کچانی شەڕڤان لە کوبانێ بە تەنها ئەفسانەو سایکۆلۆژیای
داعشیان تێکوپێک نەدا، بەڵکو زنجیرەیەک لە هاوکێشەو
چەمک و زاراوەی سیاسی و کۆمەڵایەتیشیان ئاوەژووکردووە.
یەکێک لەو چەمک و تێگە گرنگانەی کچانی شەڕڤان و
گەریلای ژن پەردەیان لەسەر هەڵماڵی فێمینیزمی باوی
ئێستایە. ئێمە لە خۆمان دەپرسین بۆچی لە دوای بەرگری
کچانی خۆرئاوا لە کوبانی و سەرکەوتنە سیاسی و
کۆمەڵایەتی و سەربازییە گرنگەکانیان فێمینستەکانی
باشوری کوردستان وەکو جاران دەرناکەون و شاشەی
کەناڵەکان پڕناکەنەوە؟ من ئەگەر بە کورتی وەڵامی ئەم
پرسیارە بدەمەوە دەڵێم چونکە کچانی
شەڕڤان بە سحری خۆیان و بە کردەوە و پراکتیک
سەلماندیان کە تەواوی بزوتنەوەی فێمینیزم لە گێژاوی
هەڵەو تێنەگەشتن لە خودی ئەو چەمکەو پیادەکردنی
بەهاکانیدا شکستیان خواردووە. کەواتە دەبێ نهێنی
سەرکەوتنی ئەوان چی بێت؟
فێمینیزم بەر لە هەموو شت کۆمەڵێک تیۆری کۆمەڵایەتی و
سیاسی و فەلسەفی و ئەخلاقیە. وەک هەر رەوتێکی دیکەی
ئایدۆلۆژی و سیاسی سەرەتا دەبێت پەیڕەوانی ئەم رێبازە
بتوانن لە پێناسەو شیکارییەکانی خۆیاندا هەموو ئەو
رەهەندانەی نێو کۆمەڵگای خۆیان بە دروستی هەڵسەنگێنن.
لێرەدا کرۆکی گرفتەکە دێتە پێشەوە کە ئەویش تێنەگەشتنە
لەو رەهەند و پاشخانە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە
بەدرێژایی مێژوو بوونەتە هۆکاری تۆخبوونەوەو
بەردەوامبوونی چەوساندنەوەی مرۆڤەکان بە تایبەتیش (ژنان
و منداڵان). ژنانی فێمینیست لە سەرچاوەی ئەم هەڵە
کوشندەیەوە دابەش بوون
بەسەر رەوتە ئایدۆلۆژیە باوەکان، هەر بۆیە ئەم
بزوتنەوەیە لە ناو خۆیدا تێگەشتن و بەرجەستەکردنی
جیاوازی دروستکردووەو سەری لە خودی ژنان شێواندووە،
تەماشا دەکەین فێمینیستەکان خۆیان بۆچوونی تەباو
هاوشێوەیان بۆ پرسی ژنان نیە و دابەش بوون بەسەر
خوشکان و ژنان و ئافرەتان و لیبراڵ و مارکسی و تەنانەت
ئانارشیستیشدا. هۆکاری چەوساندنەوەی ژنان بەپێی
ئینتیمای خودی ژنان و فێمینیستەکان جیاوازە. لە
کاتێکدا هەندێکیان لەو باوەڕەدان کە تەنها جیاوازی
رەگەز لە نێوان نێرو مێدا ئەم چەوساندنەوەیە دروست
دەکات، هەندێکی دیکەیان بە تایبەت مارکسیەکان
لەو باوەڕەدان کە سیستەمی سەرمایەداری هۆکاری
پیاوسالارییە، لە کاتێکدا ژنانی موسڵمان لەو باوەڕەدان
کە دوورکەوتنەوە لە ئاین هۆکاری ئەوەیە. فێمینستەکانی
کوردستانی خۆمان تێکەڵەیەک لەم تێزانە دەخەنە سەر
شاشەی کەناڵەکان و جگە لە دیاردە رواڵەتی و
هەڵسەنگاندنە ساکارەکانیان کە دوژمنێکی دڕندەیان لە
پیاوی کورد بۆ ژنانی کوردستان دروست کردووە هیچی دیکە
پێشکەش ناکەن. هەندێک لەوان بە تایبەت ئەوانەی کە پیاو
بە سەرچاوەی چەوساندنەوەی ژنان پێناسە دەکەن، زیاتر
لەسەر پەرچەکردار بەرامبەر بە پیاوان رەفتار دەنوێنن و
چەمکی ئازادی ژنان پەڕوباڵ
دەکەن و بە جلی سەرنجڕاکێش و میکیاژو خۆڕازاندنەوەی
خۆیان خەبات بۆ ژنان دەکەن و لە پشتی مێزەکانەوە
فەتوای فێمینستی بۆ ژنان دەردەکەن. هەندێک رێکخراو
یاخود کەسایەتی ژنی فێمینیست لەم رێگایەوە بە شوێن
بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیاندان، ئەمانە رێگەخۆشکەربوون
بۆ هێشتنەوەی ژنان لە هەمان چوارچێوەدا و سەرەنجام
بەرهەمەکانیشیان زیاتر دەستەمۆکردن و بەکاڵاکردنی ژنان
بووە بۆ پیاوان.
