شوان عه‌تووف خه‌ڵاتی تایبه‌تی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "ئۆ كورت" له‌ ئیتاڵیای به‌ده‌ستهێنا
 

  

 

 




كورته‌ فیلمی "ماڵ و كلیل" له‌ ده‌رهێنانی "شوان عه‌تووف" خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كیی 14مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی كورته‌ فیلمی "ئۆ كورت" له‌ وڵاتی ئیتاڵیای به‌ده‌ستهێنا.
كورته‌ فیلمی چیرۆكی "ماڵ و كلیل" له‌ نووسین و ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "شوان عه‌تووف" و به‌رهه‌می به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری سینه‌مای سلێمانی له‌ نوێترین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا كاتژمێر 30/7ی ئێوارێی ڕۆژی 21 ته‌شرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ری 2014 له‌ به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كیی نێونه‌ته‌وه‌یی چوارده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی كورته‌ فیلمی "ئۆ كورت" O Curt له‌ شاری ناپۆلی له‌ وڵاتی ئیتاڵیا نمایشكرا و له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌وه‌ خه‌ڵاتی تایبه‌تی پێبه‌خشرا.
ئه‌م كورته‌ فیلمه‌ 15 خوله‌كییه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" له‌ باشووری كوردستان و وڵاتی به‌ریتانیا له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا بڵاوده‌كرێته‌وه‌ له‌ فیستیڤاڵی كورته‌ فیلمی "ئۆ كورت" له‌گه‌ڵ 17 كورته‌ فیلم له‌ وڵاتانی فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئیسپانیا، ئێران، توركیا، ئیتاڵیا، ڕووسیا، سووریا، ئه‌مه‌ریكا و هۆنگ كۆنگ ڕكابه‌ری كرد و شه‌شه‌مین خه‌ڵاتی خۆی به‌ده‌ستهێنا و له‌ 30 فیستیڤاڵی دیكه‌ی جیهانیشدا بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵات له‌ پێشبڕكێی سه‌ره‌كییه‌كاندایه‌.
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كیی نێونه‌ته‌وه‌یی چوارده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی كورته‌ فیلمی "ئۆ كورت" بریتی بوون سینه‌ماكاره‌ ناودار و به‌ئه‌زموونی وڵاتی ئیتاڵیا، له‌وانه‌: "دانییه‌ل جیپری" ـ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی وێنه‌گرتن و سه‌رۆكی لێژنه‌ی دادوه‌ران، "جۆزێپێ بۆرۆنێ" ـ ڕه‌خنه‌گری فیلم و مێژوونووسی سینه‌ما، "مۆرۆزیۆ برۆچی" ـ سیناریۆنووس و "كلۆدیۆ دی بیاجیۆ" ـ ئه‌كته‌ر، ده‌رهێنه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ر.
فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی كورته‌ فیلمی "ئۆ كورت" به‌ نمایشی به‌رهه‌می وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌ چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی، له‌وانه‌: به‌شی "پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تی"، به‌شی "پێشبڕكێی ناپۆلی"، به‌شی "پێشبڕكێی ئه‌نیمه‌یشن"، به‌شی "پێشبڕكێی لێجێرۆ" و به‌شی "پێشبڕكێی خوێندكاری" و هه‌روه‌ها به‌شی "ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی" له‌ ڕۆژانی 19 تا 22ی ته‌شرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ری 2014 له‌ شاری ناپۆلی له‌ وڵاتی ئیتاڵیا به‌ڕێوه‌چوو.
كورته‌ فیلمی "ماڵ و كلیل" له‌ دوایین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا به‌ ئاماده‌بوونی "شوان عه‌تووف" له‌ به‌شی پێشبڕكێی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "فایتی كۆرتی" Fiati Corti له‌ شاری ڤینیس له‌ وڵاتی ئیتاڵیا نمایشكرا و له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌وه‌ خه‌ڵاتی تایبه‌تی پێبه‌خشرا.

بۆ زانیاری زیاتر: http://www.ocurt.it/corti/home-key/
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی گشتیی كورته‌ فیلمی "ماڵ و كلیل".




 

           

 

02/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com