لەم بابەتەدا بە چاوخشانێک بە کتێبەکانی پەروەردەی
ئیسلامی بۆ پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تا دەگاتە پۆلی
دوازدەی ئامادەیی هەوڵدەدەم تیشک بخەمە سەر ئەوەی چۆن
ئیسلامییو سەلەفییەکان دەستیان خستۆتە نێو مینهاجی
خوێندنی قوتابخانەکانی کوردستانو لەوێوە دەیانەویت
منداڵانی کوردستان بکەن بە ئیسلامیی لەلایەکو کەسێکی
رەهاگەراو قەبوڵنەکەر بۆ ئەوانی دیکە لەلایەکی دیکە.
لەسەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە بەرپرسی یەکەم لە
بەسیاسییکردنو بەئیسلامییکردنی منداڵان لە
قوتابخانەکان ئیسلامییەکانو سەلەفییەکان نین بەڵکو
وەزارەتی پەروەردەو وەزیری پەروەردەو سەرۆکی حکومەتو
سەرۆکی هەرێمن کە بەرپرسیارەتی یەکەمیان لەم کارە
قیزەونو کارەساتئامێزە دەکەوێتە ئەستۆ.
پێشئەوەی بچمە سەر کڕۆکی بابەتەکەو رەخنەکان لە کتێبی
پەروەردەی ئیسلامی دەمەوێت بە کورتی هەڵوەستەیەک بکەم
لەسەر ئەوەی داخۆ پەروەردە یانی چی یان پەروەردە دەبێت
چی لە خۆبگرێت.
پەروەردە لای من فێرکردنو ئاشناکردنو پەروەردەکردنی
منداڵە لەسەر چەند بەهایەک. لەوانە:
رێزگرتن، ئەوەش بەو مانایەیە کە منداڵ پەروەردە بکرێت
چۆن رێز لە خۆی، لە کۆمەڵگەکەی لە کەسانی دیکە بگرێت،
هاوکات، رێز لە بۆچوون، لە ئایین، لە مەزهەب و لە
بیروباوڕیان بگرێت.
بەرپرسیارەتیی، واتە منداڵ فێربکرێت چۆن بەرپرس بێت
لەبەرابەر کۆمەڵگەکەیو ژینگەکەیو نیشتیمانەکەی، بەو
مانایەی کە منداڵە لەسەر خەمخۆری خۆتەرخانکردن
پەروەردە بکرێت نەک بێ موبالاتی. منداڵ فێربکرێت کە
ئازاردانو بێمافکردنی هاوڕێکەی یان جیرانەکەی وەک
ئازاردنو بێمافکردنی خۆیەتی.
فرەیی، واتە منداڵ فێربکرێت چۆن فرەیی قەبوڵبکاتو
بزانێت کە دنیای ئێمە دنیای فرەیی تیڕوانینەکانو
ئایینەکانو مەزهەبەکانو ئایدیۆلۆجییەکانو نەتەوەکانو
کەلتورەکانە. فێربکرێت کە جوانی کۆمەڵگە لە فرەرەنگیو
فرەکەلتورییە نەک رەهاییگەرایی.
سۆزو حەنانو بەزەیی، واتە منداڵ فێربکرێت چۆن بەزەیی
بە دراوسێو بە هاوڵاتیو بە گیانداران بێتەوەو لە
تەنگانەدا یارمەتیان بداتو لە خۆشیدا ئاهەنگیان
لەگەڵدا بگێڕێت. لێرە بەزەیی هاتنەوەو سۆز بەرابەر
گیانلەبەرەکان زۆر گرنگە. دەبێت منداڵ فێربکرێت کە
بەزەیی بە سەگو پشیلەو قومقومۆکو مێرولەو قالۆچە
بێتەوە نەک بە نگریسو پیس تەماشایان بکات.
