ئۆنتۆلۆژیای ژن/ کۆمەڵایەتی، لە کارێکی عومەر دەروێشدا
 

 ئەحمەد ڕەزا 

 




یەکێک لەو هۆکارانەی وائەکات هەر کارێکی ئەدەبیی یان هونەریی، وەرگر بەلای خۆیدا ببات و لە زەینی خۆیدا لێکدانەوە بۆ کارەکە بکات، بەرکەوتنی کارەکەیە بە فیکری وەرگر، یان بە ئەزمونی، یان بە یادەوەریی ئەو.. ئەوانەش تەنها بە کوالیتیی کارەکەوە پەیوەستە، نەک تەنها فیکر، یان تەنها لێهاتوویی و شارەزایی هونەرمەندەکەوە. هەموو ئەو کارە مەزنە جیهانییانەی زۆرترین ڕیئاکشنی زەینیی ئەخوڵقێنێ، پەیوەندیی بە هەردوو جەمسەرەکەی کار کردنەوە هەیە، هەم شارەزایی هونەرمەندەکە، هەم ئەو هۆکارانەی وەرگر بەلای خۆیدا ئەبا.
ئەم کارەی هونەرمەند عومەر دەروێش، لەڕووی دەرهاویشتە گوزارشتکارییەکانەوە، لە پلەیەکی باڵای ڕەوانیدایە، بە جۆرێک هەر وەرگرێکی چالاک بە ئاسانیی کۆدەکانی کارەکەی بۆ ئەکرێتەوە، تەنها ئەوەندەی پەیوەندیی بە پاشخانێکی ڕۆشنبیرییەوە هەیە، بۆ خوێندنەوەی تەواوی دوورایی " بعد"ەکانی ئاماژەکانی هێڵ و کۆبوونەوەی دالەکان لە لە گشتگیریی بوونی بابەتدا.
ئەو فیگەرانەی لێرەدا بەرجەستە بوون، وەک ڕواڵەت لە ئاستی یەکەمدا هەر وەرگرێکی چالاک و ناچالاک بە ئاسانیی دێتە بەرچاوی. وەک پراکتیکێکی تیۆری قوتابخانەی پێشوازیی و بەدەنگەوە هاتن " مدرسة الاستقبال والاستجابة" ئەتوانێت زۆرترین بینەر لە ئاستی یەکەمی کارەکەدا کۆبکاتەوە، بەمەش لە قۆناغی " ب " دا کە ئاستەکانی تێگەیشتنە، بە پێی شارەزاییە ڕۆشنبیرییەکە دووبارە لەو بەشە وەرگرەی سەرەتا، ڕێژەیەکی ئەوتۆ لەدەست نادات و بە پێی سروشتی کارەکە هەوڵی هێشتنەوەی زۆرترینی وەرگرەکان ئەدا بۆ قوناغی " ج " .. کە تێایدا بە هۆی تێپەڕاندنی هەردوو قۆناغەکەی پێشووەوە، ئاستی هێرمیونتیک یان لێکدانەوەگەرایی دەست پێئەکات.
ئەم جۆرە کارکردنە لە ئێستای هونەری شێوەکاریی جیهانیدا بە هۆی تێگەیشتن لە هەردوو قوتابخانەی " وەرگرتن/ تلقي و پێشوازیی/ استقبال"ەوە، بە شێوەیەکی بەربڵاو کاری پێئەکرێت و لە ئێستادا بە پێشکەشکردنی بۆ مرۆڤ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، هەوڵی دووبارە ڕێکخستنەوەی سروشتی مرۆڤایەتیی ئەدرێت، بۆ بەدیهێنانی زۆرترین ئازادیی و فڕێدانی هەموو ئەو نەریتانەی کە پێشتر زیانی بە مرۆڤایەتیی گەیاندووە.. سەرکەوتنی ئەم شێوازە گرنگەش لە دوورکەوتنەوەی فیکری هونەرمەندان و وەرگرەکانییەتی لە سەرجەم ئایدیۆلۆژیا بەبنبەست گەیشتووەکان.
