ئایا کاتی شۆڕشە؟
 
جیهاد موحەمەد



لە ژێر ئەم ناونیشانەی سەرەوەدا مامۆستا عەزیز ڕەوف بابەتێکی سەرنجڕاکێشی نووسیوە، کە ئەمە لینکەکەیەتێ:
http://www.nrttv.com/birura-details.aspx?Jimare=3670


حەزم کرد لە پەراوێزی ئەو بابەتەدا منیش سەرنجی خۆم بخەمە ڕوو!
مامۆستا عەزیز ورد بیردەکاتەوە، سەرنجەکانی لە جێگەی خۆیدایە.




لە ڕاستیدا هەموو کات کاتی شۆرش و ڕاپەڕێنە نەک تەنها لە کوردستاندا بەڵکو لە سەرجەمی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناویندا، لە سەرجەمی وڵاتانی داگیرکراو بە کولتووری دینیی و داگیرکراو بە حوکمی سیستمە تۆتالیتارەکان و حوکمی دیکتاتۆرەکان و بنەماڵە خێڵەکیی و دینییەکان. کە دەڵیم هەموو کات کاتی شۆڕشە بە حوکمی زەرورەتی شۆرش بۆ گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان، بەڵام بۆ شۆرش ناکرێت بۆ گیانی شۆرشگێڕێتی لە خەڵکی ستەمدیدە و خەڵکی بەشخورا و خەڵکی چەوساوە و ستەملێکراودا سڕراوەتەوە، ئەمە هۆکارگەلێکی خۆی هەیە وەک مامۆستا عەزیز ئاماژەی پێداوە و بەندەش دەمەوێت بەم نووسینەم پشتیوانی لە بۆچوونەکەی بکەم.
بە میکانیزمگەلێکی بە‌هێزی کولتووری دواکەوتوانەی داگیرکەر، گیانی شۆرشگێڕێتی لەلای خەڵکی ئەم وڵاتانەدا و بە تایبەتی لە کوردستاندا خەفەکراوە.
بە بڕوای من سەرەکیترین هێزی دژە شۆڕش کولتووری خێڵەکیی و خزم خزمێنە و حیزب حیزبێنە و دین و ئاینزاکان و ستایلە جیاوازەکانی گروپ و ئەو هێزانەن کە بە ناوی دین و خوا و قورئانەوە، هەروەها بە ناوی مافە نەتەوەییەکان و قەومچێتییەوە خەڵکیان پارچە پارچە کردووە و لە یەکیانترازاندوون.
لە کاتێکدا خەڵکی ستەمدیدە و ستەملێکراو و چەوساوە و نانبڕاو و ئیسراحەت لەبەرهەڵگیراو لە ناو خۆیاندا پارچە پارچە بووبێتن و دابەشکرابێتن بە سەر خێڵ و تایفە و حیزب و هێزگەلێکی دینیی و ناسیۆنالستییدا، ئیتر شتێک نامێنێتەوە بە ناوی گیانی شۆڕشگێڕێتییەوە تیاناندا. چونکە هەرچ بەشێک لەو بەشانە وای دەبینێت کە تەنها چارەسەر گروپە دینییەکەی ئەوە یان گروپ و حیزبە خێڵەکیی و ناسیۆنالیستییەکەی ئەوە. بەم جۆرە ئەم بەشانە بەردەوام لە شەڕدان لەگەڵ یەکدیدا، لە جیاتی ئەوەی بەشەڕبێن لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیی ستەمکار و سەرکوتکاردا.
خەڵک لەم کۆمەڵگا ناهۆشیار و نەخوێندەوارییەدا خۆی گیردۆدەی دەستی عەقڵ و بیرکردنەوەی خۆیەتی. ئێوە تەماشاکەن سەدان ساڵە شەڕی تایفەگەرێتی نێوان شیعەگەرایی و سوننیگەرایی بەردەوام خەڵک ئەحمەق و گێل دەکات. ئەمە لە کاتێکدا ئەو کۆمەڵگایانەی کە شیعەگەرایی یان سوونیگەرایی تێدا بەهێزترە و بەم ناوەشەوە جڵەوی حوکمڕانی لە دەستی دەسەڵاتی شیعەگەراییدایە، یان لە دەستی سوننیگەراییەکاندایە، کەچی ڕەوشی ژیانی خەڵکی گشتی هیچ جۆرە پێشکەوتننێکی بە خۆیەوە نەبینیوە. لەو وڵاتانەی بە ناوی دەوڵەتی قەومییەوە دەسەڵات لە دەستی قەومچییەکاندایە بە هامان شێوە ژیانی خەڵکی هیچ جۆرە پێشکەوتنێکی بە خۆەوە نەبینیوە. چەندین نموونە لەم جۆرە دەسەڵاتە سیاسییانە لە ناوچەکەدا دیار و ئاشکران، کە بە هێزی خەڵک و ڕاپەڕینی خەڵک یان کودەتا هاتوونەتە سەر حوکم و هەر خەڵک خۆشی بەرگرییکارە لەم دەسەڵاتانە. بۆیە شۆڕشکردن لەم کۆمەڵگایانەدا تا هەنووکە بە واتای وشەی شۆڕش نەکراوە و جارێ زەحمەتیشە وا زوو بەرپا بکرێت.
