نه‌هامه‌تیه‌كانی جه‌نگی داعش و شكۆی ژنانی ئێزدی
ڕه‌سوڵ بۆسكێنی






له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ توندوتیژی و په‌لاماردان و ده‌ستدرێژی سێكسی له‌كاتی جه‌نگ و شاڵاوه‌ سه‌ربازیه‌كاندا بۆته‌ ئاكارێكی دیار و دیارده‌یه‌كی ئاسایی، چاوپۆشی و گوێ‌ نه‌دان به‌م كرده‌وه‌ دزێوه‌ی جه‌نگاوه‌ران له‌ كاتی جه‌نگه‌كاندا وه‌ك خه‌ڵات و به‌خششی فه‌رمانده‌ باڵاكان بۆ سه‌ربازه‌كان سه‌یركراوه‌، ئه‌گه‌ر ڕێگا دان به‌ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره‌ له‌ڕواڵه‌ت دا تێركردنی ئاره‌زووی جه‌نگاوه‌ره‌كان بێت بۆ سه‌رمه‌ستی و سه‌رنجڕاكێشان به‌لای ڕه‌وایی شه‌ڕدا به‌مه‌به‌ستی بردنه‌وه‌ی گره‌وی جه‌نگه‌كان، به‌دیوه‌ێكی دیكه‌دا نه‌هێشتنی وره‌ و خۆڕاگری لایه‌نی به‌رامبه‌ره‌، له‌وه‌ش هه‌ورازتر شكاندنی شكۆی دوژمنه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ وه‌ك ئامانجی سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وتی جه‌نگه‌ سه‌ربازیه‌كان سه‌یر كراوه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌ش له‌ تێڕوانینی كۆمه‌ڵایه‌تی دا ژن هه‌میشه‌ وه‌ك شه‌ره‌فی پیاو هه‌ژمار كراوه‌، ئه‌گه‌ر ڕه‌وایه‌تی دان به‌ توند و تیژی و په‌لاماردان و ده‌ست درێژی سێكسی له‌كاتی جه‌نگ و شاڵاوه‌ سه‌ربازیه‌كاندا وه‌ك دژایه‌تی و شكاندنی شكۆی دوژمن سه‌یر بكرێت، له‌هه‌مان كاتدا پێشێل كردنی مافی مرۆڤ و شكاندنی شكۆی ژنانه‌، ئه‌م ئاكاره‌ قێزه‌ونه‌ له‌ وڵاته‌ دواكه‌وتووه‌كان هه‌میشه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و زۆر جاریش وه‌كو ئازایی و شانازی لێی ده‌ڕوانرێ‌. دیاره‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی جه‌نگ له‌ وڵاته‌ دواكه‌وتوه‌كان به‌پێی بنه‌ماكانی یاسای جه‌نگ و پڕۆتۆكۆڵه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان به‌ڕێوه‌ناچێت، چونكه‌ ئه‌و جه‌نگانه‌ جه‌نگی ده‌وڵه‌تی پێشكه‌وتوو هێزی سه‌ربازی جیهانی نین، به‌ڵكو شه‌ڕی گروپی تیرۆریستی و گروپی توندڕه‌وی ناوچه‌یین، په‌یوه‌ست نین به‌و ڕێسا یاساییه‌ نێو ده‌وڵه‌تیانه‌ی وڵاتانی به‌شدار له‌ پڕۆتۆكۆڵه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌سه‌ری ڕێك كه‌وتوون كه‌ له‌بارودۆخی جه‌نگدا ڕه‌چاوی ئه‌وه‌ ده‌كات مافی مه‌ده‌نیه‌كان و ژن و منداڵ و په‌ك كه‌وته‌كان نه‌كرێنه‌ سوته‌مه‌نی جه‌نگ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كۆنتڕۆڵ كردنی ئه‌و ڕووداوانه‌ له‌به‌ره‌كانی جه‌نگ كارێكی ئه‌سته‌مه‌.
