دیسان لە هەرێمدا لە سایەی بانی حزبایەتیەوە دوو هەوا هەیە...
 

  

شوان عوسمان





دیسان دوو وتاری جیاواز و دوو راگەیاندنی جیاواز بارە سیاسیە ئالۆزەکە ئالۆزتر دەکات، لەیەک کاتدا بە دوو شێوەی جوداوە باس لە ئاڕاستە و رەوتی رووداوەکان دەکرێت، ئەوەش بە ئاشکرا ناتەبایی و دوو فاقی لە بواری هەڵوێستی سیاسی سەرکردایەتی کورد لەو دەڤەرە دەخاتە روو، وتاری (زەرد) وتارێکی قۆرغکارانە و پاوانخازانەی شەڕە ،هەموو سەرکەوتنەکان لە ناو بازنەی زەردی خۆیدا دا خڕ دەکاتەوە، وتاری (کەسک)یش وتارێکی دیکەی جیاواز و بەرفرەوان و نەرمترە، هاوکات بەلای ئەو رووبەری بەشدار بووانی ئەو شەڕە بەرینترە، بەڵام ئەویش سەبارەت بەوە هەناسەی زیاتر تەنگە کە ئەو دیو رۆڵی ئەوانی لەو شەڕگەیە نەفی کردووە و رۆڵی لایەنی دیکەش کەم دەکاتەوە..
ئەمڕۆکە خۆشبەختی گەلی کورد لەوە دایە کە چارەنووسی (داعش) بەرەو بەزین و ئاراستەی بەرەو تێکشکانە ، نەک کێ براوەیە و کێ دۆڕاوە، گەلێکجار لە جەنگدا وابووە ئەوانەی لە خوڵێک دەدۆڕێن لە دەرفەتێک دەگەڕێن تا خەوشی دۆڕانەکەی خۆیان لە رابردوودا قەرەبوو بکەنەوە، بەڵام کارەساتەکە لەوە دایە هەمووشمان دەزانین ئەو سەرکەوتنە بۆ کەسیان ناگەڕێتەوە ،هیچ یەکێکیان راستەوخۆ خاوەنی ئەو دەستکەوتەیە نین، بەلکو گۆڕانی باردۆخەکان وفاکتەرەکانی ناوەوەو دەرەوەی (عێراق) و (هەرێم)، ئەو بەرەئەنجامەیان هێناوەتە ئاراوە...
هەروەها (داعش) یش لە گۆڕانکاری رەنگی پلانەکانی خۆی دایە، بەرفرەوانی بەرەکانی شەڕ زەرەرێکی زۆری جەستەیی و مادی لێداون، کەوابوو بۆ مانەوەی بوون و هێزەکانی خۆیان دەبێت خۆیان لە ئامانجە سەرەکیەکاندا خڕ بکەنەوە و بەرەکانی شەڕیان تەسکتر بکەنەوە، تا بتوانن بە هێزێکی تۆکمەتر رووبەرووی هێڕشەکانی هەموو لایەک ببنەوە، هاوکات بۆردومانیە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانی (ئەمریکی)یەکان و(ئەمریکی)یەکانیش خۆیان فاکتەرێکی دیارن لە بەزینی هێزەکانی (داعش)..
کەوابوو دەبێت کورد ئەمڕۆکە چی بکات ئایا لەو دوو وتاری و ناتەبایی هەڵوێستە هیچ ئامانجێکی گەورەو ئەوتۆی دەستدەکەوێت،ئایا هەروەکو هەمان وتاری رۆژانی رابردوو لە کاتی سەرهەڵدانی شەڕ و هێڕشەکانی (داعش)دا دووبارە نابێتەوە؟ ئایا جگە لە دۆڕان و لەدەستدانی ورە و خاک و لەت بوونی یەکتر هیچ دەستکەوتێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان هاتە دەست، تا ئەمڕۆکە بە هەمان هەناسە جەخت لە کارەساتەکان دەکەینەوە؟؟؟...
