له‌ڕۆژی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستاندا
 

  

ڕه‌سوڵ بۆسكێنی






كورد به‌درێژایی مێژوو هه‌وڵ و خه‌باتی بێ‌ وچانی داوه‌ بۆ ئازادی و سه‌رفرازی و ڕزگار بوون له‌ژێر ده‌ستی دوژمنان و هه‌ڵكردنی ئاڵای تایبه‌ت به‌وڵاته‌كه‌ی خۆی، به‌ڵام نه‌گبه‌تی و به‌دبه‌ختی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ی كورده‌ له‌وه‌دایه‌ له‌ هه‌ر كات و سه‌رده‌مێكدا هه‌نگاوێك بنێت به‌ئاراسته‌ی پێناسه‌ و سه‌لماندنی نه‌ته‌وه‌یی خۆی چه‌ندین شی كردنه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت و كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ ده‌خرێته‌سه‌ر ڕێگای به‌مه‌به‌ستی پوچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی، هه‌موو جارێكیش به‌ گه‌له‌ كۆمه‌كی ناوچه‌یی و جیهانی ڕێگری لێ‌ كراوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌مساڵیش له‌ڕۆژی 17-12 ڕۆژی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان هه‌مان كار و كاردانه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه‌، هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان چه‌ندین شی كردنه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌ی بۆ كرا: ئه‌وه‌ ئاڵای كورده‌ هی نه‌ته‌وه‌كانی تر نیه‌، ئاڵای باشووری كوردستانه‌ هی به‌شه‌كانی تری كوردستان نیه‌، ئاڵای سه‌رده‌می كۆماری كوردستان (مه‌هاباد)ه‌ هی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ نیه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ندین لێكدانه‌وه‌ی تر.
ڕۆژی بیست و شه‌شی سه‌رماوه‌ز ئاڵای كوردستان له‌ مه‌هاباد هه‌ڵكرا و ڕۆژی دووی ڕێبه‌ندانی 1324 (1946) كۆماری كوردستان دامه‌زرا، مامۆستا هێمنی موكریانی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌ كارا و چالاك و لێهاتووه‌كانی كۆماری كوردستان، ده‌ڵێت: من له‌و ڕۆژه‌ پیرۆزانه‌دا به‌شدار بووم و شێعرم خوێنده‌وه‌، له‌شێعرێكدا كه‌ وێنه‌ی ئاڵای كوردستانمان بۆ ده‌كێشێ‌ ده‌ڵێت:
".....سه‌ر بڵندین چونكه‌ وا ئاڵاكه‌مان هه‌ڵكراوه‌ گه‌ییه‌ ته‌شقی ئاسمان
په‌رچه‌می سوور و سپی و سه‌وزی ئه‌مه‌ شادیهێنه‌ لابه‌ری ده‌رد و خه‌مه‌
سووره‌كه‌ی یانی ئه‌وه‌ی بێته‌ بنم خوێن ده‌بێ‌ بڕژێنێ‌ بۆ پاراستنم
سپیه‌كه‌ی یانی كه‌سێكه‌ ڕووسپی هیچ شتێك نه‌یكردبێ‌ مات و كپی
سه‌وزه‌كه‌ی دێنێته‌ به‌رچاوان وڵات ئه‌و ده‌مه‌ی فه‌سڵی به‌هاری جوانی هات
تیشكی ڕۆژی كورد له‌ژێر هه‌وری سیا هاته‌ده‌ر ئه‌نگاوتی وا لوتكه‌ی چیا
دوو گوڵی گه‌نمیش ده‌ڵێ‌ هه‌ر كشتوكاڵ زۆر بكه‌ن مشتی بكه‌ن عه‌مبار و چاڵ
پێت ده‌لێ‌ نووكی قه‌ڵه‌م نووكی قه‌ڵه‌م زۆر له‌شیر باشتر ده‌پارێزێ‌ عه‌له‌م"