دیزاینی کارەکە، بنکەیی بەرەو ژوور هەڵئەکشێ.. بە هەڵگێڕانەوەی شێوەکە، ئیحای لە خاچدان ئەدا.. سەرەتا لەوێوە کە دواخاڵی پرۆژەکە، خوێندنەوەی کارەکە لەوە ئاسانتر ئەکا بەدوای پنتی زەمانییدا بگەڕێین. بە مانای سەرهەڵدانیی توندوتیژیی لە سەرەتای دەرکەوتنی هێزەوە لای مرۆڤ.. لەبەرئەوەی کارەکە گشتگیرەو هیچ نیشانەیەکی شوێنی تیا نییە، لەبەرئەوە ڕوونتر کارەکتەری کارەکە دەرئەکەوێت، کە " ژن"ە. بەپێی کارکردنی ڕەخنەگرانەش، کە هەنگاوی یەکەم دەرخستنی فیگەری سەرەکییە، ژن لە چەند دووراییەکەوە دەرئەکەوێ، جگە لە فیگەری ڕاستەوخۆی سەر، لە بەشی خوارەوەش هێڵکاریی سنگی بریندارو شێواو لە هەردوو بەرەی بنکەکەوە هەیە. بە گوزارشتکاریش زیندانێک هەیە، کە درەختێکی تیا هەڵئەوەرێ، گەر بە مەجاز هەم درەخت و هەم هەڵوەرین و زیندانەکە وەربگرین، تێکڕای ئەو دالانە ئاماژەن بۆ بوونی ژن لە زینداندا. لەگەڵ ئەویشدا کورسیی و قەلەڕەش ئەبینرێن.
قۆناغی دووەمی ڕەخنەی هونەریی ئەرکی چۆنێتیی کێشانی وێنەکەو هەموو ئەو دەرکەوتانەیە وەک پێدراو کارەکە خستوویەتییە ڕوو.. لێرەدا درێژ بوونەوەی قژی ژن بەناو زیندانەکەداو لێچۆڕانی ئەو هەموو خوێنەی دەرخراوە، نزیکترمان ئەکاتەوە لە فیکری پێشنیازکراو. ئەوی پەیوەندیی بە هێڵ و بونیادی دەقەکەوە هەیە، لەو دەرخستنانەی پێشوودا هەموومان کۆکردەوە.
لە قۆناغی سێیەمدا، ئەو نزیکبوونەوە سۆزدارییە ئەبینین، کە کارەکە ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەرگرەکەیدا پێکی ئەهێنێت. ئەویش لە نێوان هێڵە ڕەش و کاڵەکانی کارەکەوە سەرئەکەوێت و بە گوزارشتەکە کۆتایی دێت.. لەم کارەدا بۆ بەستنەوەی ڕایەڵی سۆزداریی لە نێوان خۆی و وەرگرەکەیدا، پێویستیی بە هیچ ڕێنماییەکی ڕەخنەگر نییە، لەبەرئەوەی باری وروژێنراوی ناو کارەکەو هەستی سۆزداریی وەرگری هاوچەرخ بۆ ژن و ئەو چەوساندنەوەیەی تیایدا ئەژی، بەسە بۆ پێکهاتن و " کۆمونیکەیشن/ کەناکشن/ پەیوەندیگیریی".
ئەوەی ئەمێنێتەوە لە قۆناغی چوارەمدا لێدوانی کارەکەیە.. ئەم کارە لە ڕێگەی ئەو وێنایەی لە پشت وێنەی کوشتنی ژنێکەوە نیشانمانی ئەدا، ئەمانگێڕێتەوە سەر خوێندنەوەی ئۆنتۆلۆژیان ژن لە دووراییە کۆمەڵایەتییەکەیەوە.. ژن بوون لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا بەتایبەت، واتە بوون لە دەستپێکەوە بۆ کۆتایی، بۆ گوێ لێنەگرتن و ستەم و بە کۆیلە کردن.
