دووەم. خوێندنەوە بۆ بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان.
پۆتێنشیاڵیتی و ستڕاتیژ.
ئەم دەزگا فکریە کە پێشوتر باسمان لێوەکرد، لە نەبینین
یان لەبەرچاو نەگرتنی ئەو ئاڵوگۆڕە مادیە سیاسی،
ئابووری و کۆمەڵایەتیانەی کە لەناو کۆمەڵگەدا هاتبوونە
ئاراوە، خۆی دەرخستبوو، وە لە هەڵوێستیشیاندا بەرامبەر
حزبە بورژوا ناسیونالیستەکاندا بەرجەستە بۆتەوە،
لێرەشدا لە خوێندنەوە، یان باشترە بڵێین لە
هەڵسەنگاندنیشیاندا بۆ بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و
خستنەڕووی ئاسۆیەك و ستڕایژێکی نەك سۆشیالیستی بەڵكو
دیموکراسیەکی شۆڕشگێری ناتەواودا، دەردەکەوێت.
ئەگەر چاوێك بە هەمان "پلاتفۆرمی بزووتنهوهی جهماوهری
و شۆڕشگێڕانهی ئێستای کوردستان- ئازاری 2011"ی (حکک
کوردستان)دا بخشێنینەوە، کە چۆنچۆنی باسی بزوتنەوەکەی
17 ی شوبات دەکات وە چ خوێندنەوەیەکی بۆی هەیە،
دەبینین لێرەشدا غیابی مێسۆدی ماتریالیزمی مێژوویی لەو
پلاتفۆڕمەدا، ڕەنگدانەوەی خۆی هەیە لەسەر چۆنیەتی دەرك
کردن بە جەوهەری ئەو بزوتنەوەیە، چۆن هەڵیدەسەنگێنێت،
پەی بە چ شتێکی جەوهەری دەبات لەناواخنیدا، یا لە
دووتوێی ئەم بزوتنەوەیەدا چ وزەیەکی حەشاردراو (الطاقة
الکامنة-potentiality) دەبیننێت، چ هێزێكی شاراوە هەست
پێدەکات، بەواتایەکی تر چ چاوەڕوانیەکی لەو بزوتنەوەیە
هەیە کە بتوانێت بیهێنێتەدی؟ وە بەم پێیەش چ ئاسۆیەکی
سیاسی دەخاتە بەردەم و چ ستڕاتیژێکی بۆ داڕێژێت؟
ئەمە یەك هاوکێشەی دوو جەمسەرە؛ کە جەمسەری دووەمەکە
واتا دانانی ئاسۆیەکی سیاسی لەبەردەم بزوتنەوەکە و
داڕشتنی ستڕاتیژێكی دیموکراسیانەی شۆڕشگێڕ نەك
سۆشیالیستی بۆ بزوتنەوەکە، هەڵقوڵاوی جەمسەری یەکەمە
کە:
I. چۆن پەی بە ناوەوڕۆکەکەی بردووە، چۆن دەیخوێنێتەوە
و چ شتێکی تیا دەبینێت،
II. وە چ شتێکی تێڕا دەبینێت (بزوتنەوەکە چ شتێكی
لەدەست دێت)،
III. دواجار چ شتێکیش لە خۆیڕا دەبینێت وەك حزبێك
بەرامبەر ئەو بزوتنەوەیە ئەنجامی بدات، ئەویش لەو
ئەرکانەدا ڕەنگی داوەتەوە کەلە بڕگەی چوارەمی
پلاتفۆڕمەکەدا، کۆمیتە ناوەندیەکە خستویەتیە بەردەم
حزبەکەی خۆی.
پێویستە هەر لە سەرەتاوە ئەوەش بڵێین کە مەبەست لە
دانانی ئاسۆیەك و ستڕاتیژێکی سۆشیالیستی لەبەردەم
بزوتنەوەکەی 17ی شوباتی 2011دا، بەو مانایە نیە کە ئەو
بزوتنەوەیە ڕاستەوخۆ سۆشیالیستی و لە پێناو شۆڕشی
سۆشیالیستیدا بووە بۆیە پێوستی بە دانانی ئاسۆیەك و
ستڕاتیژێکی سۆشیالیستی دەکرد.
ئەگەر کەسێك ئاوا بیر بکاتەوە و وابزانێت ئاسۆ و
ستڕاتیژی سۆشیالیستی تەنها لە پەیوەند بە بزوتنەوەی
کرێکاری و سۆشیالیستیەوە دەخرێتەڕوو، ئەوا لەبەردەم
دوو ئاکامدا قەرار دەگرێت کە ناچار لەسەر یەکێکیان ساغ
دەبێتەوە:
a. یان ئەوەتا هەقی نیە بەسەر بزوتنەوەکانی ترەوە کە
کرێکاری و سۆشیالیستی نین، بەو بیانوانەوە کە کاری ئەو
لەناو بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستیدایە و ناهێڵێت
بزوتنەوە سۆشیالیستیەکەی خۆی و ڕیزە کرێکاریە سەربەخۆ
چینایەتیەکەی تێکەڵ بە چین و توێژەکانی تر ببێت.
خۆشبەختانە ئەم مەیل و گرایشە لەناو بزوتنەوەی چەپ و
کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاقدا لە ئاستی نەبوندایە، وە
لێرەدا تەنها بۆ ڕۆشنکردنەوەی بابەتە فکری و تیۆریەکە
هێناومانەتەوە.
b. یان ئەگەر بیەوێت دەخالەت بکات، ئەوە مادام ئەو
بزوتنەوە دیاریکراوانە، کرێکاری وسۆشیالیستی نین
بەڕاستەوخۆیی، کەواتە ئاسۆ و ستڕاتیژێکی
دیموکراتخوازانەی شۆڕشگێڕ دەخاتە بەردەمیان، چونکە
قۆناغەکە قۆناغی دیموکراتیە یان بەو تەعبیرەی کە
پلاتفۆڕمەکە بەکاری هێناوە "ئهم قۆناغه، قۆناغی پهرهسهندنی
بزووتنهوه ناڕهزایهتی و شۆڕشگێڕیهكانه لهدژی
ستهم وسهرکوت ونهداری" کە دیارە هەڵپێچانی (ستەم و
سەرکوت)ی سیاسی وە هەڵپێچانی (نەداری) ئابوری بریتیە
لە بەدەستهێنانی، وەك پلاتفۆڕمەکە دەڵێت: خواستەکانی "ئازادی
سیاسی و خۆشگوزهرانی ئابوری"، ئەمەش یانی
بەدەستهێنانی دیموکراتیەت و هێنانەدی ڕەفاهی
کۆمەڵایەتی. جارێکی تر بە تەعبیری پلاتفۆڕمەکە یانی "وەلانانی
دهسهڵاتی میلیشیایی ئێستا و مسۆگهركردنی مافی
هاوڵاتیان بۆ دیاریكردنی سیستهمی سیاسی و حكومهتی
ئایندە لەلایەن نوێنهرانی ڕاستهوخۆی خهڵكهوه"
کە ئەمەش "پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی هەمەلایەنە" و "ئاسۆ و
ئامانجی بزوتنەوەکە"یە لە ڕوانگەی ئەو پلاتفۆڕمەوە.
مەسەلەکەش بەوجۆرە نیە کە چەپ و کۆمۆنیزمی کوردستانی
عێڕاق،[وە بە دیاریکراویش لێرەدا ئەم پلاتفۆڕمەی (حکک
کوردستان)] ڕاشکاوانە بڵێت؛ پێویست بە گرتنەبەری
ئاسۆیەکی سۆشیالیستی و داڕشتنی ستڕاتیژێکی سۆشیالیستی
ناکات و دەبێت لەم قۆناغەدا ئاسۆ و ستڕاتیژێکی
دیموکراتخوازی شۆڕشگێڕانە بگیردرێتەبەر. مەسەلەکە
بەوجۆرەیە ئەوەی دەیخاتەڕوو کە لەناوەڕۆکدا
دیموکراتیەتێکی شۆڕشگێڕانەیە، ئەوە بە خودی ئاسۆ و
ستڕاتیژی سۆشیالیستی دەزانێت، وەك دەڵێن هەر ئەوەندە
حاڵی بووە لە سۆشیالیزم و عەینەن هەر ئەوە بە
سۆشیالیزم دەزانێت. بە مانایەك ناوەڕۆکی سۆشیالیزمەکەی
ئەم بزوتنەوە چەپ و کۆمۆنیستیەی کوردستانی عێڕاق هەمان
دیموکراسیەتی شۆرشگێڕە و دەیەوێت بەناوی سۆشیالیزمەوە
مشتەری بۆ پەیدابکات، هەر ئەمەشە کە وای لێدەکات لە
دوا ئاکامدا لە ناو باڵێ چەپی لیبرالیزمی کوردستاندا
خۆی ببینێتەوە.
ئەم لایەنە لە ئاکامگیری بە پێچەوانەی لایەنی یەکەمەوە
ڕەوتێکی زاڵە بەسەر بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی
کوردستانی عێڕاقدا کە چالاك و هەڵسوڕاوە لەناو
بزوتنەوە ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرەکاندا کە
لە ئاراد بوون و هەن وەیا دێنە ئاراوە. گرفتێك کە ئەم
بزوتنەوەیە هەیەتی نەبونی ئاسۆی سۆشیالیستی و ستڕاتیژی
سۆشیالیستیە لە ناو ئەو بزوتنەوانەدا. هەر بۆیەش
لێرەدا پێدادەگرین لەسەری، هەوڵدەدەین بچینە بنج و
بناوانی و بەدوای لێکدانەوە و بەدەستهێنانی ڕەگە فکری
و سیاسیەکانی ئەو مەسەلەوەین، بۆ ئەو مەبەستەش ئەم
دۆکیومێنتە (پلاتفۆرمی بزووتنهوهی جهماوهری و
شۆڕگێڕانه ...)ی (حکک کوردستان)، ئازاری 2011مان
لەبەردەستدایە، کە ئاسۆی زاڵ بەسەریدا سەرتاپا
دیموکراتیەتێکی شۆڕشگێڕانەیە و هەر ئەوەش بە خودی ئاسۆ
و ستڕاتیژی سۆشیالیستی دەزانێت.
مەسەلەکە لێرەدا ئەوە نیە ڕستەیەک و چەند وشەیەکمان
دۆزیبێتەوە لە ناو پلاتفۆڕمەکەی (حکک کوردستان)دا کە
ووشەی "ئهم قۆناغه، قۆناغی ..." تیا هاتووە، وە
بمانەوێت لێرەوە لەم ڕوانگە شکڵی و ڕواڵەتیەوە،
پلاتفۆڕمەکە تاوانبار بکەین بەوەی کە مامەڵەی لەگەڵ
بزوتنەوەکەی 17ی شوباتی 2011 دا بەو شێوەیە کردوە کە "قۆناغێکی
سەربەخۆ"، "قۆناغی دیموکراسی"ە و ئەمەش تیۆری
قۆناغبەندی کردنی شۆڕشە بە دوو قۆناغی دیموکراسی و
سۆشیالیزمی لێکدابڕاو.
