خۆزگە وڵامی ئەم پرسیارەم زانیبایە !
 

  

سوارە کەمال





دەستێوەردانی وڵاتانی ده‌وروپشت و زۆرێک لە زلهێزانی دنیا لە نێوخۆی هەرێـمی کوردستان ، لە ئێستادا هەر ناوێکی لێنرابێ ، لای بەشێکی بەرچاوی خەڵکی کوردستان نەشاراوەیە کە پێش هەر شتی لەپێناو دەسکەوتی زیاترو پاراستنی بەرژەوەندی دەستێوەردەرانە . دیارە ئەم بۆچونە نوێ نیە ، کە هەردەم رێژەی دەستکەوت ، هاندەرو فاکتەری سەرەکیە لە دیاریکردنی شێوازو جۆرو قەبارەی ئەو دەستێوەردانە . کەواتە ئاساییە بە نەمانی قازانج ، وڵاتی دەستێوەردەر وڵاتی دەستێوەردراو پشتگوێبخاو جێبهێڵێ . ئەگەر لە سەر ئاستی جیهاندا ئەمریکا بە نمونە بێنینەوە ؛ دەبێنرێت بەلایەوە ئاساییە بووە پشت لە دۆستەکانی بکات ، شاهنشای ئیران ، حوسنی موبارەک ، سەدام حسین ، کە هەشت ساڵ پشتوانیانکرد لە شەری دژ بە ئێران ، و لێدانی ئیسلامیەکان لە ئەفغانستان ، پاش ئەوەی چەندین ساڵ شەریان پێکرد دژ بە سۆڤیت و...هتد بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن .

بەڵام ئەوەی جێگەی تێرامان و قسە لەسەرکردنە ، وێرای درککردنی سیاسەتوانانی کورد بەوەی کوردستان بۆتە گۆرەپانی ململانی نێوان ئاینەکان ، ئاینزاکان ، روسیا و ئەمریکا و..هتد کەچی نەک بیریان لەدانانی سنور بۆ دەستێواردانی دەرەکی دانەناوە ، بەڵکو حزبەکانی باشوری کوردستان هەر یەکەیان بەپێی پێگەکەی لە رکەبەرایەتی یەکتردان بۆ سازدانی زەمینەی باشتر بۆ دەستتێوەردانی دەرەکی ، ئێران و تورکیا و..هتد ، لەو نمونانەن کە پێویستیان بە هێنانەوەی بەڵگە نیە .

دیارە کوردستان لە دۆخێکدایە ، ئاسان نیە ئاستەنگی لەبەردەم دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەکی دروستبکات ، بەڵام تەندروستش نیە ، بێ بیرکردنەوە لە داهاتووی دوور ، هەموو خواست و ویستەکانی گرێبدات بە کۆمەکی دەرەکی ، چونکە رێگەدان بە هەر دەستێوەردانی ئەگەر ئەرێنیش بێت ، بێ دەرکەوتەی نەرێنی نابێ ، بۆ نمونە بەهۆی پشتوانی ئەمریکا بۆ هەرێم و ژمارەیەک فاکتەری تر ، لەمرۆدا جگە لە دەوڵەتی ئیسرائیل ( ئەویش لە گوتاردا وەک دۆست خۆی نیشانداوە ) وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوین ، وێرای خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ ئەم دیڤاکتۆیەی کوردستان ، سەرجەمیان بوونی پێکهێنانی دەوڵەتی کوردستان ، بەمەترسی سەر بەرژەوەندیەکانی خۆیانی دەزانن .

ئه‌وه‌ی‌ لێره‌دا دەمەوێت قسەی لەسەر بکرێت ؛ دۆزینەوەی وڵامی پێویستە بۆ چۆنیەتی بەرخوردکردن بەرانبەر بە هەر پێشهاتێکی نەرێنی .

