مامۆستا ئەمین قادرو دەفتەرە کەسکەکەی
ئیسماعیل تەنیا-هانۆڤەر
 





هەفتەی دووەمی پاش ئازاد کردنی هەولێر،لەڕێگای مامۆستا(سەعد عەبدوڵلا)وە لەبارەگای لقی هەولێری(حزبی سوسیالیستی کوردستان)، مامۆستا (ئەمین قادر)م لەنزیکەوە ناسی.بارەگای ئەوکاتی لق لەسەر ئەو شەقامە بوو کە شەست مەتری و فولکەی زراعەی بەیەکەوە دەبەستەوە.کەوتبووە نێوانی گەڕەکەکانی؛(ئیسکان و جمهوری و ڕووناکی)،بەرامبەر قوتابخانەی ناوەندی ( قەندیل)و لەتەنیشت مەخفەری پۆلیسی ئیسکان بوو. پێش یازدەی ئازارو ئازادکردنی هەولێر،مەقەڕ فرقەی (یەرموک )ی حزبی بەعس بوو. سێ ساڵ پێشتر،لەیەکێک لە ژوورەکانی (بارەگای دوای ڕاپەڕینی سوسیالیست)و مەقەڕ فرقەی(یەرموک)ی جاران،لەسەر نەبوون بە جەیشی شەعبی،ماوەی پێنج کاتژمێر،لەگەڵ چوار هاوڵاتی تر،زیندانی کرام.
جاران،(١٩٨٢-١٩٩١)، لە دوورەوە، لەڕێگای ڕێکخستنەکانی حزبەوە ناوی مامۆستا(ئەمین قادر)م بیستبوو...هەندێک دەیانگووت؛ مرۆڤێکی نائیدارییەو ناتوانێت لەگەڵ یەک دوو کەس هەڵبکات.هەندێکی تر دەیانگووت،یان دەیاننووسی؛ نا،ئەو پیاوە مرۆڤێکی ڕۆشنبیر،دڵسۆز،خاکی،مارکسی و حزبییەکی پێشکەوتنخوازە...لە دواجاریشدا،هەر ڕای دووەم ڕاست دەرچوو،چونکە خاوەنی ڕای یەکەم،چەند کەسێک بوون، ماوەی سێ چوار مانگ دەبوو پەیوەندییان بەهێزی پێشمەرگەوە کردبوو،بەرگەی ژیانی پێشمەرگایەتییان نەدەگرت،لە بیانوویەک دەگەڕان بۆ تەسلیم بوونەوە.نائیداری مامۆستا (ئەمین)یان کردبووە بیانوو،کە ئەوکات(هاوینی ١٩٨٤)،لێپرسراوی لقی هەولێری حزب بوو لە (بارزان). ئەوان؛ زوو تەسلیم بوونەوە.لەگەڵ تەسلیم بوونەوەیان،دەنگوباسی نائیداری مامۆستا (ئەمین)یش نەما.
ناوبراو،لەسەرەتای دامەزراندنی بزووتنەوەی سوسیالیستەوە تا دەرچوونی بۆ شاخ لەساڵی(١٩٧٩)دا، کادیرێکی چاڵاکی ڕێکخستنەکانی ناوەوە بوو.پێش دەرچوونی؛ مامۆستای دواناوەندی بوو لەقەزای چۆمان.وا بزانم لەگەڵ نووسەری خوالێخۆشبوو (جەلال سنجاوی) برای ڕەحمەتی (خالید جووتیار)ی نووسەرو فۆلکلۆریست،لە یەک قوتابخانەدا،دەوامییان دەکرد. لەکاتی بەستنی یەکەم کۆنگرەی حزبیش لە ڕێکەوتی (١٢-١٥/٥/١٩٨١)دا،بە بردنەوەی شەستو پێنج دەنگ، لەکۆی حەڤدە ئەندامی سەرکردایەتی، ئەو بووە چواردەمینییان. ناوبراو؛کۆمەڵێک وتاری لەگۆڤاری تیوری(سۆسیالیست)دا،بڵاوکردۆتەوە.
لە هەفتەی یەکەمی ڕزگارکردنی هەولێردا،ئێمە خەریکی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ژمارەیەکی ئۆرگانی حزب؛(ڕێگای ئازادی)بووین،لە نزیکەوە چاومان بە سەرکردەکان دەکەوت و لەگەڵیان دادەنیشتین.مامۆستا (سەعد عەبدوڵلا) لە ژوورەکەی خۆی منی بەناوبراو ناساندو گوتی؛ ئەوە ئیسماعیل تەنیایە،کە لە گۆڤارو بڵاوکراوەکانماندا،بە ناوەکانی (ب.دەوەن و فەرهەنگ )ەوە،بابەتەکانی بڵاوکردۆتەوە. لەم ڕۆژەوە تا دەرچوونم لە کوردستان(٢/٨/١٩٩٥)دا،پەیوەندییەکی باشم لەگەڵیدا هەبوو.