قوربانی
لە نێوان کاکە حەمەو ، حەزرەتی ئیبراهیمدا

 

  

شەهید کەوڵۆسی..پاریس




لە مێژوی فەلسەفەدا ڕەنگە ئیبراهیم پێغەمبەر زۆر ترین تەفسیر و خوێندنەوەی جیاوزو تایبەتی تری لە لایەن فەیلەسوفەکانەوە بۆکرابێت وەک لە پەیامبەرەکانی دیکە ، گرنگی چیرۆکی حەزرەتی ئیبراهیم وەک پێغەمبەرێک تاکە هۆکار نیە بۆ ئەوەی فەیلەسوف و بیرمەندەکان زۆر ترین قسەی دەربارە بکەن ، بەڵکە چیرۆکی قوربانی کردنی کوڕە زۆر ئازیز و نازدارەکەی جێگەی بایەخی بیرمەندان بووە ، بە جۆرێک تا ساتە وەختی ئەم نوسینە لە ڕاستیا لە نێوەندی فەلسەفی ڕۆشنبیری دونیادا دیسان لەسەر هەمان جەلاد و قوربانی قسە و تەفسیری زۆر دەکرێت ، لەگەڵ ئەوەدا حەزرەتی ئیبراهیم سەد ساڵی رەبەق بەردەوام دەبێت لە دژایەتی کردنی بتپەرستی و جەهل و خورافیات و بەربەریەتی سەردەمی خۆی ، لەگەڵ ئەوەدا لەگەڵ دەسەڵاتێکی جەبەروتی وەک نەمرود پادشا دەرگیر دەبێت و دەتوانێت تەواوی سەختی و دژواریەکانی ئەو بیرو باوەڕەی هەڵگری بوو تەحەمول بکات .دوای دەربەدەری و هەوڵ و مانوندوبون و گیان بازییەکی بێ وێنە ، تا دەگات بە شکاندنی بتەکان و تا ناو قوڵای کورەیەکی پڕ لە ئاگر ئامادەی هەموو بەرخۆدانێکە بۆ ڕازی کردنی خودا ، ئیبراهیم پێغەمبەر لە لە تەمەنی سەد ساڵیدا ڕۆژێک بە دڵ لە خودا دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی خودا کوڕێکی پێ ببەخشێت ، هەڵبەت ئەم داوەیەی ئیبراهیم لە خودا بۆ بەخشینی کوڕێک لە تەمەنی سەد ساڵیدا و لە خانمێکی ڕەش پیستی نەزۆکی وەک سارا خاتون تا ڕادەیەک هەم بۆ خودا و هەمیش بۆ ئیبراهیم نا ئومێد کەربوو ، بەڵام وەک لە چیرۆکەکاندا دەردەکەوێت ، خودا داواکەی حەزرەتی ئیبراهیم قبوڵ دەکات و کوڕێکی بە ناوی ئیسماعیل پێدەبەخشێت ، بۆ پیرە پیاوێکی کەنەفت و ماندو و ستەم دیدەی وەک ئیبراهیم بونی ئیسماعیل لەگەڵ ئەوەدا دیاریەکی باری تەعالایەو زۆر ئازیزە بەلایەوە ، لە هەمانکاتدا تەنها داواو ویستێکی خۆیشی بووە وەک پێغەمبەرێک کە خودا بۆ قەومەکەی ناردوێتی ، گومان لەوەدا نیە ئیسماعیل هەم لە لایەن خوداو هەمیش لە لایەم پێغەمبەرەوە تەقدیس کراوەو دەبێت بە تەواوی مانا لە ژێر کەرەم و لوتفی ئەبەدی خودا و پێغەمبەردا گەورە بکرێت ، ئیبراهیم ڕۆژ بە ڕۆژ دەژمیرێت کوڕە تاقانەکەی گەورەبێت بۆ ئەوەی بە شان و شەوکەتی خۆی بتوانێت پەیامەکەی خودا بپاریزێت ، ڕێک لەو شوێنەدا کە ئیبراهیم لەناو کەیف و سەفای گەورەبونی کوڕە ئازیزەکەیدا کات بە ڕێدەکات خودا هەڵدەستێت بە سەخت ترین و توند ترین تاقی کردنەوەی ئیبراهیمی پێغەمبەر ، خودا داوا لە ئیبراهیم دەکات کوڕە ئازیزەکەی بکات بە قوربانی و سەری بڕێت ، لێرەدا ئەرکی ئەم نوسینە نیە دەربارەی تەواوی چیرۆکی حەزرەتی ئیبراهیم و ئیسماعیلی کوڕی بدوێت بە قەدەر ئەوەی دەمانەوێت تەنها لەسەر چەمکی قوربانی بدوێین ، هەڵبەت کاتێک دەگەینە ئەو شوێنەی کە تێیدا خودا داوا لە ئیبراهیم دەکات کوڕە ئازیزەکەی سەر بڕێت ، لێرەدا بیرمەندەکان دێن و تەفسیری جۆراو جۆر بۆ ئەو نمایشی سەر بڕینەی ئیسماعیل دەکەن بە دەستی باوکی خۆی ، [ ئاگۆستین لە کتێبی شاری خودادا ] دەڵێت تاقیکردنەوەکەی ئیبراهیم لەسەر دەستی خودا ئەوەندەی هەڵگری ماناو ئیماژی ئەخلاقیە وەک ئیمانێکی بەرزو بڵند ئەوەندە وەستان نیە لەسەر ئەسڵی ئیمان ، خودا تەواو لەوە دڵنیابووە کە ئیبراهیم پیاوێکی خاوەن ئیمانەو ئامادەیە بچێتە نێو ئاگری سورەوە لە پێناو ئیمانەکەیدا ، بەڵام بەڕای ئاگۆستین تاقی کردنەوە ئەخلاقیەکەی ئیبراهیم لەوەدا دەبێتە هەڵگری ئیماژەکانی ئەخلاق کە ئیبراهیم ئیسماعیلی لە ئیسحاقی کوڕی خۆشتر ویستووە ، واتە ئیبراهیم دەیتوانی بە شیوەیەکی لا ئەخلاقی خۆی لە خەوەکەی گێل بکات و لەبری ئیسماعلی ئازیزی ئیسحاق بکاتە قوربانی ، بەڵام لەم تاقی کردنەوەیا ئیبراهیم شکستی دەخوارد و نەی دەتوانی خودا لە خۆی رازی بکات ، لە کاتێکدا کە ئیبراهیم بە جۆرێک عاشقی ئیسماعیل بوو کە لە مێژوودا بە عەشقی تاقانەی باوک بۆ کوڕ باس دەکرێت ، لێرەوە ڕونە کە ئاگۆستین لە خوێندنەوەی چیرۆکە تراژیدیەکەی ئیبراهیمدا چەمکی ئەخلاقی تەنها بەو مانایە باس دەکات کە پرۆسەکە بە کاملی مانا پرۆسەیەکی ئەخلاقی بووە نەک تەنها تاقی کردنەوەیەکی ئیمانی ، لە کاتێکدا[ کیرکەگارد ] ی فەیلەسوف پێی وابوو ئیبراهیم لەبەردەم تۆخ کردنەوەی ئیمانێکدا بووە کە رەنگ بوو لە کاتی بە دەست هێنانی کوڕە ئازیزەکانیدا کاڵ بوبیتەوە ، لای کیرکەگارد ئەوەی خودا داوای کردووە لە ئیبراهیم جۆرێک بووە لە غیرەو حەسادەت بۆ ئەو هەموو عەشقەی ئیبراهیم بە تایبەتی بۆ ئیسماعلی دەربڕیووە ، خودا ویستویەتی لە ڕیگای ئەو داواکاریە سەختەوە ئیمانی ئیبراهیم تاقی بکاتەوە ، چونکە بە باوەڕی کیرکەگارد فەرزەندەکان هەرچی بن دوا جار وەک و پەنجەکانی دەستێک ئازیزن بێ جیاوازی ، بۆیە پێداگری تەواو لەسەر چەمکی ئیماندەکاتەوە کە داخۆ ئیبراهیم دەتوانێت بە قوربانی کردنی کوڕە نازدارەکەی خودا لە خۆی ڕازی بکات یاخود نا .