له‌ پاش توركیا نۆره‌ی عه‌ره‌بستانی سعودییه‌
 
ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب






به‌ هۆی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ( داعش) و ململانه‌ی سیاسی نێوان توركیاو عه‌ره‌بستانی سعودی له‌لایه‌ك و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئێران و سوریا ناوچه‌كه ئاڵۆزی و په‌شێویی و زۆرانبازی پێوه‌ دیاره‌و‌ روو له‌ ئاگرو هه‌ڵگیرساندنی شه‌ری نوێ ئه‌كات و له‌ پاش ئه‌وه‌ی توركیاجێپێی خۆی له‌ خاكی كوردستان قایم كردووه‌و ئه‌م كه‌ره‌ته‌ نۆره‌ی عه‌ربستانی سعودییه‌ بنكه‌ی سه‌ربازی له‌ خاكی كوردستان داكووتێت.
له‌ 12/8/2016 شاندێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری عه‌ره‌بستانی سعودی به‌ ئامۆژگاری سامر سبهان باڵیۆزی ئه‌و وڵاته‌و، هه‌ر له‌رێگای خۆیه‌وه‌و، به‌ سه‌رۆكایه‌تی راشد كوری عه‌بدوڵلا شانده‌كه‌ هاته‌ هه‌ولێرو له‌لایه‌ن ئاژانسی پاراستنه‌وه‌ پێشوازی لێكراو، له‌ گه‌ل مه‌سعود بارزانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نهێنی كردو، له‌ رێگای پاراستنه‌وه‌ حزبه‌ كوردستانییه‌كان و تاقمی موجاهیدینی خه‌لقی ئێران ئاگادار كرانه‌وه‌ كه‌ شاندێكی باڵای عه‌ره‌بی كه‌نداو هاتووه‌ته‌ هه‌ولێر.
مه‌به‌ستی شانده‌كه‌ هاوكاری كردنی دژه‌به‌رانی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌و، عه‌ره‌بستانی سعودی به‌ دوای هاوپه‌یمانێكی به‌هێز ئه‌گه‌رێت و، ئه‌زانێت هه‌رێمی كوردستان تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌و، له‌ رووی جوگارافیاوه‌ نزیك به‌ ئێرانه‌و، ئه‌وه‌ش بۆ جمو‌جوڵ سه‌ربازی و ده‌ستوه‌شاند گرینگێیه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌و، شایانی ئاماژه‌یه‌ شانده‌كه‌ له‌ چیای كۆره‌كی گه‌شتیاری شوێنیان بۆ ئاماده‌ كردووه‌و، له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌یه‌كی باڵاده‌ست پارێزگاری و پاسه‌وانی ئه‌كرێت.‌
سعودییه‌كان ئه‌ڵێن هه‌رێمی كوردستان بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگه‌و، له‌ رووی ئاین و تایفه‌وه‌ وه‌ك یه‌كین و، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك و، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ناوچه‌كه‌ پره‌ له‌ رق و كینه‌و، به‌ربه‌ره‌كانی ئاینی و تایفه‌گه‌ری و، ئێمه‌ پرۆژه‌یه‌كمان هه‌یه‌ به‌ناوی پرۆژه‌ی سعودی _ توركی له‌ پێناو دامه‌زراندنی هه‌رێمێك بۆ سوننه‌كان له‌ عێراقداو، ئه‌وه‌ش به‌مزووانه‌ ناێته‌دی چونكه‌ زووربه‌ی ناوچه‌ سوننییه‌كان به‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه‌وه‌ ( داعش) و، له‌ پاش ئازاكردنیان و، به‌هۆێ شه‌رو پێكدادانی سه‌ربازییه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ بووه‌ته‌ وێرانه‌و كه‌ڵكی نه‌ماوه‌ به‌ڵام كوردستان هه‌رێمێكی ئاماده‌یه‌ له‌ رووی رێكخستن و ئێداره‌و حكومه‌ته‌وه‌و، ئه‌و شێوه‌یه‌ش كار ئاسانیمان بۆ ئه‌كات به‌ هه‌موو ئاراسته‌كانه‌وه‌و، له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ جێپێی خۆمان له‌ به‌شێكی جۆگرافی ئیستراتیجی قایم ‌بكه‌ێن و، له‌ سه‌ره‌وه‌مان توركیای دۆست و هاوپه‌یمانمانه‌و، له‌ رۆژهه‌ڵاتیش وڵاته‌ نه‌یاره‌كه‌مانه‌.
په‌یوه‌ندی نێوان عه‌ره‌بستانی سعودی و هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1998 كاتێك جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی سه‌ردانی ( ریاز) ی پایته‌ختی سعودییان كردو، له‌ پاش روخانی رژێمی دیكتاتۆری سه‌ددام حوسه‌ێن وحزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ساڵی 2003 په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ زۆر بواردا په‌ره‌ی سه‌ند‌و، له‌ ساڵی 2010 تاڵه‌بانی و بارزانی جارێكیتر سه‌ردانی ( ریاز) یان كردو، هاوكات له‌لایه‌ن شا عه‌بدوڵلا عه‌بدولعه‌زیز به‌ شاڵێ ( Ribbon ) ی ( ده‌ره‌جه‌ یه‌ك) ی شا عه‌بدولعه‌زیزی خه‌ڵات كران.