به‌پێی وێنه‌ی ئاڵای ئه‌و كاته‌ و ده‌رخستنی شێوه‌ی ئاڵای كۆماری كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌و ئه‌ندامه‌ چالاكه‌ی كۆماری كوردستان، ئه‌م ئاڵایه‌ی باشووری كوردستان شێوه‌ی له‌ ئاڵای كۆماری كوردستان جیاوازه‌، ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی داخۆ ئاڵای كوردستان له‌باشووری كوردستان ئاڵای هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستانه‌؟ ئاڵای كوردستان له‌باشوور جێگای شانازی هه‌موو تاكێكی كورده‌ له‌پارچه‌كانی تری كوردستانیش، به‌ڵام هیچ پێویست نیه‌ ئه‌م ئاڵایه‌ به‌سه‌ر براكانمان له‌ پارچه‌كانی تر دا بسه‌پێێنین، ڕاسته‌ كوردستان یه‌ك خاكه‌ و نه‌ته‌وه‌ی كوردیش یه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆی دابه‌ش كردن و پارچه‌ پارچه‌ كردنی كوردستان هه‌ر پارچه‌ی به‌ده‌ست یه‌كێكه‌وه‌یه‌، وه‌ك چۆن له‌ژێر زه‌بر و زه‌نگ و ویستی دوژمنان دا ژیان و خه‌بات و هه‌وڵ و تێكۆشانمان جیاوازییه‌كی هه‌یه‌، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش ده‌كرێ‌ هه‌ر به‌ش و پارچه‌یه‌ك له‌ پارچه‌كانی كوردستان ئاڵای تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت وه‌ك چۆن نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب هه‌ر ده‌وڵه‌ته‌ و ئاڵای خۆی هه‌یه‌ و هه‌مووشیان شانازی به‌ عه‌ره‌ب ده‌كه‌ن و خۆیان به‌عه‌ره‌ب ده‌زانن، ئه‌مه‌ هیچ له‌به‌رزی كوردستان و گه‌وره‌یی كورد كه‌م ناكاته‌وه‌. پێویستیش نیه‌ هه‌ر كه‌س بێت و هه‌ق به‌خۆی بدات ناكۆكی بخاته‌ نێوان لایه‌نه‌كانی كوردستانی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌ك جۆر ئاڵا هه‌ڵ بكه‌ن، با ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وانه‌ جێ‌ بێڵین تایبه‌تمه‌ندن به‌م كاره‌وه‌، هه‌روه‌ك ده‌شكرێ‌ كورد و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی دانیشتووی كوردستان كۆببنه‌وه‌ و ئاڵایه‌كی یه‌كگرتوو بۆ هه‌موو كوردستان دابنێن و هه‌موو لایه‌ك له‌سه‌ری كۆك بن و هه‌موو كه‌س به‌ ئاڵای خۆی بزانێت و له‌بڵندان به‌سه‌ر سه‌رمانه‌وه‌ بشه‌كێته‌وه‌ و له‌ڕۆژی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستانیش دا هه‌موومان به‌شانازیه‌وه‌ له‌یه‌خه‌ی خۆمانی بده‌ین و ده‌ستی پڕ له‌هیوا و شانازی بۆ له‌سه‌ر چاومان ڕابگرین.
دیاره‌ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێدا هیچ له‌ پیرۆزی ئه‌م ئاڵایه‌ی كوردستان له‌ باشوور كه‌م ناكاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م ئاڵایه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌یاسا ڕێكخراوه‌، له‌ ده‌ستووری عیراقیشدا دانی پێدانراوه‌ و له‌و ڕێگایه‌وه‌ چۆته‌ ناو ئاڵای نه‌ته‌وه‌كانی دنیا و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی جیهان وه‌ك ئاڵای ڕه‌سمی كوردستان ده‌یناسن، ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌م ئاڵایه‌ هی سه‌رده‌می كۆماری كوردستان (مه‌هاباد)ه‌، ئه‌وه‌ش لایه‌نێكی تری باسه‌كه‌یه‌، دیاره‌ به‌شێك له‌ڕه‌نگه‌كانی له‌گه‌ڵ ئاڵای سه‌رده‌می كۆماری كوردستان( مه‌هاباد) یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌، ده‌رباره‌ی بڕیاردان له‌ چۆنیه‌تی ئه‌و ئاڵایه‌ له‌سه‌رده‌می كۆماری كوردستان ده‌رباره‌یم خوێندۆته‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ ئێستا له‌م كاته‌دا سه‌رچاوه‌كه‌یم له‌به‌ر ده‌ست نیه‌، هیوادارم بتوانم له‌داهاتوو بیخه‌مه‌ڕوو، ئه‌وه‌ی له‌بیرمه‌ بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر شێوه‌ی