هەڵبەت بە نەزەری[ ئیمانوێل کانت ] ئیبراهیم لەبەردەم نمایشێکی لا عەقلانی و لا ئەخلاقیدا بووە ، تا ئەو جێگەیەی کانت پێی وابووە کە ئیبراهیم بەهۆی پیر بونیەوە خەڵەفاوەو نەیتوانیوە بیر لەتراژیدیای قوربانیەک بکاتەوە کە دەکەوێتە ژێر بریسکەی شمشێرەکەیەوە کە کوڕەکەی خۆیەتی ، بەڵام [ ژاک دیریدا [ لە کتێبی[ دیاری مەرگدا ] بە وردی چیڕۆکەکە دەگێڕێتەوەو هەوڵدەدات ئەو ستراکتۆرانە ڕونبکاتەوە کە وەک پێگەی ئەخلاقی و ، ئیمانی ، و عەقڵانی ، ئیبراهیم ناچار دەکات بە ئەنجام گەیاندنی تراژیدیایەکی لەو شێوەیە هەستێت . دێریدا پێی وایە ئیبراهیم لە خودا ئازیز تری نەبووە هەر بۆیە داوای کردووە خودا کوڕێکی پێ ببەخشێت تا دینەکەی ئەو بپاریزێت ، لێرەدا بە ڕای دێریدا ئیسماعیل جگە لە وەسیلەیەک هیچی دیکە نیە بۆ ئەوەی ئیبراهیم لەو ڕێگایەوە عەشقی خۆی بۆ خودا دوپات بکاتەوە ، ئیبراهیم لە مورتەبەیەکی ئەوەنە بەرزدا خودای بینیوە کە هییچ شتێک جگە لە خودا قابیلیەتی ئەو عەشقەی نەبێت ، دێریدا پێی وایە ئیمانێکی بەرز تەنها دەتوانێت لە ڕیگەی ئەخلاقێکی باڵا ترەوە دەرکەوێت ئەگەرنا ئەو ئیمانە ناتوانێت بچێتە مورتەبەی باڵا ، لە ڕاستیا هەم ئەخلاق و هەمیش ئیمان لای حەزرەتی ئیبراهیم جگە لە عەشقێکی مەزن بۆ خودا هیچی دیکەی نیشانی ئێمە نەداوە بە سەربڕینی ئیسماعیلیشەوە ، لێرەوە دەربارەی عەقلانی بونی پرۆسەکە دێریدا پێی وایە کە لە ڕاستیا خودا و ئیبراهیم بە شێوەی جیاواز لە تاقی کردنەوەی یەکدیدا بون ، واتە چەندە خودا دەیەوێت لە ئیمان و ئەخلاقی ئیبراهیم دڵنیابێتەوە لە قوربانی کردنی کوڕە نازدارەکەیدا ، ئەوەندە ئیبراهیم دەیەوێت بزانێت داخۆ ئەو خودا میهرەبان و عادل و مرۆڤ دۆستەی کە ئەم گیان بازی بۆ دەکات دەر هەق بە سەر بڕینی ئیسماعیلی ناسک و نازدارو بێ گوناح چەندە بێ دەربەست بێ باک دەمێنێتەوە ، واتە هەم خودا و هەمیش ئیبراهیم لەبەردەم تاقیکردنەوەیکی ئەخلاقی قوڵدان بۆ یەکتری . لێرەوە دێریدا دەربارەی بە عەقلانی کردنی کردنی پرۆسەکە تەواو جیاواز لە بیرمەندەکانی پێش و پاش خۆی بیردەکاتەوە ، هەڵبەت دیریدا لە کتێبی هەموان بە غەیری ڕۆژنامە نوسان دیسان لە بارەی چیرۆکی سەربڕینی ئیسماعیلەوە قسەدەکات کە خودا داوای لە ئیبراهیم کردووە پرۆسەکە بە نهێنی ئەنجام بدرێت و نابێت هیچ کەس لەم پرسە ئاگادار بێت . دیسان قەسدی ئێمە لەم نوسینە ئەوەنیە دەربارەی چیرۆکی ئبراهیم لە دیدی بیرمەندانەوە قسە بکەین چونکە وەک ئیشارەم پێدا لەم بارەیەوە بیرو ڕای ئێجگار زۆر هەیەو دەتوانین لە شوێن و کاتی دیکەدا قسەی لەسەر بکەین . ئەوەی بەلای منەوە گرنگە دەربارەی قوربانی دووەم قسە بکەین ، کە کوڕە گەورەکەی موحەمەدی حاجی مەحمودە ، وەک چۆن حەزرەتی ئیبراهیم ڕۆژێک ڕادەپەڕێت و پرۆتستۆی زۆرداری و وەحشەت دەکات ڕوبەڕوی دەبێتەوە ، بە هەمان شێوە ئەو گیانی ڕزگاریە ڕۆژێک لای کاکە حەمە ڕادەچڵەکێت و ڕوبەڕوی زۆرداری چەک هەڵدەگرێت ، ئەگەر حەزرەتی ئیبراهیم وەک دیاریەکی سەمبۆلیک لە ئیسماعیلی کوڕی دەروانێت کە خودا بۆ پاراستنی پەیامەکەی ئەوی رەوانە کردووە ، عەتای کاکە حەمەش شێوەی لە دایک بونەکەی هەڵگری هەمان مەفهومی سەمبۆلیکە کە لە یەکێک لەو زیندانانەیا دێتە دونیاوە کە باوکی بۆ شکاندنی قوفڵ و کێلونەکانی چەکی بۆ کردۆتە شان ، ئەگەر تاقی کردنەوەکەی حەزرەتی ئیبراهیم لە لایەن خوداوە تاقی کردنەوەیەکی مەزنە وەک مۆراڵ ، کە تێیدا ئیبراهیم نەتوانێت خیانەت لە خەونەکەی بکات و خۆی گێل بکات لە داواکاری خودا بۆ سەر بڕینی ئیسماعیلی مەقەدەس و خاوەن سروشتێکی سەمبۆلیک و لە بری ئەو ئیسحاقی کوڕە بچکۆلەی بکاتە قوربانی ، ئەوە گومانی تێدا نیە کە کاکە حەمە لە بەردەم هەمان تاقی کردنەوەی ئەخلاقیدایە ، وەک چۆن ئیبراهیم خیانەت لەو پەیمانە ئەخلاقیە ناکات کە بە خودای خۆیی داوە و بەو پەڕی جەسارەتەوە دەیەوێت خواستی خودا بە دی بهێنێت و کوڕە ئازیزەکەی بکاتە قوربانی ، هەمان پێوەری بەرزی ئەخلاقی کاکە حەمە کوڕە گەورەو سەمبۆلیکەکەی خۆی بۆ نیشتیمانەکەی دەکاتە قوربانی کە پەیمانیداوە لە هەموو شتە جوان و پیرۆزەکانی خۆی زیاتر خاکی خۆشتر بوێت ،ئەگەر ئیبراهیم وەک هەرباوکێک لەسەر جەستەی ڕاکشاوی قوربانیەکەی کە کوڕەکەی خۆیەتی پیش دەخواتەوەو لە تەنها یەک لەحزەدا بە بیانوی کولی شمشێرەکەیەوە دەیەوێت کاتی قوربانی کردنەکە درێژ بکاتەوە و زیاتر لەگەڵ ئیسماعیلی ئازیزیدا بمێنێتەوە ، ئەوە کاکە حەمەش وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت بە دەستی ڕاستی ئیشارەت بۆ کوڕەکەی دەکات کە لە پشتی ئەوەوە خۆی بشارێتەوە بۆ ئەوەی کەمێک زیاتر لەگەڵ قوربانیەکەیدا بمێنێتەوە ، چیرۆکی قوربانی کردنی ئیسماعیل لەسەر داواکاری خودا ئەگەر گومان هاوەر بێت کە نابێت هیچ کەس و شاهید و چاوێکی دیکە ئاگادارو هاوبەشی پرۆسەی قوربانی کردنەکە بن ، ئەوە لە چیرۆکی قوربانی کردنی عەتای کاکە حەمەدا هیچ شتێک بە ناوی گومانەوە نامێنێتەوە و چاوی کامێراکان کە هاوکات چاوی هەموو مرۆڤایەتیە لێرەن .لێرەدا بە پێچەوانەی چیرۆکی حەزرەتی ئیبراهیمەوە ئێمە لەبەردەم تاقی کردنەوەیەکی ئاینی وئیلاهیدا نین ، واتە چیتر باری تەعالا وەحی نانیرێت و چیتر ڕۆژی حەشر و نەشر دیاری کراو نیە ، چیتر بۆ رازی کردنی دڵی خودا کوڕەکانمان ناکەینە قوربانی ، لێرەدا باوک ڕاستەو خۆ جێگەی خوداوەند دەگرێتەوە و کوڕە ئازیزەکەی تاقی دەکاتەوە ، جیاوازی ئەم دوو چیرۆکە لەوەدایە کە خاک و نیشتیمان جێگەی خواوەند دەگرێتەوە و ڕاستەو خۆ فەرمانبە باوک دەکات کوڕە ئازیزەکەی خۆی بکاتە قوربانی ، لێرەوە جێگەیەکی خەیاڵی نیە ناوی بەهەشت بێت و لەوێ پاداشتی قوربانیەکانمان وەر بگرینەوە ، یان پاداشتی خوێنی خۆمان ، ئێرە هەم خاک و هەم نەتەوەو