مەسەلەکەی ئێمە ڕەخنەیە لە بنەما فکریە سیاسیەکانی
پلاتفۆڕمەکە، لە ناوەڕۆکی ئەو ستڕاتیژەی پلاتفۆڕمەکە
خستویەتیەڕوو، وە دەریخەین چۆن تیۆری قۆناغبەندی کردنی
شۆڕش خۆی تیا مەڵاس داوە. جا لێرەوە نیشانی بدەین کە
پلاتفۆڕمەکە مامەڵەی بزوتنەوەکەی بەو جۆرە کردوە وەك
ئەوەی کە لەو ڕستەیەدا گوزارشی لێکردوە و دەڵێت "ئهم
قۆناغه، قۆناغی پهرهسهندنی بزووتنهوه ناڕهزایهتی
و شۆڕشگێڕیهكانه لهدژی ستهم وسهرکوت ونهداری".
هەروەك ئاماژەشمان پێداوە کە قۆناغی "دژی ستەم و
سەرکوت" بە تەعبیری پلاتفۆڕمەکە واتا قۆناغی "بەدەستهێنانی
ئازادی سیاسی" و قۆناغی دژی "نەداری"ش واتا قۆناغی
بەدەستهێنانی "خۆشگوزەرانی ئابووری". لە بەردەوامی ئەم
باسەدا دێینە سەر شیکاری ئەو بنەما فکری-سیاسیانەی
پلاتفۆڕمەکە و ناوەڕۆکی ستڕاتیژەکەی بۆ دەرخستنی ئەم
ڕاستیە.
جا هەردوو لایەنی ئەم ئاکامگیریە، چ ئەوەی کە نایەوێت
دەست تێکەڵاو بکات لەگەڵ ئەو بزوتنەوانەی کرێکاری و
سۆشیالیستی نین و چ ئەوەش کە مامەڵەی دەکات وەك
قۆناغێکی سەربەخۆی دیموکراتی و ئاسۆ و ستڕاتیژێکی
دیموکراتخوازانەی شۆڕشگێڕی دەخاتە بەردەم، وە بەم پێەش
قۆناغبەندی شۆرش دەکات، بەڵێ هەر دوو لایەنی ئەم
ئاکامگیریە دەستبەرداربوونی خەباتی سۆشیالیستیە لەناو
بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریە ئازادیخواز و
دیموکراتیەکاندا. وە بە دیاریکراویش یانی
دەستبەرداربونی لێکهەڵپێکانی کۆمۆنیزم بەدەسەڵاتی
سیاسیەوە لە کوردستانی عێڕاقدا. بەڵام بە دوو شێواز و
لەدوو ڕێگەی زۆر جیاوازەوە.
مەسەلەی ئەسڵی لە دانانی ئاسۆیەك و ستڕاتیژێکی
سۆشیالیستی لەبەردەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریە
ئازادیخواز و دیموکراتیەکاندا، لە ڕوانگەی ماتریالیزمی
مێژووییەوە، واتا بە پێی بنەما فکری سیاسیەکانی ئەم
مێسۆدۆلۆژیە؛ چۆنیەتی پەی بردنە بەو پەیوەندیە مادیە
واقعیەی کە دیموکراتیەت و ئازادی سیاسی، وە زاڵبون
بەسەر نەداری و بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی لە جیهانی
ئەمڕۆدا هەیانە بە سۆشیالیزمەوە و لێرەوە
ڕەنگپێدانەوەی ئەم پەیوەندیە مادیە واقعیەیە لەناو فکر
و بەرنامە و ستڕاتیژ و تاکتیکدا، هەر ئەمەشە کە
پەیوەست کردنەوەی ئەو بزوتنەوانە بە خەباتی سۆشیالیستی
و لێکهەڵپێکانی کۆمۆنیزم بە دەسەڵاتی سیاسیەوەی تیا
بەرجەستە دەبێتەوە.
مەسەلەکە بەوجۆرە دڵخوازانەیە نیە کە ئێمەی کۆمۆنیست
حەزیشمان لە دیموکراسیەت بێت و لێرەوە بمانەوێت
پەیوەندیەك لە نێوان سۆشیالیزمەکەی خۆمان و
دیموکراسیەتدا دابمەزرێنین. بەڵکو وەك باسمان لێوە
کردوە، لە جیهانی واقعیدا پەیوەندیەکی مادی و
تەنگاوتەنگ هەیە لە نێوان سۆشیالیزم لەلایەك و ئازادی
سیاسی و خۆشبژێوی وەیا دیموکراسیەت لەلایەکی ترەوە،
هەر ئەو پەیوەندیە ماددیە واقعیەشە کە بەرجەستە
دەبێتەوە لەناو ستڕاتیژدا و دەشیکاتە ئەڵقەی
گرێدانەوەی ئەو دووانە بەیەکتریەوە.
کۆمۆنیزمی میلیتانتی لینینی خۆی لە هەموو مەسەلەیەکی
ورد و درشتی کۆمەڵگە هەڵدەقورتێنێ و لەڕێگەیانەوە
بەدوای ئەوەوەیە کە سام و هەیبەتی کۆمۆنیزم، شەهامەت و
ئازایەتیەکەی لەبەرامبەر سەرمایەداری و دەسەڵاتی
دەوڵەتی بورژوازی و ڕەوتە لیبڕاڵ و ناسیونالیست و
فاشیستە مەزهبیەکانی ئیسلامی سیاسی (سونی و شیعە)دا
بەرجەستە بکاتەوە، حاڵەتێکی سایکۆلۆجی وا لە کۆمەڵگەدا
بخوڵقێنێت کە کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش ئەو
توانایەی تێڕا ببینن کە "پیاوی مەیدانە و کوڕی
تەنگانەیە" وەك پەندە کوردیەکە دەڵێت (هەرچەندە
پیاوسالارانەشە) و لێرەوە، ئەو خەڵكە سەری خۆیان و
چارەنوسی مناڵەکانیان بە کۆمۆنیزم بسپێرن.
کڵێشەی پلاتفۆڕمەکە و مەبەستی ئێمە
ئەم پلاتفۆڕمە لە دوو بەش پێكهاتووە، بەشی یەکەم
پێشەکیەکە بە ناونیشانی "خەبات لە پێناو ژیانێکی
باشتردا" وە بەشی دەووەمیش بریتیە لە"ستراتیژی ئێمه له
بزووتنهوهی سیاسی و جهماوهری ئێستای كوردستاندا".
ئەم بەشی دووەمە کە ستڕاتیژەکەیە لە چوار بڕگە
پێكهاتووە. (یەکەم، ئامانجەکانی ئەم بزوتنەوەیە. دووەم،
هاوسەنگی هێز لە ئێستادا. سێهەم، ڕێگاکانی بەسەرکەوتن
گەیاندنی بزوتنەوەی جەماوەری و شۆڕشگێڕانە. چوارەم،
ئەرکەکانی حکک کوردستان).
هەروەها هەر لەناو پلاتفۆڕمەکەدا بنەما فکری و
سیاسیەکانی پلاتفۆڕمەکەش باسیان لێکراوە و خراونەتەڕوو.
وە ئەوەی کە جێگە مەبەستی ئێمەشە لێرەدا و ئەم بەشەی
باسەکەمان بەدواوەیەتی هەر ئەو بنەما فکریە-سیاسیانەیە،
نەك وردەکاری خاڵ و بڕگەکانی. واتا مەبەستی ئێمە
لێرەدا هەڵسەنگاندن نیە بۆ دانەدانەی بڕگە و بەند و
خاڵەکانی پلاتفۆڕمەکە، بەڵکو سەرنجدانێکی ڕەخنەگرانەیە
لەو دیدگایە و لەو بنەما فکری سیاسیانەی کە ئەم
بەڵگەنامەیەی پێ نوسراوەتەوە و پێی داڕێژراوە.
دواتریش لە پێناو ڕۆشنکردنەوەی زیاتری ئەو دیدگایە و
ئەو بنەما فکری-سیاسیانەی پلاتفۆڕمەکە، دێین
بەراوردیان دەکەین بە دیدگا و بە بنەما
فکریە-سیاسیەکانی (بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان
و ئاسۆی پێشڕەوی)، کە ئەویش هەر سەبارەت بە هەمان
بزوتنەوەی 17ی شوباتی 2011یە و هاوکاتی لە ئارادابوونی
ئەو بزوتنەوەیە خراوەتەڕوو.
پلاتفۆڕمەکە لە پێشەکیەکەدا چ دەڵێت؟
لەو پلاتفۆڕمەدا هاتووە: "20ساڵ لهمهوبهر دوای جهنگی
ئیمپریالیستی ئهمریكا وهاوپهیمانهكانی لهدژی
عێراق و پاشان ڕاپهرینی ئازاری1991 لهچوارچێوهی
ئاسۆی بزووتنهوهی ناسیونالیستی كورد و خۆگرێدانهوهی
حزبەکانی به سیاسەتی ئهمریكاوه، بورژوازی كورد
بهدهسهڵات گهیشت. لهماوهی ئهم 20 ساڵهدا ئهو
دهسهڵاته بورژوازیه كوردیه، ناكۆكی توندی خۆی
لهگهڵ ئاوات و ئارهزو و بهرژهوهندیهكانی چینی
کرێکار و جهماوهری بهرینی خهڵكی كوردستاندا
نیشانداوه".
وە لە درێژەی ئەم باسەدا دەڵێت "قڵشتی چینایهتی
قوڵبوهوه تا ڕادهی ئهوهی كهمایهتیهكی كهم
غهرقی سهروهت و سامان و زۆرایهتیهكی عهزیمیش
نوقمی بێبهشی و بێدهرهتانی بوون، ههڵاواردنی
جنسی و كوشتار و توندوتیژی و ستهمكێشی ژنان پهرهی
سهند، لاوان لهسهرهتاییترین ماف و ئاوات و ئارهزووهكانیان
بێبهری كران، كۆنهپهرستی ئیسلامی و نهتهوهپهرستی
و عهشیرهتگهری له قاڵبی یاسای جۆراوجۆرهدا بهسهر
خهڵكدا سهپێنرا، سەركوتی ناڕهزایەتیه
جهماوهریهكان و نهیارانی دهسهڵات و تیرۆری ههڵسوڕاوانی
سیاسی و ڕۆژنامهنوسان بهفراوانی بهڕێوهچوو"،
هەروەها دەڵێت "ههموو ئهمانهش بوونه زهمینهی نهفرهت
و بێزاریهكی بهرین لهنێو جهماوهری ستهمکێشی
كوردستان و نارەزایهتی جۆراوجۆر سهریههڵدا". تا
ئەوەی کە "بهئیلهام وهرگرتن له شۆڕش و بزووتنهوه
شۆڕشگێریهكانی ووڵاتانی ڕۆژههڵاتی ناوهراست و
باكوری ئهفریقا، بزووتنهوهیهكی ناڕهزایهتی و
شۆڕشگێرانه له کوردستاندا بهڕێكهوتووه" کە
مەبەستی بزوتنەوەکەی 17ی شوباتی 2011 یە.
