کۆدتا و دژە کۆدتا: لوتکەی قەیران و پەرتەوازەیی بۆرژوازی تورکیا!
 

  وەرگێڕانی لە فارسییەوە: هیوا ئەحمەد

 





گفتوگۆ لەگەڵ حەمید تەقوایی دەربارەی گۆڕانکاریەکانی ئەم دواییەی تورکیا؛

ئەنتەرناسیوناڵ: لەیەکەمین کاتژمێرەکانی شەوی شەممەی ڕابردودا ڕاگەیەنرا کە هەوڵی گروپێک لە هێزەکانی سوپای تورکیا کە شەوی ڕابردوو نیازی کۆدتایان هەبوو شکستیانخوارد. بە بۆچونی ئێوە کۆدتا و ڕوداوەکانی ئەم دواییەی تورکیا لەسەر بنەما و چ زەمینەیەکی سیاسی وکۆمەڵایەتی شکڵیانگرت؟
حەمید تەقوایی: ڕودانی ئەم کۆدتایە ئاکام و نوێنەری قەیرانی قوڵی حکومەتیە کە ماوەیەکی زۆرە ڕوبەڕوی بۆرژوازی تورکیا بۆتەوە. حکومەتی ئەردۆغان سیاسەت و خەتێک پەیڕەو دەکات کە جێگای ڕەزامەندی هەموو چینی دەسەڵاتدار و تەنانەت چەند بەشێکی سوپا و دادوەری و ئۆرگانەکانی دەوڵەت لە تورکیادا نییە. بە دیاریکراویش ناسیونالیزمی تەقلیدی تورکی کە ڕەوتێکی لە مێژینە و زاڵی بۆرژوازی تورکییە و بە سیاسەتە ئیسلامیەکانی ئەردۆغان و پارتی داد وگەشەپێدان و ستراتیژی دۆنکیشۆتی و سەرپەرشتیکردنی زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی سازگار نییە و ئەم ناکۆکی و کێشمەکێشمە فشارێکی درێژخایەنی لە ناو دەستەی دەسەڵاتداردا دروستکردوە کە کۆدتا دەرکەوتەیەکی بوو. حکومەتەکەی ئەردۆغان تا ئێستا فەتحوللە گولەن - یەک هەڵسوڕاوی ئیسلامی ئۆپۆزیسیۆنە و لە تاراوگە لە ئەمریکا ژیان بەسەردەبات و یەکێ لە لایەنگرانی پێشوی حکومەتەکەی ئەردۆغان و جۆرێک لە ئۆپۆزسیۆنی دەرون حکومەتی لە جۆری دویخردادیهای ئیرانە - بە بەرپرسی کۆدتاکە ناساندوە و دەستیکردوە بە پاکتاوکردنی لایەنگرانی ئەو لە ناو ڕیزەکانی حکومەت دا. بەڵام ئەم دابەشبون و بۆشاییە لەناو ئیسلامیەکاندا خۆی ڕەنگدانەوەی کێشمەکێشم و ناکۆکی پایەیی تری ڕەوتە ئیسلامیەکانە لەبەرامبەر کەمالیزم و ناسیونالیزمی تەقلیدی بۆرژوازی تورکیادا.
کودتا لە هەلومەرجێکدا ڕویدا کە سایسەتەکانی حکومەتەکەی ئەردۆغان چ لە ڕووی زەمینەی ناوخۆی و چ لە ڕووی ناوچەییەوە لە پەیوەند بە وڵاتانی ڕۆژئاواوە بە ئەنجام نەگەیشت و ناکام مایەوە. لاوازی پارتی داد وگەشەپێدان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردودا و ناچاربون بە دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، هەڵواسراوی و یەکلانەبونەوەی مەسەلەی گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بە سەرۆکایەتی و کۆکردنەوەی دەسەڵات لەدەستی سەرۆک کۆماردا، جەنگی شەقامەکان لەگەڵ هێزەکانی پەکەکە و سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان کە سەرەڕای توندوتیژی و دڕندەیی و کوشتارێک کە بەڕێیخستبوو نەیتوانی بە مەبەستێک " نابودکردنی هەموو نیمچە چەکدارەکان " کە ڕایگەیاندبوو بگات، ڕیسوابونی خانەوادەکەی ئەردۆغان لە مەسەلەی پارە سپیکردنەوە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، کوشتارکردنی هێزە نەیارەکان و ئەنجامدانی تەقینەوە لە گردبونەوەی پارتی دیموکراتی گەلان و لاوانی سۆسیالیست و ڕێکخراوە چەپەکانی تر کە ڕای گشتیش بە دروستی حکومەتی ئەردۆغان بە بەرپرس و هۆکاری ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆی ئەو کوشتارانە دادەنێت، وە لەزەمینەی سیاسەتی دەرەکییدا پشتیوانی عەمەلی لە داعش و بەتایبەتتیش لە کاتی بەرگریکردنی کۆبانێدا، دەرگیری لەگەڵ ڕوسیا، دورکەوتنەوە لە یەکێتی ئەوروپا، ئەوانە هەموو نمونەی بنبەست و ناکامی سیاسەت و کارکردی حکومەتی ئەردۆغان بون. کۆدتای ناسەرکەوتوی ئەم داییە هەولێک بوو لە لایەن بەشێک لە بۆرژوازی ناڕازی تورکیا لەپێناو گۆڕینی ئەو سیاسەتانە بەڵام لە ئاستێکی پایەییتردا شکستی ئەم کۆدتایە، لەپاڵ بنبەست و ناکامیەکانی تردا، خۆی نیشاندەری قوڵی قەیران و ناکامییەکە کە بۆرژوازی تورکیا ڕوبەڕویبۆتەوە.
