دیارده‌ی كۆچكردن وه‌ك به‌شێك له‌پڕۆسه‌ی گلۆبالیزه‌یشن
 
حیكمه‌ت نامیق







پرسیاری ئه‌و باسه‌
یه‌كێ له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی نوسینی ئه‌و باسه‌ ،ئاشنابون و به‌دواداچونی دیارده‌یه‌كی گرنگی گۆڕانكاریكردنه‌ له‌ كۆمه‌ڵ و په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وه‌ك به‌رهه‌می مۆدێرنه‌و گلۆبالیزه‌یشن ،ئه‌ویش جوڵه‌و بزۆكی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگایه‌ ،هه‌روه‌ك جێهێشتنی شوێنه‌ ،پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌و باسه‌ بریتیه‌ له‌ وه‌ی بۆچی خه‌ڵك كۆچ ده‌كات ؟كۆچبه‌ر كێیه‌؟

باكگراوندی مێژوویی
كۆچكردن مێژویه‌كی دێرینی هه‌یه‌ ،زۆرێك له‌ سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ به‌ گه‌شه‌كردنی دیارده‌ی كۆچكردن ده‌كه‌ن له‌ كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌ ،هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی تر ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن شه‌ڕی دوه‌می جیهانی خاڵی وه‌رچه‌رخانی كۆچ كردن بوو هه‌روه‌ك شۆڕشی پیشه‌سازی و گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی ،كاریگه‌ریه‌كی بێوێنه‌ی له‌سه‌ر بره‌وسه‌ندنی كۆچكردنی كومه‌ڵگاكانه‌وه‌ هه‌بوو.چونكه‌ زۆربه‌ی كومه‌ڵگاكان ملكه‌چی گۆڕانكاریه‌كان بونه‌وه‌،جیاوازیه‌ كه‌لتوریه‌كان سه‌ریانهه‌ڵدا .


ناساندنێك بۆ ئه‌و چه‌مكه‌

له‌ڕوی كۆمه‌ڵناسیه‌وه‌ كۆچ بریتیه‌ له‌ جوله‌َی مرۆڤه‌كان له‌نێو سیسته‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌روه‌ك لێكۆڵینه‌وه‌كانی سۆسێولۆژی جه‌خت له‌سه‌ر فاكته‌ری پاڵنان و ڕاكێشانی مرۆڤه‌كان ده‌كه‌ن له‌نێو كۆمه‌ڵگادا ”
خه‌ڵك جوڵه‌ ده‌كات له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی تر ،كه‌ ئه‌وه‌ش بێگومان مێژویه‌كی كۆنی هه‌یه‌ بۆته‌ دیارده‌یه‌كی نێو ده‌وڵه‌تی ئاڵوز به‌هۆی ،كۆمه‌ڵیكَ میكانیزمی جیاجا وه‌ك ره‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سایكۆلۆژی و سیاسی و فیكری.

بۆچونی تێوری چه‌ند زانایه‌كی كۆمه‌ڵناسی
جۆرج سمێڵ...... له‌ ووتارێكدا به‌نیۆی adventure ئه‌دڤانچه‌ر سه‌ركێشی ،به‌شێوه‌یكی شاراوه‌ tacit ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات مرۆڤ ئه‌زمون له‌ سه‌ركێشی و گه‌ڕان وه‌رده‌گرێ ،واته‌ مرۆڤ ده‌شێ بۆ به‌رده‌وامبونی ژیانی شوێنی ئێستای بگۆرێ به‌ شوێنی دیكه‌. به‌واتایه‌كی دیكه‌ سمێڵ گه‌ڕان و سه‌ركێشی به‌ئه‌زمون ده‌به‌ستێته‌وه‌.
زیگمۆن باومان..... له‌كتێبی جیهانگیری گلۆبالیزه‌یشن،كۆچ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ جیهانگیری ،به‌ومانایه‌ی ،كه‌ مرۆڤ به‌گشتی له‌ ئیستادا له‌ جوڵه‌دایه‌،ئه‌و ده‌ڵی زۆربه‌مان شوێنمان ده‌گۆڕین یا سه‌فه‌رده‌كه‌ین بۆشوێنێك ،كه‌ شوێن و ماڵی ئێمه‌ نیه‌ ،یا ئه‌وه‌تا به‌شێك له‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌ نیه‌ ده‌رچین بۆ ده‌ره‌وه‌ به‌ڵام له‌ رێگای وێبسایت و دونیای گڵوباڵه‌وه‌ گه‌شت ده‌كه‌ین .لێره‌وه‌ باومان كۆچ گرێده‌دات به‌ نه‌مانی سنوره‌كان و گرێدانی به‌ دونیای مۆدێرن .