مرۆڤدۆستیو ژینگەدۆستیو قەبوڵکردنی ئەوی دی ...هتد
هەموو ئەو بەها مرۆییانەن کە دەبێت منداڵی لەسەر
پەروەردە بکرێت. پەروەردە لای من ئەوە نییە کە منداڵ
فێربکرێت شەڕی بەدر کەی روویدا یان چەند "کافر" سەریان
فتکراو چەند موسڵمان "شەهید" بوون. ئەم جۆرە پۆلین
بەندییەیە کە داعشەکان بەرهەمدێنێت. ئەمە قسەی زیاتر
هەڵدەگرێت بەڵام ئێرە شوێنی قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە
نییە.
ئێستا بابێینە سەر هەڵسەنگاندو رەخنەکان لە کتێبەکانی
پەروەردەی ئیسلامیی لە قوتابخانەکانی کوردستان. ئەو
رەخنانەی کە من لە بەرنامەکانی خوێندنی پەروەردەی
ئیسلامی هەمن هەمەلایەنەن، هەندێکیان پەیوەندیان بە
ناوەڕۆکو ئەو دەقو پەیامو بەهایانەوە هەیە کە لە
کتێبەکان هاتون یان مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە،
هەندێکیشیان پەیوەندیان بە سایکۆلۆجییەتی منداڵو
شێوازی فێرکردنی منداڵەوە هەیە. بۆ ئاسانکردنو
رونکردنەوەی مەبەستەکانم لێرە هەڵوێستە لەسەر
هەندێکیان دەکەم.
یەکەم، بەسیاسییکردنی بەرنامەی خوێندن (منهاجی دیراسی)،
واتە نوسینەوەی بابەتەکانو چیرۆکەکانو دەقەکان لە
دیدی ئایدیۆلۆجیایەکەی دیاریکراوە کە ئایدیۆلۆجیای
ئیسلامی سیاسییە، کە بە ئیسلامیزم ناوزەدکراوە. لە
راستیدا بەشێکی زۆر لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی
هەر لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتییەوە تا دوازدەی ئامادەیی
تەرخانکراون بۆئەوەی وا نیشانبدرێت کە ئایینی ئیسلام
ئایینێکی سیاسییە، واتە ئیسلام لە توێی کتێبەکانی
قوتابخانە نەک وەک ئایین نیشاندراوە بەڵکو وەک
ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسیی بە خوێندکاران ناسێنراوە.
ئەمەش، وەک زۆربەمان دەزانن، ئیدیعایەکە کە هێزە
ئیسلامییەکان لە دنیای ئیسلام بەوانەی کوردستانیشەوە
دیکەن. بۆ نمونە، لە کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی
حەوتەمی بنەڕەتی لە یەکێک لە وانەکان دەڵێت قورئان
پەڕتوکی یاساگوزارییو ئەحکامەو خوا بۆیە رەوانی کردوە
تا ببێتە دەستور. ئەمە راست ئەو ئارگیومێنتەیە کە
حەسەن بەنناو ئەبوئەعلای مەودودیو سەید قوتبو یوسف
قەرەزاویو هەموو ئیسلامییەکانی دنیاو کوردستان
بەکاریدەهێنن بۆ بەسیاسییکردنی ئایینی ئیسلام.