پێویستە جەخت لەو خاڵەش بکەم کە هۆکاری قەیرانی حکومەتی تورکیا تەنها لە هەلومەرج و هۆکاری ناوخۆیی ئەم وڵاتەوە نییە بەڵکو بەشێکە لە قەیران و پشێوی سیاسی لە ناوچەکە و بۆشاییەکی دەسەڵات کە لەئاکامی شکستی بۆشیزم و هەژمونخوازی میلیتاریستیانەی دەوڵەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتۆتەئاراوە. خەونی زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و بوون بە زلهێزی ناوچەکە - هەروەک بەپێی وتەی ناپلیۆنی مامە گیانی ئەردۆغان "هیچ باڵندەیەک بەبێ مۆڵەتی تورکیا بۆی نەبێت بەناوچەکەدا بفڕێت"- تەنها لە هەلومەرج و بۆشاییەکی دەسەلات کە لەدوای جەنگی عێراق لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتۆتە ئاراوە دەتوانرێت باسی لێوەبکرێت. هەروەها سەردەرهێنانی داعش و بانگەشەی زیندوکردنەوەی دەولەتی ئیسلامی لە عێرا ق شام و وڵاتانی تری ئیسلامیدا، تەنها لە ئاکامی هەلومەرجێکی لەوشێوەیەدا ئیمکانی پەیداکردوە. بەمپێیە دەتوانرێت بڵێی لە ڕوانگەی ستراتیژیەوە پارتی "داد وگەشەپێدان" و داعش ڕیشەو نزیکایەتیان لەگەڵ یەکدا هەیە. ڕۆشنە کە ئەم بانگەشەو بەرزەفڕیانە زۆر خەیاڵیتر و دەستکورترە لەوەی کە بتوانێت بۆرژوازی تورکیا یەکگرتوو و هاوخەت و هاوئاڕاستە بکات یا بەشێوەیکی سەرەتایی ببێتە جێگای قبوڵکردن و ڕەزامەندی وڵاتانی ڕۆژئاوا.
بۆرژوازی تورکیا ماوەیەکی درێژە بەهێزکردنی پێگەی ناوچەیی خۆی لە ڕیگەی سیاسەتی نزیکایەتی لە ڕۆژئاوا و قبوڵکردنی لە یەکێتی ئەوروپادا دەباتەپێشەوە و ئیسلامیزمی حکومەتەکەی ئەردۆغان و پارتەکەی - بەهەر ئەندازەیەک کە دەیەوێت وێنەیەکی میانڕەوانە لە خۆی بەدەستەوە بدات - وە بە تایبەتیش مەراقی زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بە تەواوی خاڵی ڕوبەڕوبونەوەیە لەبەرامبەر ستراتیژی واقعبینانەی پەیوەستبون بە رۆژئاوا و یەکێتی ئەوروپاوە کە لە واقعدا درێژەی ڕەوەندێکی لۆژیکیانەیە کە تورکیا لە دەورانی ئەتاتورکەوە گرتویەتیەبەر. یەک ئەنگیزە و ئامانجی کۆدتای ئەم دواییە گٶڕینی ئەم جێگاوڕێگا ناوچەییەی تورکیا و گەڕاندنەوەی بوو بۆسەر خەتی نزیکایەتی زیاتر لەگەڵ ئەوروپادا.
ئەنتەرناسیوناڵ: بێوچان لە دوای ڕاگەیاندنی شکستی کۆدتاکەوە هەواڵی لە جۆری دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سوپا و کەسانی ناسەربازی، لەسەرکارلابردنی زیاتر لە ٢٧٠٠ دادوەر و ٩ هەزار کارمەندی حکومەتی و مامۆستایان بڵاوکرایەوە. وە ئەم ڕەوەندە هێشتا هەر درێژەی هەیە. دەوترێت کە ئەم پاکسازیانە پێشتر لە دەستورکاری ئەردۆغاندا بووە و کۆدتا بەهانەیەکی عەمەلی داوەتە دەست ئەردۆغان بۆجێبەجێکردنیان. تەنانەت هەنێک لە نەیارانی حکومەتی ئەردۆغان لەوباوەڕەدان کە ئەم کۆدتایە نمایشێک بوە لە لایەن ئەردۆغانەوە بۆ پاکسازیکردنی نەیارانی خۆی. بۆچونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟ ئایا بەم هەنگاوانە دەوڵەتی تورکیا یەکدەست و جێگیرتر دەبێت؟
حەمید تەقوایی: شکستی کۆدتا پاکسازی و دەستگیرکردنێکی بەربڵاوی بەدوایخۆیدا هێناوە. بەشێکی سەرەکی دەستگیریەکان تا ئێستا لە ناو سوپا و دادوەری و دامودەزگاکانی حکومەتدا بوە و بەشێوەیەکی سەرەکیش لایەنگرانی گولەنی بەئامانج گرتووە. بەڵام دەبێ ئاگاداری ئەوە بین کە ئەمە یەکەمجار نییە کە حکومەتی ئەردۆغان دەستدەداتە پاکسازی سوپا و دادوەری و دەستگیریی بەربڵاو لەناو کاربەدەستانی سوپا و حکومەتدا. کۆدتا تەنها بیانویەک و نەقالەیەکی گونجاوی بۆ توندکردنەوە و بەرفراوانکردنی پاکسازی نەیارانی سیاسەتەکانی ئەردۆغان لە ناو ڕیزەکانی حکومەتدا فەراهەمکردە. هەر بەو دەلیلەشە ئەو پڕوپاگەندەیە ڕایج بوە کە گوایا کودتا دروستکراو و کاری خودی حکومەتەکەی ئەردۆغان بوە. بە بۆچونی من ئەمە لێکدانەوەیەکی دروست نییە. تەنانەت کۆدتای شکستخوارد و نیشانەی لاوازی و ناجێگیری حکومەتە و هیچ حکومەتێک نایەوێت وێنەیەکی لەوجۆرە لەخۆی بەدەستەوە بدات. هەر کۆدتایەک چ سەرکەوتوو بێت یان شکست بخوات، پاکسازی بەربڵاو بەدوایخۆیدا دەهێنێت. دەتوانرێت بگوترێت پاکسازی نەیاران یەک ئەنجامی "سروشتی" کۆدتایە. شکستی کۆدتا تەنها جێگای پاکسازیکاران و پاکسازیکراوان ئاڵوگٶڕپێدەکات. لەم نێوەدا خالێکی گرنگ ئەوەیە کە ئەم دەستگیری و بگرەو بەندکردنانە تەنها بە ڕیزەکانی حکومەت و لایەنگرانی گولەن سنوردار نابێتەوە لە کاتێکدا ئەگەر بە ناڕەزایەتی و بەرگری کۆمەڵایەتی وەڵام نەدرێتەوە بە خێرایی پەلدەهاوێژێت بۆ هێرشکردنە سەر کۆمەڵگا و سەرکوتکردنی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە چەپ و سکۆلار و ئازادیخوازەکان.
