لە درێژەی ناڕەزاییەتییەکانی لایەن و توێژەکانی
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەناوەوە و دەرەوەی وڵات دژ
بە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەوانی لاو ویداد حوسێن لە شاری
دهۆک، لە ڕۆژی شەممە ٢٧ ئابی ٢٠١٦ لە شاری میلبۆرنی
ئوسترالیا گردبوونەوەیەک سازکرا بە مەبەستی
شەرمەزارکردنی ئەو جۆرە تاوانانە و دژ بە پێشێلکردنی
مافی ڕادەربڕین.
لە گردنوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی چەند ئەندامێکی
ڕەوەندی کوردی لە چالاکوانان و میدیاکاران بەڕیوەچوو،
ئامادەبووان لە چوارچێوەی گفتوگۆیەکی کراوەدا جەختییان
کردەوە لەسەر پێویستی شکاندنی بێدەنگی و
بەرفراوانکردنی دەربڕینی ناڕەزاییەتییەکان دژ بە
ئەنجامدانی ئەو تاوانە و داواکاربوون لە لایەنە
سیاسییەکان بە تایبەت ئەو لایەنانەی خۆیان لەبەرەی
ئۆپۆزسیون ئەبیننەوە، هەڵوێست وەرگرن و چیتر تەنیا بە
بەیاننامە و ڕاگەیاندن نەوستەنەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی
پراکتیک دژی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم کە لەلایەن پارتی
دیموکراتی کوردستانەوە تاکڕەوانە لە زوونی زەرد بەڕێوە
ئەچێت بوەستنەوە، بۆ کۆتایهێنان بە کاری توندوتیژی و
تیرۆرکردنی ڕۆژنامەوانان. هەروەها جەختییان کردەوە لە
پێویستی بەردەوامی بەدواداچوون لەسەر کەیسی سۆرانی
مامە حەمە، سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی. ئەگەر نا
خەڵکی کوردستان بە بەرپرسیار و کەمتەرخەمیان ئەزانێت.
چونکە بێدەنگی لە تاوان، تاوانە.
هەر لەو بۆنەیەدا، ئامادەبووان پێداگربوون لە پێویستی
و گرنگیدان بە ڕیکخستنی هەوڵەکان و بەستنی کۆڕو
کۆبوونەوەی بەردەوام بۆ باسکردن و بیروڕاگۆڕینەوە
لەسەر پرس و دۆزە چارەنوسسازەکانی چەماوەری خەڵکی
کوردستان ودژ بە پێشیلکردنی مافەکانیان و خەمسادری و
بێباکی دەسەڵادارانی هەرێمی کوردستان.
گرۆپێک لە چالاکوانانی ڕەوەندی کوردی
میلبۆرن/ ئوسترالیا
27/8/2016
|