هەمیش نیشتیمانە ، نە دەتوانین خەیاڵ بکەین و نە دەشتوانین بە جۆرێکی عەقلانی بیر لە قوربانیدان بکەینەوە ، واتە ئێمە سەر بە دونیایی ریالیتین ، جێگەیەک ئان و ساتی مردن و ژیانت دیاری کراو نیەو وەعد و پەیمانێکی عەقلانیش ئیمزا نە کراوە بۆ پێش و پاش پرۆسەی قوربانی کردنەکە ، کاکە حەمەی پیر وەک لە گرتە ڤیدیۆیەکاندا دەر دەکەوێت بەر لە کوڕە نازدارەکەی دەیەوێت گیانی خۆی بکاتە قوربانی خاک و نیشتیمان ، چیرۆکی کاکە حەمە لێرەیا دەکرێت وەک سەربوردەی حەزرەتی ئیبراهیم لێکبدرێتەوە کە بۆ خودا ئامادەبوو بچیتە نێو ئاگری سور بەڵام کاکە حەمە بۆ خودا نیە کە دەچێتە نێو ئاگری سور بەڵکە بۆ خاک و نیشتیمانەکەیەتی ، عەشق بۆ خاک و نیشتیمان ڕاستەو خۆ دژایەتی کردنی هەموو بەها ئاینی و ئوستوریەکانە ، لەگەڵ ئەوەدا ئاین تەنها بە دوای عەشقی ئیلاهیدا دەگەڕێت ، بەڵام کەسی نیشتیمان پەرەوەر عاشق و مەستی زمان و کلتورو فەرەهنگ و کەلەپورەکەیەتی ، عاشقی سنورو خاک و نەوەکانێتی ، ئەگەر عەشقی یەکەم خود پەرستی و جۆرێکە لە ئیگۆیسمی ئاندیڤیدو ، ئەوە عەشقی دووەم فۆرمێکە لە مرۆڤی خۆنەویست و خەباتکار لە پێناو بەدیهێنانی ماف و ئازادی ئەوانی دیکەدا ، ئەگەر عەشق بۆ خودا جۆرێکە لە بازرگانی بە ئەرزو ئاسمانەوە ، ئەوە عەشقی نێشتیمان بە تەواوەتی خۆنەویستیە و گیانبازیەکە لە پێناو مانەوەی ئەوانی دیکەدا ، ئەوەی موحەمەدی حاجی مەحمود کردی جۆرێک بوو لە دژایەتی کردنی ئوستورەی ئاینی و ئیگۆیسمی ئاندیڤیدیو و تیجارەتی ئیلاهیانە ، ئیبراهیم کوڕەکەی خۆی دەخاتە ژێر زەبری شمشیرەکەی بۆ ئەوەی خوداوەندی خۆی تاقی بکاتەوە داخۆ عادل و مرۆڤ دۆستە ؟ ئەمیان کوڕەکەی خۆی دەباتە ژێر بێ زەبری ڕەگبار و قەناس بە دەست و بەربەریاکەنەوە تەنها بۆ ئەوەی خاک و نەتەوە و زمانەکەی بپاریزێت ، ئەگەر ئەویان دەیەوێت لە ڕیگای عەشق بۆ خودا دەرسی ئەخلق و ئیمان فیری کوڕە ئازیزەکەی بکات ، ئەوە ئەمیان گەرەکیە لە ڕێگەی عەشقێکی مەزنەوە بۆ خاک و نیشتیمان دەرسێکی ئیمانی و ئەخلاقی فەرزەندی ئازیزی خۆی دابدات ، وەک و چۆن ئیسماعل ملی خۆی خستە ژێر تیغەکەی باوکی بۆ سەر بڕین و هاوکات پێدەکەنی ، ئاوها عەتای کاکە حەمە سنگی خۆی نا بە بەر گولەوەو هاوکات پێدەکەنی ، جیاوازیەک ئەگەر هەبێت تەنها لەوەدایە کە ئیسماعیل ئەرکێکی ئیلاهی جێبەجێ دەکرد و عەتای کاکە حەمە ئەرکێکی نیشتیمانی ، حەزرەتی ئیبراهیم بۆ موسۆگەر کردنی بەهەشتی خودا ئیسماعیلی دەکردە قوربانی و ، موحەمەدی حاجی مەحمود بۆ پاراستنی خاک و وڵات کوڕە ئازیزەکەی کردە قوربانی .




 

           

 

06/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com