خاڵێکی تری جێگای سەرنج ئەوەیە کە پەیامێکی تری ئەم کۆدتایە توندکردنەوەی قەیرانی دەوڵەتی تورکیا ولاوازکردنی حکومەتەکەی ئەردۆغانە. بەڕوکەش وادێتەبەرچاو کە پاکسازی ودەستگیرییە بەرفراوانەکان کە حکومەتەکەی ئەردۆغان دەستیداوەتێ دەبێتە هۆی بەهێزکرنی جێوشوێنی ئەو بەڵام هەروەک کە ئاماژەم پێدا خودی ڕودانی کۆدتا نیشانەی لاوازی و ناجێگیری هەر حکومەتێکە. هەر ئێستا لە ناو خەڵک و سۆشیال میدیای تورکیادا ئەوە بۆتە وێردی سەرزمان کە زیاتر لەهەر کەس ئەردۆغان توشی ترس و تۆقان بووە.
دەسستگیریەکانی ئەم دواییە دەرگیری و کێشمەکێشمی نێوان سوپا و هێزی دادوەری وە حکومەتەکەی ئەردۆغان توندتر دەکاتەوە. ئەم جیاوزیانەی دەرونی حکومەت مەسەلەیەک نییە کەهەروا بەم جۆرە پاکسازیانە بتوانرێت چارەسەربکرێت. بەبۆچونی من شکستخواردوانی ئەم ڕوداوە تەنها کۆدتاچییەکان نین بەڵکو سەرجەم دەستەی دەسەڵاتداریەتی تورکیایە. پاکسازیەکانی کە لە ناو سوپا و هێزی دادوەری و ئۆرگانەکانی تری حکومەتدا بەڕێخراوە لە ڕوانگەی کۆمەڵگاوە پێشئەوەی نیشانەی بەهێزی دەسەڵاتی ئەردۆغان بێت، کەوتنە گیانی یەکتری کاربەدەستانی ناو حکومەت و لاوازی و ڕاڕایی سەرجەم دەستەی دەسەڵاتدار نمایش دەکات. ئەوە ئاشکرایە کە حکومەتەکەی ئەدۆغان هەوڵی ئەوە دەدات کە سەرکوت بەرفراوانتر بکات بۆ ڕیزەکانی دەرەوەی حکومەت و دژ بە ‌هێزە چەپ وپێشکەوتنخوازەکان بەڵام سەرکوتکردنی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان کارکردی ڕۆتین و ئاسایی هەر حکومەتێکی دیکتاتۆرییە. ئەوەی بەرجەستە تر و تایبەتیترە لەم هێرشەی دوای کۆدتادا کەوتنە گیانی یەکتری کاربەدەستانی باڵادەستی دەوڵەتە. تا ئێستا زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس لە وەکیل و کارمەندانی دەوڵەت و مامۆستایان و سەرۆکی زانکۆکان لەسەرکار لابراون و ژمارەیەکش لەوانە دەستگیرکراون. ئەم پاکسازی و دەستگیریە بەرفراوانانە نیشانەی ئەوەیە کە حکومەت تەنها کۆدتاچیانی بە ئامانج نەگرتوە بەڵکو لەهەوڵی سەرکوتکردنی ڕەوت و باڵە نەیارەکانی ئەردۆغانە لە ناو خودی ریزەکانی حکومەت و کۆمەڵگەشدا. ئەم مەسەلەیە پێش ئەوەی نیشانەی بەهێزی دەسەڵاتی حکومەتی ئەردۆغان بێت، نیشاندەری لاوازی و ترسی ئەوە لە هەژمونی باڵی ڕەقیب و لایەنگرانی فەتحوڵلە گولەن لە ناو حکومەت و سوپا و هێزی دادوەری و زانکۆکان و دامودەزگاکانی حکومەتدا. ئەم هەنگاوانەی دژی کۆدتا هەروەک خودی کۆدتا، پێش هەرشتێک ئیعتیبار و ئۆتۆریتە وجێگاوڕێگای سەرجەم دەستەی دەسەڵاتداریەتی تورکیای لە ناو کۆمەڵگادا لە ڕوانگەی جەماوەری خەڵکەوە بردۆتە ژێر پرسیارەوە و لاوازی کردوە. ئەمە یەک جەنگی ناوخٶییە لەناو ریزەکانی بۆرژوازیدا کە دەتوانێت زەمینە سازییەک بێت بۆ توندکردنەوە و پەرەگرتنی جەنگی چینایەتی لە تورکیا.
