( پایزنامه‌)
بۆ: ئازاد سوبحی

  

شێرزاد حه‌سه‌ن

 





*ئازاد یه‌كێك بوو له‌ جوانترین و ته‌نیاترین نووسه‌ره‌كانی ئێمه‌، ته‌نیاییه‌ك كه‌ كه‌س به‌سه‌ر ئه‌ودا نه‌یسه‌پاندبوو، به‌ڵكو هه‌ڵبژاردنی خۆی بوو. بۆ من زۆر قورسه‌ به‌ چه‌ند وشه‌یه‌ك ئه‌و مرۆڤه‌ خامۆش و هێور و پڕه‌ وه‌ك زه‌ریا بدوێنم و بیلاوێنمه‌وه‌، ئه‌م عه‌قڵێكی كراوه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندی ئێمه‌ بوو، كه‌چی هیچ فیز و لاف و گه‌زافێكی نه‌بوو، ئه‌م وه‌ك شاعیر و ره‌خنه‌گر زمان و دیدگا و جیهانبینی و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز و قووڵی خۆی هه‌بوو.

دوای ڕاپه‌ڕین بوو كه‌ ئازادم ناسی، سه‌نگین و كه‌مدوو، جوانناس، خوێنه‌رێكی به‌ سه‌لیقه‌ی فیكر و ئه‌ده‌بی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات، یه‌كه‌مجار چیرۆكی (تووتیستان) بوو كه‌ وایكرد پتر له‌ یه‌كدی نزیك ببینه‌وه‌، چونكه‌ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی، به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م، له‌ گۆڤاری ( سه‌راب )دا نووسینێكی تێر و ته‌سه‌لی نووسی كه‌ بۆ من وه‌ك نووسه‌ر تازه‌ بوو، ناچاری كردم كه‌ بكه‌وینه‌ ده‌مه‌ته‌قێ و دیالۆگ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و نهێنیانه‌ی كه‌ ئه‌م له‌و ده‌قه‌دا بینیبووی، كه‌ ده‌توانم بڵێم شیكار و خوێندنه‌وه‌ی نائاگاهی من بوو كه‌ پتر له‌ پێشبینی ترسی دروستبوونی وڵاتێك بوو كه‌ مرۆڤه‌كانی ده‌بن به‌ تووتی وه‌ك هه‌نووكه‌ و لێره‌، نووسینه‌كه‌ی ئازاد هانی دام سه‌ر له‌ نوێ چیرۆكه‌كه‌م بخوێنمه‌وه‌، دیاره‌ ئه‌وه‌ش له‌و دیوه‌ په‌نهانه‌وه‌ هات كه‌ ئازاد سوبحی بینیبووی، بووه‌ مایه‌ی تێڕامانی زۆرتر بۆ من، ئیدی په‌ڕینه‌وه‌ بۆ قسه‌كردن له‌ ئه‌فسوونی ئه‌ده‌ب وه‌ك چه‌كێك دژی ده‌به‌نگی، ئه‌ده‌ب وه‌ك تۆماری ئه‌و مێژووه‌ی مێژوونووسه‌كان نایبینن یان نایانه‌وێت بیبینن، داهێنان و هه‌ژاری ئێمه‌ له‌و بواره‌دا.. ده‌یه‌ها بابه‌تی دیكه‌.

له‌وه‌ به‌ دواوه‌.. هیچ نوسینێكی ئه‌وم نه‌بواردووه‌، به‌ڵام ئازاد له‌ گه‌وهه‌رفرۆش ده‌چوو، هه‌میشه‌ وایده‌كرد زۆر چاوه‌ڕوان بین تاوه‌كو ده‌چووه‌ بن زه‌ریای رۆح و فیكری خۆی و مرواری و مه‌رجانی ده‌چنییه‌وه‌، ئه‌وسا بێ كه‌شوفش پێشكه‌شی ده‌كردین. به‌ ئه‌مه‌كه‌وه‌ ده‌یڵێم بۆ هه‌میشه‌ وه‌ك قوتابییه‌كی شه‌رمن به‌ تاسه‌وه‌ حه‌زم بوو لێوه‌ی فێر بم. ئازاد ڕێزی هه‌ر وشه‌یه‌كی ده‌گرت، چ به‌ زار و چ به‌ نووسین، بۆ هیچ خواستێك و ته‌ماعێك و ئیگۆیه‌كی هه‌ڵئاوساو ئاماده‌ نه‌بوو یه‌ك پیت به‌ فیڕۆ بدات، ئه‌م مامه‌ڵه‌ی ئه‌ڵماسی له‌ ته‌ك وشه‌كانی خۆیدا ده‌كرد.

