کۆیلەتی
زۆرێك لە ئێمە ئاوا دەدوێن، کە ئێمە هەر وەك/ بە
ئەندازەی کۆیلەکانی سەدەکانی نێوەڕاست کۆیلەن. من
تەواو پێچەوانەی ئەوە دەبینم، هەڵبەتە نەك لەبەر ئەوەی
بخوازم بڵێم "ئێمە کۆیلە نین"، نەخێر، بەدڵنیاییەوە
ئێمە کۆیلەین، بەڵام کۆیلەی خۆخواست و خۆبەخش و
سوپاسگوزاری بەردەم کۆشکی سەروەران، خوازیاری
سەروەربوونی یاسای ئەوان، خوازیاری ئاوەدانمانەوەی
دیواخانەکەی ئەوان؛ پارلەمان.
بەپێچەوانەوەی ئێمە، کۆیلەی سەدەکانی نێوەڕاست لەلایەن
باندێك ڕاودەکرا و لە بازارەکان دەفرۆشرا و بە هەزار و
یەك ئامرازی سەرکوتکردن و بەندکردن ڕادەگیرا و هەر کات
بچووکترین هەلی بۆ هەڵبکەوتایە، دەستبەجێ بۆ هەڵهاتن
هەوڵیدەدا، هەرچەندە سەرەنجامی هەڵهاتنەکەی لەدەستدانی
گیانیشی بووایە. کەچی ئێمە ئەگەر بە شەقیش ڕاوبنرێین،
هەر دەگەڕێینەوە بەردەم کۆشکی سەروەران و بۆ فڕێدانی
پارچە نان و ئێسکێکی ڕووتاوە لەلایەن مشەخۆران،
چاوەڕێدەمێنین.
ئایا ئێمە کۆیلەی ناچارکراوین یا خۆبەخش و خۆخواست؟
من بە پێچەوانەی پاگەندەی سۆزهەڵخڕێنەرانەی چەپ و
دەسەڵاتخوازە بەناو "سۆشیالیستەکان" دەڵێم کۆیلەبوون
بووە بە بەشێك یا کۆڵەکەیەکی سەرەکی کولتووریی سەردەمی
ئێمە و کۆیلەتی وەك تەلسیمێك ئاوا لە هۆش و ئاوەزی
ئێمە ئاڵاوە، کە ئێمەی کۆیلە زیاتر لە زیندان و سزای
سێدارە لە ئازادی و ئازادبوون دەترسین؛ ئێمە دەتوانین
دەنگدان بە سەروەربوونی ڕامیاران بایکۆتبکەین، ئێمە
دەتوانین لەشوێنی کار لەجیاتی پێشبڕكێ بۆ ڕازیکردنی
خاوەنکار، هاوپشتی هاوچینەکانمان بکەین، ئێمە دەتوانین
لە کۆڵان و گەڕەکەکان هاوپشتی یەکدی بکەین و هەرەوەزی
و گروپی خۆجێی هاریکاری و هەروەزیی کۆمەڵایەتیی
پێکبهێنین، ئێمە دەتوانین لەجیاتی پێشبڕکێی کڕینی دوا
مۆدێلی ئۆتۆمەبیل و داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان
بۆ خانووی سەرگەرمیی و بەکرێگرتنی ژنانی ئاوارە،
پێکەوە زەمین بکرین و کێڵگەی هەرەوەزیی دروستبکەین،
ئێمە دەتوانین لەجیاتی بەکرێگرتن و کڕینی چێژی سێکسی
لە ژنانی ناچارکراو، گیرفان و هوشیاریمان لەتەك ئەوان
بەشبکەین، ئێمە دەتوانین لەجیاتی بەخزمەتکارگرتنی
هاوچینەکانمان سەرپەنا و گوزەران و ئەرکەکانمان لەتەك
ئەوان بەشبکەین، ئێمە دەتوانین زۆر شت بکەین، کە
کۆیلەکانی سەدەکانی نێوەڕاست بواری ئەو شتەیان نەبوو و
ئەگەر بیانتوانیایە، بەدڵنیاییەوە ئەنجامیاندەدا.