لەوەش زیاتر، کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی دوازدەی
ئامادەیی بەتەواوی تەرخانکراوە بۆ رونکردنەوەو قسەکردن
لەسەر ئەو ئایدیۆلۆجیایەی کە پێیدەگوترێت ئیسلامی
سیاسیی، ئیسلامیزم. بە مانایەکی دیکە ژوورەکانی
قوتابخانە لە کوردستان کراون بە ژووری پەروەردەکردنی
کادیری ئیسلامیی سیاسیی. دانەرانی کتێبەکە هێندە
سەرەڕۆییان کردوە کە ناونیشانی بەشی دووەمی کتێبەکەیان
ناوناوە "ئیسلامو پەروەردەی سیاسی"، بە واتایەکی دیکە
ئەگەر لە کتێبەکانی پێشوتر لە بن پەردەو بە
ناڕاستەوخۆیی قسە لەسەر ئایدیۆلۆجیای ئیسلامیزم کرابێت
ئیدی لە پۆلی دوازدە بێپەردە قسە لە ئیسلامی سیاسیی
دەکرێت. ئەوان لەکاتێکدا ئەم کارەیان کردوە کە خوای
موسڵمانان لە قورئان بە پێغەمبەرەکەیان دەڵێت "وما انت
علیهم بوکیل" (ئەنعام: ١٠٧)، واتە "ئێمە تۆمان
نەکردۆتە پاسەوان بەسەریانەوەو نەبویتە هەمەکارەیان"،
هەروەها "وما انت علیهم بجبار" (قاف: ٤٥)، واتە "تۆ
زۆردارێک نی لەسەریان، هەروەها "لست علیهم بمسیطر" (الغاشیة:
٢٢)، واتە "تۆ زاڵ نی بەسەریان"، ئا سەرەڕای ئەمانە لە
کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی دوازدەی ئامادەیی لە
هەرێمی کوردستان پێغەمبەر کراوە بە سەرکردەیەکی "سیاسیو
سەربازیی". ئەمەش دیسان هەمان ئەو ئارگیومێنتانەیە کە
کەسانی وەک قەرەزاویو ئیسلامییەکان بەکاریاندێنن بۆ
ئەوەی سبغەیەکی سیاسیی بدرێت بە ئایینی ئیسلام.
کێشەکە بەس لەوە نییە کە ئایینی ئیسلام لەو کتێبانە
کراوە بە سەرچاوەی هەڵهێنجانی ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسیی
بەڵکو لەوەشە کە ئەوانەی رەخنە لەو دیدە دەگرن یان
ئەوانەی هەر رەخنەیەک لە ئیسلام یان ئیسلامییەکان
دەگرن لەو کتێبانە کراون بە "نەیار". بۆنمونە ئەوانەی
کە دەڵێن ئیسلام بەیەک چاو تەماشای ژنو پیاو ناکات
ئەوە وەک "نەیاری" ئیسلام نیشاندراون نەک نەیاری
ئیسلامییەکان. ئەوە بەو مانایەیە کە منداڵ لە وانەی
پەروەردەی ئیسلامی وەک کەسێک پەروەردە ناکرێت کە
قەبوڵی رەخنە بکات چونکە ئەوانەی رەخنە دەگرن "نەیارن"
نەک کەسانێک بن کە تێگەیشتنێکی دیکەیان بۆ ئیسلام یان
ژیان هەبێت.
ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر هەستیپێدەکرێت لەو کتێبانە
ئەوەیە کە ئەو فۆرمە ئایدیۆلۆجییەی لە کتێبەکاندا
برەوی پێدراوە فۆرمە میانڕەوەکەی ئیسلامیی سیاسییە،
چونکە لە زۆر شوێن کە باس لە پەیوەندی ئیسلامو سیاسەتو
گەیشتن بە دەسەڵات کراوە، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە
کە تەنیا ئەو گروپانە "ئیسلاحیین" (زاراوەیەک کە
یەکگرتووەکان بەکاریدەهێنن) کە بڕوایان بە گۆڕانی پلە
بە پلەو ئاشتیخوازانە هەیە، لەگەڵ ئەو گروپانەی کە
پەنا نابەنە بەر توندوتیژییو سەر لەبەر واقیع
رەتناکەنەوە. لێرە شتێکی دیکەشمان بۆ دەردەکەوێت ئەویش
ئەوەیە کە ئەو ئایدیۆلۆجییەی کە لە کتێبەکانی
پەروەردەی ئیسلامیی هەوڵی بڵاوکردنەوەی دەدرێت ئەو
فۆرمەیە کە یەکگرتووی ئیسلامیی لە کوردستان کاری لەسەر
دەکات، کە گوایە میانڕەوییە. ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە
دانەرانی ئەو کتێبە لەوە دەچێت کە یان یەکگرتووەکانن،
یان لە یەکگرتووەکان نزیک بن، یان ئەوانەن کەوتونەتە
ژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆجیاو جیهانبینی یەکگرتوو.