بێگومان ئه‌م عاشقه‌ ژیان بوو، به‌ڵام ده‌یزانی به‌خته‌وه‌ری وا ده‌نێو شته‌ ساده‌كاندایه‌، ئاسووده‌گی خۆ قورتاركردنه‌ له‌ پێویستییه‌ پووچه‌كانی دونیا كه‌ بێجگه‌ له‌ ئازاد هه‌مووان شه‌ڕی بۆ ده‌كه‌ن و زۆرینه‌ خۆی بۆ ده‌فرۆشن.. ئه‌م هه‌ڵگری مانای ناوی خۆی بوو كه‌ به‌ هه‌ق ئازا و ئازاد بوو..زێده‌ سه‌ربه‌ست و بێباك له‌ هه‌ڵپه‌ی شێتانه‌ بۆ ته‌ماعه‌كانی دونیا، ئه‌م سۆفییه‌كی هاوچه‌رخ بوو، من چاك ئاگاداری ئه‌وه‌ بووم كه‌ مرۆڤخۆره‌كانی كوردستان به‌ درێژایی ئه‌و بیست و سێ ساڵه‌ ماڵ و سامانی (هاروون و قاروون)یان پێبده‌به‌خشی، كه‌چی هه‌مووان ده‌زانن، چ دۆست بن و چ دوژمن، كه‌ ئازاد سه‌ری نه‌وی نه‌كرد، زاتێكی سه‌ركه‌ش بوو.. ئه‌م هه‌تا به‌خششی دۆسته‌ هه‌ره‌ نزیكه‌كانی خۆی ڕه‌ت كرده‌وه‌. ئه‌م وابوو.. عیسای مه‌سیح واته‌نی: به‌ چی ده‌چێت كه‌ هه‌موو دونیا ببه‌یته‌وه‌، كه‌چی نرخه‌كه‌ی دۆڕانی خۆت بێت؟

ئه‌م ته‌مه‌نی خۆی داگیرساند و نه‌چووه‌ به‌ر ئاگردانی نامه‌ردان.. ئه‌م كه‌لاوه‌نشینی هه‌ڵبژارد و به‌ قه‌رز نه‌چووه‌ كۆشكی گه‌وره‌كان، له‌وه‌شدا ته‌نیا نه‌بوو، به‌شێكی جوانییه‌كانیش (خاتوو سوعاد)ی هاوده‌م و هاوژین و هاوخه‌می له‌ ته‌ك (سوبحی)دا به‌شیان ده‌كرد، ئه‌و خانمه‌ زێده‌ زیبا و دڵگه‌شه‌ هیچی نه‌بوو بێجگه‌ له‌ دڵێكی گه‌وره‌ و ده‌ریا ئاسا و ده‌ په‌نجه‌ی ده‌سته‌كانی كه‌ شه‌وان وه‌ك ده‌ مۆم دایده‌گیرساندن تاوه‌كو ئازاد ده‌ره‌قه‌ت بێت له‌ ژێر رۆشنایی چرای چاوانی ئه‌و خاتوونه‌ غه‌مینه‌دا خه‌مه‌كانی بنووسێته‌وه‌.. خاتوو سوعاد ژنێك بوو له‌ شێوه‌ی چلچرای هه‌میشه‌ ڕۆشن.. بۆ هه‌میشه‌ نیگارێك له‌ خه‌نده‌لێو.