ئەنتەرناسیوناڵ: ئایا شکستی کۆدتا دەتوانرێت بەمانای بەهێزتربونی هێزە ئیسلامیەکان و ئیسلامی سیاسی لە تورکیا دابنرێت؟ هەندێک لەوباوەڕەدان کە ئاکامی شکستی کۆدتا دەبێتە هۆی لاوازبونی بەرەی ئازادیخوازی و سکۆلاریزم و بەهێزبونی ئیسلامیەکان. لەم بارەیەوە چ بۆچونێکت هەیە؟
حەمید تەقوایی: کەسانێک کە ئەم بۆچونەیان هەیە وا دەردەکەوێت کە سوپا یا فەتحواللە گولەن بە نوێنەری سکۆلاریزم و ئازادیخوازی تورکیا بزانن. سەرچاوەی ئەم بۆچونە ناسیونالیزمی تورک و کەمالیزم و ئیسلامی لە جۆری دووی خردادیەکانی ئێرانە نەک واقعیەتی سیاسی کۆمەڵگای تورکیا.
بەبۆچونی من کۆدتای ئەم دواییە جێگاوڕێگای ئیسلامیەکان و سەرجەم ئیسلامی سیاسی لە تورکیا و ناوچەکەدا لاواز دەکات. مەبەستم جێگاوڕێگای ئیسلامی سیاسییە لە ناو کۆمەڵگە و خەڵکدا نەک لە ناو باڵادەستەکاندا (دەسەڵاتداران). کۆدتا وپەیامەکانی پیش هەر شتێک نیشاندەری ئەوەیە بۆ خەڵک کە حکومەتی ئیسلامی ئەردۆغان توانا و لیاقەتی حکومەتکردنی نییە. کێشمەکێشمێکی خوێناوی کە لە نێوان دەسەڵاتدارانی باڵادەستدا دەستیپێکردوە لە ڕاستیدا جۆرێک لە بانگەوازە بۆ ئەو جەماوەری خەڵکەی کە پێشتر لە ڕوداوەکانی پارکی قزی، خۆپیشاندانی سکۆلاریستەکان لە ئەستەنبوڵ، خۆپیشاندان لەچەندین شاری تورکیا دژبە خوێندنی کتێبە ئاینیەکان لە قوتابخانەکاندا، ناڕەزایەتی سەندیکا کرێکاریەکان و گردبونەوە کرێکاریەکان لە یەکی ئایارەکاندا، وە ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکانی تر کە چەندین جار نەیاری و دژایەتی خۆیان بە حکومەت نیشانداوە. هەلومەرجی ئێستا زەمینەسازیەکە بۆ بەرفراوانبونی ئەم ناڕەزایەتیانە و بانگەوازێکە بۆ هێرشی هێزە چەپ و سکۆلارەکان دژ بە حکومەت و سەرجەم دەوڵەت. کەمالیزم و ناسیونالیزمی تورکی و ئیسلامیزمی جۆری گولەن نەک هەر لە هیچ ئاستێکدا نوێنەرایەتی ئازایخوازی و سکۆلاریزم و ڕادیکالیزمی دژی ئەردۆغانی و دژە حکومەتی ناکەن لە کۆمەڵگای تورکیادا بەڵکو بەتەواوی لە خاڵی بەرامبەر ئەودا وەستاوە. ئەو تەسەورەی کە خەڵک لایەنگری سوپا و کۆدتا بون یا بەپێچەوانەوە بەهۆی شکستی کۆدتاوە ئەردۆغان خۆشەویست بوە ساختەیەک ودروستکراوی باڵەکانی حکومەت و پڕوپاگەندەی میدیاکانی لایەنگر لەوانن. ناسیونالیزمی کەمالیستی و ناسیونالیزمی ئیسلامی لە جۆری گولەن وە یا ئەردۆغان ڕەوت وباڵەکانی ناو چینی دەسەڵاتداری تورکیان و لە دەرگیری و ململانێی نێوان ئەم ڕەوتانەدا جەماوەری خەڵک نوێنەرایەتی ناکرێت. ئاکامی ئەم دەرگیریانە هەروەک ئاماژەم پێدا لاوازبونی سەرجەم چینی دەسەڵاتدارە بەهەموو باڵەکانی و دەستە ناوخۆییەکانیەوە.
ئەنتەرناسیوناڵ: دەولەتی ئەمریکا و سەرجەم وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر کۆدتاچیەکاندا پشتیوانیان لە حکومەتی ئەردۆغان و بە وتەی خۆیان "دیموکراسی" لە تورکیا کرد. بەڵام هەنێک پێیان وایە کە ئەمریکا وئەوروپا بەرخوردێکی یەکلاکەرەوەیان لەبەرامبەر کۆدتاچیەکاندا نەبوو. بۆچونی تۆ سەبارەت بە هەڵوێستگیری وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پەیوەند بە کۆدتاوە چییە؟
حەمیدی تەقوایی: ئەوە ڕۆشنە کە ولاتانی ڕۆژئاوا بەپێی بنەماو پڕەنسیبە دیبلۆماسیە نێودەوڵەتیەکان هیچکات بە ئاشکرا لە کۆدتایەک کە لە حاڵەتی ڕودان دایە، تەنانەت ئەگەر خۆشیان دەستیان تێیدا هەبێت، پشتیوانی ناکەن. هەڵوێستگیری ئەم وڵاتانە سەبارەت بە دەوڵەتێک کە لە کۆدتاوە سەریدەرهێنابێت بە ئامانج وبەرژەوەندیەکانی ئەوانەوە پەیوەستە، بەڵام هیچ دەولەتێک لەهیچ هەلومەرجێکدا لە کۆدتایەک پشتیوانی ناکات کە هێشتا ئەنجامەکەی دیار نییە، جا چ بگات بە کۆدتایەک کە هەر لە کاتژمێرەکانی یەکەمەوە شکستی مسۆگەر بێت. هەر بەم پێیە پشتیوانی وڵاتانی رۆژئاوا لە حکومەتەکەی ئەردۆغان پێویستە لە میانەی دیبلۆماسی نێودەوڵەتی و پەرچەکرداری ئاسایی و چاوەڕوانکراوی ئەم وڵاتانەدا لێکبدرێتەوە نەک مەیلی ڕاستەقینەی ئەوان.