کاتێک شۆرش دەکرێت، کاتێک گیانی شۆرشگێڕێتی لە مرۆڤەکاندا زیندوو دەمێنێتەوە کە زۆربەی هەر زۆری خەڵک لە بەرەیەکدا کۆبووبێتنەوە، کە ناو دەبرێت بە بەرەی گەل، ئێستا بە هۆکاری ئەم دابەشبوونە و لە یەکترازانەی ناو خەڵکی گشتی شتێک نەماوە ناوی گەل و کۆمەڵگە بێت.
گەل و کۆمەڵگەی کوردستان بە گشی ناڕازین لە دەسەڵاتی سیاسی، بەڵام هەموو حیزبەکان پێکەوە دەسەڵاتی سیاسییان پێکهێناوە، لە حیزبی شیوعیەوە کە بە درێژایی ٢٥ ساڵی رابردووی ئەم حوکمڕانە گەندەڵەی کوردستان کە یەک وەزیری هەبووە و یەک پەرلەمانتاری هەبووە تا دەگاتە هەموو هێزە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم حیزبانە و تا دەگاتە هەردوو زلهێزی پارتی و یەکێتی هاوبەش و بەرپرسیارن لە پارچە پارچە بوون و لێکترازانی خەڵکی کوردستان، هەرچ حیزبێک بە گوێرەی قورسایی خۆی درێژە پێدەری ئەم دەسەڵاتە دز و گەندەڵە بووە.
هێشتا لە کوردستاندا دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن بە واتای خۆی لە یەکتری جیانەبوون، هەردوو بەرەکە تێکەڵ بە یەکبوون. تەنانەت بزووتنەوەی گۆران و هەردوو هێزە ئیسلامییەکەی یەکگرتوو و کۆمەڵ کە بە ناو لە ماوەی چوارساڵدا لە دەسەڵات جیابوون، ئەندامان و لایانگرانی خۆیان وا پەروەردە دەکرد و رایاندەهێنان کە ئەم دەسەڵاتە کەمووکوڕیی هەیە و ئەمان هەوڵیان بۆ ئەوەیە کە چاکسازیی تێدا بکەن. ئاخر چاکسازی و شۆرش دوو شتی زۆر جیاوازن، ئەگەر مەسەلەکە چاکسازی بێت ئەوە یەکێتی و پارتیش ئەندامان و لاینگرانی خۆیان وا پەروەردە دەرکرد کە چاکسازی بە خۆمان دەکرێت نەک بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن، هێز لای ئێمەیە، دەسەڵات لای ئێمەیە، پێوەندییە سیاسیی و دیبلۆماسییە دەرەکەییەکان لای ئێمەن و ئێمە ئەم ئەزموونە دەپارێزین نەک نەوشیروان مستەفا و مەلا عەلی و مەلا فەرەج و حیزبەکانیان. هەموو ئەمانە بوون بە هۆکارگەلێک کە خەڵک زیاتر و زیاتر سەری لێ بشێوێت و ڕاستییەکانی لێ ونبێت و نەزانێت ڕوو لە کوێ بکات و کام لا بە بەرپرس بزانێت و لایەنی کام لایەن بگرێت، بە تایبەتی لەو کاتەوە کە داعش دروستبوو، ئیتر خەڵێكی زۆر بڕویان بەوە هێنا کە تەنها هێز هێزی پارتی و یەکێتیە چونکە هێزی پێشمەرگە هێزی ئەو دوو حیزبەیە نەک هێزی بەرەی ئۆپۆزسیۆن. ئەمەش وای کرد کە هەندێک لە کادرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بیر لەوە بکەنەوە کە هێزی میلیشییای دروستبکەن، تەنانەت ئەو کادرانەی کە بە هێزی پێشمەرگەیان دەوت هێزی میلیشیایی، هاتبوونە پای ئەم بۆچوونە.