دووەم، بەئیسلامییکردنی بەرنامەی خوێندن، واتە
بەئیسلامییکردنی بەهاو پەیامە مرۆییەکان. بۆئەوەی
رونتر قسەبکەین، هەرچی بەهای مرۆیی هەیە لەنێو
کتێبەکان وەک بەهای موسڵمانانو ئیسلام نیشاندراون.
ئەوەش ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە غەیرە موسڵمانان هەڵگری
ئەو بەهایانە نین یان پراکتیزی ئەو بەهایانە ناکەن.
بۆنمونە لە کتێبەکان زۆر تەرکیز لەسەر ئەوە کراوە کە
موسڵمان نابێت درۆ بکات. ئەگەر لە گۆشەیەکی دیکەوە
تەماشای ئەم رستەیە یان پەیامەکەی ناو ئەو رستەیە
بکەین دەکرێت ئەو مانایە بگەیەنێت کە غەیرە موسڵمان
دەکرێت درۆ بکات. جا کاتێک ئێمە دەڵێین بە
ئیسلامیکردنی بەها مرۆییەکان مەبەستمان ئەمجۆرە
مامەڵەکردنەیە لەگەڵ بەهاکانی نێو کتێبەکان.
مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی درۆ شتێکی باشە بەڵام بە ڕای من
لەجیاتی ئەوەی ئەم بەهایانە، درۆنەکردن وەک نمونە، وەک
بەهای ئیسلام یان موسڵمان تەماشابکرێتو نیشانبدرێت
واچاکە وەک بەهایەکی مرۆیی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
دەکرێت دەقەکانی کتێبەکان بڵێین کە مرۆڤ نابێت درۆ
بکات. ئەوکات ئەوە بەو مانایە دێت کە کەسەکە
پەیڕەوکەری هەر ئایینێک، ئیسلام، مەسیحی، جو، هیندوس،
بودیی، بێدین ...تاد بێت نابێت درۆ بکات.
سێیەم، کێشەی رەهاییگەرایی (absolutism) لە دەقو
پەیامەکانی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی، لە راستیدا
دەکرێت بڵێین کە تەواوی رستەو پەیامەکانی کتێبەکانی
پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی کوردستان لە
دیدێکی رەهایگەرییانە نوسراوە، واتە دیدێک کە جێگەی
هیچ پرسیارێکی تێدانابێتەوەو پرسیار لای خوێندکار
دەکوژێت لەجیاتی ئەوەی پرسیار دروستبکات. هاوکات لە
جیاتی ئەوەی گومان لەلای خوێندکار دروستبکات،
گومانەکان دەڕەوێنێتەوە. سەرنجێکی خێرای کتێبەکانی
پەروەردەی ئیسلامی بدەین بۆمان دەردەکەوێت کە لە ڕۆژی
یەکەمی خوێندن، منداڵانی کوردستان وەڵامی هەموو
پرسیارە فەلسەفییەکانی مرۆڤایەتیان، ئێمە کێین لە
کوێوە هاتوین بۆ کوێ دەچین دەستدەکەوێت. لە کتێبی پۆلی
یەکەم وەڵامی ئەم سێ پرسیارە لە یەک ڕستەدا
کورتکراوەتەوە، خوا ئێمەی دروستکردوەو ئێمە بۆ لای خوا
دەگەڕێینەوە. ئەم شێوازە لە دەربڕین منداڵی بێ پرسیار
و بێگومان لە پرسە فەلسەفییەکان بەرهەمدێنێت چونکە وەک
گوتمان وەڵامی پرسە فەلسەفییەکانی بە ئامادەکراوی لە
دەقەکە دەستدەکەوێت چونکە رستەکە زۆر بە شێوەیەکی
رەهاییانە (ئیتلاقیانە) داڕێژراوە. ئەمە تاکە دەقی
رەهاییگەرای نییە، بگرە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی
لێوان لێون لە رەهاییگەرایی.