تا ئەو شوێنەی بە دەوڵەتی ئەمریکا پەیوەستە جیاوازی و نەیاری بە کۆدتا و پشتیوانی لە حکومەتی ئەردۆغان خێرا و لێبڕاوانە نەبوو. لە کاتژمێرەکانی یەکەمی کۆدتاکەدا تۆڕی سی ئێن ئێن و سەرجەم میدیاکانی ترکە هەواڵی سات بەساتی ئاڵوگٶڕەکانی تورکیایان دەگواستەوە ڕایانگەیاند کە حکومەتی ئەمریکا ئاڵۆگٶڕەکان زۆر بە وردی چاودیری دەکات، بەڵام قسەیەک لە هەڵویستگیری حکومەت لەبەرامبەر ئەم ئاڵوگٶرەدا لە گۆڕێ نەبوو. ئینجا دوای چەند کاتژمێرێک ڕاگەیەنرا کە حکومەتی ئەمریکا پشتیوانی لە حکومەتی یاسایی ئەدۆغان دەکات. ئەم مەسەلەیە لەوانەیە زۆر گرنگ نەیاتە پێش چاو بەڵام لە کاتێکدا کە تورکیا ئەندامی ناتۆیە خود بەخود چاوەڕواندەکرا حکومەتی ئەمریکا و ئەندامانی تری ناتۆ هەرلە خولەکەکانی یەکەمەوە کۆدتا سەرکۆنەبکەن و ڕاشکاوانە ولێبڕاوانە لە بەرژەوەندی حکومەتی تورکیا هەڵوێستگیریان بکردایە. مەسەلەکە کاتێک جدیتر دەبێت کە وەزیری کاری تورکیا ئەمریکا بەوە تاوانبار دەکات کە دەستیان هەبوە لە ئەنجامدانی کۆدتادا وە جۆن کێری ناچار دەبێت کە ئەم تاوانبارکردنە ڕەتبکاتەوە و بە نابەرپرسانە لە قەڵەمی بدات. هەر خودی ئەم گفتوگۆیە نیشانەی گرنگی بونی مەسەلەکەیە. بەپێی لێکدانەوە هەر لەم مەسەلەیەوە دەکرێت جدیانە لەوە تێبگەیت کە حکومەتی ئەمریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا بەتەواوی و لێبڕاوانە لە پشتی حکومەتەکەی ئەردۆغانەوە نین و لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەو کێشەیان هەیە. بانگەشە ناوچەییەکانی ئەردۆغان و پەیوەندیەکانی لەگەڵ داعش و مەسەلەی چرکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە دەستی سەرۆکی کۆماردا و خولیای زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی سیاسەت، ئاڕاستەیەک نییە کە حکومەتی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا خۆشییان لێبێت. شکستی کۆدتا دەتوانێت گرفتی وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ حکومەتەکەی ئەردۆغاندا توندتربکاتەوە. دەستگیرکردن و بەندکردنی بەربڵاو لەناو حکومەت و بەتایبەتیش پاکسازی سوپا کە دوەمین گەورە سوپای ئەندامی ناتۆیە، ناتوانێت قابیلی پشتیوانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بێت. هەر لە ئێستادا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا هوشیاری دەداتە حکومەتەکەی ئەردۆغان کە شکستی کۆدتا بەمانای چێکی سپی نییە بۆ دەستگیری وبەندکردنەکان. بەبۆچونی من ئەم هەڵوێستگیریانە ئەوە نیشاندەدات کە لە هەلومەرجی دوای کۆدتا دەوڵەتی تورکیا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دورتر دەکەوێتەوە.
لە دورنمایەکی گشتی تردا پەیوەندی ناڕۆشن و ناجێگیری نێوان ولاتانی رۆژئاوا و تورکیا نیشانەی سەرەگێژەیی و قەیرانێکی حکومەتییە نەک تەنها بۆ بۆرژوازی تورکیا بەڵکو بۆ بۆرژوازی ڕۆژئاواش لە پەیوەند بە تورکیاوە. بەهەمانشێوە ئەم ناڕۆشنی و یەکلانەبونەوەیە لە پەیوەند بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و سەرجەم هاوپەیمانییە تەقلیدیەکانی دەوڵەتی ئەمریکا وەک سعودیە و میسر و ئیمارات دەبینین.
ئەنتەرناسیناڵ: لەم چەند هەفتەیەی ڕابردودا پەیوەندی نێوان حکومەتی ئەردۆغان و ئیسرائیل توندوتٶلبونەوەی بەخۆیەوە بینی و هەروەها پەیوەندیەکانی لەگەڵ ڕوسیادا بەرەوباشبونەوە دەچێت. هەروەها چەند ڕاگەیاندراوێک لەسەربنەمای چاوپیداخشاندنەوە لەبەرامبەر بە حکومەتکەی بەشار ئەسەد دا هێنرانە ئاراوە. ئایا دەکرێ ئەمە بە مانای ئاڵوگۆڕی ریزبەندیەکان بێت لە ناوچەکەدا؟ وە ئایا ڕودانی کۆدتا دەتوانرێت دژ بەم سیاسەت بێت؟
حەمید تەقایی: ئەم ئاڵوگٶڕانە نیشانەی شکستی سیاسەتەکانی تا ئێستای حکومەتەکەی ئەردۆغان و هەوڵدان بۆ گۆڕینیانە. بەڵام کۆدتا لە پێناو دژایەتیکرن بەم هەوڵانە ڕوینەدا بەڵکو بەپێچەوانەوە بەهۆی ناڕەزایەتی لە بنبەستگەیشتنی سیاسەتەکانی ئەردۆغان بوو.
