شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی له‌ فیستیڤاڵی مه‌كه‌دوونیا به‌ده‌ستهێنا
 

  

 




"شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" به‌ فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی له‌ به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی سێزده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "سینه‌دایز" له‌ وڵاتی مه‌كه‌دوونیا به‌ده‌ستهێنا.
فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" Memories On Ston له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" و له‌ نووسینی هاوبه‌شی "مه‌ممه‌د ئه‌كتاش" و "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی"، به‌ نوێنه‌رایه‌تیی له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونی "مه‌مه‌د ئه‌كتاش" كاتژمێر 7ی ئێوارێی ڕۆژیی 21 ته‌شرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ری 2014 له‌ به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كیی سێزده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "سینه‌دایز" Cinedayes له‌ سینه‌ما فرووسینا له‌ وڵاتی مه‌كه‌دوونیا نمایشكرا و له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌وه‌ خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان به‌ "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" ده‌رهێنه‌ری ئه‌م فیلمه‌ كوردییه‌ به‌خشرا كه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌م سینه‌ماكاره‌ كورده‌، "مه‌مه‌د ئه‌كتاش" خه‌ڵاته‌كه‌ی له‌ ده‌ستی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ وه‌رگرت.
"بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م خه‌ڵاته‌ گرینگه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك فیلم له‌ وڵاتانی ئیتالیا، ڕووسیا، نه‌مسا، توركیا، ئه‌ڵمانیا، كۆماری چێك، ئۆكڕانیا، جورجیا، ڕومانیا و ئیسپانیا له‌ ڕكابه‌ریدابوو و وه‌كوو به‌رهه‌مێكی هاوبه‌شی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ڵمانیا له‌م فیستیڤاڵه‌دا به‌شدار بوو.
به‌شی پێشبركێی سه‌ره‌كی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ ته‌نها بو فیلمه‌كانی وڵاتانی ئه‌ورووپا یان به‌رهه‌می هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌ورووپا ته‌رخانكراوه‌ كه‌ هه‌موو ساڵێك له‌ وڵاتی مه‌كه‌دوونیا به‌رێوه‌ده‌چێت.
ئه‌ندامانی به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كیی سێزده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی سینه‌دایز كه‌ بریتی بوون له‌: "كریستیان دۆلاۆفێر" ـ مامۆستای زانكۆ و لێكۆڵه‌ری سینه‌ما له‌ وڵاتی نه‌مسا، "لیدیا مێلۆ" ـ سینه‌ماكار له‌ وڵاتی بڕازیل و "ئیدواردۆ وینسپێر" ـ سینه‌ماكار له‌ وڵاتی ئیتاڵیا دوای بینین و هه‌ڵسه‌نگاندیی فیلمه‌كانی ئه‌م به‌شه‌ی فیستیڤاڵ، خه‌ڵاتی باشترین فیلمیان به‌ فیلمی "تیر" له‌ ده‌رهێنانی "ئالبێرتو فاسولو" له‌ وڵاتی ئیتاڵیا، خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانیان به‌ "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" بۆ ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆیان به‌ سیناریۆی فیلمی "مێژووی كوێر" له‌ وڵاتی جۆرجیا به‌خشی.
فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی سینه‌دایز له‌ چه‌ندین به‌شی "پێشبڕكێی سه‌ره‌كیی" و به‌شی "پێشبڕكێی وڵاتانی" باڵكان، به‌شی "ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی"، به‌شی "گاڵا"، به‌شی "لاوه‌كی"، به‌شی "كورته‌ فیلم"، به‌شی "فیلمه‌ دیكۆمێنتارییه‌ وه‌رزشییه‌كان"، به‌شی "گوند"، به‌شی "وێنه‌گرانی بڕازیلی"، به‌شی "سینه‌مای لیسبۆن"، به‌شی "به‌ڕێوه‌بردنی كارگه‌ی هونه‌ری سینه‌ما" و چه‌ندین به‌شی دیكه‌ له‌ ڕۆژانی 13 تا 22 ته‌شرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ری 2014 له‌ شاری ئیسكۆپییه‌ له‌ مه‌كه‌دوونا به‌رێوه‌چوو.
فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" له‌ دوایین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا ڕۆژی 17 ته‌شرینی دووه‌م /
نۆڤه‌مبه‌ری 2014 له‌ به‌شی پێشبڕكێی "نێتپه‌كی ئاسیا" له‌ میانه‌ی بیسته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی كه‌ڵكه‌ته‌ له‌ وڵاتی هیندستان نمایشكرا.
ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌ به‌شداری به‌رهه‌می وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، له‌ چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی له‌ ڕۆژانی 10 تا 17 ته‌شرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ری 2014 له‌ شاری كه‌ڵكه‌ته‌ له‌ وڵاتی هیندستان به‌ڕێوه‌چوو.

بۆ زانیاری زیاتر:
http://cinedays.mk/en/memories-on-stone
http://english.republika.mk/?p=134926

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕاگه‌یاندنیی گشتیی فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد".



 

           

 

06/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com