ئەوە مێژوو پێمان دەلێت کە نە (پارتی) و نە(یەکێتی) بە تەنیا ناتوانن هیچ شتێک بکەن جگە لە لە دەستچوون و دۆڕان و هەروەها دەستکەوتی شەخسی نەبێت، باسی (گۆڕان) ناکەم چونکە ئەوان هیچ دەورێکیان لە (ئیعراب)دا بۆ ئەو زەمەنە بۆ نەماوەتەوە، (شنگال) نموونەیەکی دیار و زۆر دوور نیە کە هێزەکانی زۆنی زەرد بەرپرسیارن لەو دۆڕانە مێژووییە، کەوابوو بۆ وانە لە رابردووی هەڵەکانیان وەرناگرن، دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بە هێزی یەکگرتوو و تەبایی و یەک وتاریەوە دەگاتە ئەنجام نەک بە دوو رەنگی و پەرتوپەرتەوازەیی، دەبێت هێزە سیاسیەکانی خۆمان ئەوە باش بزانن، خەڵکیش ئەوە باش دەزانێت ، بەڵام ئەوان خۆیان لە راستی مێژوویی و لە راستیەکان گێل دەکەن..
هێزە سیاسیە کوردیەکانی ئێمە لەکاتی تەنگانەو تێکشکان و دۆڕان پەنا بۆ شەیتان و دوژمنانیش دەبەن، تا بمێننەوە پێیان شەرم نیە چی بکەن، بەڵام کە بارەکانیان بە ئاراستەیەکی باشتر دەگۆڕێت هەموو شتێک لەبیر دەکەن و بیر لە برایەتی و هاوپەیمانێتیش ناکەنەوە، بە تاکلایەنی سەرکەوتنەکان بەسەر خۆیان دابەش دەکەن و دەیانکەن بە دەستکەوت. ئەوە تا ئێستا ئەوە پیشەیان بووە وئاوڕیش لە رابردوو نادەنەوە کە چەند نەتەوە و نیشتیمان لەو مەزەندەیە زەرەرمەند بووە..
تا ئەوان بەو شێوەیە بیر بکەنەوە داهاتوومان لە ئێستا و لە رابردوو باشتر نابێتەوە، ئەوان هەق وایە دەرس لە رابردووی خۆیان وەرگرن چونکە خۆ شەڕ ومەترسیەکانی (داعش) دوایی نەهاتووە، بەلکو لەوانەیە ئەوە سەرەتایەک بێت بۆ شەڕێکی گەورەتر، کەوابوو لە هەموو وەختێک زیاتر ئێستا یەکبوون و یەکگرتوویی هێز و وتار وراگەیاندنی کوردی لە هەموو دەستکەوتێکی تایبەت مەزنترە، چونکە ئەوە مێژووە پێمان دەلێت نە دوێنێی هەرێمتان بۆ خەلک بە بەهەشت کردووە ، نە ئەمڕۆکەش لەکاتی شەڕدا متمانەی مانەوەی ئەو بەهەشتەتان بە سەلامەتی داوە بەوان..
دەبێت هەبوونی ئەو دوو هەوایە بگۆڕێت، ئەگەر ئێوە نەگۆڕێن بانەکان لە گۆڕانی خۆیان دان هەر ئەوانیش هەوا و ئێوە دەگۆڕن، لە کاتێکدا دەرەوە و ناوەوەی هەرێم لە گۆڕانێکی گەورە دایە، ئێوە دەتانەوێت نەگۆڕێن و وەکو لە رابردوودا چۆن بوون وا بمێننەوە، بۆیە لە دۆڕاندا خۆمان دەکەنە سەرپشک و لە سەرکەوتنەکانیش پشکی گەورەو بەتەنیا بۆ خۆتان دێڵنەوە....
شوان عوسمان
هۆلەندە-٢٢/١٢/٢٠١٤


 

 

           

 

22/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com