به‌ئایدۆلۆژیاكردنی ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان
 

  

سه‌لام عومه‌ر
 



ئه‌وكاته‌ی ئوپۆزسیۆن سه‌رگه‌رمی جوڵاندنی شه‌قام بوو به‌ئاراسته‌ی گۆڕانكارییه‌كان‌و به‌تایبه‌تیش دوورخستنه‌وه‌ی ئایدۆلۆژیاو هه‌یمه‌نه‌ی حزبی له‌نێو كایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا, هاوڵاتیان پێیان وابوو ئیدی سه‌رده‌مێكی نوێ له‌ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك ده‌ست پێده‌كات‌و ده‌توانرێ بۆ ئاینده‌، خواسته‌كانی شه‌قام له‌نێو ده‌ستوورو بڕیاره‌ سیاسییه‌كاندا ره‌نگدانه‌وه‌ی خۆی هه‌بێت, پێیان وابوو (به‌شه‌كه‌ی خۆم بۆ خۆم هی هاوڵاتیانیش خۆم ئه‌یخۆم) نامێنێ‌و داهات‌و بوودجه‌كان ئاشكراده‌بن‌و ده‌سه‌ڵات ده‌گوازرێته‌وه‌ ئه‌و ده‌سته‌ ئه‌مینانه‌ی ئوپۆزسیۆن بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كردن‌و ئه‌وانیدی پێ تاوانبار ده‌كردن, ده‌یانگوت شه‌راكه‌تی حزبی ده‌گوازینه‌وه‌ سه‌ر خوانی هاوڵاتیان‌و به‌شێك له‌داهاتی نه‌وت بۆ خه‌ڵك‌و خانمی ماڵه‌وه‌‌و ناكرێ‌و نابێ له‌دابه‌شكردنی پۆسته‌كانیشدا ته‌نها چاومان له‌چالاكوانی حزبی‌و ئه‌وكه‌سانه‌ بێت كه‌هه‌ڵسوڕاوی ئه‌و پارتانه‌ن كه‌ كۆنن‌و به‌كۆنیش بیرده‌كه‌نه‌وه‌, ئه‌وانه‌و زۆری دیمان گوێ لێبوو, زۆری نه‌خایاند ته‌واوی به‌ڵێنه‌كان پێچه‌وانه‌ ده‌رچوون‌و كێبركێی خۆ نزیك كردنه‌وه‌ له‌ده‌سه‌ڵات‌و مامه‌ حه‌مه‌ بۆ یه‌كتری كردن‌و په‌راوێز خستنی خه‌ڵك‌و پارت‌و نه‌ته‌وه‌كانی دی له‌و شوێنه‌دا زۆر به‌زه‌قی ده‌ركه‌وتن, كه‌به‌نزین گران كراو مووچه‌ دواكه‌وت‌و قه‌یرانی سووته‌مه‌نی به‌گشتی سه‌ریهه‌ڵداو دواترینیشیان ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسۆنی هه‌ڵبژاردن بوو, كه‌بێ گوێدانه‌ خواستی شه‌قام‌و به‌ڵێنه‌ باق‌و بریقه‌كان, هه‌ر پێنج حزب له‌نێوان خۆیاندا به‌شیان كردوو ئیدی دواتر ته‌واوی بڕگه‌و خاڵه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م ئایدۆلۆژیایه‌ی پێشتر ئوپۆزسیۆن ره‌تی ده‌كرده‌وه‌, واته‌ ده‌نگ‌و ده‌سه‌ڵاتی شه‌قامیان سڕكردوو به‌ڵێن ‌و داواكاریه‌كانیان كرده‌ سووته‌مه‌نی ئه‌و چه‌ند كورسیه‌ی له‌نێو كۆشكه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا وه‌ریانگرتووه‌‌و له‌شاشه‌كاندا باق‌و بریقیان دێ, ئاخر ئه‌وان ئه‌و پێنج حزبه‌ پێیان وایه‌ سستمی سیاسی ده‌سه‌ڵات ته‌نها ئه‌و سێ ساڵ‌و هه‌نده‌یه‌و ده‌توانن جارێكی دی له‌نێو هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ڵێنه‌كانیان ره‌نگاوره‌نگ كه‌نه‌وه‌‌و خه‌ڵكی پێ هه‌ڵخلیسیكێنن ده‌توانن ئیدی جڵه‌وه‌كان له‌ده‌ستی خۆیان گرێده‌ن‌و به‌م ئه‌نجومه‌نی كۆمیسۆنه‌ ئاینده‌ پاوان بكه‌ن، به‌ڵام بێئاگان له‌وه‌ی شه‌قام هه‌میشه‌ كراوه‌یه‌و خه‌ڵك‌و پارت‌و نه‌ته‌وه‌كانی دیش, به‌ئه‌زموونی جوڵه‌كان‌و ته‌كانه‌كان ئاشنان‌و ده‌توانن نهێنی كۆبوونه‌وه‌ داخراوه‌كان ئاشكرا بكه‌ن‌و ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تاكڕه‌ویانه‌ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌ كه‌له‌نێو یاسا نوێیه‌كاندا ده‌یكه‌نه‌ به‌ش به‌شێنه‌ی خۆیان‌و بۆ ئاینده‌ی دوور له‌پرنسیپه‌ دیموكراتیه‌كان هه‌نگاو به‌ره‌و له‌چوارچێوه‌دانی ده‌سه‌ڵات ببه‌ن, ئاخر به‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتی كۆمیسۆنی هه‌ڵبژاردن له‌نێو خۆیان واته‌ خه‌ڵك‌و ئه‌وانی دی ده‌كه‌ونه‌ په‌راوێزو سه‌رده‌مێكی نوێ له‌چه‌ق به‌ستنی به‌حزبی كردنی كۆمه‌ڵگا ده‌ست پێده‌كات‌و به‌م هه‌نگاوه‌شیان پێم وانییه‌ خه‌ڵك بتوانێ زیاتر به‌رگه‌ی بارودۆخه‌ ناسكه‌كان بگرێ‌و به‌دووری مه‌بینن له‌ ئاینده‌دا ئه‌گه‌ر ئه‌و تاك ره‌وییانه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وه‌ ده‌نگده‌رله‌سه‌كۆی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌یانگوازێته‌وه‌ نێو قه‌فه‌زی دادگاكان‌و ئه‌وسا له‌وێ‌ هیچیان پێنا بێت بۆ به‌رگری كردن له‌خۆ .
 

           

 

10/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com