راگەیەندراوێک بۆ پەنابەرانى کورد
ئوسترالیا پەیامێکى نوێ بەکوردى لەبارەى پرسى پەنابەرانەوە بڵاودەکاتەوە
 
 





وەزیرى کۆچى ئوسترالیا جارێکى تر و لەپاش دەستبەکاربوونەوەى لەهەمان پۆستدا لەپاش پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى ئەو ووڵاتە ، پەیامێکى ئاڕاستەى پەناخوازان و قاچاخچیەکانیش کرد.
لەو پەیامەدا کە وێنەیەکى بە ژێرنووسى کوردى بڵاوکراوەتەوە ، وەزیرى کۆچى ئوسترالیا ڕایگەیاند سیاستە توندەکانى ووڵاتەکەى لە بەرامبەر پەناخوازان و کۆچبەرانى دەریایى قاچاخ بەردەوام دەبێت .
واتە ، هەر کەسێک بیەوێت بە قاچاخ و لەڕێگەى دەریاوە خۆى بگەیەنێتە ئوسترالیا ، ئەوا دەستگیر دەکرێت و ڕەوانەى ئەو ووڵاتە دەکرێتەوە کە بەبەلەمەکە لێوەى هاتووە ، ئەمەش ، وەک وەزیرى کۆچى ئوسترالیا ئاماژەى بۆ دەکات ، لەچوارچێوەى یاساکانى پاراستنى سنورى ووڵاتەکەیان جێبەجێ دەکرێت.
لەڕابردووشدا و لەچوارچێوەى ڕاگەیەندراوە فەرمیەکانى ئەو ووڵاتەدا لەبارەى پرسى پەنابەرانەوە ، چەندین جار لەپاڵ زمانەکانى ترى وەک عەرەبى و فارسى وچەندین زمانى تردا ، وەزارەتى کۆچى ئوسترالیا بە زمانى کوردیش ڕاگەیەندراوەکانى بڵاو دەکاتەوە. هۆکارى بڵاوکردنەوەى ئەو ڤیدیۆیانەش بە زمانى کوردیش بەهۆى بوونى چەندین پەناخوازى کوردە لە کەمپەکانى ئەو ووڵاتەدا کە تائێستاش چارەنووسیان یەکلاینەبۆتەوە.
سیاسەتى دەستگیرکردن و گێڕانەوەى پەناخوازانى دەریایى قاچاخ لەلایەن حکومەتى ئوسترالیاوە بۆتە جێگەى نیگەرانى ڕێکخراوەکانى داکۆکیکار لە مافى پەنابەران و بە پێشێلکاریەکى ئاشکراى مافى ئەوانى لەقەڵەم دەدەن.


بۆ بینینى ڤیدیۆکە ، کلیک لەم لینکە بکە.
سەرچاوە : ماڵپەرى فەرمى وەزارەتى کۆچى ئوسترالیا ، ماڵپەرى ڕۆژنامەى گاردیان

https://www.youtube.com/watch?v=KqtMdjaXFWo

 

           

 

16/08/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com