شۆرش کاتێک دروستدەبێت، کە گەلی کوردستانی باشور هۆشیاریی سیاسیی و کۆمەڵایەتییان بگاتە ئەو ئاستەی کە شۆرش بکەن بۆ گۆڕینی کولتوورێکی داگیرکەری سەدان ساڵ بۆ ماوە. ئەوە شۆرش نییە کە هێزێکی سیاسیی، یان چەند هێزێکی سیاسیی بیانەوێت بە ناوی چاکسازییەوە یان تەنانەت بە ناوی شۆرشیشەوە بچنە جێگەی پارتی و یەکێتی بەڵام لە سەر هەمان داروپەردووی داڕزاو و هەمان کولتووری ئەوان و کولتوور و ستاییلی هەڵخەڵەتێنەری هێزە ئیسلامییەکاندا حوکمڕانیی خەڵکی کوردستان بکەن. لە ڕاستیدا ئەمە نە دەستاو دەستکردنی دەسەڵاتی سیاسییە، نە شۆرشە نە گۆڕانکارییە، بەڵکو کودەتایەکە بە ناوی گۆڕانکارییەوە. ئاخر سەرەکیترین واتای کودەتا ئەوەیە، کە هەمان عەقڵیەتی بەڕێوەبردن، هەمان ستایلی حوکمڕانیی، هەمان کولتووری کۆمەڵایەتیی و سیاسیی وەک خۆی دەمێنێتەوە و تەنها دەستەی حوکمڕانییەکان دەگۆڕدرێت و هیچی دیکە، بۆیە گۆرانکاریی ئەوە نییە کە بزووتنەوەی گۆران و هێزە ئیسلامییەکان بێنە سەر حوکم، بەڵکو گۆڕانکاریی ئەوەیە کە هێزێک بێتە سەر حوکم کە بڕوای بە هەڵتەکاندنی بنەما سەرکەییەکانی گەندەڵی و خۆسەپاندن و سڕینەوەی کولتوورە دواکەوتووە داسەپاوەکە هەبێت و لە سەر بنەمای کولتووری دیمکوراسی حوکمڕانی بونیاد بنێت. ئازدی و مافی مرۆڤ و یەکسانی ژن و پیاو و دادپەروەری کۆمەڵایەتی ببن بە پایە گرنگ و گەورەکانی دیموکراسی. سیستمی حوکمڕانی سیستمێک بێت پێکەوە ژیان و ئازادی بۆ هەموو بیروباوەڕێک دروستبکات، بیروباوەرە دینیی و ئاینزاکان لە جێگەی تایبەتی خۆیاندا ئازاد و سەرفراز بن. هەموو حیزبێک لەم پەڕی چەپەوە بۆ ئەو پەڕی ڕاست، لەم پەڕی دینییەوە بۆ ئەو پەڕی نادیی بە یاسا رێکبخرێت و هەمووشیان بۆیان هەبێت هاوبەشی بکەن لە هەڵبژاردنەکاندا. هەر یەکەشیان بۆیان هەبێت بە تەنها کە بوون بە خاوەنی ڕێژەی پەنجا زائیدا یەک جڵەوی حوکمڕانیی وڵات و کۆمەڵگا بگرنە دەست بە گوێرەی ئەو دەستوررە مەدەنییەی کە نووسرابێتەو یان نە نووسرابێتەوە.
هێشتا لە کوردستاندا خەڵک بە نیاز و بە هێزی گۆڕانکارییەوە دەنگیان بەرز نەکردۆتەوە، هەموو دەنگە بەرزەکان، هەموو خۆپیشاندانەکان هەموو رێپێوانەکان، هەموو مانگرتنەکان هەموو قسەکانی رۆژنامەنووسە تیرۆرکراوەکان، هەموو قسەی خەڵکانی رۆشنبیر خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە چاکسازییەک بکرێت و هەردوو هێزی پارتی و یەکێتی ئاوڕێک لە ژیانی گشتی خەڵک بدەنەوە و واز لە دزیی و تاڵانچێتی بهێنن، ئاخر ئەمە کەی گۆڕانکارییە، ئەمە حەبی سەریەشەیە، ئەمە پاڕانەوەیە، ئەمە سواڵکردنی ماف و سواڵکردنی ئازادی و سواڵکردنی دیموکراییتە لە هەێزگەلێکی مافیایی گەندەڵ کە لە کولتوورێکی دواکەوتووی کۆمەڵایەتیی و سیاسییدا نەبێت بەم عەقڵیەتە داگیرکارییەوە جێگەی نابێتەوە.


جیهاد موحەمەد
٢١/٠٨/٢٠١٦


 

           

 

25/08/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com