مێژوى تیرۆر و دەستى ڕەشى دەزگا ئەمنیەکان
 

عەلی نادر  





بۆ باسکردن و پێناساندنى چەمکى تیرۆرى سیاسى سەرەتا دەبێت لە فەرهەنگە جیهانیەکانەوە دەست پێبکەین،لە فەرهەنگى (Wikipedia) وا باس لە دیاردەی تیرۆرکردن (assassination) کراوە: بریتیە لە کوشتنى کەسایەتیەکى ناودار و بارز، کە زۆرجار(نەک هەمیشە) کوشتنى سەرکردەیەکى سیاسیە، لە ئەنجامدانى ئەم کارەدا هۆکارى سیاسى یان ئابوورى لەپشتەوە ئاراستەکان دەجوڵێنن.
هەمیشە گەلێک پاڵنەر لە هزرى تیرۆریستدا کارایە، زۆر جار دەبێـت هۆکارێکى دینى، سیاسى، سەربازى سەرچاوەى دەستپێکى کارەکەبن، مەبەست لەمەش دەستکەوتێکى ماددییە یان کاردانەوەیەکە و وەک تۆڵە سەندنەوەیەکە جێبەجێ دەکرێت، یان دەکرێت هەندێک جار بۆ ناوبانگى کەسى تیرۆریست بێت، دەیشکرێت هەندێک جار بۆ ناوزڕاندن و خستنە ناو باس و خواستەکانەوە بێت. هەمووکات ئەو دەستانەى کە ئاراستەى تیرۆریست دەکەن بریتین لە دەستێکى سەربازى یان ئەمنى یان کۆمەڵە چەکدارێک.
بە زاراوەى "تیرۆریست" لە زمانى ئینگلیزیدا دەوترێت(assassin)، کە لە بنەڕەتدا لە وشەى (hashshashin)ەوە هاتوە، وە لە زمانى عەرەبیشدا بەرامبەر بە (حەشاشین)ە.
حەشاشین گروپێکى شیعە مەزهەبى نزارى فارسى بوون، کە مەبەستیان کوشتنى چەند کەسایەتیەکى فارسى و عەرەبى بوو لەو سەردەمەدا.
ئەم گروپە لەلایەن (حسن سەباحى) فارسەوە بونیاد نرا،لەسەدەکانى هەشتەمەوە تاوەکو سەدەى چواردەیەم ئەم گروپە لە قەڵاى (ئالمەوت) چالاکیەکانیان ئەنجام دەدا.دواتریش قەڵاى (مەسیاف)یان لەسوریا کۆنترۆڵکرد،هەر ئەم گروپە لەو دەمەدا نوخبەیەکى دیارى فارس و عەباسى و سەلجوقى و خاچپەرستیان تیرۆرکرد، کە لێرەدا مەبەستێکى سیاسى و دینى لەپشت کارەکانیانەوە بوو.
لە مێژووى نوێدا تیرۆرى سیاسى زیاتر وەک کەرەستەیەک لە ململانێی سیاسى لە نێوان خودى سەرکردەکان خۆیاندا بەکار هاتووە، هەروەها وەک هێماگەریەک (سیمبۆڵیزمێک)ى سیاسى بەکار هاتووە. لێرەدا بەمەست لە ترساندنى دەسڵاتى بەرامبەرە بەهۆى کارى تیرۆریستیەوە.
لە ماوەى هەشتا ساڵدا تەنها لە ڕووسیا دوو ئیمپراتۆر(پۆڵى یەکەم و ئەلێکساندەرى دووەم) تیرۆر کراون.
لەسەر دەستى تیرۆریستدا تەنها لە ئەمریکادا لە ماوەى سەد ساڵدا چوار سەرکردە تیرۆر کراون، کە ئەوانیش:ئەبراهەم لینکۆڵن،جەیمس کارفیڵد،ملیام مکینلى و جۆن کەنەدى بوون.
زلهێزەکانى دنیا هەموو کات لە بیرى ئەوەدابوون کە وڵاتەکانیان نەبێت بە مەیدانى جەنگ و زیاتر بینەرى ئەو ئاگرە بن، ئەوان زۆرجار لەپەناوە خۆیان هاویشتۆتە نێو ئەو شەڕەوە و زیاتر لە بیرى ئەوەدابوون کە بەرهەمى جەنگەکان بۆ ئەوان بێت و خۆڵەمێشەکەیشى بۆولاتانى تر.
بۆنمونە ئەمریکا لە ڕێکەوتى 20-9-2001 دا جەنگى دژى تیرۆرى لەسەر دەستى جۆرج بۆش و ئیدارکەیدا هەڵگیرساند، کاتێک بریسکى ئاگرەکە بەتەواى جیهانى سێیەمى گرتەوە ئیتر ئەمریکا لە دوورەوە سەرپەرشتى دەکرد، ئەوەبوو لە ساڵى 2013دا ئۆباما ڕایگەیاند کە ئەوان دواى جەنگى دژى تیرۆر ناکەون و ئەوجەنگەیش لاى ئەوان کۆتاى هاتووە.
