکەرەوە
و فێنککەرەوە بکەین ، ئەوا وەک ئەوە وایە لە سەردەمى
ئەمەوییەکاندا باسى ئایفۆن و گالاکسى بکەین ، جۆرێکە
لە مەحاڵ ..
بەڕێز وەزیرى کار و بارى کۆمەڵایەتى ، ئەگەر خەڵکانێکى
کەمئەندام و داماو ، نەتوانن بپرسن ئەم حاڵە چییە ،
ئەى بەڕێزتان نابێ جار بە جارێ سەردانى ئەو مەڵبەندانە
بکەن بزانن چى ئەگوزەرێ ؟؟
باشە لەو هەموو بینا و تاوەر و مۆڵ و ساختمان و
باڵەخانانەدا ، ئایا ناتوانرێ جێگەیەکى شیاو بۆ ئەو
چین و توێژە نەخۆش و کەمئەندامە تەرخان بکرێ تاکو بە
شێوەیەکى مرۆڤانە مووچەکەیان وەربگرن .. ؟؟
ئەوەیش بزانە لە هەموو جیهاندا باشترین خزمەتگوزارى و
ڕێز و دڵدانەوە بۆ چین و توێژى کەمئەندام و
کەمتواناکانە بە جۆرێک من هاوڕێیەکم هەیە بە هۆى
کوڕێکى ئۆتیزمییەوە ، مافى پەنابەرێتى وەرگرتووە و ..
هەموو کارئاسانى و ڕێزێکیان بۆ فەراهەم کردوون ، بە
جۆرێک لەبەر خاترى ئەوان ئەسانسۆرێکى تایبەتیان بۆ
باڵەخانەکەیان دامەزراندووە ..ئیتر بەو جۆرەیە ،
هەڵبەت هێشتا لە سەدا پێنجى ئەو تراژیدیایەى کە ئەمڕۆ
بینیم ، باسم نەکردووە ، چونکە بە ڕاستى نە ئەتوانم
بیخەمە قاڵبى نووسینەوە و .. نە هیچ ووشەیەکیش ئەتوانێ
وێناى بکات ..
|