له‌ دێسه‌مبه‌ری ( كانونی یه‌كه‌م) ی ساڵی 2015 شا سه‌لمان عه‌بدولعه‌زیز كه‌ره‌تێكی تر پێشوازی له‌ مه‌سعود بارزانی كردو، وتی: وڵاته‌كه‌مان به‌ په‌رۆشه‌وه‌ ئه‌روانێته‌ بارودۆخی هه‌رێم و، ئه‌و مه‌ترسیانه‌ ده‌وره‌یداوه‌و، هه‌ر له‌وێدا باسی هاوكاری دوو قۆڵى كراو، چۆنێتی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانی هه‌ردوولاو، هه‌وڵدان بۆ له‌ناوبردنی تیرۆرو، چركردنه‌وه‌ی تواناكان بۆ جه‌نگ دژ به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ( داعش) و، گرنگی وبایخدان به‌ فایه‌له‌كانی ئابووری و، رێكا خۆشكردن به‌ بواری وه‌به‌رهێنان و، رێگه‌دان به‌ كۆمپانییه‌كانی عه‌ره‌بستانی سعودی برۆنه‌ كوردستان و كار بكه‌ن و، بارزانی خۆشحاڵی ده‌ربری و, هه‌ر له‌وێدا شا بریاریدا (8) ملیار دۆلار بدرێت به‌ مه‌سعود بارزانی به‌ مه‌رجێك یارمه‌تی هێزه‌ سوننه‌ عه‌ره‌بییه‌كان بدات له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و، پشتیوانیی له‌ سوننه‌كان‌ بكات و، بۆ ئه‌وه‌ی یاسای پاسه‌وانی نیشتمانیی تێبپه‌ڕێنن و، شا سه‌لمان و بارزانی باسی شه‌ری پێشمه‌رگه‌یان دژ به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ( داعش) له‌ شنگاڵ و كه‌ركوك كردو، هه‌ردوولا رێككه‌وتن له‌ سه‌ر نه‌خشه‌و پلانێكی نوێ بۆ به‌ربه‌ره‌كانی داعش و، هه‌موو رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان و، ناردنی راوێژكارانی ئاسایش و سه‌ربازی سعودی بۆ هه‌ولێر له‌ پێناو یارمه‌تی پێشمه‌رگه‌كان، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌ك باس له‌و رێكه‌وتندا ئه‌كات و، ئه‌ڵێت یارمه‌تییه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ داعش له‌ناو بچێت به‌ڵكو تایبه‌ته‌ به‌ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بچێت به‌گژ حه‌شدی شه‌عبی داو، مه‌سعود بارزانی له‌ دانیشتنه‌كه‌دا نیگه‌رانی و سكاڵای خۆی گه‌یاندووەته‌ شای سعودییه‌و، شا سه‌لمانیش به‌ڵێنی داوه‌، كه‌ هه‌موو هاوكارییه‌كی بكات و موچه‌ی كارمه‌ندانی هه‌رێمی كوردستانیش سه‌رف بكات و. له‌و دانیشتنه‌دا بڕیاری دا، كه‌ تیمی راوێژكارانی هه‌واڵگریی سعودییه‌، ڕه‌وانه‌ی هه‌ولێر بكات.
له‌ شوباتی 2014 راگه‌یاندنه‌كانی سعودییه‌ فه‌رمانێكی شاهانه‌یان بڵاوكرده‌وه‌و، به‌ پێی فه‌رمانه‌كه‌ هه‌ركه‌سێك په‌یوه‌ندی هه‌بێت به‌ لایه‌نێكی توندوتیژی و تیرۆرو بیروراوه‌‌ له‌ 3 تا 20 ساڵ حوكم ئه‌درێت و، له‌ بنه‌ره‌تدا فه‌رمانكه‌ دژ به‌ ئیخوان ئه‌لموسلمین بوو، بۆیه‌ سعودییه‌ پشتگێری له‌ گه‌لی میسر كردو، محه‌مه‌د مورسی و رژێمه‌كه‌ی رووخان و، عه‌بدولفه‌تاح ئه‌لسیسی بۆ به‌ سه‌روك به‌ڵام له‌ پاش ساڵ و نیوێك بارودۆخه‌كه‌ گۆرانی به‌سه‌رهات و، سعودییه‌ پێشوازی له‌م تاقمانه‌‌ كرد كه‌ هه‌موویان سه‌ر به‌ ئیخوان ئه‌لموسلمینن : حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی و، نه‌هزه‌ی تونسی و، حزبی ئیسلاحی یه‌مه‌نی و، ئه‌م هه‌نگاوه‌ سعودییه‌ له‌ هه‌ندێ وڵات نزیك كرده‌وه‌، بۆ نموونه‌ رژێمی توركیای حزبی "" دادو گه‌شه‌پێدان "" ی ئیخوان ئه‌لموسلمین.
به‌ هاتنی خێڵی ئال سعود بۆ كوردستان بارودۆخی ناوچه‌كه‌ی‌ ئاڵۆز كردو، تاقمی ئیخوانه‌كان یه‌كئه‌گرنه‌وه‌و ئه‌بن به‌ خاوه‌ن هێزی گه‌وره‌و، مه‌ترسی له‌ سه‌ر ئه‌و تۆزقاڵه‌ دیموكراسییه‌ی كوردستان دروست ئه‌كه‌ن و،‌ له‌ توركیا زیاتر نزیك ئه‌بنه‌وه‌و، مه‌به‌ستی عه‌ره‌بستانی سعودی ئیخوانه‌كان به‌ هاوكاری له‌ گه‌ڵ سوننه‌ به‌عسییه‌ عه‌ره‌به‌كان كه‌ له‌ هه‌ولێر ( په‌نگیان) خواردووه‌ بچن به‌گژی ئێرانداو، ناوچه‌كه ‌تووشی شه‌رێكی نگریسی چه‌په‌ڵ بكه‌ن و، كوردو كوردستان باجی ئه‌و شه‌ره‌ بده‌ن.
عه‌ربستانی سعودی له‌ گه‌ڵ وڵاتی قه‌ته‌ر تاوانبارن به‌ یارمه‌تیدانی توندوتیژی و تیرۆرو تیرۆریستان له‌ جیهانداو، رۆڵێكی گرنگیان بوو ئێستاشی له‌ گه‌ڵدا بێت له‌ هاوكاری ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان و، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی ئه‌سته‌نبول بۆ رووخانی رژێمی خوێنرێژی سوریاو، تا هه‌نووكه‌ هیچیان پێنه‌كراوه‌و، عه‌ربستانی سعودی شه‌ری حوسی و یه‌مه‌نی درۆستكردو دۆراو، ئه‌یه‌وێت له‌ توڵه‌ی دۆراندنه‌كه‌ی خۆی و توركیاو ئیخوانه‌كان شه‌ر له‌ گه‌ڵ ئێراندا هه‌ڵگیرسێنی و، بیر له‌وه‌ ئه‌كه‌نه‌وه‌ كورد هاوكاریان بێت.

