جودا روانین، جیاواز نووسین
له‌ شیعری دێرتر له‌ دێڕ-ی له‌یلا وه‌زیریدا
ئاوات حه‌سه‌ن ئه‌مین





شیعر ئه‌و ژانره‌ ئه‌ده‌بییه‌ باڵایه‌یه‌ كه‌ حوكمی پێش وه‌خته‌ قبوڵ ناكات، تا ئه‌و كاته‌ی سه‌رنجت ده‌چێته‌ سه‌ری و ده‌یخوێنیته‌وه‌، ئه‌وسا ئیتر سه‌لیقه‌ی خوێندنه‌وه‌ چێژت پێده‌به‌خشێ و كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر نه‌ستت دروست ده‌كات.
جیاواز له‌ ناوو ناوبانگ- ڕه‌گه‌ز و توخم، شیعر خۆی كلیلی سۆڵی چونه‌ ناو هه‌ناوی ده‌قت بۆ واڵا ده‌كات، منیش له‌ مێژووی خوێندنه‌وه‌و شیكردنه‌وه‌دا، هه‌رگیز هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ر ناو و ناوبانگی به‌رهه‌مهێنی ده‌ق ناكه‌م، به‌ بارته‌قای ڕاوه‌ستانم له‌سه‌ر خودی ئیستاتیكای ده‌قه‌كه‌. له‌ میانه‌ی خوێندنه‌وه‌م بۆ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ژماره‌ (957)ی ڕۆژی 28/7/2016، سه‌رنجم چووه‌ سه‌ر ناونیشانی شیعری (دێرتر له‌دێڕ)ی خاتوونی شاعیر له‌یلای وه‌زیری. بێگومان ناونیشان پانتاییه‌كی گرنگ و كاریگه‌ر داگیر ده‌كات له‌ نه‌خشه‌ی ده‌قدا، ئه‌م ناونیشانه‌ش (دێرتر له‌ دێڕ) جۆره‌ چڕ بوونه‌وه‌یه‌كی به‌ مه‌به‌ستی تیادایه‌ كه‌ دواتر ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه‌ شاعیر نایه‌وێت به‌ ئاسانی خۆی بدات به‌ ده‌سته‌وه‌و ده‌قێكی ئاسایی بنووسیت، سه‌ره‌تا كه‌ ده‌ڵێت:
(به‌خته‌وه‌ر ترین مردووه‌كانی ئه‌م جیهانه‌ بێده‌ره‌تانه‌
به‌ میچی ئاسمانی ئه‌م شاره‌وه‌ هه‌ڵواسراون).
لێره‌وه‌.. ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ جۆره‌ سه‌رسوڕمانێك له‌ لای خوێنه‌ر دروست ده‌كات: به‌وه‌ی بۆچی به‌خته‌وه‌رترین مردووه‌كان، به‌ میچی (كه‌ مه‌به‌ستی بنمیچی) ئاسمانی ئه‌م شاره‌وه‌ هه‌ڵواسراون؟!
یان بۆچی.....
(خۆڵه‌مێشی ئه‌سپه‌نه‌ره‌ سووتاوه‌كانی ڕۆژه‌كانی هه‌ینی و خه‌فه‌ته‌ تۆزاوییه‌كانی داوێنی كراسه‌كه‌ی تابلۆكانی شاری داپۆشیوه‌).
له‌ هێنانه‌وه‌ی ئه‌و دوو نموونه‌یه‌ی پێشه‌وه‌، مه‌به‌ستم ڕاڤه‌ كردنی ده‌قه‌ شیعرییه‌كه‌ نییه‌، به‌ قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ ڕسته‌ی شیعری هه‌ست پێ بكه‌م، له‌میانه‌ی ده‌قێكدا كه‌ پێم وایه‌ شاعیره‌كه‌ی نه‌خشه‌ی بۆ داناوه‌ كه‌ جودا بنوسێت، هه‌روه‌ها جودا ڕوانین به‌رجه‌سته‌ بكات. له‌ دواجاریشدا ده‌قێك به‌رهه‌م بهێنیت، كه‌ ده‌قی خۆی بێت، واتا له‌ ناوه‌ختی شیعره‌كه‌دا كاریگه‌ری كه‌سی ترو ده‌قی تری به‌ سه‌ره‌وه‌ نه‌بێت (هه‌رچه‌نده‌ تا ئه‌ندازه‌ییه‌كی كه‌م سروشتییه‌) به‌ڵام زیاده‌ڕۆیی تیادا نه‌كرابێت و ئه‌گه‌ر ده‌ق ئاوێزانیش هه‌بێت، له‌ چوار چێوه‌ی هێڵه‌ گشتییه‌كه‌ دابێت و لێو ڕێژی نه‌كردبێت.