پیاوەکانی نێو بزوتنەوەی فێمینیزم بە ئاگابوون یاخود
لە بێ ئاگابوونەوە، هێندەی دیکە بزوتنەوەی فێمینیزم
دەخەنە ژێر پرسیارەوە. ئەم جۆرە لە پیاو لە پێناو
بەرژەوەندی تایبەت بە خۆیان کێشەی ژنان لە کۆمەڵگەی
ئێمەدا لە چوارچێوەی ململانێ لە نێوان ژن و پیاودا
بچوکتر دەکەنەوەو زیاتر بزوتنەوەکانی ژنان ژەنگاوی
دەکەن، چونکە ئەمانە هۆکارێکن بۆ ئەوەی هەمیشە ژنان،
پیاوان بکەنە پێودانگی سەرکەوتن یاخود ژێر کەوتنی
بزوتنەوەکەی خۆیان ئەمەش بۆخۆی واتای ئەوەیە کە ژنان
ریزبەندی خۆیان وەک مرۆڤی پلە دوو بەرامبەر بە پیاوان
پەسەند دەکەن و لەو
چوارچێوەیەدا کارەکانی خۆیان دەکەن.
ئەوەی جیاوازی لە نێوان ژنانی کۆبانی و ئێمە ئاشکرا
دەکات تەنها ئەو خاڵەیە کە ژنانی کۆبانی بنەما سیاسی و
کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکانی کێشەی ژنانیان دیاری کردووە.
پێناسەکانی ئەوان بۆ پیاو بۆ کۆمەڵگە بۆ عەشق و بۆ
خێزان و بۆ سێکس بۆ ژیان، لە نێو هەمان ئەو تێگەو
بۆچوونە فەلسەفیانەی خۆیانەوە سەرچاوەی گرتووە کە
هەڵسەنگاندنی تەواوی بۆ ئەو تێرمانە پێشکەش کردووە.
ئەوان پشت ئەستوور بە لێکدانەوەی مێژوویی، توانیویانە
کەسایەتی ژن لە نێو خودی ژندا بدۆزنەوە، ژنی گەریلا و
شەڕڤان لەمێژە ئەو شەڕەی بردۆتەوە کە لە مێژە ژنانی
فێمینیستی ئێمە
دۆڕاندوویانە، ئەو شەڕەش جەنگی دەستەویەخەی مەعیریفییە
لەسەر موڵکایەتی ژن، ئەوان دەمێکە توانیویانە خۆیان لە
موڵکایەتی و کۆیلەداری کۆمەڵگەو پیاو رزگار بکەن،
چونکە ئەوانە لەو جەنگەی خۆیاندا کە لە کۆبانی ئەنجامی
دەدەن سەرلەنوێ شەڕێک دەکەن کە تەنها یەک ئەگەری
لەبەردەمدایە ئەویش بردنەوەیە، بردنەوەی خاوەندارێتی
خۆیان. ئێستا شەڕڤانی ژن لە کوبانێ خاوەنی نیە و تەنها
خۆی خاوەنی خۆیەتی لەوەش زیاتر ئەوان خاوەنی وڵات و
ئەو پیاوانەشن کە هەڵهاتن.
