"پووران دره‌خشه‌نده‌" خه‌ڵاتی تایبه‌تی ئه‌ڵماسی فیلمی سه‌ربه‌خۆی ئه‌مه‌ریكای به‌ده‌ستهێنا
 

  

 





فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ! كچه‌كان ناقیژێنن" له‌ ده‌رهێنانی خاتوو "پووران دره‌خشه‌نده‌" خه‌ڵاتی تایبه‌تی ئه‌ڵماسی فیلمی سه‌ربه‌خۆی ئه‌مه‌ریكای به‌ده‌ستهێنا.
فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ! كچه‌كان ناقیژێنن" له‌ ده‌رهێنانی خانمه‌ سینه‌ماكاری كورد خاتوو "پووران دره‌خشه‌نده‌" له‌ نوێترین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا له‌ ڕێوڕه‌سمی پاییزی خه‌ڵاته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فیلمی سه‌ربه‌خۆی ئه‌مه‌ریكا نمایشكرا و توانی خه‌ڵاتی تایبه‌تی ئه‌ڵماسی باشترین فیلمی بڵندی چیرۆكی ئه‌م ڕووداوه‌ گرینگه‌ هونه‌رییه‌ی سینه‌ما به‌ده‌ستبێنێت.
خه‌ڵاته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فیلمی سه‌ربه‌خۆی ئه‌مه‌ریكا له‌ كۆتایی وه‌رزی پاییزدا له‌ 7 به‌شی جۆراوجۆردا له‌وانه‌: فیلمی بڵندی چیرۆكی، فیلمی دیكۆمێنتاری، كورته‌ فیلمی چیرۆكی، ڤیدیۆ كلیپ، فیلمی ئه‌نیمه‌یشنی، فیلمی ئه‌زموونی و ... به‌ باشترین فیلمه‌كان له‌ سینه‌ماكارانی وڵاتانی جیهان به‌خشرا.
خه‌ڵاته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فیلمی سه‌ربه‌خۆی ئه‌مه‌ریكا هه‌موو ساڵێك به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی به‌هره‌مه‌نده‌ نوێیه‌كان له‌ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی سینه‌ما و له‌ 4 وه‌رزدا، به‌ به‌شداری به‌رهه‌می فیلمسازانی سه‌ربه‌خۆ و به‌هره‌مه‌ندی سه‌رتاسه‌ری جیهان له‌ وڵاتی ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و خه‌ڵاته‌كانی باشترین فیلم، له‌وانه‌: خه‌ڵاتی ئه‌ڵماس، خه‌ڵاتی پڵاتین واته‌ زێڕی سپی، خه‌ڵاتی زێڕین، خه‌ڵاتی نوقره‌یی و خه‌ڵاتی زێو و هه‌روه‌ها له‌وحه‌ی فه‌خری به‌ باشترینه‌كانی هه‌ر وه‌رزێك پێشكه‌ش ده‌كرێت.
فیلمی "بێده‌نگ! كچه‌كان ناقیژێنن" له‌ دوایین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا به‌ ئاماده‌بوونی "پووران دره‌خشه‌نده‌" له‌ ڕۆژانی 22، 24 و 26ی ته‌شرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ری 2014 له‌ به‌شی پێشبڕكێی پێنجه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "مالاتیا" MALATYA له‌ شاری ماڵاتیا له‌ وڵاتی توركیا نمایشكرا.
فیستیڤاڵی فیلمی "مالاتیا" به‌ به‌شداری 100 فیلمی بڵندی سینه‌مایی، كورته‌ فیلمی چیرۆكی، دیكۆمێنتاری و ئه‌زموونی له‌ ڕۆژانی 21 تا 27ی ته‌شرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ری 2014 له‌ شاری ماڵاتیای توركیا به‌ڕێوه‌چوو.

بۆ زانیاری زیاتر:
http://iifilmawards.com/Diamond_Award.html

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕاگه‌یاندنیی گشتیی فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ كچه‌كان ناقیژێنن".


 

 

           

 

30/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com