ئایا دەرهاوێشتەو دەرکەوتەو لێکەوتەی پاش " کزبوونەوەی " شەری داعش ، لە بوارە جیاجیاکان لەوانە : کۆمەڵایەتی ، سایکۆلۆژی ، ئەمنی ، سیاسی ، سەربازی و ئابووری ... چین و چۆنیان چارەسەر دەکەن ؟
دیارە قسەکردن لە لێکەوتەو دەرکەوتەکانی پاش شەر ، بە هۆی پێکهاتەو کلتورو سیستەمی وڵاتانی ناوچەکە هێندە ناتەندروستە ، زۆر ئاساییە ١٤+ ١٥ بکاتە سفر !.

ئەو پرسیارەی خوازیارم وڵامەکەی بزانم ئەمەیە : ئایا تەنها پشبەستن بە فاکتەرە دەرکیەکان ، کورد دەگەینێتە جێگای مەبەست ؟
یەکێک لەو رێگا قەدبڕانەی کار ئاسانی دەکات بۆ بەدەستهێنانی وڵامی ئەو پرسیارە ، خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی کردەو بەرئەنجامەکانی رابردووە .
بەپێی شرۆڤە‌و لێكدانەوەی ئاماژەکانی پشت دیکۆمێنتەکانی چەند سەد ساڵی رابردوو ، دەرکەوتووە تەنها پشتبەستن بە فاکتەرە دەرکیەکان سەرئەنجامەکەی هیچ بەدەست دەبێ ، بۆ نموونە : لە پاش شەری چالدیران ( ١٥١٤ ) وە تاکو ساڵی ١٩١٧ کورد بەشێوەی جۆراجۆر سەرجەم هیواکانی بەستووتەوە بە فاکتەرە دەرکیەکان ، دەبینرێت زیاتر لە ٤١٥ ساڵ فریوخواردووی دەستی سەفەوی و عوسمانی بووە ، دیارە ئەودەم هەر پاساوێکیان هەبووبێت ، لێرەدا قسەی تیاناکەین ، چونکە ئەوەی لەمرۆدا بۆ گەلی کورد گرنگە بەرئەنجامەکەیەتی ، کە پێمان دەڵیت بریاربەدەستانی ئەو سەردەمە ، لە گەمە سیاسیەکاندا سەرکەوتوو نەبوونە . دیارە لەو مێژووەش بەدواوە سەرکردەکانی کورد لەسەر هەمان رێچکەی رابردوو بەردەوام بوونە ، کارەساتی ساڵی ١٩٧٥ یەکێکە لەو وانانەی دڵنیامان دەکاتەوە لەوەی بەتەنها پشتبەستن بە کۆمەکی دەرەکی ، بەواتای خۆدانە دەست قەدەرە ، کەچی پاش ئەو هەموو ئەزموونە بەرپرسانی حزبە دەسرۆشتوەکانی باشووری کوردستان بەردەوامن لە خۆ بەستنەوە بە سیاسەتی حکومەتە دەرەکیەکان ، شەرەکانی ئەم بەشی کوردستان لەگەڵ ئەوی دی ، تێڕوانینی نەرێنی لایەنەكان بۆ یەکترو جیاوازبوونی هەڵویست و بۆچوونیان بەرانبەر بە وڵاتانی ناوچەکە ، گەواهی ئەو وابەستەبوونە پشتراست دەکەنەوە .

ئەوەی بۆتە خۆزگەو خوازیارم وڵامەکەی بزانم ، ئەمەیە : لە ئێستادا شێوازو جۆری دەستێوەردان و پشتوانی وڵاتانی دەرەکی ، حکۆمەتی هەرێمی هاویشتووتە نێو گەمەیەکی سیاسی زۆر گەورەوە ؛ ئایا بە نەمانی ئەو پشتوانیە ، چارەنوسی باشووری کوردستان چی بەسەر دێت ؟ تۆ بڵێت دامەزراوە پەیوەندارەکانی هەرێم بیریان لێکردبێتەوە و نەخشەو پلانیان بۆ هەر پێشهاتی هەبێ ، یان ئەم جارەش داویانەتە دەست قەدەر ؟




 

 

           

 

24/12/2014

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com