له‌ دوا دیدارمدا له‌ ته‌ك (ئازۆ)دا خه‌نده‌یه‌كی خوێناوی به‌سه‌ر لێوییه‌وه‌ بوو، كه‌ ده‌مویست گڕی بده‌م بۆ مانه‌وه‌ له‌م ژیانه‌ی كه‌ به‌ زیندوێتی چاوان هه‌موومانی كوشتووه‌، وتم ( ئازۆ ) منیش وه‌ك تۆ تووڕه‌ و غه‌مینم، به‌س هیچ نه‌بێت بمێنه‌.. زۆرن كه‌ تۆیان خۆشده‌وێت.. چه‌نده‌ پووچ بووبێت زینده‌گی ئێمه‌.. چه‌نده‌ دونیایه‌كی دوونی و درۆ بێت.. هه‌قه‌ بۆ جوانییه‌كانی سوعاد و خۆشه‌ویستی هه‌میشه‌ داگیرساوی ئه‌م تۆ بمێنیت، به‌ قه‌هره‌وه‌، به‌ڵام به‌ رۆحێكی جه‌نگاوه‌رانه‌وه‌ كه‌ چاوی له‌ چاوی مه‌رگ بڕیبێت و نه‌ترسێت، گوتی: شێرۆ..هه‌ر هه‌موومان له‌م ژیانه‌دا مه‌رگێك قه‌رزارین..!

من پێموت.. به‌ڵام تۆش ده‌زانیت كه‌ سه‌گێكی زیندوو هێشتا جوانتره‌ له‌ شێرێكی مردوو.. وانییه‌؟

گوتی: به‌ڵام سه‌گبوونیش هیچ جوانییه‌كی تێدا نییه‌ كه‌ هه‌موو ژیانی وه‌ڕین و كلكه‌له‌قێ و چاوه‌ڕوانی له‌تێك نان و پاسكردنی ده‌رگای خاوه‌نه‌كه‌ی بێت..!

هه‌زار حه‌یف و موخابن.. له‌و دوو شیعره‌ی كه‌ لای من وه‌ك پایزنامه‌ی ته‌مه‌نی خه‌زانئاسای بوو، ژیان ببوو به‌ ( تابلۆیه‌كی به‌تاڵ ) و ناته‌واو، خۆیشی ببوو به‌ (دره‌ختێك له‌ به‌رد).. بۆچی به‌ردین؟ چونكه‌ كه‌مترین كه‌س گه‌ڵا و گوڵ و میوه‌ شیرینه‌كانی ئه‌و دره‌خته‌ی بینی، ئه‌م ده‌مێك بوو له‌و گه‌ڵارێزانه‌ ڕاده‌ما و له‌ ناو شیعره‌كانیدا به‌ جیا له‌ مه‌رگ و هه‌ڵوه‌رینی هه‌ر گه‌ڵایه‌ك ڕاده‌ما و له‌ ڕووتبوونه‌وه‌ی دره‌خته‌كانی ده‌ڕوانی ئاسووده‌ بوو كه‌ سروشت ئازاد و ئازاتره‌ له‌ ئێمه‌ كه‌ خۆی ڕووت و قووت ده‌كاته‌وه‌ تا بیسه‌لمێنێت كه‌ هه‌قیقه‌ت ته‌نها ئه‌وسا جوانتره‌ كه‌ لاسایی سروشت بكاته‌وه‌.

ئه‌م له‌سه‌ر رێگاكه‌ وه‌ستابوو.. پێشبینی سه‌فه‌رێكی ئه‌به‌دی ده‌كرد، به‌ ته‌نیا، ته‌نیا..هه‌میشه‌ ته‌نیا.. چ له‌ ژیان و چ له‌ سه‌فه‌ر و چ له‌ مه‌رگدا. مه‌رگی (ئازۆ) له‌وێدا وه‌ڵامێك بوو بۆ هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی ئێمه‌ كه‌ زاتمان نه‌كرد له‌ هۆشمه‌ندێكی وه‌ك ئه‌می بكه‌ین..!