هەر بە تەزکییەی ئەویش توانیم لە سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتییەوە،ئاودیوی تورکیا ببم... ئەوکات،گەرمەی شەڕی ناوخۆ بوو.من لە ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ)دا کارم دەکرد.نامەیەکم بۆ مامۆستا ئەمین نارد.ئەوکات ئەو ئەندامی سەرکردایەتی و یەکێک بوو لە لێپرسراوی ڕێکخستنەکانی پارتی...لە نامەکەدا نووسیبووم؛( من نە پێشمەرگەم،نە سەرکردەیەکی سەربازی.نە دەروێشێکی حزبایەتیم...یەک وتاریشم لەسەر شەڕی ناوخۆ نەنووسیوە...تەنهاو تەنها وەک نووسەرو کارمەندێک لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا کار دەکەم...جگە لەوانەش،تۆ خۆت من باش دەناسی....لەژیانی ئێرە بێزار بووینە،دەمەوێت بچمە دەرەوە،گەر دەتوانن و لە دەسەڵاتتاندا هەیە؛ تەزکییەکم بۆ بکەن تاوەکو لە بازگەکانی پارتیدا گێچەڵم پێنەکەن و ڕێگام پێنەگرن...). ئەو کە نامەکەی دەگاتە دەست،دەیخوێنیتەوە، پاشان دەیخاتە سەرچاوی و بە نامەبەر دەڵێت؛ ( ئێمە تەنیا باش دەناسین،گەر پێشمەرگەو سەرکردەیەکی شەڕکەری سەربازیش بێت،بەچاوان تەزکییەی هەر بۆ دەکەین).پەیوەندی بە مامۆستا (سەعد)ەوە کردبوو، ئەویش هەمان هەڵوێستی نواندبوو.هیمەتێکی باشی بۆ کردبووم....بەم شێوەیە بە تەزکییەی ئەوان،لە هەولێرەوە تاوەکو دهۆک، بە ژمارە،بە هەژدە بازگەو خاڵی پشکنینی پارتیدا،تێپەڕیم.
خاڵە سەید کاکە،بە دوو ساڵ پێش ڕاپەرین،بیرەوەرییەکانی خۆی لەژێر ناوی؛(بیرەوەری پێشمەرگەیەک)،لە چاپێکی سادەو کەم تیراژو خاکیدا،بڵاوکردەوە.کۆمەڵێک شەڕ، ڕوداو،بەسەرهات، ململانێی حزبی تێدا یاداشت کردبوو...ئەو چاپەی کە یەکەم جار بە تایپ و کۆپی لەشاخ بڵاوی کردۆتەوە،تاموچێژێکی تایبەتی هەبوو...زۆر ‌قسەو باسی کردبوو، کە لە چاپەکانی تریدا دەریهێناون. بەکورتی؛چاپی بەرایێ،جیاوازە لەگەڵ چاپەکانی تریدا(چاپی یەکەم ١٩٩٧،چاپی دووەم٢٠٠٠ ،چاپی سێیەم ٢٠١٢).
ئەو کات(١٩٩١-١٩٩٢)،من حزبایەتیم وەک تەریقەت و دەروێشایەتی وەرگرتبوو.تەنها پێش خۆم دەبینی،دواوەو چەپ و ڕاستی خۆم لا گرنگ نەبوو...ڕاگەیاندکارێکی خوێن گەرمی،حزبی،تەمەن بیستو نۆ بەهار بووم...کە کتێبەکەی خاڵە سەید کاکەم خوێندەوە،کۆمەڵێک زانیاری و شتی تازەی پێ ئاشنا کردم...وام دەزانی ئەوە هەموو ئەو ڕوداوو بەسەرهات و ململانێ و بەرپێنەدان و شەڕو شۆڕانەی تێدا تۆمار کراوە،لای من بڕابۆوەو گفتوگۆی تری هەڵنەدەگرت...ئەوکات؛ئێمە ناهەق نەبووین وا بیر بکەینەوە،خەڵكی تریش لە حزبەکانی ترەوە،دەربارەی(دۆ)یەکانی خۆیان هەروایان بیردەکردەوە...گەر ترشیش بوایە،ئامادە نەبوون بڵێن؛ (دۆ)یەکەمان ترشە...ناهەق نەبووین،چونکە ململانێکان لەوپەڕی پەڕگیریدا بوون...لە دانیشتنێکدا،لەژوورەکەی بەرپرسی لق،لە گەرمەی خۆ ئامادەکردندا بووین بۆ دەستپێکردنی هەڵمەت و بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان(خوولی یەکەم).