کۆدتاچەیەکان خوازیاری دیموکراسی و مافی مرۆڤ بون و ڕایانگەیاند کە لە زەمینەی سیاسەت و پەیوەندیە دەرەکیەکاندا هیچ ئاڵوگٶڕێک ناکرێت. لەهەردوو ڕووەوە جۆرێک لە دڵنیاکردنەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بوو. "دیموکراسی" و " مافی مرۆڤ" جۆرێک لە چرای سەوز و ڕاگەیاندنی وەفاداری بە کەمپی ڕۆژئاوا، پەیماندان بە پاراستنی پەیوەندیە دەرەوەیەکان ودوپاتکردنەوەی ئەندامەتی لە ناتۆدا و درێژەدان بە خەتی تەقلیدی تورکیا سەبارەت بە نزیکایەتی لە ئەوروپا بوو. لایەنی گرنگی ئەم مەسەلانەی کۆدتاچیان سیاسەتە تاکتیکی و ناوچەیەکانی سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ڕوسیا و ئەوانی تر نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی خستنە کەنارەوەی خەتی ستراتیژی حکومەتەکەی ئەردۆغان بوو. هەروەک کە ڕونمکردەوە ڕیشەی ڕودانی کۆدتا دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی نێوان باڵە جیاوازە ئیسلامیەکان و لە ئاستێکی پایەیی تردا ململانێی ناسیونالیزمی کەمالیستی و ناسیونالیزمی ئیسلامی و ئەم ململانێیەش لە دوای کۆدتا تونتر دەبێتەوە. تەنانەت ئەگەر حکومەتی ئەردۆغان سەبارەت بەو مەسەلانەی کە باستکردن بەتەواوی سیاسەتەکانی بگۆڕێت، ئەو ستراتیژیەی کە بەشوێنیەوەیەتی هیچ ئاڵوگٶڕێکی بەسەر نایەت، ستراتیژیەک کە توانای سەرنجڕاکیشانی ڕیزەکانی بۆرژوازی تورکیای بۆ ڕێککەوتن و تەبایی و یەکڕیزی نییە. بەبۆچونی من بەرزەفڕی و دەسەڵاتخوزیەکانی ئەردۆغان لە دوای ئەم کۆدتایەوە پێگەی تورکیا لە ناوچەکەدا وە پێگەی حکومەتەکەی ئەردۆغان لە خودی تورکیادا زیاتر لە پێشوتر لاوازتر دەکات.
ئەنتەرناسیناڵ: مۆڵەت بدە پەرچەکرداری کۆماری ئیسلامی باس لێوە بکەین. حکومەتەکەی ڕۆحانی ڕایگەیاند کە خوازیاری جێگیری تورکیایە و لە حکومەتی هەڵبژێردراو لە تورکیا پشتیوانی دەکات. ڕۆحانی وتی سەردەمی کۆدتاکان لە ناوچەکە بەسەرچوە. سەبارەت بەم هەڵوێستگیریەی کۆماری ئیسلامی چ بۆچونێکت هەیە؟
حەمید تەقوایی: ئەم هەڵوێستگیریەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەو دەلیلەیە کە کۆدتا لە دژی یەک حکومەتی ئیسلامی ڕویداوە. گەرچی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ حکومەتەکەی ئەردۆغان گرفت وکێشەی هەیە بەڵام لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە بونی یەک حکومەتی ئیسلامی لە تورکیا لە بەرژەوەندی خۆی دەزانێت و پێی باشترە کە مەزهەبێکی لە جۆری ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا بێت تاوەکو ناسیونالیزمی تەقلیدی تورکی وە تەنانەت ئیسلامێکی لە جۆری فەتحواللە گولەن کە زۆرتر لە بۆچونەکانی دوی خردادیەکان و "سکۆلاریزم" ی جۆری سروش و سازمانی موجاهدینەوە نزیکە.
لە ئاستێکی دیاریکراوتردا ئەم جۆرە بەیانکردنانە بۆ پشتیوانیکردن لە دەوڵەتی تورکیا وە ئەوەی کە سەردەمی کۆدتاکان بەسەرچووە پێویستە لە پای سیاسەتی حکومەتەکەی ڕوحانی لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا وسەرجەم وڵاتانی رۆژئاوادا بنوسرێت. ڕوحانی بەم هەڵوێستگیرییە دەیەوێت ئەم وێنەیە بەدەستەوە بدات کە کۆماری ئیسلامی ئێران یەک حکومەتی نۆرماڵ و پابەندە بە پڕەنسیبە نێونەتەوەییەکان و بە جێگۆڕکێپێکردنی حکومەتەکان لە ڕێگەی کۆدتاوە ناکۆکە. لە هەلومەرجێکدا کە سەرکردەکانی سوپای پاسداران هەموو رۆژێک خەریکی دیاریکردن وکێشانی خەت ونیشانی جەنگین بۆ سعودیە وبەحرێن وە خامەنەیی و لایەنگرەکانی بەهەر بیانویەکەوە بێت تەپڵی دژی ئەمریکایی دەکوتن، بەیانکردنی ئەمجۆرە دیپلۆماسیەتە نۆرماڵانە بریارە وێنەیەکی تر لە کۆماری ئیسلامی جێمەبەستی ڕوحانی بە جیهان ڕابگەیەنێت. بەڵام ئەوەی جێگایەکی بۆئەم جۆرە مانۆڕانە نەهێشتۆتەوە نە سیاسەتە ناواچەیی و نە نێونەتەوەییەکانیەتی بەڵکو کارکردی کۆماری ئیسلامییە لە خودی کەمەڵگای ئێراندا. ئەمە حکومەتێکە کە زیاتر لەهەر حکومەتێکی کۆدتایی دژ بە کۆمەڵگە تیغی کێشاوە و کوشار و لەسێدارەدانی ئەنجامداوە. سیاسەتە سەرکوتگەریەکانی ئەردۆغان و تەنانەت تاوانێک کە دەیتوانی سەرکەوتنی کۆدتاچیەکان بەشوێن خۆیدا بهێنێت تەنانەت ناکاتە یەک پەڕە لە پەروەندەی ڕەشی کۆماری ئیسلامی، لە شێوەی کوشتارەکانی سی خوردادی ساڵی ١٩٨١ و لەسێدارەدانە بەربڵاوەکانی دەیەی هەشتاکانی دوای کۆتایهاتنی جەنگی عێراق - ئێران وە یان دڕندەیی و تاوانکاری حکومەت لە ساڵی ٢٠٠٩ دا، وە قابیلی بەراوردکردن نییە. ئەوەی کە سەردەمی کۆدتاکان بەسەرچوە، بەپێچەوانەی نیەتی سەرۆک کۆماری ڕژێمی دڕندە و لەسێدارەدان، پێش هەرشتێک بەیانکەری ئەو واقعیەتەیە کە سەردەمی حکومەتەکانی لەجۆری کۆماری ئیسلامی بەسەرچوە.