له‌گه‌ڵ چاوه‌ڕێ‌ بوونی شاڵاوی جه‌نگ و پێشبینی هێرشێكی فراوانی چه‌كدارانی داعش گوێ‌ پێنه‌دان و كه‌مته‌رخه‌می و نه‌كارایی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ ڕووداوه‌كانی كه‌وتنی شه‌نگال به‌ده‌ستی چه‌كدارانی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش هه‌مووانی تووشی شۆك كرد، كاتێ‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ بێ‌ هیچ به‌رگریه‌ك كشایه‌وه‌ و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یان له‌ناو ئازار و مه‌ینه‌تیه‌كی قوڵی كاره‌ساتبار بۆ دڕنده‌یی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌جێ‌ هێشت، بێ‌ متمانه‌یی خه‌ڵك و كشانه‌وه‌ی گوماناوی پێشمه‌رگه‌ هه‌موو ئه‌گه‌ر و هیوایه‌كی بۆ به‌رگری له‌ شه‌نگال له‌ گۆڕنا. تۆمه‌تباركردنی به‌رپرسه‌ ئه‌منیه‌كان به‌خیانه‌ت كردن له‌ئه‌ركی خۆیان و به‌جێ‌ هێشتنیان له‌ناو كاره‌سات و نائومێدی دا بۆ سوپای ده‌وڵه‌تی ئیسلامی دۆخێكی خه‌مهێنه‌ره‌. ئیتر هه‌موو شتێك هه‌ره‌سی هێنا، له‌ ڕۆژی 3-8- 2014 تیرۆرستانی داعش په‌لاماری ناوچه‌ی ئێزدیه‌كانی شه‌نگالی داو وه‌ك كولله‌ی برسی په‌لاماری هه‌موو شتێكی وڵات و سروشت و ژیانیان دا و هه‌موو شتێكیان وێران كرد، ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی به‌ره‌و به‌رزایی چیا له‌ده‌ستی سوپا دڕنده‌كه‌ی داعش ده‌ربازی بێت كه‌وته‌به‌ر شاڵاوی تاڵانی و سوتاندن، كوشتاری به‌كۆمه‌ڵ، ده‌ست درێژی بۆ سه‌ر كچان و ژنانی پاكیزه‌ی ئێزدی، ئه‌مه‌ش له‌بیری ئێزدیه‌كاندا ده‌چێته‌ پاڵ كۆمه‌ڵكوژی و له‌ناوبردن و فه‌رمانێكی نوێی ئێزدی یه‌كان.
ئه‌گه‌ر توندوتیژی و ده‌ستدرێژی سێكسی له‌ جه‌نگه‌ سه‌ربازیه‌كانی نێوان هێزه‌كان له‌ڕابردوودا به‌بێ‌ ده‌نگی و دوور له‌چاوی جیهانی ده‌ره‌وه‌ ئه‌نجام درابێ‌، ئه‌وا له‌كاتی سه‌رهه‌ڵدانی په‌لاماره‌ قێزه‌ونه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی هه‌موو پێوانه‌یه‌كی شكاند و له‌هه‌موو داب و نه‌ریتێكی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی تێپه‌ڕاند، به‌ناوی جیاجیا و به‌ فۆڕمی ئایینی جیاواز له‌ژێر ناوی جیهادی نیكاح و غه‌نیمه‌ و سه‌بایا و چه‌ندین ناونیشانی تر گه‌وره‌ترین تاوان و نه‌هامه‌تی ده‌رهه‌ق به‌ ژنانی ئێزدی له‌شه‌نگال په‌یرٍه‌و كرا، ئه‌م تاوانه‌ ئاكارێكی قێزه‌ون و قوربانیدانی ژنانی ئێزدی له‌جه‌نگی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ژێر په‌رده‌ی ئایین دا په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌شه‌ به‌ته‌وێڵی مرۆڤایه‌تیه‌وه‌. ئیتر دانیشتوانی شاره‌كه‌ له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ده‌یان گه‌نجیان لێ‌ كوژرا و نه‌یانتوانی به‌رگری له‌ ژن و كچانیشیان بكه‌ن له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌كو به‌دژی به‌رگری كردنیان بیانكوژن، سه‌دان ژن و كچیان وه‌ك غه‌نیمه‌ و كه‌نیزه‌ك و ده‌ستكه‌وتی جه‌نگ به‌دیلی بران بۆ گرتوخانه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ موسڵ، مه‌گه‌ر ژماره‌یه‌كی كه‌می ئێزدیه‌كان له‌شاڵاوی داعش ڕزگاریان بوو، ئه‌گینا ئه‌وانه‌ش خۆیان حه‌شاردا بوو له‌لایه‌ن دراوسێ‌ نائێزدیه‌كانی ئه‌ندامی داعش به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ست هێنانی غه‌نیمه‌ و ده‌ستكه‌وت ئاشكرا كران و درانه‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش ئه‌م كرده‌وه‌ ناپه‌سه‌نده‌ ئاكارێكه‌ ڕیشه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ بۆ چه‌ندین ساڵیش دوای داعش زیندوو دێڵێته‌وه‌.