ڕه‌نگ و دروست كردنی ئاڵای كوردستان له‌ كۆماری كوردستان، سه‌ره‌ڕای ڕای قازی محه‌مه‌د كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی تایبه‌ت به‌م كاره‌ كۆبوونه‌وه‌ بۆ دانانی ڕه‌نگه‌كانی ئاڵای كوردستان، به‌م شێوه‌یه‌ لێكدرایه‌وه‌: سێ‌ هێڵی ته‌ریبی ڕه‌نگی سوور و سپی و سه‌وزی هه‌بێت، ڕه‌نگی سوور نیشانه‌ی خه‌بات و تێكۆشان و به‌خشینی خوێنی شه‌هیده‌كانی كوردستانه‌، ڕه‌نگی سپی واتای به‌شێكی تر یا چینێكی تری دانیشتوانی كوردستانه‌ ئه‌ویش چینی خوێنده‌وار و ڕۆشنبیره‌ كه‌له‌و كاته‌دا مزگه‌وت مه‌ڵبه‌ندی خوێندن و مه‌لا و زانایانی ئاینی پێشه‌وای خه‌ڵك و نیشانه‌ی خوێنده‌واری كوردستان بوون، ڕه‌نگی سه‌وز نیشانه‌ی كشتوكاڵ و خێروبێری وڵاته‌ به‌هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و چین و توێژه‌كانه‌وه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر خاكی كوردستان چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی تر ده‌ژین، له‌ ئاڵای باشووری كوردستان دا هه‌ڵهاتنی خۆری ئازادی نیشانه‌ی په‌خشی ڕۆشنایی و ئاشتی و برایه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رم لێی سوڕماوه‌ په‌خش و بڵاوبوونه‌وه‌ی 21 تیرێژی تیشكی خۆر مانای چیه‌؟ ئایا وه‌ك هه‌ندێك كه‌س ده‌ڵێن ئاماژه‌ی ڕۆژی 21 مارته‌ واته‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی كوردی یه‌، ئه‌گه‌ر وابێت دیاره‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ نه‌ورۆز یه‌كه‌م ڕۆژی سه‌ری ساڵی كوردیه‌، به‌ڵام مارت یه‌كێكه‌ له‌مانگه‌كانی ساڵی زاینی و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌كورده‌وه‌ نیه‌، جگه‌له‌ ڕێكخستنی كاری ڕۆژانه‌ وه‌ك زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی جیهان كار به‌ ساڵی زایینی ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ده‌بوایه‌ كار له‌سه‌ر ساڵی كوردی بكرایه‌، هه‌ر نه‌بێت له‌هه‌رێم له‌و پارچه‌ی كه‌ تۆزێك خۆری ئازادی وڵاتی ڕۆشن كردۆته‌وه‌، هیوادارم ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ وانه‌بێت و په‌رله‌مانی به‌ڕێز له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ڕوون كردنه‌وه‌ بدات، به‌پێی ئه‌م لێكدانه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌م ئاڵایه‌ موڵكی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی یاری كراو نیه‌، به‌ڵكو موڵكی هه‌موو دانیشتوانی كوردستانه‌ به‌هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی وه‌ك توركمان و كلد و ئاشووری و مه‌سیحی و پێكهاته‌كانی تره‌وه‌، چونكه‌ خه‌بات و تێكۆشان و خوێنی شه‌هید و خوێنده‌واری و زانیاری و كشتوكاڵ و خێروبێری وڵات هه‌موومان تێیدا هاوبه‌شین و هی هه‌موو لایه‌كمانه‌، هیوادارم به‌هه‌موو لایه‌ك خزمه‌تی ئه‌م وڵاته‌ بریندار و وێرانه‌ بكه‌ین تا ده‌گاته‌ دوا قۆناغی سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی دانیشتووی كوردستان به‌ئازادی و ئاسووده‌یی له‌ژێر ئه‌م ئاڵایه‌دا ژیان بگوزه‌رێنین.
 

 

           

 

20/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com