ئەمانەی سەرەوە دەستنیشان کردنی زەمینەی سەرهەڵدان و
هاتنەئارای بزوتنەوەکەی ١٧ی شوباتی ٢٠١١یە و هەمووی
دروستن کە لەو پلاتفۆڕمەدا هاتووە و کێشەکە لێرەدا نیە،
بەڵكو کێشەکە لەو شوێنەدایە کە چ خوێندنەوەیەکی هەیە
بۆ جەوهەری ئەو بزوتنەوەیەی 17ی شوبات، چۆن دەیبینێت و
چۆن هەڵیدەسەنگێنێت؟ پەی بە چ شتێکی جەوهەری دەبات
لەناواخنی بزوتنەوەکەدا، یا لە دووتوێی ئەم
بزوتنەوەیەدا چ وزەیەکی حەشاردراو دەبیننێت، چ هێزێكی
شاراوە هەست پێدەکات و چ ئاسۆیەکی سیاسی دەخاتەبەردەم
و چ ستڕاتیژێکی بۆ داڕێژێت؟ کە لە ژێر تیتری "ستراتیژی
ئێمه له بزووتنەوهی سیاسی و جهماوهری ئێستای
كوردستاندا" لە پلاتفۆڕمەکەدا بەرجەستە کراوەتەوە.
هەروەك چۆن پێشووتر لەبەشی سێهەمی ئەم نوسراوەی
ئەناتۆمی...دا، لەژێر ناونیشانی (شەشەم: لۆژیکی
بەڵگەنامەکان چ دەخوازێت؟)، لە هەڵسەنگاندنماندا بۆ
هەردوو بەیاننامەکەی ئۆکتۆبەری 2015ی هەردوو حکک (کوردستان
و چەپی عێڕاق)، باسمان لەوە کردبوو لە پێشەکیەکی
دروستەوە کە ڕیسواکاریە دژی حزبە بورژوا
ناسیونالیستەکان و لێکدانەوەی باروزروفێکی تڕاژیدیایی
کە بەسەر خەڵكی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستاندا
دایانسەپاندوە، ستڕاتیژێکیان خستۆتە دەستوری کاری
خۆیان و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانەوە، کە
لەگەڵ چاوەڕوانی خوێنەر و لۆژیکی ئاکامگیری ئەو
باسانەدا ڕێک ناهێتەوە، جا لێرەشدا لەو پلاتفۆڕمەدا
هەمان مێسۆد دەبینین کە لە پێشەکیەکی دروستی باسکردن
لە هۆکاری سەرهەڵدان و هاتنەئارای بزوتنەوەکەی 17ی
شوباتەوە، ... دێت ستڕاتیژێك بە ئاسۆ و ڕوحیەتێکی
دیموکراسی شۆڕشگێر، نەك سۆشیالیستی دەخاتەڕوو بۆ ئەو
بزوتنەوەیە، کە لەگەڵ لۆژیکی پێشەکیەکەدا ڕێکنایەتەوە.
سەیرکەن ئەم پلاتفۆڕمە دەڵێت:
i. یەکەم: "20 ساڵ لهمهوبهر ... بورژوازی كورد بهدهسهڵات
گهیشت".
ii. دووەم: "لهماوهی ئهم 20 ساڵهدا ئهو دهسهڵاته
بورژوازیه كوردیه، ناكۆكی توندی خۆی لهگهڵ
ئاوات وئارهزوو بهرژهوهندیهكانی چینی کرێکار وجهماوهری
بهرینی خهڵكی كوردستاندا نیشانداوه" کە زۆر
نمونەی لێهێناوەتەوە وەك قڵشتی چینایەتی، ... ههڵاواردنی
جنسی و كوشتار و توندو تیژی و ستهمكێشی ژنان، ...
بێبەش کردنی لاوان لە ماف و ئاوات و ئارەزوەکانیان،
... سەركوتی ناڕهزایەتیه جهماوهریهكان و نهیارانی
دهسهڵات و تیرۆری ههڵسوڕاوانی سیاسی و ڕۆژنامهنوسان
..."
iii. سێهەم: "ههموو ئهمانهش بوونه زهمینهی نهفرهت
و بێزاریهكی بهرین لهنێو جهماوهری ستهمکێشی
كوردستان و نارەزایهتی جۆراوجۆر سهریههڵدا" تا
ئەوەی کە "لهدڵی ههلومهرجێكی تازه و شۆڕشگێڕانهدا
كه لهناوچهكهدا هاتوهته پێشهوه...بهئیلهام وهرگرتن
له شۆڕش و بزووتنهوه شۆڕشگێریهكانی ووڵاتانی
ڕۆژههڵاتی ناوهراست و باكوری ئهفریقا، بزووتنهوهیهكی
ناڕهزایهتی و شۆڕشگێرانه لهکوردستاندا بهڕێكهوتووه"
کە مەبەستی بزوتنەوەکەی 17 ی شوباتی 2011 یە.
iv. چوارەم: "هێزی سهرهكی ئهم بزووتنهوهیه
لهكوردستاندا، چینی کرێکار و جهماوهری زهحمهتكێشان
و لاوان و ژنان و خهڵكی ئازادیخوازه".
واتا بە زمانێکی سادە دەڵێت بورژوازی لە کوردستانی
عێڕاقدا لە بیست ساڵی ڕابردوودا (لە ساڵی 1991 ەوە تا
کاتی دەرچونی پلاتفۆرمەکە لە 2011 دا) بەدەسەڵات
گەیشتوە، دژایەتی خۆی ئاشکرا کردوە بۆ جەماوەری کرێکار
و زەحمەتکێش لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا، وە نەفرەت و
بێزاریەکی زۆر لەلایەن ئەو جەماوەرەوە ڕووبەڕووی
دەسەڵاتی بورژوازی بۆتەوە، و ئەو دەسەڵاتەش سەرکوتی
ناڕەزایەتیەکانیان دەکات و دەست ناپارێزێت لە ترۆری
هەڵسوڕاوانی سیاسی و ڕۆژنامەنوسان، ... بەڵام لە دڵی
هەلومەرجێکی تازەدا وە بە ئیلهام وەرگرتن لە شۆرش و
بزوتنەوە شۆڕشگێریەکانی ناوچەکە، بزوتنەوەیەکی
ناڕەزایەتی و شۆڕشگێڕانە لە کوردستاندا شکڵی گرتووە،
کە بزوتنەوەکەی 17 ی شوباتی 2011 یە، وە هێزی
سهرهكی ئهم بزووتنهوهیه لهكوردستاندا، چینی
کرێکار و جهماوهری زهحمهتكێشان و لاوان و ژنان و
خەڵكی ئازادیخوازە.
جا بابزانین بزوتنەوەیەك،هەروەك پلاتفۆڕمەکە باسی
دەکات:
• یەکەم: بە دژی دەسەڵاتێكی بورژوازی خۆماڵی کوردی
هاتۆتە ئاراوە، کە تا کاتی نوسینی پلاتفۆڕمەکە بیست
(20) ساڵ تێپەڕیوە بەسەر دەسەڵاتدارەتی ئەو
بورژوازیەدا.
• دووەم: هێزی سەرەکی بزوتنەوەکەش چینی کرێکار و جهماوهری
زهحمهتكێشان و لاوان و ژنان و خەڵكی ئازادیخواز بووە.
بەڵێ بابزانین پلاتفۆڕمەکەی پلینۆمی هەشتەمی کۆمیتە
ناوەندی (حکک کوردستان) لە ئازاری 2011 دا، جەوهەری
ئەو بزوتنەوەیە چۆن دەبینێت، چۆن دەیخوێنێتەوە، چ
توانا و وزەیەکی شۆڕشگێڕانە لە دووتوێی ئەو
بزوتنەوەیەدا دەبینێتەوە، پەی بە چ هێزێکی شاراوە لە
هەناوی ئەو بزوتنەوەیەدا دەبات، چ چاوەڕوانیەکی لەو
بزوتنەوەیە هەیە کە بتوانێت بیهێنێتەدی؟ وە بەو پێیەش
چ ئاسۆ و ستڕاتیژێكی دەخاتە بەردەم و چ ئەرکێکیشی بۆ
حزبەکەی دەستنیشان کردوە؟
خواستەکان و
ئامانجەکان
پلاتفۆڕمەکە لەسەر بنەمای پێشەکیەکەی خۆی کە لەسەرەوە
چەند بڕگەیەکیمان بەنمونە لێهێناوەتەوە، لە بەشی
دووەمدا دەستی کردوە بە ئاکامگیری عەمەلی و سیاسی،
واتا دانانی پلانێک بۆ کارکردن، یان بەتەعبیرێکی فکری
و سیاسی، داڕشتنی ستڕاتیژێک بۆ کارکردن لەسەر خودی ئەو
بزوتنەوە دیاریکراوە.