گەر زاکیرەم سەرچیغم نەبات؛وێرای ئامادەبوونی کۆمەڵێک کادیری پلە دووی حزب،قادر جەباری و مامۆستا ئەمین و مامۆستا سەعدیش،لەوێ بوون...قسە هاتە سەر کتێبەکەی خاڵە سەید کاکە.من زۆر لە ڕوو و بە ڕاشکاوی گوتم؛( خاڵە سەید کاکە،بەقەدەر هەمووتان خزمەتی ئەم حزبەی کردووە...ئەو هەموو ڕوداوو شەڕو شۆڕو هەلبەزو دابەزین و بەسەرهاتانەی تۆمار کردووە،کە ئێوە لەگەڵ ئەوەی سیاسی و سەرکردەی حزبیشن،بەڵام بەداخەوە چیتان دیار نییە....). جیا لەهەمووان،مامۆستا ئەمین بە زەردەخەنەیەکەوە،لە جانتا ڕەشەکەی بن هەنگڵیەوە،دەفتەرێکی بەرگ کەسک(سەوز)ی دەرهێناو گووتی؛ ( تەنیا، منیش زۆر ڕوداوو بیرەروەریم یاداشت کردووە،ئەو دەفتەرە کەسکەی دەبینی،سێ چوارێکی تریشم پڕ کردۆتەوە...مەرج نییە هەر کەسێک شتێکی نووسی بێت،ڕاست بێت...لەوانەیە ئەو لە دیدی خۆیەوە وای بۆ چووبێت و پێشی ڕاست بووبێت!!ئێمەش لەناو ڕوداوەکاندا ژیاوین،ساردو گەرمیمان چەشتووە،بەرپێنەمان دراوەتە بەرپێ،شەڕمان کردوو،ڕۆڵی لێپرسراوێتیمان هەبووە.لەوانەیە نەزەری ئێمە دەربارەی هەڵسەنگاندنی ئەم کتێبە،شتێکی تربێت و لەگەڵ بۆچوونی خاوەن یاداشت و تۆ یەکنەگرێتەوە...منیش بەقەدەر هەل و توانا،زۆر شتم یاداشت کردوون،لێکدانەوەی خۆشم لە چوارچێوەی زەمەنی خۆیاندا،لەسەر نووسیون).
ئێستا گەرمەی یاداشت نووسین و بڵاوکردنەوەیە،زۆر جاران ڕوداو گەلێک لەدیدی چەند کەسێکەوە هێندە دژ بەیەک وناتەبان،جیاوازییەکانییان بارتەقای زەوی و ئاسمانە،نموونەی داستانی بەرگری (کۆڕێ)ی دوای کۆڕەو.لە ئێستادا؛پاش تێپەڕبوونی زێتر لە هەژدە ساڵ بەسەر مەرگی ناوادەی مامۆستا ئەمین قادری مامۆستاو پێشمەرگەو سەرکردە،هەقە سۆراغێکی دەفتەرە چوار(ئەگەر زۆرتریش نەبوو بێت)بەرگییە بەرگ کەسکەکەی ناوبراو بکرێت و بخرێتە بەردەستی خوێنەرو توێژەرانی کورد،تا هیچ نەبێت ببێتە یارمەتیدەرێک بۆ یەکلاکردنەوەی ڕووداوەکان و دەرخستنی ڕووە ڕاستەقینەکانیان.
دڵنییام بەم کارە،گیانی مامۆستا ئەمین لە گۆڕا،ئاسوودەتر دەبێت،چونکە؛ ئەو یاداشتەکانی هەر تەنها بۆ زەوقی خۆی نەنووسیوە...بیری لەوە کردۆتەوە،ڕۆژێک دادێت بۆ ڕای گشتی بڵاویان بکاتەوە،نموونەی (چیم دی) ئەحمەد خواجەو بەرگەکانی (یاداشت)ی ڕەفیق حیلمی،ببنە سەرچاوەیەک بۆ نووسینەوەی مێژووی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد...هەقە ڕوو لە خانەوادەو واریسەکانی ناوبراو،سۆراغی یاداشتەکانی بکەین و بپرسین؛ ئەرێ دەفتەرە بەرگ کەسکەکەی مامۆستا ئەمین چی لێهات؟!!
گیانی مامۆستا شاد.بەو هیوایەم سۆراغ و پرسیارەکەی من وەڵامێکی پۆزەتیڤی لێبکەوێتەوە...

سەرنج//وێنەکە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: مامۆستا ئەمین قادر،کاک ڕەسوڵ مامەند.





 

 

           

 

14/08/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com