بۆچی لەکن ژنانی شەڕڤان کەیسی ناموس و شەرەف پەرستی
کۆتایی هاتووەو هیچ کەس ناتوانێت ئیدعای بکات؟ کەچی
ژنانی رازاوەو پۆشتەی پشت مێزەکان و خاوەن پلەو پایەی
سیاسی هێشتا زەلیلانە ناموسی پیاوان هەڵدەگرن؟ وەڵامی
ئەم پرسیارە بۆمان ئاشکرا دەکات کە بۆچی ژنی شەڕڤان
بوونەتە عیزرائیلی داعشەکان و هیچ هێزێک ناتوانێت
ئیرادەی ژنانەی ئەوانە تێکبشکێنێت. ژنی شەڕڤان ئەو
رۆژەی کە دەچێتە قەندیل ماڵئاوایی لە هەموو چەمک و
بنەماو کەلتورەکانی کۆمەڵگای داگیرکراوی ناموس تێکشاو
دەکات. ئەوان هاوشانی پیاو، کە دەبنە گەریلا ئیتر
هەموو یاساو رێساکانی
ناموسی کۆمەڵگەیەکی داگیرکراوی بێ ناموس رەتدەکەنەوە،
بێ ناموسی کۆمەڵگە توڕدەدەن و شەرەف و ناموسێکی نوێ
هەڵدەگرن. ناسنامەی پیاوی وڵاتێکی داگیرکراو
رەتدەکەنەوە، ئامادە نین لەژێر سفێرو بارودۆخی
داگیرکردن و سەپاندنی کەلتوری دوو جار کۆیلایەتی
داگیرکەر خێزانێک دروست بکەن کە ( کویلەو خاوەن کۆیلە
واتە ژن و پیاو) بەگرێبەستێکی قەڵبی نێو دەزگاکانی
دەوڵەتی بەرهەمهێنی کۆمەلگەی کویلە بەیاسایی دەکەن.
پیاوی بێ دەسەڵاتی ژێر دەسەڵاتی داگیرکەر، پیاوێکی نێو
کۆمەڵگای موتوربەکراو بە مۆراڵ و ئەخلاقی داگیرکەر نەک
تەنها کەسایەتی لاوازو
بودەڵەیە بەڵکو رۆژانە کۆیلەبوونی خۆی لە نێو بازاڕو
پەیوەندیەکانی ژیانی ژێر سێبەری داگیرکەر بەرجەستە
دەکات، هەمیشە بۆ گەڕانەوەی هەیبەت و دەسەڵاتی خۆی
پەلاماری ژن دەدات. ئەمە ئەو راستیە دەردەخات کە
ئۆجەلان لە یەکێک لە پەیڤەکانی خۆیدا بەمجۆرە باسی
دەکات (چەمکی پاراستنی ناموسی پشتبەستوو بە ژن گوزارشت
لە بێ ناموسیەکی زۆر توندی کۆمەڵایەتی دەکات. تێگەشتنی
کورد لەو راستیەی کە دوای لە دەستدانی ناموسی کۆمەڵگا
ناتوانن ناموسی ژن بپارێزن تەنها جەهالەت یاخود نەزانی
نیە بەڵکو بێ ئەخلاقیە بە ناوی ئەخلاقەوە ئەنجامدەدرێت.
ئەو چەمکی
ناموسەی کە لەژێر ناوی ناموسی ژنەوە هەولی ژیانکردنی
دەدرێت سەرچاوەی خۆی لە هەوڵەکانی بەرجەستەکردنی هێز
یاخود بێ هێزی پیاو لە کۆیلایەتی ژن وەردەگرێت).
بەمجۆرە لە فەلسەفەو هزری شەڕڤان و گەریلاکاندا ناموسی
ژن و پیاوی ژێردەستەی سیستەمی کۆیلایەتی هاوچەرخ
شێوێنراوە بۆیە هەروەک ئۆجەلان ئاماژەی بۆ دەکات (پیاوی
کورد ناموسە شێوێنراوەکەی خۆی یاخود لە میانەی
پێناسەیەکی راستتری زانستییەوە بێ ناموسی خۆی لە
باڵادەستی رەهای سەر ژندا دەبینێت. ئەوەی پێویستە
شیکارو چارەسەر بکرێت ئەو ناکۆکیە مەترسیدارەیە). ئەم
لێکدانەوەی ژنانی شەڕڤان تەنها
بۆ ژنی کورد نیە، بەڵکو بۆ هەموو ئەو ژنانەیە کە لەژێر
سایەی سیستەمەکانی بازاڕی سەرمایەداری و لیبراڵی
ئەوروپاو ئەمەریکادا دەژین، چونکە ئەوانیش کویلەن،
کۆیلەی پەیوەندیەکانی بازاڕ. کۆیلەبوونی ژن لە رژێمی
سەرمایەداریدا بریتیبوو لە کۆیلەبوونی بازاڕیانەی ژن
هەتا رادەی ئەوەی کە تەنانەت تاقە یەک خانە و شوێنی
جەستەی ژن نەماوە نەکرێتە شمەک و کاڵای بازرگانیکردن.
بە پێچەوانەی فێمینستەکانەوە، ململانێ ی ژنانی شەڕڤان
لەگەڵ پیاودا نیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوان
هاوسەنگەرو هاوبیرن لەگەڵ ئەو پیاوانەی وەکو خۆیانن
چونکە ئەوان پێکەوە
دەتوانن شەڕەکە بەرنەوە و پێناسەیەکی نوێ بۆ کۆی
سیستەم و پەیوەندیەکان داڕێژنەوە.
Rekawt Ismail Ibrahim
|