تێده‌په‌ڕم وه‌ك ئاگرێكی نه‌رم
 

  

سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
 


1
خاڵخاڵۆكه‌ كاتێك به‌پشتدا وه‌رده‌گه‌ڕێ‌ بۆ ئازاد سوبحی
برینی زه‌وی ته‌ماشا كردووه‌ و ده‌ست له‌ برینی ئاسمان ده‌دات
وه‌ك ئاگرێكی نه‌رم و ئاوازی گۆرانی خاوی مه‌یخۆران
به‌ ته‌نیشتی تێده‌په‌ڕم و هه‌ڵی ده‌گێڕمه‌وه‌
ئه‌م به‌خشنده‌یییه‌ له‌ به‌ختیاریی مۆمێك زیاتره‌
له‌سه‌ر مێزی سه‌ری ساڵ
دڵ هه‌ر شتێك ببینێت
ئه‌وی لێ‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌ و ده‌ڕژێ‌
ئاسمان ڕووناكه‌ بۆ دره‌وشانه‌وه‌
دڵۆپ دڵۆپ دڵمی لێ‌ ده‌ڕژێ‌
چاوتان داخه‌ن و بڕۆنه‌ ناو زه‌رده‌خه‌ی باده‌ و ئاوی خدره‌وه‌
دڵم ده‌كه‌وێته‌ له‌پی ده‌ستتانه‌وه‌
شه‌و ڕووناكه‌ له‌ناو له‌پی ده‌ستتان
ژیان ده‌لاوێنێته‌وه‌
پیته‌كانی ژیان له‌ناو له‌پی ده‌ستتان
هه‌ڵوه‌دای گه‌رمایی سه‌مان
لێوانلێوم له‌شه‌وق و تاسه‌ی سه‌ما
زه‌رده‌خه‌نه‌ی باده‌ و ئاوی خدر
ده‌تخه‌نه‌وه‌ سه‌رته‌ختی ئه‌وه‌ل ته‌مه‌نه‌وه‌
2
كه‌ به‌ره‌و گیرۆده‌یی دڵ دێم
هه‌نگاو ڕێگا خه‌به‌ر ده‌كاته‌وه‌ و نیوه‌گیان ده‌بم
زاڵم بووم به‌سه‌ر ئه‌رز به‌ره‌ولات هاتم
ده‌بوایه‌ له‌گه‌ڵ هه‌سته‌ ده‌سته‌مۆكانی بادا ده‌سته‌ومل بم
یان له‌گه‌ڵ ئاگری به‌تین پێشبڕكێ بكه‌م
سێبه‌ر خۆشبه‌ختی مرۆڤی دڵڕوونه‌
به‌ دوای دادێت و له‌به‌ر خۆی چرا ده‌دۆزێته‌وه‌
ئه‌وه‌ی چرا له‌ژیان بدۆزێته‌وه‌
له‌مردنیش ده‌یدۆزێته‌وه‌
له‌ ڕێگای ژیان و مردن سه‌رگه‌ردان نه‌ماومه‌ته‌وه‌
پێم خستووه‌ته‌ سه‌ر ڕێگای بێداری ته‌واو
له‌ ژیان ناسووتێم
له‌مردنیش
له‌ هه‌ردوو جیهاندا شادمانم و مه‌به‌ستی خۆمم ناسیوه‌
بۆ هه‌ر شوێنێك بچم ئارام ده‌چم
له‌ قووڵایی دڵمدا نیشه‌جێم
به‌تانه‌ و سه‌رزه‌نشت و ستایش
ناكه‌ومه‌ ڕنینی میوه‌ی پێنه‌گه‌یشتووی هه‌ڵه‌ و لیته‌ی مێژووه‌وه‌
شادمانم به‌ هیواكانم و ئازادی مانگ له‌ ئاوی ڕوون
3
كراس گومانی ماره‌
ساڵی جارێك هه‌موو گومانه‌كانی فڕێ‌ ده‌دات
گومان فڕێدان
نانێكی گه‌رم و بۆنخۆشه‌
ته‌نووری ناخ
گوێی له‌ ئاواز و ئازاری دار ڕاگرتووه‌ و برژاندوویه‌تی
ڕاهاتووم سه‌رنجم له‌و شه‌قامانه‌دا وردبكه‌مه‌وه‌
ڕوخساره‌ بێ‌ گومانه‌كان پێیدا تێده‌په‌ڕن
له‌سه‌ر نووكی په‌نجه‌كانت دێیت
له‌پشته‌وه‌ چاوم ده‌گریت و مژده‌یه‌كی له‌پڕیت
تێناپه‌ڕیت و له‌گه‌ڵمدا ده‌مێنیته‌وه‌
ئه‌و به‌ختیارییه‌ به‌ گومان ڕاده‌گه‌یه‌نین