له‌و شیعرانه‌دا ڕێك و ڕه‌وان گۆرانییه‌كی غه‌مناك و بریندار بۆ ماڵئاوایی خۆی ده‌چڕێت.. پتر ئه‌و هه‌سته‌ی دامێ كه‌ بۆ سه‌فه‌رێك ده‌چێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، سه‌رێك له‌ به‌هه‌شتی په‌ژمورده‌ و چۆل ده‌دات و به‌ ناو دۆزه‌خی ئاوه‌داندا ده‌گه‌ڕێت و ده‌پشكنێت و پرسیار له‌ دۆزه‌خنشینان ده‌كات و به‌ زمانی ئاگرینی خۆی ده‌یاندوێنێت ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هاته‌وه‌ وه‌ڵامێكی بۆ ئێمه‌ پێبێت، وه‌ڵامێكی زۆر كورت: كه‌ دۆزه‌خ هیچ نه‌بوو بێجگه‌ له‌ نمایش و لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌و دۆزه‌خه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ی سه‌ر ئه‌م بسته‌ خاكه‌ی خۆمان كه‌ به‌ درێژایی سه‌ده‌كان هه‌موومانی سووتاندووه‌، وه‌ك پێغمه‌به‌رێكی ده‌م به‌ هاوار بێدارمان بكاته‌وه‌ كه‌ جه‌هه‌ننه‌مه‌كه‌ی خۆمان گه‌لێك له‌ دۆزه‌خه‌كانی خوداوه‌نده‌كان كوشنده‌تره‌..مژده‌ بدات و بڵێت: ئاخر ناكرێت مرۆڤ دوو جاران بسووتێت!

ئه‌م وه‌ك عیسایه‌كی ته‌نیا خاچی خۆی به‌ كۆڵه‌وه‌ بوو، هه‌رگیز له‌و خاچه‌ دانه‌به‌زی و تا هه‌نووكه‌ش خوێنبارانه‌..!

له‌وه‌ ده‌چوو له‌ چاوی ئه‌مدا ژیان له‌وه‌ ناشیرینتر و بێزه‌وه‌رتر بووبێت كه‌ به‌و رۆحه‌ منداڵ ئاسایه‌ی به‌رگه‌ی بگرێت، یان خه‌ونه‌كانی كه‌ نه‌هاتبنه‌ دی: زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تر بووبن كه‌ خودی زینده‌گی بتوانێت له‌ ناو خۆیدا جێگه‌یان بۆ بكاته‌وه‌، مه‌رگه‌ساته‌ كه‌ خه‌ونه‌كان له‌ خودی ژیان و بوون مه‌زنتر بن. ئازاد كه‌می گوت و كه‌می نووسی، گه‌وهه‌رسازه‌كان وان.. بازاڕیان كزه‌.. خورده‌ فرۆشان و كۆنه‌فرۆشان بازاڕیان گه‌رمه‌.

خامۆشی و كزۆڵه‌یی ئه‌م هه‌زار و یه‌ك مانا و ڕه‌نگ و ده‌نگی ده‌نواند كه‌ وه‌ك مه‌ته‌ڵه‌ قورسه‌كانی ناو ئه‌فسانه‌كان ته‌مه‌نێكی ده‌ویست تا ڕاز و نیاز و نهێنییه‌كانی بدركێنین و ته‌لیسمه‌كانی بشكێنین. وه‌لێ هه‌میشه‌ شاگه‌شكه‌ بوو كه‌ جوانییه‌كانی ده‌روبه‌ری خۆی ده‌بینی، لای ئه‌م كێشه‌ نه‌بوو خۆی یان من یان تۆ داهێنه‌ری جوانی و پاكی و خێر و هه‌ق بین، گرنگ ئه‌وه‌ بوو كه‌سێك ده‌ستپێشخه‌ری بكات و ئازاد له‌ خۆشیاندا له‌ ئامێزی بگرێت. ئه‌وی جوانناس و جوانپه‌رست و جوانهێن شه‌یدای ئه‌وه‌بوو تابلۆكان ڕه‌نگین بن، كێ ڕه‌نگینیان ده‌كات بابه‌ت نه‌بوو..ئه‌م وه‌ك له‌ دوا شیعریدا لێی ده‌ترسا بینینی تابلۆیه‌ك بوو كه‌ به‌تاڵ بێت. ئه‌م غه‌مگینی ئه‌وه‌بوو به‌تاڵی و پووچی و بۆشایی بمانكوژێت.. ئه‌م زه‌نده‌قی له‌ مرۆڤه‌ داهۆڵه‌كان و كلۆره‌كان و تاریكه‌كان چووبوو.