ژنبوون لەمجۆرە کۆمەڵگەیەدا لە ڕێگەی هەموو ئەو جۆرە یاسانەوە کە پاڵپشتێکی تیۆلۆژییان هەیە، ئەخرێنە پەراوێزەوەو تەنانەت وەک هەبوویەکیش نزیک نابێتەوە لە مافەکانی.. نەریت جۆرە یاسایەکی نەنوسراوەو لە یاساو ئاینەکان حوکمی زیاترە.. ئەوەی نەریت دروستی ئەکا، جگە لە زەبروزەنگی یاساو ڕێساکان، چەواشەگەرییەکیش ئەسەپێنێ کە حوکمی بنەڕەتەکان ئەبەزێنێ.. ئەم جۆرە یاسایانە بە جۆرێک دائەڕێژرێنەوە، تەنانەت خودی ژن چییەتی خۆی لەبیر ئەچێتەوەو بە لۆژیکی پیاو مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا ئەکات.. ژن جەستەی خۆی لێ ئەبێتە سزایەکی گەردوونیی و لەگەڵ پەروەردەیدا دووبارە ئەیگێڕێتەوە بۆ ناو ژیان.
دەروێش لە ڕێگەی ئەم کارە هونەرییەوە بەشداریی ئەکات لە هەڵگرتنی سزایەکی نادپەروەرانەی کۆمەڵایەتیی بەسەر ژندا.. کورسیی وەک هێمای هەمیشەیی، ئەو پنتە بوونگەراییە دەرئەخات کە مرۆڤ هەیەتی، دروستکردنی زیندانێک لە کورسییەکەدا، ئاماژەیە بۆ مێژوویەکی گەورەی ستەمکاریی لە ژیانی ژناندا، نیشاندانی سیمبۆلەکانی باری کۆمەڵایەتیی پیاوسالارییە لە مێژووی ژنبووندا. هەڵکۆڵینی چاوی ژن بە قەلەڕەش، ڕێگە ونکردنی بینینە لە ژن، بە دەستی نەزانپەرستیی و پیاوانی ڕەشی دەسەڵاتدارەوە بە درێژایی مێژوو.
لە قۆناغی پێنجەمی بینینی خۆم بۆ ئەم تابلۆیە، دەرخستنی بونیادی کارەکەیە، کە وەک خوێندنەوەی یەکەمینم، هەماهەنگییەک بوو بۆ لابردنی سزا بێ ماناو پووچگەراکانی سەر ژن.. ئەم هەماهەنگییە بە گرنگییدان بە " کەینونە/ ئۆنتۆلۆژیای ژن/ وەک بوویەکی کۆمەڵایەتیی" بە گێڕانەوەی مێژوو و گەیاندنی بە ئێستا گوزارشتی لێکردووە، ئەوەش بە بەشدارییەکی باڵا ئەزانم لە ڕێگەی هونەرەوە کە کاریگەرێتیی بەردەوامی لەسەر بیرکردنەوە هەیە. لە خوێندنەوەی دووەمیشدا کاتێ دووراییەکانی تری کارەکە ئەبینمەوە، لە وردەکاریی دالەکانەوە دەست پێ ئەکات، کاتێ لە کۆی گشتیی بەرهەمەکەدا پێک ئەگەنەوەو مانا بەرهەم ئەهێنێ. کوشتنی ژن لە پێگەی خۆیدا، کە بە کورسیی ئاماژەی بۆ کراوە، سڕینەوەی هەموو جۆرە گوتارێکی ژنە لە کۆمەڵگەدا، بەهەند وەرنەگرتنی پێگەکەیەتی بە کوشتنی لە ناو ژینگەی خۆیدا، ژن وەک هەبوویەکی ماددی بەهۆی هەندێ چەمکی وەهمییەوە پەراوێز ئەخرێ لە ژیاندا، کە ئیتر ئەمجۆرە زوڵم کردنە لە دوا پلەی گەوجێتیی پیاوسالاریدایە. جگە لەم دووراییانە، بینینی کارەکە سەر بە ڕەگەزێکی ڕیتمداری بەردەوامی هاوسەنگە، ئەمەش ئەبێتە هۆکاری بەدواداچوون لای وەرگرەکانی.







 

 

           

 

14/08/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com