گریمان كورد خوێ له‌ شه‌ر له‌ گه‌ڵ ئیراندا دوور ئه‌گرێت به‌ڵام خاكی كوردستان ئه‌بێته‌ گۆره‌پانی شه‌رو، ئێستاكه‌ كورد خۆی له‌ شه‌ردایه‌ له‌ گه‌ڵ جانه‌وه‌رو درنده‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ( داعش) و، توانای شه‌رێكی تری نییه‌ كه‌ له‌ سه‌ری فه‌رز ئه‌كرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ رێ به‌ سعودییه‌ نه‌درێت شه‌ر هه‌ڵگیرسێنێت و، به‌رامبه‌ر به‌ 8 ملیار دۆلاره‌كه‌و، ئه‌بێ هه‌موو ئازادیخوازان و تێكۆشه‌ران وخه‌ڵكی به‌ شه‌ره‌فی كوردستان داوا بكه‌ن توركیا و عه‌ره‌بستانی سعودی و كۆمه‌ڵه‌ راوێژكارو سیخوره‌كانی له‌ خاكی كوردستان بكشێنێته‌وه‌‌و، بچنه‌ ده‌ره‌وه‌و، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كورد خۆی نه‌گلێنێت له‌ شه‌رێك هه‌ر له‌ ئێستاوه روون و ئاشكرا‌ دۆراوه‌، چونكه‌ شه‌ره‌كه‌ له‌ سه‌ر خاكی خۆیان نییه‌و، پشتبه‌ستن به‌ ئیخوانه‌كان جێی متمانه‌ نییه‌و، ئه‌بێ كورد زۆر وریاو هوشیار بێت و، دوژمنان چاویان بریوه‌ته‌ خاكه‌كه‌مان له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان.
هه‌ندێ به‌رپرس و لایه‌ن رۆژانه‌ به‌ گه‌رمی باسی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌كه‌ن و، ناو به‌ناو یه‌كێكی تریان ئه‌ڵێت ئێمه‌ به‌شێكین له‌ عێراق و، به‌م شێوه‌یه‌ سه‌ریان له‌ خه‌ڵك شێواندووه‌و، بۆ فریودانیان یان دڵخۆشكردنیان ئاماژه‌ به‌وه‌ ئه‌كه‌ن كه‌ قه‌یرانی وڵاتانی عه‌ره‌بی ئه‌بێته‌ هۆی دامه‌زراندنی كوردستانێكی گه‌وره‌و، ئه‌بێت هه‌موو كات گه‌لی كوردستان پشت به‌ وڵاتانی دوواكه‌وتوو كۆنه‌په‌رست‌ وه‌ك عه‌ره‌بستانی سعودی نه‌به‌ستێت.


22/8/2016

 

           

 

22/08/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com