چوارەم، بەموسڵمانکردنکردنی خوێندکار، بەکورتی واتە
کردنی قوتابخانە بە مزگەوت. ئەوەی زۆر بە زەقی لە
تەواوی کتێبەکان بەرچاودەکەوێت ئەوەیە کە دەقو
چیرۆکەکانی کتێبەکان بە مەبەستی ئاشناکردنی خوێندکار
بە ئایینی ئیسلام نەنوسراوە بەڵکو بە مەبەستی
بەموسڵمانکردنی منداڵەکان نوسراون. ئەمەش قوتابخانە لە
دەزگایەکی پەروەردەیی دەگۆڕێت بۆ دەزگایەکی ئایینی.
لەراستیدا دامەزراوە حکومییەکان، ئەوانەی کە دەزگای
گشتین ناکرێت لە خزمەت ئایینێک بەکاربێن چونکە ئایین
پرسێکی گشتی نییە بەڵکو تایبەتییە. ئەرکی قوتابخانە
ئاشناکردنی خوێندکارانی کوردستان بە هەموو ئاینەکانی
دنیایە لەسەروی هەمووشیانەوە ئاینی ئیسلام چونکە ئاینی
زۆرینەی خەڵکی کوردستانە بەڵام نەک بەموسڵمانکردنیان.
پێنجەم، گاڵتەکردن بە ئایینەکانی دیکە، مەبەستم لێرە
بەتایبەتی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامییە بۆ پۆلەکانی
یازدەو دوازدە چونکە بەشی کۆتایی ئەم دوو کتێبە
تەرخانکراون بۆ ئاینناسی، بەڵام بەداخەوە لەجیاتی
ئەوەی لەم دوو کتێبە ئایینەکانی دیکە بە خوێندکارانی
کوردستان بناسرێت چەند مەبەستێکی دیکە بەدیدەکرێن، کە
لێرە ناکرێت قسە لەسەر هەموویان بکەین بەڵام ئاماژە بە
هەندێکیان دەکەین. بەشی ئاینناسی تەرخانکراوە بۆ
بەرزرگەرایی (ئیستیعلای) ئیسلام، واتە لە کتێبەکانی
پەروەردەی ئیسلامی ئایینی ئیسلام وەک ئایینێک کە لە
سەروی هەموو ئایینەکانی دیکەوەیە نیشاندراوە. هەروەها،
گاڵتەکردن یان کەمکردنەوەو بچوکردنەوەی ئایینەکانی
دیکە. بۆنمونە کاتێک باس لە کتێبەکانی ئایینی هیندوس
دەکات، یەکێک لە کتێبە هندوسییەکان واوەسفدەکات کە
پڕبێت لە دەجەلو شەعوەزەو خورافیات. ئەمەش لەراستیدا
ناساندنی ئایین نییە بەڵکو کەمکردنەوەو
گاڵتەپێکردنییەتی. هەر لەوێدا کتێبەکانی پەروەردەی
ئیسلامی رەخنە لە هیندوسەکان دەگرن بەوەی کە منداڵ لە
تەمەنی ژێر دە ساڵیدا بە مێرد دەدەن. ئەمە لە کاتێکدا
دەکەن کە موسڵمانان بەخۆیان ئەم جۆرە کارانە
پراکتیزدەکەن، بۆنمونە پێغەمبەر کە عایشەی هێنا تەمەنی
نۆ ساڵ بوو.