ئەنتەرناسیوناڵ: ئەردۆغان سەبارەت بە دوبارە بڕیاردانەوە لەسەر سزای لە سێدارەدان و جێبەجێکردنی بەسەر ئەوانەی کۆدتایان کردوە قسەی کردوە، ئەم قسانە ڕوبەڕوی پەرچەکرداری یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆتەوە، ئەم قسانەی ئەردۆغان بە چ مانایەک دێت و وە چ دیدگایەک لە فەزای کۆمەڵایەتی تورکیادا دروست دەکات؟
حەمید تەقوایی: ئەم هەوڵانە بۆ گەڕاندنەوەی سزای لە سێدارەدان لە هەلومەرجی ئێستادا بە ڕوکەش وادەردەکەوێت کە لەپێناو لێدان لە کۆدتاچیەکانە، بەڵام مەسەلەکە بە هیچ جۆرێک بە پاکسازیە دەرونیەکان سنوردار نابێتەوە. هۆکاری سەرەکی مەسەلەی زیندوکردنەوەی سزای لە سێدارەدان پاکسازیە دەرونییەکانی ناو حکومەت نییە بەڵکو بۆ ترساندنی کۆمەڵگا و سەرکوتکردنی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و خەڵکی ناڕازییە. حکومەتەکەی ئەردۆغان لە فشاردروستکردن و سنوردارکردن وسەرکوت و تیرۆری هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەستێکی باڵای هەیە و ئێستاش هەلومەرجی دوای شکستی کۆدتا بۆی لەبارتر بوە تا لەسێدارەدانی نەیارانیش بۆسەر کارنامەی ڕەشی زیادبکات. بەڵام بە بۆچونی من ئەم بازدانەی ئەردۆغان بۆ زیندوکردنەوەی سزای لە سێدارەدان سەرچاوەی دژایەتی وکێشمەکێشمێکی تازەیە لە ناو چینی دەسەڵاتداری تورکیادا و پەیوەندیەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەووپادا. لەهەمانکاتدا وڵاتانی ئەوروپایی لەم بارەیەوە لەبەرامبەرحکومەتەکەی ئەردۆغآندا ناڕەزایەتیان دربڕیوە و هٶشداریان پێداوە کە بڕیاردانەوە لەسەر سزای لە سێدارەدان ئەندامەتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا بۆ هەمیشە کۆتایی پێدێنێت.
بەم پێیە نابێ هەموو مەسەلەکە بە پەیوەندی نێوان دەوڵەتەکان بسپێردرێت. کلیلی چارەسەری مەسەلەکە لە دەستی خەڵک و ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکاندایە. حکومەتکەی ئەردۆغآن یەک حکومەتی ئیسلامی فاشیستیە ئەگەر بەرگری لە بەرامبەر خۆیدا نەبینێت لەسێدارەدانی بەربڵاو لە دەستوریکاری خۆیدا دادەنێت. حکومەتی ئیسلامی لە ئێراندا بۆ ترساندنی خەڵک جێبەجێکردنی لەسێدارەدانی بەئاستێکی مەترسیدار گەیاندوە - بەبێ ئەوەی بتوانێت بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان پاشەکشە پێبکات - وە ئێستا حکومەتە ئیسلامیەکەی ئەردۆغان دەیەوێت هەنگاو لەم ڕاستایەدا بهاوێت. پێویستە دەنگۆی زیندوکردنەوەی سزای لەسێدارەدان لە گەروی ئەردۆغان و حکومەتەکەیدا خەفەبکرێت. مەسەلەی سزای لەسێدارەدان لە تورکیادا دەتوانرێت و پێویستە بە ناڕەزایەتی خەڵک کە لە ئێستادا و بۆچەندین جار بەرەنگاری سیاسەتە سەرکوتگەریەکانی ئەردۆغانی کردوە وەڵام بدرێتەوە. بزوتنەوەی جیهانی دژی لەسێدارەان وە بەتایبەتیش هێزەکانی لە جۆری کۆمیتەی نێونەتەوەیی دژی لە سێدارەدان دەتوانن و ئەرکیانە کە نەخشی کاریگەریان هەبێت لەم زەمینەیەدا.