ڕاستە ئیمە کۆیلەی سەروەریی بۆرجوازین، بەڵام
کۆیلەتیمان سەرەنجامی پرۆسێسێکی دریژخایەنی مێژووییە و
لەسەر لوتکەی کۆیلەتی بەوپەڕی شانازییەوە کۆیلەی
خۆبەشین، کۆیلەی هۆش بەنگکراوین بە ئەفیونی "ناسیونالیزم"
و "هاووڵاتیبوون" و "نیشتمان" و پارتییایەتی و هەروەها
ئەفیونە کۆنەکە؛ واتە ئایین. لەبەرئەوە هاوتاکردنی
کۆیلانی ئەم ڕۆژگارە لەتەك کۆیلانی سەردەمەکانی پێشتر،
ستەمێکی زۆر و بێویژدانییەکی لەڕادەبەدەرە بەرانبەر
ئەوان؛ ئەوان جەستەیان کۆت و زنجیرکرابوو، ئێمە هۆش و
ئاوەزمان، سەراپای بوونمان و ژیانمان. پێچەوانەی ئێمە،
ئەوان بە چەك و یاسا و بڕیارەکانی پەرەستگە زۆربەی
ڕێگەکانی دەربازبوون لە ماڵ و کیڵگە و کۆشکی کۆیلەدار
لە ئەوان گیرابوون، بەڵام ئێمە کۆیلانی ئەم سەردەمە
زۆر ڕێگە و دەرفەت بۆ دەربازبوونمان هەن، کەچی بۆ
جاریكیش لە خۆڕزگارکردن بیرناکەینەوە.
بەکورتی ئەوان بە جەستە کۆیلەکرابوون، بەڵام بە هۆش
ئازاد بوون و تەنیا خەونی ئەو ڕۆژگارەی ئەوان
ڕزگاربوون و شەیدایی بوو بۆ دونیای پشت دیوارەکانی
زیندانیان و وێناکردنی گەییشتن بە دونیای دەرەوەی
زیندان، هەر ئەوەش هیوابەخشی زیندوومانەوەی ئەوان بوو،
نەك ژەمێك خۆراکی خۆش و هەبوونی پۆشاکێکی ڕازاوە و
هەبوونی مافی لاساییکردنەوەی مشەخۆریی سەروەران. بەڵام
ئێمە لەبیرکردنەوە و وێناکردنی دونیای دەرەوەی
زیندانەکە دەترسین و خەریکی بەشداریکردنی کایەی یەکدی
کۆیلەکردنین؛ بەڕێوەبەران و جەنەراڵان و پاسەوانان،
کرێکاران و جوتیاران و فەرمانبەران و خوێندکاران و
سەربازان کۆیلەڕادەگرن؛ پیاوان ژنان کۆیلەڕادگرن؛ ژنان
و پیاوان منداڵان کۆیلەڕادەگرن و هەموومان لە منداڵێك
تا بەڕێوەرێك کۆیلەی سەروەریی کۆمەڵێك ڕامیار و
سەرمایەدارین و لەجیاتی هەوڵدان بۆ کۆتاییهینان بەو
پووچگەراییە چینایەتییە، هەوڵی لاساییکردنەوەی
سەروەران و گەییشتن بە پێگەی ڕامیاریی و ئابووریی
ئەوان دەدەین و ڕزگاربوون لە ناسروشتیترین یاسا و
شێوازی بەڕێوەبردن و ڕێکەوتنی کولتووریی بە ئەستەم
دەزانین و هەمیشەییبوون و نەگۆڕبوونی ئەو پووچگەراییە
پاگەندەیدەکەین و تەنانەت گاڵتە بە خەونی کۆیلانی
یاخیگەر دەکەین و خۆبەخشانە دەمی هاوچینە
ئازادیخوازەکانمان دەگرین.
سەروەریی چینایەتی
ئەگەر سەرنجی پاگەندەی زۆرێك لە ناڕازییان بدەین،
پرسەکە ئاوا بەرچاودەکەوێت، کە ئێمە وەك کۆیلەکانی
سەدەکانی نێوەڕاست و جوتیارانی سەردەمی فیئۆدالیستی
تەنیا بە زەبری لوولەی چەك ڕاگیراوین و ئەگەر پۆشاکی
چەکدارەکان بگۆڕین، ئەگەر زمانی سەروەران بگۆڕین،
ئەگەر ناوی پارتیی و فەرمانداریی و ئەندامی
پارلەمانەکان و دەوڵەتەکان بگۆڕین، ئیدی لەو
کۆیلەبوونە ڕزگاردەبین.