مێژووى کوردستان تەنراوە لەوجەنگانەى کە زلهێزەکانى مێژوو لەبەرامبەر یەکدیدا هەڵیان گیرساندووە و کوردستانیش مەیدانێکى باش بووە،زۆرجار عوسمانى و سەفەویەکان لەکوردستاندا جەنگاون و تاکو ئەمڕۆش لەچەندین ناوچەدا قەڵاو پاشماوەکانیان ماوەتەوە.
کوردەکان خۆیان میللەتێکى دەستەمۆبوون بۆ جەنگ کردن، وە داگیرکەران زۆرجار بەناوى دینەوە هاتوون لە کوردستاندا ئەو ئاگرانەیان هەڵگیرساندووە بۆ مەرامى خۆیان.
مایکڵ ڕۆبن لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانیدا سەبارەت بە کوردستان دەڵێت: کوردەکان میللەتێکى لاستیکین و بە ئاسانى دەستەمۆ دەبن.
گەلێک کۆسپ و تەگەرە بەربووە بە هەناوى دەوڵەتەکەى ئۆردوغان، ئیتر ڕێگە دیبلۆماسیەکان بەتەواوى گەشتن بەبن بەست و ئەمرى واقیع بە تورکیاى نیشاندا کە چیدى ئەو دەوڵەتە ناتوانێت بەم شێوازە بەردەوام بێت و درێژە بە ملهوڕیەکانى بدات، ئەوەبوو ئەوەى دوێنێ بە خەیاڵى کەسدا نەدەهات ئەمڕۆ بە ڕۆژی ڕووناک هەموو کەس دەیبینێت، ئەوان وێنێ مایەى هەڕەشە بوون بۆ بەشێک لە خۆرئاوا و سەرجەم دەوڵەتانى دراوسێى، بەڵام بە شێوەیەکى فەرمى داواى لێبوردنى لە ڕوسیاى نەیارى دوێنێ و دۆستى ئەمڕۆى کرد.
لە لایەکى ترەوە شەڕى سی ساڵەى پەکەکە یەکێکى ترە لەو خۆرانەى کە بەتەواى تەخت و تاجى دەوڵەتەکەى ئۆدروغانى هێناوەتە لەرزین. ئیتر لێرەوە دەبێت ئەویش بەناچارى فلاش باکێک بکاتەوە بۆ مێژووى هاوبەشى خۆیان و کوردەکان، چاک دەزانێت کە کوردستان مەیدانێکى باشە بۆ گواستنەوەى ئەوجەنگەى کە کۆتایەکەى بۆ ئەو زیاتر نابێت لە چارەنوسى ئەسەد و قەزافى و هاوشێوەکانى. دەوڵەتى تورک لە ئێستا بە دواوە بەرگەى ئەوجەنگە نێوخۆیە ناگرێت، وە دەستەمۆیى کوردەکان و دەزگا سەرکوتکەرەکانیان وەک داردەستێک باشترین بەدیلە بۆ گواستنەوەى ئەو ئاگرەى کە بڕیارە سەڵتەنەتەکەى ئۆردوغان بهەژێنێت.
دەسڵاتى کوردى ڕاستەوخۆ لە دوور و نزیکەوە دەستێکى پۆڵاینى هەبووە لە بۆ کوشتنى هاوڵاتیانی ئەم نیشتیمانە و لە بەرامبەر دوژمنانى کوردیشدا وەک هەمیشەى کۆیلەیەکى تەواو عەیاربووە. ئەمان ئەمڕۆ دەزگاکانیان ڕاستەوخۆ لە ژێر هەیمەنەى کورد کوژەکاندایەو لە نێوخۆیشدا ئەم نیشتمانەیان خەڵتانى خوێن کردووە. مەترسى ئەوە لە ئارایە کە دووبارە ئاگرى نێوان پەک و پارتى بگەشێتەوە، سبەینێ تورکیاش لەدوورەوە ببێت بە ناوبژیوان و ئێمەی هاونیشتمانیش هەم مەینەتیەکانمان بگەڕێتەوە خاڵى سفر.
بۆیە ئەمڕۆ بەکوشتنى ڕۆژنامەنوسێک و سبەینێ فیلمێکى ترمان بۆ دەخاتە سەر شاشەى سینەماکانمان، و ەئێمەیش دەبین بە کارەکتەرى سەرەکى ئەو فلیمانە و ئەوانیش لە دوورەوە دەرهێنانمان بۆ دەکەن.


*تێبینى:سود لە فەرهەنگى ویکپیدیا بینراوە بۆ بابەتەکە



 

 

           

 

14/08/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com