له‌ درێژه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌ شیعرییه‌كه‌دا، جۆرێك له‌نائومێدی به‌دیده‌كرێت كه‌ سه‌رچاوه‌ی له‌جیهانبینی نوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌. له‌وه‌دا به‌ دیار ده‌كه‌وێت كه‌ ده‌ڵێت.
(لاشه‌ی شه‌قامه‌ لاڵه‌كان، له‌هه‌مووان عاشقترن)
ئه‌گه‌ر هه‌موو ده‌قێكی شیعری له‌ دێڕێكدا چڕ بكرێته‌وه‌، ئه‌وا به‌ دڵنییاییه‌وه‌ له‌ ده‌قی ئه‌م شاعیره‌ماندا.. دێڕه‌كه‌ی پێشوو ده‌بێته‌ شابه‌یت و.. ته‌واوی جیهانبینی شاعیر به‌دیار ده‌خات تیایدا چڕ ده‌بێته‌وه‌. شاعیر هێڵێكی به‌یانی هه‌ڵكشاوی له‌ نووسینی شیعره‌كه‌یدا په‌یدا كردووه‌، باڵایی داوه‌تێ و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك، دواتر سه‌ره‌و خوار بوونه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ی له‌به‌ر چاو گرتووه‌ وه‌كو چۆن له‌ كۆپله‌ی یه‌كه‌مدا ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌و ده‌ستی پێ كردووه‌ له‌ ناوه‌ڕاستیشدا به‌ شا دێڕێك شیعره‌كه‌ چۆته‌ ترۆپك.
دواتر .. به‌ قفڵێكی سه‌ركه‌وتوو شیعره‌كه‌ی به‌ پایان گه‌یاندووه‌
(ئاخرین بزه‌ی مه‌رگیش
به‌زه‌یی به‌م تابووته‌ بێ مردووه‌ی له‌شم نایه‌
پێڵاوه‌كانیشم كه‌وته‌ هه‌ناسه‌ بڕكێ
له‌م ڕۆشتنه‌دا چركه‌ی سه‌عاته‌كه‌م
گرێ ئه‌ده‌م ......
به‌ تریفه‌ی مانگه‌وه‌
با شاره‌ بێ چراكانی ئه‌م ئاسمانه‌
له‌خه‌ڵوه‌تی په‌نجه‌ره‌ درۆزنه‌كاندا
ده‌ركه‌ون).
له‌ كۆتاییدا .. حه‌ز ده‌كه‌م ئاماژه‌ به‌و ده‌سته‌واژه‌ ده‌سته‌ جه‌معیانه‌ به‌م كه‌ تیایدا شاعیر خۆی به‌دابڕاو نابینێت له‌كۆمه‌ڵگا، چونكه‌ ئه‌و به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان ده‌ڕوانێته‌ جیهان، به‌ ئاماده‌بوونی كه‌ره‌سته‌كانیه‌وه‌ (مرۆڤه‌كان-ئه‌ستێره‌كان-شه‌ قامه‌كان-مردووه‌كان) به‌واتای فه‌نابوونی خود له‌ كۆدا، لێره‌شه‌وه‌ شاعیر ده‌قێكی به‌رهه‌م هێناوه‌ كه‌ ئاسان خۆی نادات به‌ ده‌سته‌وه‌، كاتێكیش ده‌رگای نه‌ستی‌ ترازان، به‌ ئاسانی ماڵه‌كه‌ی جێناهێڵێ ..
منیش لێره‌وه‌ له‌ میانه‌ی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌وه‌ (كه‌پشتم به‌هه‌ستی چێژ وه‌رگرتن به‌ستووه‌) ده‌گه‌مه‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی ئه‌م شیعره‌ جیاواز نوسراوه‌، چونكه‌ جیاواز ڕوانین هه‌یه‌ له‌ خودی شاعیره‌كه‌و جیهانبینییه‌كه‌شی.


سه‌رچاوه‌:
ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ ژماره‌ 957 ڕۆژی 28/7/2016
شیعری (دێرتر له‌ دێڕ) ی شاعیر له‌یلا وه‌زیری.


4/8/2016
ئاوات حه‌سه‌ن ئه‌مین






 

 

           

 

14/08/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com