كوردستانیانی كه‌نه‌دا هاوكاری بۆ كۆبانێ و شه‌نگال ره‌وانه‌ده‌كه‌ن

  

عوسمان عەلی ، تورونتۆ

 



دوای روبه‌رِووبونه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و شه‌رِڤانانی یه‌په‌گه‌ له‌ شه‌رِی دژی تێرورستانی داعش له‌ ناوچه‌كانی رۆژئاوا و باشووری كوردستان و ئاواره‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری دانیشتووانی كوبانێ و شه‌نگال بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان، كوردستانیانی كه‌نه‌دا وه‌كو كوردستانیانی نیشته‌جێی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ به‌هاوكاری رێكخراوه‌ كوردییه‌كان به‌رده‌وام به‌ رێپێوانی جه‌ماوه‌ری و خۆپیشاندانی نارِه‌زایی بۆ به‌رده‌م كونسوڵخانه‌كانی ئه‌مریكا و توركیا و په‌رله‌مانی فیدراڵی ئۆتاوا هاوسۆزی و پشتیوانی خۆیان بۆ شه‌رِڤانانی یه‌په‌گه‌ و پێشمه‌رگه‌ دووپاتكردۆته‌وه‌، هاوكات داواشیان له‌ كۆمه‌ڵگای نێو ده‌وڵه‌تی و حكومه‌تی كه‌نه‌دا كردووه‌ به‌ هانای ئاواره‌كانه‌وه‌ بچن و پشتگیری خه‌ڵكی خۆرِاگری كوردستان بكه‌ن .
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بۆ ده‌ربرِینی هاوسۆزی خۆیان بۆ ئاواره‌كان ئه‌مرِۆ 1-12-2014 دووه‌م كاروانی هاوكاری ئاواره‌كانی كوبانی و شه‌نگال به‌سه‌رپه‌رشتی رێكخراوی ئه‌ناتۆلیا كه‌لچه‌ر فاونده‌یشن ( A C F ) ره‌وانه‌ی كوردستان كرا كه‌ بریتی یه‌ له‌ 52 تۆن له‌ پۆشاكی زستان و به‌تانی و پێداویستی منداڵان .
عه‌دنان كایه‌ سه‌رۆكی رێكخراوی ئه‌ناتۆڵیا كه‌لچه‌ر فاونده‌یشن (A C F) له‌ لێدوانێكدا بۆ راگەیاندن ئاماژه‌ی به‌ چالاكیه‌كانی رێكخراوه‌كه‌ داو وتی: رێكخراوی (A C F) له‌ ساڵی 2011 دامه‌زراوه‌ و ئامانجشی هاوكاریكردنی ئاواره‌ و لێقه‌وماوانی كوردستانه‌.
كایه‌ ئاشكرایكرد: رێكخراوه‌كه‌یان چه‌ند جارێك كۆمه‌ك و كه‌لوپه‌لی پێویستیان بۆ لێقه‌وماوانی كاره‌ساتی بوومه‌له‌رزه‌ی شاری وان و ده‌رمان و كه‌رسته‌ی پزیشكی بۆ عه‌فرین له‌ رۆژئاوا و دواتریش هاوكاری بۆ ئاواره‌ی كه‌مپه‌كانی باشووری كوردستان كه‌ ئه‌مه‌ دووه‌م كاروانه‌ ره‌وانه‌ی ده‌كه‌ن.
سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه‌ راشیگه‌یاند: به‌رده‌وام ده‌بین له‌ ناردنی هاوكاری بۆ ئاواره‌كانی باشووری كوردستان، دواتر كایه‌ سوپاسی كوردستانیانی كه‌نه‌دای كرد كه‌ هاوكار بوون له‌م پرۆسه‌یه‌دا .
بێریتان رۆژهه‌ڵاتی هاوسه‌رۆكی رێكخراوه‌كه‌ به‌شداری لێدوانه‌كه‌ی كردوو وتی: له‌ ساڵی 2012 برِی 212 هه‌زار دۆلارمان بۆ لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌ی شاری وان له‌ باكوری كوردستان ره‌وانه‌ كردوو، پاشان له‌ ساڵی 2013 به‌هۆی ئاڵۆزی بارودخی شه‌رِ له‌ سوریا برِێكی زۆری ده‌رمان و پێداویستی پزیشكیمان بۆ كوردانی عه‌فرین له‌ رۆژئاوا ره‌وانه‌ كرد.
بیریتان وتیشی: له‌ دوای هێرشی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی شه‌نگال و كۆبانێ تا ئێستا دوو كاروانی هاوكاریمان بۆ ئاواره‌كانی ئه‌و كه‌مپانه‌ ناردووه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان 52 تۆن جلوبه‌رگ و به‌تانی و یاری منداڵانی له‌خۆ گرتووه‌.
له‌ كۆتاییدا هاوسه‌رۆكی رێكخراوی (A C F) سوپاسی هاوكاری و به‌خشنده‌یی كوردستانیانی كه‌نه‌دای كرد كه‌ هه‌میشه‌ هه‌ڵوێستی كوردانه‌یان نواندووه‌.
جێی ئاماژه‌یه‌ پرِۆسه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك و پۆشاك بۆ ئاواره‌كانی كوردستان له‌لایه‌ن ره‌وه‌ندی كورد و خه‌ڵكی خێرخوازی بیانی له‌ شاره‌كانی تورونتۆ و هامڵتۆن و كیچنه‌ر و له‌نده‌ن ئۆنتاریو كۆكراوه‌ته‌وه‌، هه‌ردوو رێكخراوی كوردیش كۆمینێتی سه‌نته‌ر و ناوه‌ندی كه‌ولتوری كوردستانیانی كه‌نه‌دا سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵمه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له‌كانیان كردووه‌، رێكخراوی (A C F)- یش ئه‌ركی گواسته‌نه‌وه‌ی هاوكارییه‌كان بۆ كوردستان له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌ .
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ماڵی كوردی تورونتۆ سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك و هاوكارین بۆ ئاواره‌كانی باشووری كوردستان برِیاره‌ به‌م نزیكانه‌ ره‌وانه‌ی كوردستان بكرێت .









 

           

 

02/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com