لە بڕگەی یەکەمی ژێر تیتری "ستڕاتیژی ئێمە ..."دا، باس
لە خواستەکان و ئامانجەکانی ئەم بزوتنەوەیە دەکات و
دەڵێت:
i. یەکەم: "خواستهكانی ئهم بزووتنهوهیه بریتین
له ئازادی سیاسی و خۆشگوزهرانی ئابوری و گێڕانهوهی
حورمهتی ئینسانی و كۆمهڵایهتی".
ii. دووەم: "بهدیهاتنی ئهم خواستانه و ئاڵوگۆڕی
جێگا مهبهست، بهبێ ئاڵوگۆڕ لهدهسهڵاتی سیاسی
ئیمکانی نییه،... جهماوهر هاتونهته مهیدان و دهیانهوێ
له ڕێگای بهكارخستنی ئیرادهی شۆڕشگێڕانهی
خۆیانهوه، دهسهڵاتی كۆنهپهرستانه و ستهمكارانهی
ئێستا لهسهر خۆیان وهلابنێن و خۆیان چارهنوسی
خۆیان بهدهستهوه بگرن".
iii. سێهەم باس لە پلانەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی
بورژوازی دەکات و دەڵێت "بەپێچەوانەی پلانهکانی دهسهڵات
و لایهنه بورژوازیهکانی ئۆپۆزسیونهوه، چاکسازی
پرۆژهیهک نییه بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی پێویست له
ژیانی دانیشتوان، بهڵکو دروشم و سیاسهتێکه بۆ
داشکاندنی ئامانجهکانی بزووتنهوهی جهماوهری و
درێژهدان بهدهسهڵاتی چهوسێنهر و گهندەڵی
بورژوازی و دابهشکردنی لهنێوان خۆیاندا".
iv. چوارەم. "ئامانج و ئاسۆی ئهم بزووتنهوه جهماوهریه
بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی ههمهلایهنه، ناتوانێ شتێکی
تر بێت جگه لە وهلانانی دهسهڵاتی میلیشیایی
ئێستا و مسۆگهركردنی مافی هاوڵاتیان بۆ
دیاریكردنی سیستهمی سیاسی و حكومهتی ئاینده لهلایهن
نوێنهرانی ڕاستهوخۆی خهڵكهوه". (خەتەکە من
کێشاومە بەژێریدا).
v. هەروەها ئەوەش دەڵێت "ئهم سیستهمی حكومهتییه
لهڕوانگهی كۆمۆنیزم و چینی كرێكارهوه، جمهوری
سۆسیالیستیه. حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی خهبات دهكات
بۆ بهرپاكردنی جمهوریهكی سۆسیالیستی"، کە دواتر
لەسەر ئەم خاڵە بە جیا و زیاتر دەدوێین.
مامەڵەی ستڕاتیژیانە لەگەڵ بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە
سیاسیەکاندا.
لێردا پێویستە لەسەر دوو شت هەڵوێستە بکەین ئەویش
خواستەکانە لەگەڵ ئامانج و ئاسۆی بزوتنەوەکە.
دیارە هەر بزوتنەوەیەك لەسەردەمێکی مێژوویی
دیاریکراودا، سەرەتا بەدەوری چەند خواستێکی
دیاریکراودا شكڵ دەگرێت، کە ئاسۆ و ئامانجەکانیشی
ڕەنگی ئەو قۆناغە بەخۆیانەوە دەگرن، یان بەواتایەکی تر
ئەو خواستانە کە لە شیعاری دیاریکراویشدا بەرجەستە
دەکرێنەوە، دەبنە ئامانج و ئاسۆی چرکە ساتێکی
دیاریکراو لە پەرەسەندی پڕۆسەیەکی درێژماوەتر، لە ئاسۆ
و ئامانجێکی بەرزتری بزوتنەوەکە، بۆیە نابێت
بزوتنەوەکە تەنها لەو چرکە ساتەیدا، لەو خواست و
شیعارانەدا ببیندرێت و لێرەدا سنوردار بکرێتەوە.
بۆ نمونە بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبە ناسیونالیستەکان
لە کوردستانی عێڕاقدا، بە دوای تێکشکانی بزوتنەوەی
سەربەخۆخوازای (ئیستیقلال تەڵەبی) شێخ مەحمود لە 1932
دا، بە تایبەتیش لە دامەزراندنی (پارتی دیموکراتی
کوردستان) لە 1946 بەدواوە، بەدەوری خواستێکدا (کە لە
شیعارێکیشدا داڕێژرابوو) بەناوی"دیموکراتیەت بۆ عێڕاق
و حوکمی زاتی بۆ کوردستان" هەوڵی داوە وەك بزوتنەوەیەك
خۆی کۆبکاتەوە و هێز بگرێت. گەرچی هەمیشەش "دیموکراتیەت
بۆ عێڕاق"ی کردبۆ قوربانی "حوکمی زاتی بۆ
کوردستان"ەکەی کە ئەوە شوێنی باسەکەی ئێمە نیە لێرەدا،
بەڵام دیارە کە ئاسۆ و ئامانجەکانی بزوتنەوەی
کوردایەتی و حزبە ناسیونالیستەکانی زۆر لەوە واوەترە
کە لە خواست و شیعاری "حوکمی زاتی" وەیا لە ئێستادا "فیدڕاڵیەتی
قەومی" سنوردار بکرێتەوە.
بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازی ژنان لەوانەیە بەدەوری
لابردنی یاسایەکی پیاوسالارانەی دیاریکراو، وە
جێگیرکردنی یاسایەکی یەکسانخوازانەدا لە دەستوری
وڵاتێکدا، شکڵ بگرێت. لێرەشدا دیارە کە ناکرێت ئاسۆ و
ئامانجەکانی چ باڵە ڕادیکاڵ و سۆشیالیستەکەی یان باڵە
فێمێنیست ڕیفۆڕمیستەکەی ئەو بزوتنەوەیە بەو خواست و
شیعارانەوە سنوردار بکرێتەوە کە لە قۆناغی شکڵگیری و
سەرهەڵدانیدا خۆی پێ کۆدەکاتەوە و لەڕێگەیانەوە لە
هەوڵی هێزگرتندا دەبێت. ئەڵبەتە ئەمانەش ڕەنگدانەوەی
خۆیان لەسەر ئامانج و ئاسۆکانی دەبێت بەڵام ناتوانرێت
بەوانە سنوردار بکرێنەوە.
وەئەگەر بزوتنەوەی کرێکاریش وەرگرین، دەبینین بەدەوری
بەرزکردنەوەی کرێ، کەمکردنەوەی سەعاتی کار، مافی
ڕێکخراوبوون، دابینکردنی پێداویستیەکانی سەلامەتی کار
و شوێنی کارکردن، دەستەبەرکردنی بیمەی بێکاری و بیمە
کۆمەڵایەتیەکان... دژی لێسەندنەوەی دەستکەوتەکان و
ملهوڕیەکانی دەسەڵاتی بورژوازی... بەگشتی بزوتنەوە
کرێکاریە جەماوەریەکان بەدەوری خەبات لە پێناو
باشکردنی هەلومەرجی کار و ژیاندا شکڵ دەگرن، واتا
بزوتنەوەیەکە لەڕێگەی بەدەستهێنانی چاکسازی (ڕیفۆڕمی
ئابوری و سیاسی، یاسایی و کۆمەڵایەتی و ..)ەوە شکڵ
بەخۆی دەدات و ئەمەش لە چوارچێوەی دیموکراسی و
سەرمایەداری واوەتر ناڕوات. بەڵام ئەوە ڕواڵەت و شکڵی
بزوتنەوەکەیە.
پەیبردن بە ئاسۆ و ئامانجە کۆتاییەکانی بزوتنەوەی
کرێکاری پێویستی بە دەزگایەکی فکری مەعریفەیی
دیالیکتیکی هەیە. کەسێکی ئاسایی نەك هەر نەخوێندەوار
بەڵکو بە خوێندەواریەکی مامناوەندیشەوە، هەموو
سەرلەبەیانیەك کاتی خەبەربونەوەی، دەبینێت ڕۆژ لە
خۆرهەڵاتەوە بەرز دەبێتەوە و ئێوارەش لەخۆرئاواوە دیار
نامێنێت تا سبەی جارێکی تر، ئەم بازنەیە دووبارە و
دووبارە دەبێتەوە و لۆژیکی شکڵی بەو ئاکامەی دەگەێنێت
کە خۆر بەدەوری زەویدا دەسوڕێتەوە، کاتێك خۆر هەڵدێت
دەبێتە ڕۆژ و کاتێك ئاوا دەبێت دەبێتە شەو، لە حاڵێکدا
نەك هەر پێچەوانەکەی دروستە کە زەوی بەدەوری خۆردا
دەسوڕێتەوە، بەڵکو ئەوەی کە شەو ڕۆژ لەسەر زەوی
دیاریدەکات خولانەوەی زەویە بەدەوری تەوەرەی خۆیدا،
نەك خولانەوەی خۆر بەدەوری زەویدا، وەیا خولانەوەی
زەوی بەدەوری خۆردا کە ئەمەیان وەرزەکانی ساڵ دیاری
دەکات.
فکری زانستی لەو یاسایانەوە دەستپێدەکات کە پەیوەندی
نێوان خۆر و هەسارە و مانگەکان و کلکدارەکان و کۆمەڵە
خۆرەکان و کاکێشانەکان،... ڕێکدەخات، جا لێرەوە دێتەوە
سەر لێکدانەوە و شیکاری هەموو دیاردەکانی سروشت چ
ئەوانەی سەر زەوی خۆمان لێرەدا وەك دیاردەی شەو و ڕۆژ
و وەرزەکانی ساڵ، وە چ ئەو دیاردانەی دورە دەستن لەناو
گەردوندا بۆ نمونە وەك تەقینەوەی خۆرەکان (سوپەر نۆڤا)،
بە پێچەوانەوە فکری سادەی خەڵك و ئاینەکان لە
دیاردەکان و ڕواڵەتەکانی سروشتەوە دەستدەکەن بە
لێکدانەوە و شیکاری بۆ خودی ئەو دیاردە و ڕواڵەتانە.
فکری زانستی کۆمەڵناسیش هەروایە لەو یاسا بابەتیانەوە
دەستپێدەکات کە پەیوەندیە مادیە ئابوری و
کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگە ڕێکدەخەن و لێرەوە دێتەوە سەر
لێکدانەوە و شیکاری بۆ دیاردە سیاسی و کۆمەڵایەتی و
فکری و یاسایی و مۆڕاڵی... یەکانی ناو هەر کۆمەڵگەیەك.
ئەڵبەتە بە جیاوازیەکەوە لە نێوان سروشت و کۆمەڵگەدا
کە یاساکانی ناو کۆمەڵگە فاکتۆری ئیرادەی ئینسان
تیایدا کاریگەرە، هەر لێرەشەوەیە کە مەفهومی "پڕاتیکی
شۆڕشگێڕانە" لە دەزگای فکری مارکسیزمدا جێگەیەکی
تایبەتی هەیە.
جا دروست هەروەك چۆن پەی بردن بە سوڕانەوەی زەوی
بەدەوری خۆر و بەدەوری تەوەرەی خۆیدا، پێویستی بە
زاستی گەردونناسی (بەتایبەت فیزیای گەردون ناسی) و
مێسۆدۆلۆژی دیالێکتیکی مەعریفەی زانستە سروشتیەکان
هەیە، ئاواهیش تێگەیشن لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری و
ئامانجە کۆتاییەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیزم
پێویستی بە دەزگا یان مێسۆدی مەعریفەی دیالێکتیکی
مێژوو هەیە کە بە ماتریالیزمی مێژوویی ناسراوە.