هەر لە پەیوەند بە پرسی ئاینناسی شتێکی دیکەی زۆر
سەرنجڕاکێش لەو دوو کتێبەی کە بۆ ئاینناسی تەخانکراون
بەدیدەکرێت ئەویش ئەوەیە کە کتێبەکان زۆر کەم
تەرخانکراون بۆ ئەو ئایینو مەزهەبانەی کە لە
کوردستان بوونیان هەیە یان ئەوانەی لەگەڵ موسڵمانە
کوردەکان لە ناوچەکە دەژین. مەبەستم ئەو بەشەی
ئاینناسی کە تەرخانکراوە بۆ ناساندنی ئایینەکانی دیکە
بە منداڵە موسڵمانەکان پێش هەموو ئایینێک دەبوایە باس
لە ئایینی ئێزیدیو مەسیحیو مەزهەبی شیعە بکەن، کەچی
ئەو ئایینو مەزهەبانە هەر باس نەکراون، لەجیاتی
ئەمانە باس لە ئایینی بودییو کۆنفۆشیان کراوە. دیارە
باسکردنی ئەم دوو ئایینە گرنگی خۆی هەیە بەڵام
واچاکبوو منداڵە موسڵمانەکانی کوردستان بە ئایینی
ئێزیدیو مەسیحیو مەزهەبی شیعیی ئاشناکرابان چونکە
ئەو کێشەو گرژیانەی کە ئێستا لە کوردستانو عێراق هەن
بەگشتی لەنێوان موسڵمانانو ئێزیدییەکان، موسڵمانانو
مەسیحییەکان لەگەڵ سوننەکانو شیعەکاندایە.
شەشەم، کەشوهەوایەکی دژبەپێکەوەژیان لەجیاتی
پێکەوەژیان لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی برەوی
پێدراوە. مەبەستم لێرە ئەوەیە کە کتێبەکانی پەروەردەی
ئیسلامیی سەرەڕای ئەوەی کە لە هەندێک شوێن هەوڵیانداوە
بۆ دروستکردنی کەشوهەوای پێکەوەژیانی ئایینەکان لە
قوتابخانەکان بەڵام لە زۆر شوێنیش بوونەتەوە مایەی
لەباربردنی ئەو کەشە. بۆنمونە لە کتێبی پەروەردەی
ئیسلامی بۆ پۆلی پێنجەم لە شوێنێک دایکێک قسە لەسەر
هەڵوێستی پێغەمبەری موسڵمانان، محەمەد، بەرابەر بە
مەسیحییەکان بۆ کچێکی دەکات، لەوێدا دایکەکە بە کچەکەی
دەڵێت شاندێکی کریستیانەکانی (مەسیحییەکانی) نەجران (شارۆچکەیەکی
ئەوکاتی نیمچە دورگەی عەرەب) دێنە لای پێغەمبەر.
دایکەکە دەڵێت پێغەمبەر بەوردیو بەدوورودرێژی باسی
ئایینی ئیسلامی بۆ کردن پاشان بە مەسیحییەکانی گوت
ئەوەی باسمکرد ئیسلامە، بۆیە پێتاندەڵێم یان وەریبگرن
یان سەرانە بدەن، ئەگەر نا خۆتان ئامادەبکەن بۆ شەڕ.
ئەگەر پێمانوابێ ئەوە ئەو جۆرە حیکایەتو گێڕانەوانە
دەبنە مایەی دروستکردنی کەشی پێکەوەژیان لە نێوان
موسڵمانانو مەسیحییەکان ئەوە خەیاڵ پڵاوییە چونکە ئەو
بۆچوونو هەڵسوکەوتە راست وەک ئەوە وایە کە داعش ئەمڕۆ
لە موسڵ لەگەڵ مەسیحییەکانی ژێر دەسەڵاتی لەو ناوچانە
پەیڕەوی دەکات. ئەوە مانای ئەوەیە کە کتێبەکانی
پەروەردەی ئیسلامی لەجیاتی ئەوەی ببن بە پلاتفۆرمێک بۆ
لێکتێگەیشتنو لێکنزیککردنەوەو پێکەوەژیانی ئایینەکان
لە کوردستان بووە بە پلاتفۆرمێک بۆ بچوکردنەوەی
ئایینەکانی دیکەی کوردستانو هۆکارێک بۆ دژایەتیکردنی
یەکدی.
ئەوانەی کە ئاماژەمپێکردن بەشێکن لەو رەخنانەی من لە
کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی بەڵام بە دڵنیاییەوە
رەخنەکانی من بە تەنیا ئەوانە نین.
|