ئەنتەرناسیناڵ: لە هەلومەرجی ئێستادا وە لەبەرامبەر ڕوداوەکانی ئێستادا هێزە چەپ وسکۆلارەکانی تورکیا چ کارێک دەتوانن بکەن؟ ئەو ئەرکانە چین کە دەکەوێتە ئەستۆی کۆمۆنیستەکان؟
حەمید تەقوایی: بە بۆچونی من گرنگترین مەسەلە ڕونکردنەوە و لێکدانەوەی قوڵ و واقعبینانەیە لە ڕوداوەکانی ئەم دواییەی تورکیا. بەهەمانشێوە کە ئاماژەم پێدا ئەم ئاڵوگٶڕە پێش هەرشتێک نیشانەی قەیرانی حکومەت و پشێوی ڕیزەکانی بۆرژوازی تورکیایە. پێویستە هەمان لێکدانەوە و ڕونکردنەوە سەبارەت بە وەزعەکە ببرێتە ناو کۆمەڵگە. ئاشکرایە ئەنجامێک کە لەم تیوریەوە بەرهەمدێت دەست لەسەردەستدانان و چاوەڕوانیکرنی ئاڵوگٶڕەکان و دانیشتن نییە. بەڵکو ڕوبەڕوبونەوەیە لەگەڵ فەزای ترس و نائومێدی و تەسەوری بەهێزبونی دەسەڵات کە حکومەتەکەی ئەردۆغان هەوڵدەدات لەسەر خۆی بەدەستیەوە بدات. کۆمەڵگای تورکیا بە پێی بەڵگە وە بەپاڵپشت بە مێژووی ناڕەزایەتیەکان و بەرامبەرکێیەک کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لەبەرامبەر ئەردۆغاندا نیشانیداوە، دەتوانێت وە ئەو ئیمکان و تواناییەی هەیە کە لەبەرامبەر حکومەتەکەی ئەردۆغاندا بوەستێت و سیاسەتە سەرکوتگەریەکانی پوچەڵ بکاتەوە. ئەو وتەیەی ناو سۆشیال میدیاکان و ناو خەڵک کە "خودی ئەردۆغان لە کۆدتا زیاتر ترساوە" بەیانکەری پەیوەندی نێوان کۆمەڵگە وحکومەت وئامادەیی خەڵکە بۆ پاشەکشەکردن بە هێرش و سیاسەتە سەرکوتگەریەکانی حکومەتەکەی ئەردۆغان بە بەهانەی کۆدتاکە.
لە گۆشەنیگای پراتیکییەوە پێویستە هەر هەنگاوێک یان ڕاگەیاندنی هەر هەڵوێستگیریەکی حکومەت لە ڕاستای تۆقاندن و کپکردنی کۆمەڵگا و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و تەنانەت دەستگیریە بەرفراوانەکانی باڵە ناوخۆییەکانی حکومەت، بەرپەرچ بدرێتەوە. ڕوبوڕوبونەوەی چالاکانە بە دەنگۆی لەسێدارەدان هەروەک لەسەرەوە ڕونمکردەوە یەکێک لە مەیدانەکانە. بەرگریکردن لە ئازادییە مەدەنی و سیاسیەکان و ڕوبەڕوبونەوە لەبەرامبەرهەر جۆرە کردەوەیەکی فشارئامێز و سنوردارکردنەوەی یەکیەتیەکان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و هێزە چەپ وسکۆلارەکان و پارتە ئۆپۆزیۆنە کوردیەکان مەیدانێکی ترە کە دەخالەتی چالاکانەی هێزە چەپ وکۆمۆنیستەکان لە تورکیا و دەرەوەی تورکیا دەخوازێت. هەنگاوە سەرکوتگەریەکان و دژایەتی حکومەتەکەی ئەردۆغان لەبەرامبەر هێزە چەپ و سکۆلارەکان مەسەلەیەکی تازە نییە، بەڵام نابێت مٶڵەت بدرێت کە ئەمجارە بە بەهانەی کۆدتا ئەم سیاسەتانە ئاڕاستەو جێبەجێبکرێن. ئەمە ئەرکێکی بەتایبەتی چەپ وکۆمۆنیستەکانە لە تورکیا. لە ئاستی جیهانیدا دەتوانرێت و پێویستە ڕێکخراوە کرێکاریی و هێزە چەپ و سکۆلارەکان دژ بە دڕندەیی و دەستگیری و سەرکوتگەریەکانی دەوڵەتی تورکیا هەڵبخرێنرێت. هەلومەرجی دوای کۆدتا ئەوزاعی تورکیای لە سەنتەری سەرنجی خەڵکی جیهاندا داناوە. پێویستە لەم هەلومەرجە بۆ ڕیسواکردنی حکومەتەکەی ئەردۆغان و سیاسەتە دژی مرۆڤایەتی وسەرکوتگەریەکانی سود وەربگیرێت. خەبات دژ بە ئیسلامی سیاسی چ لە دەستەی جۆری داعشی و تیرۆریستی وە چ بەڕوکەش "مییانەڕەو" وەکان، خەبات دژ بە سزای لە سێدارەدان، خەبات بۆ بەرگری لە ئازادیە سیاسی ومەدەنیەکان و بەرگری لە سکۆلاریزم و جیایی دین لە دەوڵەت، دورنما و لایەنە جۆربەجۆرەکانی دەخالەتگەری هێزە چەپ وکۆمۆنیستەکانە لە هەلومەرجی ئێستای تورکیادا. پارتی ئێمە لە خەباتی بێوچانیدا دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران ، یەک چالاکەوانی پەیگیر بووە لە تەواوی ئەو مەیدانانەدا. ئێستاش لە پەیوەند بە هەلومەرجی تورکیا و دژ بە دەوڵەتی ئەردۆغان چالاکی لە تەوای ئەو مەیدانانەدا بۆ هێزە کۆمۆنیستەکانی تورکیا، وە چەپی جیهانی لە بەرامبەر دڕندەیی و سیاسەتە دژی مرۆڤایەتیەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان وە پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی تورکیا بەرجەستە دەبێت و دەچێتە دەستوری کاروە.


٢٢/٧/٢٠١٦
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: هیوا ئەحمەد
ئەم گفتوگۆیە لە ئەنتەرناسیوناڵی ٦٧٠ ی ٢٢/٧/٢٠١٦ بڵاوکراوەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێراندا بڵاوکراوەتەوە



 

 

           

 

14/08/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com