مارکسیزم، وەیا لێرەدا باشترە بڵێین دەزگای فکری
ماتریالیزمی مێژوویی مارکس، لە خوێندنەوەیەکی
ڕیشەییەوە بۆسیستمی سەرمایەداری، ناکۆکیە دەرونی و
قەیرانەکانی، لە خوێندنەوەیەکی ڕیشەییەوە بۆ بزوتنەوەی
کرێکاری و پۆتێنشیاڵەکانی ئەو بزوتنەوەیە، لەناو
سیستمێکی چینایەتی چەوسێنەردا، پەی بەو وزە شاراوە،
بەو پۆتێنشیاڵەتیەتە دەبات لە هەناوی ئەو بزوتنەوەیەدا
کە نەك هەر توانای داسەپاندنی ڕیفۆڕمە ئابوری و
کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاساییەکانی هەیە بەسەر
سەرمایەداریدا، بەڵکو ڕووەو ئەوە دەڕوات و دەشتوانێت
تەواوی ئەو سیستمە چینایەتیە چەوسێنەرە هەڵتەکێنێت و
سیستمێکی تری لە شوێن دابمەزرێنێت کە لەسەر بنەمای
یەکسانی ئابوری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دامەزرابێت.
لێرەوەیە کۆمۆنیزم مامەڵە لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاریدا
دەکات و خۆی جیا دەکاتەوە لە ڕیفۆڕمیزم و لە
سەندیکالیزم، کە ئەو دوانە لەسەر ئاستی خواستەکانی
بزوتنەوەکە ستڕاتیژەکانیان دادەڕێژن، لە حاڵێکدا
مارکسیزم ستڕاتیژی خۆی (واتا مامەڵەکردنی جەوهەریانەی
خۆی) بۆ بزوتنەوەی کرێکاری لەسەر ئاسۆ و ئامانجە
کۆتاییەکان دادەڕێژێت. بەم شێوەیە لە ڕوانگەی
مارکسیزمەوە گەرچی بزوتنەوەی کرێکاری بەدەوری
خواستگەلێکی دیاریکراودا شکڵ دەگرێت و خۆی کۆدەکاتەوە
و هێزدەگرێت، کە هاتنەدیان سنوری سەرمایەداری و
دیموکراتیەت تێناپەڕێنێت، بەڵام ئەوە نابێ ببێتە هۆی
ئەوەی کە لێرەدا سنورداری بکەیتەوە و لە قاڵبی بدەیت.
ئەوەی کە مەبەستی ئێمەیە لێرەدا و پەیوەستە
بەباسەکەمانەوە، ئەوەیە کە ستڕاتیژ چ بەمانای گشتیەکەی
و چ لەسەر ئاستەکانی خوارتری لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە
لەسەر ئامانجەکان و ئاسۆکان دادەڕێژرێت نەك لەسەر
خواستەکان، هەرچەندە ئەوەش دەگرێتە خۆی.
لە چرکە ساتێکی مێژوویدا سەرمایەداری بەپێی یاسا
دەرونیەکانی خۆی توشی قەیران دەبێت و کێشمەکێش لە
نێوان ڕەوەت و حزبە جۆراوجۆرەکانی بورژوازیدا دێتە
ئاراوە و یەکڕیزی و یەکدەستی بورژوازی تێك دەچێت (وەك
چۆن لە ئێستادا دەڵێن ماڵی کورد تێکچووە) و دەکەونە
گیانی یەکتری و دەسەڵاتدارەتیان توشی قەیران دەبێت،
واتا کۆمەڵگە دەکەوێتە ناو توندپێچێکی سیاسی و
وەرچەرخانێکی مێژووییەوە، بورژوازیەت نەك هەر ناتوانێت
ملبدات بە داخوازی ڕیفۆڕمی زیاتر بەڵکو ئەو ڕیفۆڕم و
دەسکەوتانەش کە پێشووتر کرێکاران خەڵکی زەحمەتکێش بە
فشار و ناڕەزایەتیەکانیان بەدەستیان هێناوە لێیان
دەستێنێتەوە.
بەکورتی پێداویستیەکانی دەربازبوون لە قەیران و
هێنانەوە سەرباری سیستمی سەرمایەداری و مسۆگەرکردنی
کەڵەکەی سەرمایە و سودی سەرمایەداران، لایەك سەردەکێشێ
بۆ توندوتیژ کردنەوەی ناکۆکی نێوان توێژە
جۆراوجۆرەکانی بورژوازی و ڕەوتە فکری و سیاسیەکان و
دەوڵەتە بورژوازیەکانی بەدژی یەکتری و هەڵگیرساندنی
شەڕ، وەلەلایەکی تریشەوە دەکەوێتە ناکۆکیەکی ڕاستەوخۆ
نەك هەر لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی جەماوەری کرێکار و
زەحمەتکێش و وردەبورژوازیدا، بەڵکو لەگەڵ بەڕێوەبردنی
ئاسایی کۆمەڵگەشدا، ئەوە دەسەڵاتی بورژوازیە لەو چرکە
ساتە مێژووییەدا کە لە چاوی زوربەی موتڵەقی هاوڵاتیانی
کۆمەڵگەوە دەبێ بڕوات و یەخەی کۆمەڵگە بەربدات، چونکە
گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتە کە هۆکاری بەدبەختی و
ڕۆژڕەشیان، هۆکاری کارەساتەکانی کۆمەڵگە ئەو
دەسەڵاتەیە. لەو چرکە ساتەدا خەڵكی زۆر بیر لەوە
ناکەنەوە کە چ شتێك جێگەی ئەو دەسەڵاتە دەگرێتەوە
بەڵکو بەو ئاکامە گەیشتوون "ئەگەر شەیتانیش بێت لەو
دەسەڵاتە باشترە".
ئەمە چرکەساتێکە خەڵكی لەوە دەرچون کە هەر ناڕەزایەتی
بنوێنن، چونکە دەزانن کە ناڕەزایەتی دەربڕین
لەبەرامبەر دەسەڵاتدا سودێکی ئەو تۆی نابێت بۆیە
خۆبەخۆ دەتەقنەوە بەڕووی دەسەڵاتدا، و لێرەولەوێ
رادەپەڕن و لێرەوە لە پڕۆسەی ئەم ژانگرتووەی
کۆمەڵگەدایە کە شۆڕش لە دایك دەبێت. وەك دەڵێن شۆڕش بە
ئیرادە دروست ناکرێت بەڵكو بەپێی یاساکانی کۆمەڵگە
چینایەتیەکان لە دایك دەبێت، ئەڵبەتە ئاسۆی ڕەوتە فکری
و سیاسی و حزبیەکان و ئیرادەی ئەفرادەکان نەك هەر لە
پڕۆسەی ژانگرتووی کۆمەڵگە و لەدایکبونی شۆڕشدا دەخالەت
دەکەن، بەڵکو پێشوەخت لە ئارادان و خەریکی
خۆئامادەکردنن کە ببنە مامانی بۆ ناوك بڕین و ناولێنان
و کردنی بە کۆرپەلەی خۆیان و دەست بەسەرا گرتنی و
بێبەش کردنی ئەوانی دی لەوەی ئەو کۆرپەیە بکەنە نەوەی
خۆیان.
ئەوە چرکە ساتێكە کە نەك هەر شەڕ و پێکدادانی شۆڕش و
دژە شۆڕشە بەڵکو شەڕوپێکدادانی ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی
دژە شۆڕشەیشە لە نێوان خۆیاندا بۆ لەباربردنی شۆڕش.
بەگشتی ئەم چرکە ساتە چرکەساتی سەرەگێژەی سیاسی
جەماوەر و هاوڵاتیانە کە لە نێوان ئەم هەموو ئاسۆ
سیاسی و حزبی و ئاڵتەرناتیڤانەدا کە کەوتوونەخۆ و
ئەکتیڤ بوون و هەڵدەسوڕێن، وە لە نێوان ئەم هەموو
پێکدادانە نەك هەر فکری و سیاسیانەدا بەڵکو هەتا
پێکدادانی خوێناوی نێوانیشیاندا، چ ئاسۆیەکی سیاسی و
حزبی چ ئاڵتەرناتیڤێك هەڵبژێرن؟
لەناو ئەم بارودۆخەی کۆمەڵگەدا کە ڕادیکالیزمەبوون
باڵی بەسەردا کێشاوە، ئاسۆ و ئامانجی حزبە سیاسیەکان
خەریکن هەمەگیر و جەماوەری دەبنەوە، وە خودی بورژوازی
لیبڕاڵ و دیموکراتخواز کۆمەڵگەی خستۆتە سەر دووڕیانی
یان فاشیزم و بەڕبەڕیەت یان تێکشاندنی ئەو دەسەڵاتە جا
چ دەسەڵاتی خودی بورژوا لیبراڵ دیموکراتەکە بێت یان
شکڵە ناسیوناڵ فاشیزم و مەزهەبیە بەڕبەڕیەتەکەی
دەسەڵاتی بورژوازی بێت، بەڵێ خەباتی ڕێکخراوەکانی
کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکا و یەکیەتیە کرێکاریەکان لە
هەرلومەرجێکی ئاوادا و لەبەرامبەر بێکاری و برسیەتی
لەڕادەبەدەر کارایی خۆیان لەدەست دەدەن و دەستەوستان
دەبن و دەکەونە ژێر باڵی وەیا سێبەری کێشمەکێشی ئاسۆ و
ئامانج و ئاڵتەرناتیڤە سیاسی و حزبیەکانەوە کە دەخرێنە
بەردەم کۆمەڵگە.
وەنەبێت تەنها ئەو کاتەی کە قەیرانە و بۆرژوا لیبڕاڵی
دیموکرات کۆمەڵگەی خستۆتەسەر دووڕیانەکە، مارکسیزم
ئاسۆ و ئامانجی سۆشیالیستی خۆی لە ستڕاتیژێكدا بخاتە
بەردەم کۆمەڵگە، بەڵكو هەر لەسەرەتای
دەستبەرکاربوونیەوە ئەو ئاسۆ و ئامانجانە لە ستڕاتیژی
خۆیدا دادەڕێژێت و ڕۆژانە خەبات دەکات بۆ بردنە
پێشەوەی، وە بەو ئاسۆیەوە لە هەوڵدا دەبێت بزوتنەوەی
کریکاری و هەروەها بزوتنەوە ناڕەزایەتیە
کۆمەڵایەتیەکان ڕێکخراو و ڕابەرایەتی بکات، بەڵام
ڕۆشنە کاتێك ئاسۆ و ستڕاتیژ و ئاڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی
بەرجەستەبووەوە لە حزبێکی کۆمۆنیستی میلیتانتی
لینینیدا، جەماوەری و هەمەگیر و پەسند دەبێت لەناو
بیروڕای گشتی و لەدەرونی بزوتنەوەی کرێکاریدا کە
بارودۆخی بابەتی لەبار بێت و وەك ئاڵتەرناتیڤێك بۆ
دەرچون لەو قەیرانە لەبەردەستدا بێت.