ئایا بەڕاستی ئێمە تەنیا بە زەبری لوولەی چەك
ڕاگیراوین یا بە زەبری دەبەنگبوون بە "ناسیونالیزم" و
"نیشتمانپەروەریی" و "ئایینداری" و "هاووڵاتیبوون" و "دێمۆکراسیبوونی
پارلەمانتاریزم" ؟
بۆ ئەوەی باشتر و وردتر لە پرسەکە تێبگەین، با
کۆمەڵێکی ئەوروپی بە نموونە وەربگرین. ئەگەر بۆ
ماوەیەك دەوڵەت و فەرمانداریی لە کاربکەون، چی
ڕوودەدات؟
دەزانم، کەسانێك کە بە پاگەندەکانی سەروەریی بەنگکراون،
دەستبەجێ دەڵێن "بێسەرەوبەرەیی، خوێنڕشتن، لەنێوچوونی
مرۆڤایەتی، جەنگی هەمووان دژی هەمووان و ...." . ئایا
بە ڕاستی هەر ئاوایە، کە ئەوان دەرکیدەکەن و
پاگەندەیدەکەن؟
وڵاتی بەلجیکا بەهۆی نەبوونی زۆرینەی دەنگ لەلایەن
پارتییە هەڵبژێردراوەکان لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی سەرەنجامی
دەنگدانەکان واتە ١٣ی جونی ٢٠١٠ بەدواوە ماوەی ٥٤١ ڕۆژ
واتە نزیکەی ساڵ و نیوێك فەرمانداریی [حکومەتی] نەبوو
و وەك هەر وڵاتێکی دیکەی دارای فەرمانداریی فەرمی، کار
و بارەکانی کۆمەڵ بەڕێوەچوون و هیچ گرفتێك ڕووینەدا و
کۆیلانی سوپاسگوزار وەك سەردەمی هەبوونی فەرمانداریی،
ملکەچی سەروەران مانەوە و هیچ یەك لەو شتانەی کە
ڕامیاران پاگەندەیاندەکەن "بێسەرەوبەرەیی، خوێنڕشتن،
لەنێوچوونی مرۆڤایەتی، جەنگی هەمووان دژی هەمووان و
..." ڕووینەدا .
ئەگەر بە وردی سەرنجی ئەو ڕووداوە بدەین، سێ ئەزموونی
کۆمەککەر و ڕۆشنکەرەوە بەدەستدەهێنین:
یەکەم، پارتییەکان بۆ بەڕێوەبردن پێویست نین و تەنیا
بارگرانین بەسەر کۆمەڵ و بێجگە لە مشەخۆریی ڕامیاران
هیچ گرنگییان نییە.
دووەم، کۆمەڵ بەبێ فەرمانداریی [حکومەت] بەڕێوەدەچێت و
ئەو پاگەندە ترسێنەرانەی ڕامیاران؛ کە "بشێوی و
بێسەرەوبەریی ڕوودەدات"، هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە.
سێیەم، سەروەریی چینایەتی لە زۆرداریی و زۆرەملێی
چینێکەوە گۆڕادراوە بە کولتووری کۆمەڵ و ئەگەر
فەرمانداریی و دەوڵەتیش نەبن، کۆمەڵی چینایەتی هەر
دەمێنێت، لەوانەیە باندە مافییاییەکان جێگەی
پارتییەکان و دەسەڵاتداران بگرنەوە، بەڵام کۆمەڵ وەك
خواستێکی کولتووریی بە سەروەریی و ملهوڕیی چینایەتی
ملدەدات و ملیداوە و ڕاهاتووە.
مەبەست لە کۆتایی خاڵی سیێەم، ئەوە نییە، کە تێداچوونی
کۆمەڵی چینایەتی و سەروەریی چینایەتی ئەستەمە و نابێت،
نەخێر، مەبەست ئەوەیە، تەنیا بە گۆڕانی هەر ڕۆژەی
شۆڕشگێرانەی تاك و کۆمەڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
و شێوازەکانی بەرهەمهێنان و بەکاربردن و بەڕێوەبردن،
ئەگەری گۆڕانی کۆمەڵی چینایەتی و سەروەریی چینایەتی
هەیە. هەروەها لەنێوچوونی دەوڵەت و سەروەریی چینایەتی
بەبێ گۆڕان و ئامادەبوون و پەروەردەبوونی تاکی کولتوور
ناچینایەتی، ئەستەمە بتوانرێت سەروەریی چینایەتی
لەنێوببرێت. لەبەرئەوە هەڵەیەکی کوشندەیە، هەر ئاوا کە
ئەزموونەکانی تاکو ئێستا نیشانیانداوە، گۆڕینی ئەم
پارتیی بەو پارتیی، ئەم ئەندام پارلەمان بەو ئەندام
پارلەمان، ئەم فەرمانداریی بەو فەرمانداریی، ئەم
دەوڵەت بەو دەوڵەت، ئەم دیکتاتۆریی بەو دیکتاتۆریی،
ئەم ئایین بەو ئایین، هیچ لە بنەماکانی سیستەم و
کۆمەڵی چینایەتی ناگۆرێت، بەڵکو تەمەنی درێژتردەکاتەوە
و چەوساوان زیاتر خۆشباوەڕ و نائومێددەکات و هاتنەدی
کۆمەڵی ناچینایەتی دەکاتە ئامانج و خەونێکی فرە دوور
یا ئەستەم.