ئاسانه‌ له‌و هاوكێشه‌ قورسه‌ تێبگه‌ین كه‌ ئه‌وی داهێنه‌ر و خودانی جوانی هێزێكی له‌ بن نه‌هاتووی هه‌بوو، ئه‌م ئه‌گه‌ر بۆ خۆی جۆگه‌له‌یه‌ك بوو له‌ جوانی، ته‌نها دڵی به‌وه‌ خۆش بوو كه‌ له‌ته‌ك جۆگه‌له‌كانی دیكه‌ی وه‌ك خۆیدا ده‌ڕژێنه‌وه‌ ناو زه‌ریایه‌ك له‌ جوانی كه‌ له‌ ناوئاخندا پڕه‌ له‌ مرواری و مه‌رجان و گه‌وهه‌ری یه‌ك دانه‌. زه‌ریایه‌كی میهره‌بان كه‌ دڵی نایه‌ت كه‌س بخنكێنێت.. جۆگه‌له‌یه‌ك كه‌ ده‌به‌خشێت و ئاوڕ ناداته‌وه‌ كه‌س سوپاسی بكات.

ئه‌و پیاوه‌ زۆر مه‌نگه‌ وه‌ك ده‌ریاچه‌ی سه‌ر ترۆپكی شاخه‌كان شتێكی له‌ ناو خۆیدا ده‌شارده‌وه‌ كه‌ ئاسان نه‌بوو كه‌س ده‌ستی بگاتێ و بیدۆزێته‌وه‌، مراوری خه‌مێك، گه‌وهه‌ری نهێنییه‌ك، مه‌رجانی عیشقێكی غه‌مین، یاقووتی قه‌هری شكستێك، ئه‌م سه‌نگینانه‌ له‌ زه‌ریای عه‌ده‌مدا گه‌مییه‌ ماندووه‌كه‌ی لێخوڕی و وه‌ك ناخودایه‌ك ته‌نیا ماڵئاوایی لێكردین، ئێمه‌ی بۆ به‌تاڵییه‌كی سه‌رمه‌دی به‌جێهێشت.

مه‌رگی (ئازاد سوبحی) پرۆتێستۆی ژیانێكی نابووت بووه‌، وه‌ستانێك و نه‌خێرێك بوو دژی مایه‌پووچی پاش ڕاپه‌ڕین و سه‌ربه‌ستی ساخته‌ و عه‌مباره‌پۆ.. ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ژیانێك بوو كه‌ له‌ گرانه‌تا ده‌چوو.. ژیانێك مرده‌نی و بێ ڕه‌نگ كه‌ ئه‌می شاعیر چیدیكه‌ به‌رگه‌ی نه‌گرێت. له‌وه‌ ده‌چوو ئازاد ماندووتر بێت له‌وه‌ی چیدیكه‌ رێبواری ئه‌م سه‌فه‌ری بێهووده‌گییه‌ بێت، ژیانێك كه‌ له‌ كارگه‌كانی خۆیدا مرۆڤ ده‌هاڕێت، ژیانێك تۆراو و بێزار له‌ بیچمی خۆی. ئیدی ئه‌م بڕیاریدا كه‌ پشت له‌و زینده‌گییه‌ بكات كه‌ پتر جامبازه‌كانی سیاسه‌ت و ئاخونده‌ كینه‌بازه‌كان و خوێنخۆره‌كانی بازاڕ و ڕۆشنبیره‌ لێبوكه‌كان و گاڵته‌جاڕه‌كان تیایدا به‌خته‌وه‌رن.

*په‌راوێز: (تابلۆیه‌كی به‌تاڵ ) و ( دره‌ختێك له‌ به‌رد ) دوا دوو شیعری جوانه‌مه‌رگ بوون كه‌ له‌ ( چاودێر ) دا و له‌م پایزه‌دا بڵاوی كردنه‌وه‌. سه‌یره‌ ئه‌م كه‌ بێباك بوو له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ و خۆناساندن به‌وانیدیكه‌، په‌رۆشی ئه‌وه‌ بوو به‌ر له‌ مه‌رگ دوا شیعری خۆی ( دره‌ختێك له‌ به‌رد ) ببینێت، كه‌چی جوانه‌مه‌رگ بوو.. فریا نه‌كه‌وت!




(شێرزاد حه‌سه‌ن)
25-28/10/2014



 

           

 

02/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com