بەڵێ ئەوەی کە ئامانج و ئاسۆی بزوتنەوەیەك دیاری دەکات
واوەترە، یان ڕیشەیی تر و قوڵترە لە ئاستی خواستە
دەستبەجێ و دیاریکراوەکانی، کە وەك ئاسۆ و ئامانجێکی
کورت ماوە و تەنگەبەریش باڵ دەکێشێت بەسەریا. بەڵام
دیدگای ماتریالیزمی مێژوویی واوەتر لەو ئاسۆ و ئامانجە
کورتماوانە دەبینێت و ستڕاتیژەکەی لە سەر بنەمای "پشتی
پەردەی شانۆ" دادەڕێژێت، نەك لەسەر ئەوەی ڕاستەوخۆ "لەسەر
شانۆکە چ دەگوزەرێت". جا لێرەوەیە لەو پاڵنەرە
سەرەکیانەی بوونەتە سەرهەڵدان و هاتنەدەرەوەی
بزوتنەوەکە، ئامانج و ئاسۆکانیان دەبینێت و لە هەوڵی
ئەوەدایە ستڕاتیژێك بخاتە بەردەمیان کە ئاڕاستەی
وەڵامدانەوە بێت بە پاڵنەر و هێزی هێنانەدەرەوەی ئەو
بزوتنەوانە لە قوڵایی کۆمەڵگەدا. ئەوە ئەلف و بێی
ماتریالیزمی مێژووییە وگرفتی ئەسڵیش لێرەدایە کە:
ئایە ڕێکخراوێك یان حزبێکی کۆمۆنیست چۆن مامەڵەی
ستڕاتیژیانە لەگەڵ بزوتنەوەیەكی کۆمەڵایەتی-سیاسیدا
دەکات؟
لێرەدا وەك لە شکڵی پرسیارەکەشدا دیارە مەبەست لە
ستڕاتیژێکی دیاریکراوە لەئاستێکی دیاریکراودا لە
پەیوەند بە بزوتنەوە دیاریکراوەکانەوە نەك مەبەستمان
لە ستڕاتیژی گشتی و مەرکەزی حزبێك بێت لە پەیوەند بە
بەرنامە و خەتی سیاسی حزبەکەوە. واتا ستڕاتیژێکە
بەواقعی لە جێگەوڕێگەی تاکتیکێکی میحوەریدایە لە چرکە
ساتێکی مێژوویدا، یان ستڕاتیژێکی فەڕعیە لە ستڕاتیژی
ئەسڵی حزبێك. وە لێرەدا لەو ڕوانگە دیاریکراوەوە
مامەڵە لەگەڵ مەفهومی ستڕاتیژ دەکەین لە ناو
پلاتفۆڕمەکەدا.
ئایە حزبێکی کۆمۆنیست ستڕاتیژەکەی لەسەر ئاستی خواست و
ئەرکە دەستبەجێ و دیاریکراوەکانی بزوتنەوەیەک
دادەڕێژێت، کە لەسەرەتادا بزوتنەوەکە بەهۆیانەوە شکڵ
بە خۆی دەدات و لەڕێگەیانەوە هێز دەگرێت؟، یان لەسەر
بنەمای ناسینی جەوهەری بزوتنەوەکە و پاڵنەرەکان و
پۆتێنشیاڵەکانی ئەو بزوتنەوەیە ستڕاتیژەکە دادەڕێژێت؟
ئەڵبەتە بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی گشتی پەیوەندی
چینەکان هەم بەیەکتریەوە و هەم بەدەسەڵاتی سیاسیەوە لە
سەردەمێکی مێژوویی دیاریکراودا، وە دوای هەڵسان لەسەر
ئەو بنەمایە خواستە دیاریکراو و ئەرکە دەستبەجێکانیش
لەناو ستڕاتیژەکەدا دەگونجێنێت.
لێرەدایە کە ئەو جیاوازیە دەردەکەوێت لەنێوان ستڕاتیژی
سۆشیالیستی و ستڕاتیژی دیموکراسی شۆڕشگێردا، وەیا
ستڕاتیژی کۆمۆنیستی و ستڕاتیژی سەندیکالیزم لە ناو
بزوتنەوەی کرێکاریدا، (کە لێرەدا لە پەیوەند بە
باسەکەی خۆمانەوە لەسەر جیاوازی ستڕاتیژی سۆشیالیستی و
دیموکراسیە شۆڕشگێڕەکە دەدوێین لەناو بزوتنەوە
ناڕەزایەتیە جەماوەریە ئازادیخوازەکاندا، نەك لەسەر
جیاوازی ستڕاتیژی سەندیکالیزم و کۆمۆنیزم لە ناو
بزوتنەوەی کرێکاریدا).
گەرچی هەردوو ستڕاتیژەکە (چ سۆشیالیستیەکە و چ
دیموکراسی شۆڕشگێڕەکە) لەهەوڵدان بۆهێنانەدی خواستە
دیاریکراوەکان و ئەرکە دەستبەجێکان بە شێوازێکی
ڕادیکاڵانە و شۆڕشگێڕانە و پشتبەستوو بە ئیرادە و
دەخالەتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، لەناو بزوتنەوە
ناڕەزایەتیە جەماوەریەکاندا، بەڵام دوو جیاوازی هەیە
لە نێوانیاندا:
a. یەکەم، لە حاڵێکدا دیموکراسی شۆڕشگێڕ ستڕاتیژەکەی
لەسەر بنەمای هێنانەدی خواستە دیاریکراوەکان و ئەرکە
دەستبەجێکان دادەڕێژێت، ڕوانگەی ماتریالیزمی مێژوویی
وەیا دیدگای سۆشیالیستی ستڕاتیژەکەی لە ئاستێکی ڕیشەیی
تر و وەڵام بە گرێ و کێشە بونیادیەکانی بزوتنەوەکە و
پاڵنەر و پۆتێنشیاڵەکانی دادەڕێژێت، کە ئەمانە ژێرخانی
ئاسۆ و ئامانجە درێژماوە و کۆتاییەکانن، هەربۆیە
هاتنەدی خواستە دیاریکراوەکان و ئەرکە دەستبەجێکان
ئامانجی (سەندیکالیزمەکە و) دیموکراسی شۆڕشگێرەکەیە،
یان وەك ئامانجێک بۆ قۆناغێكی دیاریکراوی سەربەخۆ لە
سۆشیالیزم لەبەرچاوی دەگرێت.
b. دووەم، نەك هەر ئەوەش بەڵکو گرینگ لەوەدایە چۆنچۆنی
حزبێکی کۆمۆنیست ئەو ئەڵقەیە پەیوەست دەکاتەوە بە
پڕۆسەیەك وەیا ستڕاتیژێکی درێژماوەتری خەبات لە پێناو
سۆشیالیزمدا. (وەیا ئەگەر بزوتنەوەی کرێکاری وەرگرین،
چۆن حزبێکی کۆمۆنیست خەبات لە پێناو خواستە
دیاریکراوەکانی بزوتنەوەیەکی کرێکاری پەیوەست دەکاتەوە
بە خەبات لە پێناو سۆشیالیزمدا؟ وە هەر لێرەشدایە کە
ئەو حزبە دەتوانێت خۆی لە سەندیکالیزم و ئیکۆنۆمیزم و
کلکایەتی بۆ بزوتنەوەی کرێکاری جیا بکاتەوە).
ئاڵۆزی مەسەلەکەش بەزۆری لێرەدایە. واتا لەو شوێنەدایە
کە ڕێکخراوێك یا حزبێكی خاوەن نازناوی سۆشیالیست وەیا
کۆمۆنیست ڕایگەیاندبێت کە لە پێناو سۆشیالیزمدا خەبات
دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵ دەدات ئەرکی ڕێکخراوکردن،
ڕابەرایەتی و بە ئاکامگەیاندنی خواستە دەستبەجێکانی
بزوتنەوەیەکی کرێکاری بۆ نمونە بەدەوری بیمەی بێکاریدا،
وەیا خواستە ئازادیخواز و دیموکراسیەکان (ی
بزوتنەوەیەکی جەماوەری یان شۆڕشێکی دیموکراسی) بگرێتە
ئەستۆ، بەڵام لە چۆنیەتی پەیوەستکردنەوەی ئەم دوانە
بەیەکەوە سەرکەوتوو نەبێت. واتا لە پەیوەست کردنەوەی
خەبات لە پێناو سۆشیالیزمدا بە خەباتێكی بزوتنەوەی
کرێکاری بۆ خواستەکانی یا پەیوەستکردنەوەی سۆشیالیزم
بە خەباتێکی ئازادیخوازانەی دیموکراسیەوە لە پێناو "ئازادی
سیاسی و خۆشگوزهرانی ئابوری و گێڕانهوهی حورمهتیئینسانیو
كۆمهڵایهتی" فەشەل بهێنێت.
ئەمەش یانی هەر تەنها شوێنی لێوە هەڵسانی ستڕاتیژەکە (بەو
گریانەوە کە سەکۆی لێوەهەڵسانەکەی، نەك خواستە
دیاریکراوەکان بەڵکو پاڵنەر و پۆتێنشیاڵەکانی
بزوتنەوەکەش بێت)، کافی نیە بۆ ئەوەی ئەو ستڕاتیژە
سۆشیالیستی دەرچێت، بەڵکو وێڕای ئەو خاڵی یەکەمە، ئەوە
خاڵی پەیوەست کردنەوەی ڕواڵەتی بزوتنەوەکەیە بە
ناوەڕۆك و ناواخنەکەیەوە، یا خواستە دیاریکراوەکانە بە
ئاسۆ و ئامانجە ڕیشەدارەکانیەوە، بە مانایەك چۆنیەتی
پەیوەستکردنەوەی دیموکراسیەتە بە سۆشیالیزمەوە کە ڕۆڵی
یەکلاکەرەوە دەبینێت لە سۆشیالیست بوونی ستڕاتیژەکەدا.
لەسەر بنەمای ئەو دوو خاڵەی سەرەوە دەگەڕێینەوە سەر
پلاتفۆڕمەکەی ئازاری 2011ی (حکک کوردستان):
• بۆ ئەوەی بزانین شوێنی لێوە هەڵسانی پلاتفۆڕمەکە بۆ
داڕشتنی ستڕاتیژێك بۆ بزوتنەوەکەی 17ی شوباتی 2011،
خواستە دیاریکراوەکان و ئەرکە دەستبەجێکانە، یان
شوێنێکی ڕیشەیی ترە کە جەوهەری بزوتنەوەکەیە؟. واتا
ئایە ستڕاتیژەکەی لەسەر خواستەکان داڕشتووە، یان لەسەر
پۆتێنشیاڵ و وزەی حەشاردراوی دەرونی بزوتنەوەکە و ئاسۆ
و ئامانجە درێژماوەکانی؟
• هەروەها بۆئەوەی پەیبەرین بە ڕوانگەی ئەم حزبە لە
چۆنیەتی پەیوەست کردنەوەی ئەم خەباتە ئازادیخواز و
دیموکراسیە لەپێناو "ئازادی سیاسی و خۆشگوزهرانی
ئابوری" بە خەبات لە پێناو (لێکهەڵپێکانی حزب
بەدەسەڵاتی سیاسیەوە) لە کوردستاندا بە تەعبیرەکەی
خۆیان. بە کورتی بۆ ناسینی ڕوانگەی ئەم حزبە سەبارەت
بە پەیوەندی نێوان دیموکراسی و سۆشیالیزم، وە لێرەوە
بزانین کە ئایە ئەم پلاتفۆڕمە مامەڵەی لەگەڵ ئەو
مەسەلەیەدا وەك قۆناغێكی سەربەخۆ کردوە، یان وەك بەشێك
لە پڕۆسەیەكی خەبات بەرەو سۆشیالیزم لەبەرچاوی گرتووە.