هەڵبەتە ئەوەش بڵێم و ڕۆشنبکەمەوە، کە مەبەست لە
گۆڕانی شۆڕشگێڕانە ئەو تێگەییشتن و دیتنە باوەی سەدەی
بیست و ئێستا یا پێشتریش نییە، کە گۆڕانی کۆمەڵ لە
لوولەی چەك و گۆڕینی سەرەوخواری دەسەڵات و پاشگرکردنی
سۆشیالیزم و کرێکار و پرۆلیتاریا بۆ دیکتاتۆریی و
دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتییەکان دەبینیێت و
پاوانکاریی و دیکتاتۆریی بۆلشەڤیکەکان بە بەرەنجامی
ڕاپەڕینی جوتیاران و کرێکاران و دەریاوانان و
سەربازانی ڕوسیە دەزانێت. نەخێر، مەبەستی من لە گۆڕانی
شۆڕشگێرانە ئەو گۆڕانە ڕیشەییەیە کە لەنێو ئاخاوتن و
هەڵسوکەوت و بیرکردنەوە و کار و چالاکی و بەگشتی لە
ژیانی ڕۆژانە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و شێوازی
ڕێکخستنی کۆمەڵ ڕوودەدات و دەبێتە کولتوور و گزنگی
کۆمەڵی نوێ؛ کۆمەڵی ناچینایەتی.
بەکورتی، کۆیلەتی و سەروەری دوو ئاوەڵدووانەی کۆمەڵی
چینایەتین و ئێمە لە سەردەمی بە لوتکەگەییشتن و بە
کولتووربوونی کۆیلەتی و سەروەریی دەژین و ژیانی
چینایەتی بووە بە بەشێك لە ئاوەزی [مێتالێتی] خەڵك،
وەك پۆشاك؛ هەر ئاوا ئەگەر مرۆڤی ئەم سەردەمە لە
کەشێکی سارد پۆشاکەکانی دابکەنیت، هەست بە ڕەقبوونەوە
و مردن دەکات و ناتوانێت ئەگەری مانەوە و
بەردەوام-ژییانی وێنابکات و ئەوە وێنابکات، کە
ڕۆژگارێك مرۆڤ بەبێ پۆشاك لە کەشی ساردتر لەوەش ژییاوە
و زیندووماتەوە، هەر ئاواش هۆشی کۆیلانی ئەم سەردەمە
سڕدراوەتەوە و ناتوانن ئەگەری ژیان بەبێ دەوڵەت و
فەرمانداریی و شوانەیی رامیاران و سەروەریی
سەرمایەداران وێنابکەن و ناتوانن دوێنێ و ئەم ڕۆژی
خۆیان و پێشنیانیان بەراودبکەن و ناتوانانن پرۆسێسی
جیهانگیری دەوڵەت و سیستەمی چینایەتی و هەمەکارەبوونی
سەروەران و هیچکارەبوونی خۆیان ببینین. ئێمە لەسەردەمی
هەمەکارە-بوونی دەستکردەکانی مرۆڤ و هیچ-بوونی خودی
مرۆڤ دەژین؛ سەردەمی سەروەریی ئایین، یەزدان،
ئایدیلۆجیا، ڕامیاریی، پارتیی، سەرۆك و ڕابەر، ڕامیار،
فەرمانداریی و دەوڵەت و هیچ-بوونی ئەوانەی کە بەبێ
ئەوان سووڕان و مانەوەی ژیان ئەستەمە؛ جوتیاران،
کرێکاران، فەرمانبەران و بەگشتی ژێردەستانی کۆمەڵی
چینایەتی. ئێمە لەنێو ڕۆژگارێك دەژین، کە ئەلبێرت
ئەنیشتاین لە هاتنی دەترسا "من لە هاتنی ڕۆژگارێك
دەترسم، کە تێکنۆلۆجی واوەتر لە پەیوەندییە
مرۆڤایەتییەکانی ئێمە بڕوات. جیهان تەنیا یەك نەوە لە
دەبەنگەکانی تێدا دەبن" . *
١٢ی ئۆگوستی ٢٠١٦
-------------------------------------
* " I fear the day that technology will surpass our
human interaction. The world will have a generation
of idiots "
|