توندوتیژی چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئێزدیه‌كان كرد سه‌رجه‌میان به‌ مه‌رگ مه‌حكوم كردن ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی گرته‌وه‌ ئیسلامه‌تی خۆیان ڕاگه‌یاند بوو، له‌نێو دنیایه‌ك ترس و تۆقاندن و دارمانی باری ده‌رونی ژنه‌ ئێزدیه‌كان داوایان له‌ پیاوه‌كان ده‌كرد بیان كوژن بۆ ئه‌وه‌ی له‌م شه‌رمه‌زاریه‌ ڕزگار ببن.
شكۆی ژنانی ئێزدی سه‌روه‌ری و شكۆمه‌ندی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ ده‌بوایه‌ چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئه‌وه‌ بزانن هه‌روا به‌ئاسانی له‌به‌ری ده‌رناچن، كه‌چی سه‌ره‌ڕای به‌ڵێندانی داعش به‌ئه‌مانیان ده‌نگۆی ترس و تۆقاندن و خه‌مهێنه‌ری وایان بڵاوكرده‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی دروست كردنی ئاڵۆزی و چاندنی ترسێكی قوڵ له‌هه‌ستی خه‌ڵكدا. لێره‌وه‌ نه‌هامه‌تیه‌كان ده‌ستیان پێ‌ كرد چه‌ندین كچ و ژن ده‌ستدرێژی سێكسیان كرایه‌ سه‌ر و دوایش كوژران، سه‌ره‌ڕای كوژرانی به‌كۆمه‌ڵی گه‌نجانی ئێزدی، به‌پێی ئاماره‌كان نزیكه‌ی پێنج هه‌زار ژنی ئێزدی ڕفێنران و زۆربه‌یان له‌موسڵ و ڕه‌قه‌ له‌بازاڕی فرۆشتنی كه‌نیزه‌ك فرۆشران، به‌پاساوی ئه‌وه‌ی جیهادیه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی مافی خۆیانه‌ ژنانی كافران وه‌ك غه‌نیمه‌ی غه‌زا و كه‌نیزه‌ك به‌كارێنن مادام ئاماده‌نین موسڵمان ببن.
ئه‌گه‌ر پیاوان له‌جه‌نگدا ده‌بنه‌ قوربانی ئامانجه‌كان و گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، ئه‌وا ژنان به‌گشتی و ژنانی ئێزدی گه‌وره‌ترین قوربانی جه‌نگی سه‌ربازین وه‌ك له‌ چیرۆكه‌ هه‌ست ته‌زێن و جه‌رگ بڕه‌كاندا بۆ هه‌موومان ئاشكرایه‌ ئه‌وان هاوسه‌ر و خۆشه‌ویسته‌كانیان له‌ده‌ست داو بێ‌ كه‌س و ماڵ وێران منداڵه‌كانیان به‌به‌رچاویانه‌وه‌ ڕفێنران و خۆشیان به‌ده‌ست چه‌كداره‌ په‌یڕه‌وكاره‌ دینیه‌كانه‌وه‌ شكۆیان ده‌شكێنرێت، ئه‌وان له‌لایه‌ك بۆ له‌ده‌ستچوونی ئازیزان و له‌لایه‌كی دیكه‌ش بۆ قوربانی و نغرۆ بوون و تێكشكانی خۆیان له‌ تاسان و خه‌مێكی قوڵی سه‌رسامكه‌ردا نقوم بوون، هه‌رچه‌نده‌ نه‌ته‌وه‌ی كوردی دلێر هه‌قی خۆی به‌سه‌ر هیچ دوژمنێكه‌وه‌ ناهێڵێ‌، به‌ڵام ئه‌م ئازار و ده‌رده‌سه‌ریه‌ ده‌بێته‌ جه‌نگێكی ده‌روونی درێژخایه‌ن بۆ هه‌میشه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر یاده‌وه‌ریان ده‌بێت و وا به‌ئاسانی ئه‌م گرێ‌ ده‌روونیه‌ ساڕێژ نابێت.

 

           

 

19/08/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com