بەمانایەك بۆئەوەی بزانین ئایە "قۆناغبەندی کردنی شۆڕش"
لەناو پلاتفۆڕمەکەدا هەیە، وەئەگەر هەبێت چۆنچۆنی خۆی
بەرجەستەکردۆتەوە؟.
خاڵی لێوە هەڵسانی پلاتفۆڕمەکە بۆ داڕشتنی ستڕاتیژ:
ئەگەر لەو پێشەکیەی سەرەوە بگەڕێینەوە سەر پلاتفۆڕمەکە
بۆ ئەوەی بزانین ئەو ستڕاتیژە چیە، کە دوای بیست ساڵ
لە حاکمیەتی بورژوازی کورد، بۆ "یهکهمین چهخماخهی
شۆڕشی بێبهشان... بۆ ههڵگێڕانهوهی ههلومهرجی
کارهساتباری ئێستا" لەو پلاتفۆڕمەدا خراوەتەڕوو، وە
بزانین لەسەر چ بنەمایەك داڕێژراوە؟ ئایە لەسەر خواستە
دیاریکراوەکان و ئەرکە دەستبەجێکانی ئەو بزوتنەوەیە،
یان لەسەر خوێندنەوەیکی قوڵتر بۆ پشتی ئەو خواست و
ئەرکە دەستبەجێیانە، لەسەر بنەمای پاڵنەر و هێزە
بزوێنەرەکانی بزوتنەوەکە داڕێژراوە؟ بزوتنەوەیەکەیشە:
"هێزی سهرهكی ... لە کوردستاندا، چینی کرێکار و جهماوهری
زهحمهتكێشان ..."ە؟ وە "دهرفهتێكی گهورهی
ڕهخساندوه بۆ ئهوهی چینی کرێکار بێته مەیدان و
لهڕیزی پێشهوهی جهماوهری ستهمكێش له ڕێگای بهڕێخستنی
شۆڕشێكی ئازادیی بهخشهوه، ئاڵوگۆرێكی
بنهڕهتی لهژیانی خۆیان و کۆمهڵگادا پێكبهێنن".
بەڵێ ئەگەر بەوردی چاوێك بگێڕین بە پلاتفۆڕمەکەدا،
دەبینین تەواوی ستڕاتیژەکەی بەدەوری ئەوەدا داڕشتووە
کە چۆن ئەم خواستانە، واتا "ئازادی سیاسی و خۆشگوزهرانی
ئابوری و گێڕانهوهی حورمهتیئینسانیو كۆمهڵایهتی"
بێنێتەدی. کە ئەمەش واتا "بهدیهاتنی ئهم خواستانه و
ئاڵوگۆڕی جێگا مهبهست، بهبێ ئاڵوگۆڕ لهدهسهڵاتی
سیاسی ئیمکانی نییه، ... جهماوهر هاتونهته مهیدان
و دهیانهوێ له ڕێگای بهكارخستنی ئیرادهی
شۆڕشگێڕانهی خۆیانهوه، دهسهڵاتی
كۆنهپهرستانه و ستهمكارانهی ئێستا لهسهر
خۆیان وهلابنێن و خۆیان چارهنوسی خۆیان بهدهستهوه
بگرن" وە یا بە تەعبیرێکی تر باسی دەکات و دەڵێ ئەم
بزوتنەوەیە" دهرفهتێكی گهورهی ڕهخساندوه بۆ ئهوهی
چینی کرێکار بێته مەیدان و لهڕیزی پێشهوهی جهماوهری
ستهمكێش له ڕێگای بهڕێخستنی شۆڕشێكی ئازادیی
بهخشهوه، ئاڵوگۆرێكی بنهڕهتی لهژیانی خۆیان
وکۆمهڵگادا پێكبهێنن". مەبەستیش لەو "شۆڕشە
ئازادیبەخش"ە و لەو "ئاڵوگۆڕە بنەڕەتی"ە هەمان ئەو
شتیە کە ستڕاتیژەکە بەدواوەیەتی لە "ئازادی سیاسی و
خۆشگوزهرانی ئابوری و گێڕانهوهی حورمهتی
ئینسانی و كۆمهڵایهتی".
هەروەها تەواوی بڕگە و بەند و خاڵەکانی ناو
پلاتفۆڕمەکە بەدەوری ئەم مەسەلەیەدا چەقیان بەستووە.
هەر لەوەوە بیگرە کە تەرازوی هێز "لهئێستا و کورت
ماوهدا توانا و ئامادهیی پێویستی نییه بۆ
ئاڵوگۆڕی بنهڕهتی و وهلانانی یهكسهر و ڕاستهوخۆی
دهسهڵات، .... کهدهبێ بهتێکۆشانی لێبڕاوانه و
بهسهبری ڕابهران و ههڵسوڕاوانی جهماوهریی،
هوشیارانه وهڵام بدرێتهوه" تا "گرتنهبهری
كۆمهڵێك سیاسهت و تاكتیكی دروست و بهرزكردنهوهی
خواستی واقعی و عهمهلی و زنجیرهیهك لهكار و ههنگاوی
هۆشیاردەرانه و رێكخهرانهی ڕادیكاڵ و شۆڕشگێرانه
و بهدهستهێنانی كۆمهڵێك سهركهوتنی یهك لهدوای
یهك .." تا هوشیاریدان بۆ خۆپارستن لە "ههر جۆره
موغامهرهیهك و ڕوودانی ئهو ڕووبەڕوو بوونهوه
توندوتیژانه لەگهڵ دهسهڵاتدا كه دهكرێ بهریان
پێبگیرێت، بهزهرهری بزووتنهوهكهیه. تێكدانی
فهزای سیاسی و بههانه بهدهستهوهدان بۆ
پێکهاتنی فهزای عهسكهرتاریهت وپهلاماردان، لهبهرژهوهندی
جهماوهر وبزووتنهوهکایاندا نییه" تا "یهكهمین
ههنگاوی سهركهوتنی بزووتنهوهكه، چهسپاندن و
بهرینكردنهوهی ئهو فهزا سیاسی و شۆڕشگێڕانهیهكه
ئێستا بههاتنهمهیدانی جهماوهری هاتوهتهكایهوه"
تائەوەی پلاتفۆڕمەکە لیستێکی دورودرێژی خستۆتەڕوو
بەناوی "ئەرکەکانی حکک کوردستان" بۆ بە ئەنجام
گەیاندنی ئەو ستڕاتیژە ناوەڕۆك دیموکراسی و
ئازادیخوازەی کە دەڵێت ئاسۆ و ئامانجەکانی ناتوانێت
شتێکی تر بێت جگە لە ئازادی سیاسی و خۆشگوزەرانی.
وەنەبێت ئەو بڕگانەی سەرەوە کە لە پلاتفۆڕمەکەوە
هێناوماننەتەوە، لە خودی خۆیاندا نادروست بن،
نادروستیەکە لەو شوێنەدایە کە ئەمانە لە پەیوەند بە
ناوەڕۆکێکی دیاریکراوەوە کە ستڕاتیژەکە هەیەتی
خراونەتەڕوو. واتا دەشێت هەمان ئەو بڕگە و خاڵانە
بەشێك بن لە ستڕاتیژێکی تر کە ناوەڕۆک و ئاسۆیەکی
سۆشیالیستی بەسەریا زاڵ بێت.
گەرچی ئەم بزوتنەوەیە وەك پلاتفۆڕمەکە دەڵێت "یەکەمین
چەخماخەی شۆڕشی بێبەشان"ە و "بۆ ههڵگێڕانهوهی ههلومهرجی
کارهساتباری ئێستا" هاتۆتە ئاراوە، لەلایەن
بزوتنەوەیەکیشەوە کە "هێزی سهرهكی ... چینی کرێکار
و جەماوەری زەحمەتکێشان ..."ە، بەڵام پلاتفۆڕمەکە
تەنها ڕواڵەتی بزوتنەوەکەی بینیوە کە خەباتە لە پێناو
"ئازادی سیاسی و خۆشگوزهرانی ئابوری و گێڕانهوهی
حورمهتیئینسانیو كۆمهڵایهتی"، وە ستڕاتیژەکەشی
هەر لەسەر ئەمە داڕشتووە. پشتی ئەو "چەخماخەی شۆڕشی
بێبەشان"ە، پشت پەردەی شانۆکەی نەبینیوە تا
ستڕاتیژەکەی لەوێوە دابڕێژێت و ئینجا بێتەوە سەر شانۆی
خواستە دیاریکراوان.
مەسەلەکەی ئێمە لێرەدا، ئەوە نیە بڵێین (بزوتنەوەکەی
17ی شوباتی 2011) بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی ڕاستەوخۆ
سۆشیالیستی کرێکاران و زەحمەتکێشان بووە، وە لە
دیدگایەکی ئاوەهاوە بێین ڕەخنە بگرین و بڵێین
پلاتفۆڕمەکە بە دیموکراسی شۆڕشگێڕی لەقەڵەم داوە،
هەروەها مەسەلەکەی ئێمە ئەوەش نیە کە ئەم خەباتە بۆ "ئازادی
سیاسی و خۆشگوزهرانی ئابوری و گێڕانهوهی حورمهتیئینسانیو
كۆمهڵایهتی" خەباتێکی بێ بایەخە بۆ سۆشیالیزم یان
زەروری نیە، بە پێچەوانەوەخەباتێکە پڕ بایەخ و زەروریە.
ڕەخنەکەی ئێمە لەو شوێنەدایە کە لێرەوە لەو ئاستە لە
خواستە دیاریکراوەکانەوە هەڵساوە بۆ داڕشتنی
ستڕاتیژەکەی و هەر لێڕەشدا گیرساوەتەوە. نەك ئەوەی کە
توانا و پۆتێنشیاڵێتی ئەو بزوتنەوەیەی کردبێتە بنەمای
داڕشتنی ستڕاتیژەکەی و لێرەوە مامەڵەشی لەگەڵ ڕواڵەتی
بزوتنەوەکە کردبێت کە خەباتە بۆ"ئازادی سیاسی و
خۆشگوزهرانی ئابوری و ..".