ژیانمان برده‌وه‌
ژیان وشه‌یه‌كی شه‌ڕانی بوو
ئێمه‌ هێمنمان كرده‌وه‌
له‌ پیته‌كانی باخچه‌ و بایه‌كی كۆچه‌ری نیشه‌جێ‌ بوو
4
شه‌رابێكم خواردووه‌ته‌وه‌ ده‌ستكردی ده‌ستی خودامه‌
نازانم له‌ترسی خودا و خۆشه‌ویستی كێوه‌ بچم
5
سوپاس بۆ ئه‌و متمانه‌یه‌ی بێ‌ ده‌نگی به‌منی داوه‌
بێ‌ ده‌نگی هه‌ست به‌ خه‌یاڵم ده‌كات
تا مه‌ستی ئه‌شق و توانه‌وه‌ و جام پڕبوون
بێ‌ ڕه‌نگ و ده‌نگ ده‌بم
تا له‌بیرم بچێته‌وه‌ له‌چ ڕۆژێكدام
بێ‌ ده‌نگی به‌ هه‌شتی خودا و كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌
من به‌ڕێوه‌م به‌بیركردنه‌وه‌یدا ڕه‌ت ببم و بچمه‌ ناوی
باڵنده‌ له‌ شوێن پێیه‌كانم هێلكه‌ داده‌نێن
به‌گه‌رمی گه‌ڕانه‌وه‌م هێلكه‌كانیان ده‌ترووكێن
ئاخ مه‌ودای چوون و گه‌ڕانه‌وه‌م چه‌ند كورت بوو
چاوانی پڕ نه‌كردم له‌ خه‌ونی خۆش
یه‌كه‌مین هاتن و دوا ڕۆیشتن
دیواری ماڵم به‌هه‌ناسه‌ی جوانه‌مه‌رگیان گه‌رم بوو
سڵاوی خودا بووه‌ میوانم
6
شیعر دابه‌شمان ده‌كات به‌سه‌ر ڕۆشنایی
له‌وپه‌ڕی ئاسووده‌ییشدا ئاگری چێشت دروست ده‌كات
شاعیره‌ نامراده‌كه‌ ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ ژیان
ده‌ستنوێژێك بگره‌ و مه‌چۆ بۆ هیچ شوێنێك
مه‌زانه‌ ده‌مری
له‌ شكری كولله‌ زێڕیان به‌تاڵان برد و هێرشیان په‌رت بوو
نانی تاڵیشیان خوارد
ئاگر له‌شاخه‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ چاوی ده‌ترووكێت
خۆی له‌ ڕه‌نگی مه‌ی هه‌ڵده‌كێشێت
پیتی نه‌مری ده‌كه‌وێته‌ ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ریمان
زه‌وی به‌ ئاواته‌وه‌یه‌ نه‌مر ئاگری له‌سه‌ر بكاته‌وه‌
ئاگر بكه‌ره‌وه‌ بازه‌وی ده‌وڵه‌مه‌ند بێت
7
ئایه‌ به‌مه‌ ده‌زانیت
به‌هه‌شت و دۆزه‌خ ڕكه‌به‌رایه‌تی زۆری یه‌كدی ده‌كه‌ن
شه‌پۆل كه‌ خۆی به‌ تاشه‌به‌رد داده‌دات
گوێی له‌ گۆرانی دڵتوندی سروشت بووه‌
له‌گه‌ڵ گۆرانیدا پیاسه‌یه‌ك ده‌كات و خێرا به‌لاماندا تێده‌په‌ڕێت
دوای هه‌ناسه‌ وه‌رگرتنێك
كڵۆ به‌فرێك له‌ئاسمان ده‌پشكوێ‌
دڵی سووتاوی سروشت فێنك ده‌كاته‌وه‌
سروشت به‌و هه‌موو باره‌یه‌وه‌
دڵی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌گێڕێت
تادڵگه‌رمی بگه‌یه‌نێت
چوومه‌ ماڵی خودا به‌ به‌هه‌شت و دۆزه‌خه‌وه‌
بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێمه‌وه‌ ناخی خۆم
گه‌ڕامه‌وه‌ ئه‌شق و ژیان و مردن و ناخی خۆم ناسی