فاكته‌ره‌كانی كۆچ
به‌ پێی سۆسیۆلۆژیای كۆچكردن ،فاكته‌ره‌كانی كۆچ دابه‌شی دوو جۆر ده‌بن ، پاڵنه‌ر و pushڕاكێشانpull
پاڵنه‌ره‌كان ئه‌و ئه‌و جۆره‌ جوڵه‌یه‌ ،كه‌وا له‌مرۆڤ ده‌كات به‌ ناچاری وڵات جێبهێلێ ،وه‌ك هه‌ژاری ،بێكاری ،شه‌ ڕ ،نائارامی ،كاره‌ساتی سروشتی .
به‌ڵام فاكته‌ری ڕاكێشان ،هه‌موو ئه‌و جۆره‌ هۆكارانه‌ن ،كه‌وا هانی مرۆڤ ده‌دات وڵات جێبیڵێ ،وه‌ك دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كاری باشتر، په‌روه‌رده‌ی باشتر،ژیانكردنی جیاواز .
Kath wooward .....ئه‌و ژنه‌ كۆمه‌ڵناسه‌ پێی وایه‌،كه‌ پوش فاكته‌ر ده‌شێ به‌سه‌ر ئه‌و گروپ و كۆمه‌ڵانه‌ جێبێ بكرێ ،كه‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌و توندو تیژیدان،قوربانی شه‌ڕو په‌نابه‌ری سیاسی دوو باشترین نمونه‌ن به‌پێی بۆچوونی كاس وۆرد
هه‌مان كۆمه‌ڵناس نمونه‌یه‌كی زیندوی دیكه‌ بۆ پوول فاكته‌ر دێنێته‌وه‌ ئه‌ویش جوڵه‌یه‌كی تازه‌ی تاكه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مه‌عریفه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ،كه‌ خۆی له‌ بواری ئه‌كادیمیا ده‌بینێته‌وه‌.

كۆچ له‌كوردستان
كۆچكردن وه‌ك دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌درێژایی مێژوو بوونی هه‌بوه‌ ،ئه‌گه‌رچی ئه‌و پرۆسه‌ كۆمه‌لایه‌تی و مێژویه‌ ڕه‌هه‌ندی جۆراو جۆری هه‌بوه‌ ،به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ئێستادا جێگای هه‌ڵوه‌سته‌له‌سه‌ركردنه‌،ئه‌و دیارده‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له‌دوای قه‌یرانه‌كانی كوردستانه‌وه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌ ،وه‌ك قه‌یرانی ئابوری و سیاسی به‌ڵام له‌هه‌موی گنگتر ئه‌وه‌یه‌ فاكته‌ری كه‌لتوری ڕۆڵی كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ شوێن گۆڕینی تاكه‌كان ،لێره‌وه‌ كۆچ جگه‌ له‌وه‌ی به‌رمه‌بنای كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری بابه‌تیه‌ له‌هه‌مانكاتدا ،به‌رمه‌بنای فاكته‌ری خودیه‌
لێره‌وه‌ كۆچبه‌ر كه‌سێكه‌ شوێن ده‌گۆرێ و ڕاده‌كات له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ی به‌ره‌و شوێنێكی ئارامتر، كۆچ به‌ر هه‌وڵده‌دات له‌نیۆ ژینگه‌یه‌كی دیكه‌ی كه‌لتوری خه‌ونه‌كانی بهێنیته‌ دی .

ئه‌نجام
به‌پێی تێوره‌ كۆمه‌ڵناسیه‌كان ،ئه‌وه‌مان بۆ ڕون ده‌بێـه‌وه‌ كۆچكردن دیارده‌یه‌كی گلۆباله‌ ،به‌ومانایه‌ی له‌هه‌موو كۆمه‌ڵیك بونی هه‌یه‌ ،كۆچبه‌ر بۆ ده‌رفه‌تی ژیان ده‌گه‌ڕێ ،كه‌واته‌ كۆچكردن به‌ره‌نجامی كۆمه‌ڵیك كێشه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كه‌لتوریه‌ ،ئه‌و دیارده‌ گڵوباڵه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر بوون و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌ ،تاكی كوردی توشی جۆرێك له‌ نیگه‌رانی ده‌رونی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆته‌وه‌ بۆیه‌ په‌نا بۆ كۆچكردن ده‌بات .


 

           

 

25/08/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com