پلاتفۆڕمەکە دەڵێت "شۆڕش وهكو دیاردهیهكی ترسناك
بۆ بۆرژوازی جارێكی تر برهوی پهیداكردوهتهوه"،
بە دڵنیاییەوە ئەوە دروستە کە لێرەدا باسی لێکراوە،
بەڵام پێویستە سەرنج بدەینە ئەو "شۆڕش"ەی کە
ناوەڕۆکەکەی لە پلاتفۆڕمەکەدا خراوەتەڕوو، کە ئەویش
شۆڕشێکی دیموکراسیە لە دژی بورژوازیەکی ئیستیبدادی و
گەندەڵ و ملهوڕ کە ژیانێکی کولەمەرگی و نەداری
داسەپاندوە بەسەر کرێکاران و زەحمەتکێشاندا و حورمەتی
ئینسانی و کۆمەڵایەتیانی پێشێل کردووە، وە ئەو
بزوتنەوە شۆڕشگێریە بەدژی دەسەڵاتێکی ئاوا هاتۆتە
ئاراوە لە پێناو"ئازادی سیاسی و خۆشگوزهرانی
ئابوری و گێڕانهوهی حورمهتیئینسانیو كۆمهڵایهتی"،
کە "بهدیهاتنی ئهم خواستانه و ئاڵوگۆڕی جێگا مهبهست،
بهبێ ئاڵوگۆڕ لهدهسهڵاتی سیاسی ئیمکانی نییه" جا
ناوەڕۆکی ئەو شۆڕشەش کە باسی لێوە کردوە هەر ئەمەیە
وەك لەسەرەوە ڕونکردنەوەمان لەسەرداوە.
بەمانایەك تەنها دیموکراتیەت لە ناوەڕۆکی ئەو
بزوتنەوەیەدا دەبینێت، و بەشوێن ئەوەوەیە بیهێنێتە دی
بەدژی "دەسەڵاتی میلیشیایی" و "حزبە چەکدارە
دەسەڵاتدارەکان"، کە ژیان و گوزەرانی خەڵكیان لە
بارودۆخێکی نەداری و هەژاریدا ڕاگرتووە. واتا خولانەوە
بەدەوری خواستە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی
شۆڕشێکی دیموکراسیدا، کە "ئازادی سیاسی و خۆشگوزهرانی
ئابوری و گێڕانهوهی حورمهتی ئینسانی و كۆمهڵایهتی"ە.
وە بە واقعیش پلاتفۆڕمەکە ڕۆشن ئەوە دەڵێت کە "ئهم
قۆناغه، قۆناغی پهرهسهندنی بزووتنهوه ناڕهزایهتی
و شۆڕشگێڕیهكانه لهدژی ستهم وسهرکوت ونهداری"
واتا قۆناغێکی شۆڕشی دیموکراسیە و خواستە
دیموکراسیەکانی لەچەشنی ئازادی سیاسی دژی ستەم وسەرکوت،
خۆشبژێوی ئابووی دژی نەداری و هەژاری، گێڕانهوهی
حورمهتی ئینسانی و كۆمهڵایهتی بەدژی
پێشێلکاریەکانی دەسەڵات، ... بەڵێ جەوهەری ئەو
بزوتنەوەیە ئاوا پەی پێبراوە لە لایەن پلینۆمی هەشتەمی
ئەو حزبەوە، وە لەسەر ئەو بنەما فکریەشە کە ستڕاتیژێکی
دیموکراسی شۆڕشگێڕی خستۆتە بەردەم.
ئەوەی کە ستڕاتیژێك لەسەر بنەمای خواست و ئەرکە
دەستبەجێکان دادەڕێژرێت وەنەبێت کارێکی خراپ بێت و بە
دژی بزوتنەوەکە بێت. گرفتەکەی ئێمە لە باسی باشی و
خراپی ستڕاتیژەکەدا نیە بەڵكو لەو شوێنەدایە:
a. خاوەنی ئەو ستڕاتیژە (حکک کوردستان) بەدوای چ
شتێکەوەیە کە بیهێنێتەدی؟
b. ئایە لە ناواخنی بزوتنەوەکەدا توانایەکی نەپشکوتوو،
وەك هێزێکی حەشاردراو دەبینێت. یان بەواتایەکی تر ئایە
پەی بردوە بە هێزێکی شاراوە لە هەناوی ئەو
بزوتنەوەیەدا؟
c. وە چۆن دەتوانێت ئەم توانا و هێزەی ناواخنی
بزوتنەوەکە پەیوەست بکاتەوە بە خواستە دیاریکراوەکان و
ئەرکە دەستبەجێکانی بزوتنەوەکە، واتا چۆن ناوەڕۆك و
ڕواڵەتی بزوتنەوەکە لێکیهەڵبپێکێت لە یەك ستڕاتیژدا؟.
هەروەك چۆن گەردونناسێك دەتواننێت دیاردە و
ڕواڵەتەکانی سروشت و یاساکانی فیزیای گەردوونناسی وەك
یەك پاکێج بخاتەڕوو.
قۆناغی دژی ستهم و سهرکوت و نهداری.
با جارێکی تر بگەڕێینەوە سەر پلاتفۆڕمەکە کە دەڵێت
بورژوازی کورد بەدەسەڵات گەیشتوە بیست ساڵ لێرەو پێش،
دژی کرێکار و زەحمەتکێش بوە، سەرکوت و ملهوڕی
داسەپاندوە، ژیانی ئابوری خەڵکی لە مەمرە مەژیدا
ڕاگرتووە، ئەو کرێکار و زەحمەتکێشەش لێی ڕاپەیون وە
ئەوە گوزارش لە قۆناغێك دەکات کە دژی ستەم و سەرکوت و
نەداریە. واتا بەپێی لۆژیکی پلاتفۆڕمەکە قۆناغی
دیموکراسی شۆڕشگێرە.
ئەم دەڕبڕینەی ناو پلاتفۆڕمەکە کە دەڵێت "ئهم قۆناغه،
قۆناغی پهرهسهندنی بزووتنهوه ناڕهزایهتی و
شۆڕشگێڕیهكانه لهدژی ستهم وسهرکوت ونهداری" وە
نەبێت تەنها دەربڕینێك بێت و پەیوەست نەبێت بە
پێکهاتەی گشتی و دامەزراوەی سیستمی فکری سیاسیانەوە و
ئێمە بمانەوێت لێکدانەوە و شیکاریەکی دڵخوازانەی بۆ
بکەین و ئەم حزبەی پێ تۆمەتبار بکەین بەوەی کە
هێنانەدی و دابینکردنی خواستە دیاریکراوەکان و ئەرکە
دەستبەجێکان واتا بەگشتی ئەرکە دیموکراسیەکان لە
ئازادی سیاسی و خۆشبژێوی ئابوری وەك قۆناغێکی سەربەخۆ
مامەڵە دەکات. بەڵکو ئەگەر بەچاوێکی ورد بڕگە و بەند و
خاڵەکانی ستڕاتیژەکە بخوێنینەوە دەبینین هەمان
ناوەڕۆکی قۆناغێکی دیموکراسی شۆڕشگێڕە، بۆیە ئەم
ڕستەیە تەعبیرێکی پڕ بە پێستی پلاتفۆڕمەکەیە لە
مامەڵەکردنیدا بۆ ئەو بزوتنەوەیە و سەرکەوتنی وەك
قۆناغێکی سەربەخۆ.
ڕەخنە لە ستڕاتیژی ناو پلاتفۆڕمەکە بەرلەوەی لەو
شوێنەدا بێت کە دیموکراسیەکی ناتەواوە و نوقسانی
تێدایە، لەو شوێنەدایە کە ستڕاتیژێکی سۆشیالیستی نیە،
ئەویش بەدوو مانا یەکەم لە خواستە دیاریکراوەکانەوە
هەلساوە نەك لە جەوهەری بزوتنەوەکەوە، وە دووەمیش
دیموکراسیەتی وەك قۆناغێك خستۆتەڕوو، وە سۆشیالیزم و
دیموکراسیەتی لەناو ئەو بزوتنەوەیەدا، وەك یەکەکی
لێکهەڵپێکراو بەکەیەوە شەتەک نەداوە و نەیتوانیوە ئەو
پەیوەندیە لە خەتێکی سیاسیدا یان لە ستڕاتیژێکدا
بەرجەستە بکاتەوە.
ئەم پەیوەست نەکردنەوە و بینینە وەك دوو شتی جیا لە
یەکتری لەو شوێنەدا خۆی مەڵاس داوە کە "حزبی
كۆمۆنیستی كرێكاریی خهبات دهكات بۆ بهرپاكردنی
جمهوریهكی سۆسیالیستی" وەك قەناعەتێك و هەڵوێستێکی
فکری سیاسی ڕاگەێندراوە لەناو ئەو پلاتفۆڕمەدا، نەك
ناوەڕۆکی ئەو خەباتە بۆ بەرپاکردنی جمهوریەکی
سۆشیالیستی لەناو ستڕاتیژی پلاتفۆڕمەکەدا ڕەنگی
دابێتەوە. مەسەلەی قۆناغبەندی کردنەکەش لێرەدایە.
بەراورد کردنی دوو بنەمای فکری و سیاسی.
بۆ ڕۆشنکردنەوەی زیاتری ئەو فکرانەی پێشووتر، با بنەما
فکری و سیاسیەکانی پلاتفۆڕمەکە بەراورد بکەین بە بنەما
فکری و سیاسیەکانی "بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان
و ئاسۆی پێشڕەوی"، کە وتاری "خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی
کۆمۆنیستی. سەبارەت بە بنەما فکری و سیاسیەکانی
بڕیارنامەی ڕەوەند"، ئەو بنەما فکری و سیاسیانەی
خستۆتەڕوو کە بڕیارنامەکەی (ڕەوەند)ی لەسەر داڕێژراوە.
nadr1506@yahoo.com
ماویەتی ...
لینکی بەشەکانی پێشووتر:
بەشی یەکەم و دووەم:
http://www.hawpshti.com/ku/?p=8167
بەشی سێهەم: http://www.hawpshti.com/ku/?p=8213
تەکمیلەی بەشی سێهەم:
http://www.hawpshti.com/ku/?p=8276
بەشی چوارەم: http://www.hawpshti.com/ku/?p=8305
تەکمیلەی (1) بەشی چوارەم:
http://www.hawpshti.com/ku/?p=8349
تەکمیلەی (2) بەشی چوارەم:
http://www.hawpshti.com/ku/?p=8674
تەکمیلەی (3) بەشی چوارەم:
http://www.hawpshti.com/ku/?p=9263
|