ناسین بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌ناو ئه‌لبوومدا وێنه‌ت هه‌بێت
8
به‌ درێژایی ژیانم ئاوی بن كووپه‌یه‌كم خوارده‌وه‌
مه‌یلی زۆرم دایه‌ ڕوونی ئاوه‌كه‌
به‌رگه‌م نه‌گرت و هه‌ردووچاوم له‌ده‌ست دا
ڕووناكی داوای لێ‌ بووردنی نه‌كرد
ئای چاو له‌ ڕووناكیدا له‌ ئاوی ڕژاوی سه‌رجامی پڕ ده‌چیت
چه‌ندیش بیر له‌و ده‌زووه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ ناوكیان پێ‌ به‌ستم
مردوو ئاوی ڕوونی بن كووپه‌ ده‌خواته‌وه‌ و چاوه‌ڕوانی ناشتن ده‌كات
مۆنالیزاش بزه‌یه‌كی به‌ندكردووه‌ و ئازادی ناكات
ده‌كات و ناكات هه‌ردوو چاوه‌ له‌ ده‌ست داوه‌كه‌مه‌
نیشانه‌یه‌ك له‌كووپه‌ و مۆنالیزا ده‌ركه‌وت
سۆراخی چاوم ده‌كه‌ن
چاو له‌دڵدا سكاڵا و ڕووناكی ده‌چێنێت
ژیان له‌گه‌ڵ چێندراوه‌كاندا به‌سه‌ر ده‌به‌م و ڕاسپارده‌یان له‌بیرناكه‌م
9
هه‌موومان به‌ڕێگاكاندا ده‌ڕۆین
بگه‌ین یان نه‌گه‌ین چ ڕووده‌دات و شیر له‌سه‌ر چ جامێك ده‌ڕژێت
شاعیره‌ نامراده‌كه‌ به‌ دیار گه‌رمایی دڵی ده‌مێنێته‌وه‌
فاڵگره‌وه‌كه‌ به‌ هه‌ردوو ده‌ستی ڕانه‌گه‌یشت
ته‌نیا ده‌ستێكی خوێنده‌وه‌
تاسه‌ و خولیای چوونه‌وه‌ سه‌ر ڕێگا ڕایچڵَه‌كاند
سێوی ئه‌فسانه‌ بوو به‌ دووكه‌رت
ئای خانه‌كانی گه‌ده‌ چه‌ند زوو ده‌گۆڕێن
په‌نجه‌مۆریان هه‌ریه‌ك دوو ڕۆژ ده‌مێننه‌وه‌
10
شه‌وقی ئه‌وپه‌ڕی شكۆ له‌و ڕێگایه‌دا نیشتووه‌
ده‌مگه‌یه‌نێته‌ فریشته‌ی خۆم له‌سه‌ر زه‌وی
ڕه‌نجێكیش له‌ڕوخسارم نهێنییه‌ و پێچ به‌ ڕۆحم ده‌دات
ته‌واو دڵنیام شاعیره‌ نامراده‌كه‌ له‌ڕێگاكان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
ده‌چێته‌ ناو تیشكه‌ شینه‌كانی
چێژی ئاڵ و
نزای قووڵ و
گه‌رمایی بێباكی و
مشتومڕی گفتوگۆیه‌كی گوماناوییه‌وه‌
له‌سه‌ر كێلی ئه‌و شاعیرانه‌ی به‌ دڵ ده‌یانناسێت
ئاگرێك ده‌كاته‌وه‌ و پێشكه‌كانی ده‌وروبه‌ر ده‌كوژێت
قسه‌یه‌كی له‌ده‌می باپیری وه‌رگرتووه‌
ئه‌وینی تاریك یان ژیانی زۆردار فه‌رمانی ڕاگه‌یاندووه‌
تا چنینی مافوورم ته‌واو نه‌بێت
بۆت نییه‌ بمریت
ئای ئه‌م ژیانه‌ چه‌ند درێژه‌ خودایه‌
وای ئه‌م ژیانه‌ چه‌ند كورته‌ خودایه‌
هه‌روا بمێنه‌ره‌وه‌ و ڕازت مه‌دركێنه‌
ئێمه‌ ئاوا خۆشمان ده‌وێیت

 


كانوونی یه‌كه‌می 2014 هه‌ولێر



 

           

 

13/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com