پێداویستی به‌ ره‌خنه‌.. به‌ڵام ئاوهاش نا
 
رووناك غه‌فوری







ئاشکرایه‌ بوونی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی مه‌وزوعی و زانستی و ئه‌کادیمی هاوتایه‌ له‌گه‌ڵ بره‌ودان به‌ ده‌قی ئه‌ده‌بی و ته‌ته‌ڵه‌و بێژی باش له‌ خراپ، ره‌سه‌ن له‌ ناره‌سه‌ن، ئه‌مه‌ش خوازیاری هاندانی هه‌موو لایه‌که‌ چ به‌ نووسه‌رانه‌وه‌ یان به‌ ئه‌دیبان و خوێنه‌ران و ده‌زگاکانی میدیای ئه‌ده‌بیه‌وه‌ که‌ ئێستا بوونیان زۆر لاوازه‌.... خۆ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی کاری سیاسی و حیزبی نییه‌، دروشمی بژی و بڕوخێ به‌رز بکاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ش ده‌نووسێت یان ره‌خنه‌ی لێ ده‌گیرێت، یا رایه‌کی جیاواز ده‌خرێته‌ روو ، با به‌ گیانی وه‌رزشیه‌وه‌ وه‌ریبگرن و گه‌ر وه‌ڵامێك هه‌بێت ده‌توانرێت بنوسرێته‌وه‌و ئه‌مه‌ش زیاتر ته‌وژمی جوان نووسین بره‌و پێده‌دات و له‌ پاشاگه‌ردانی و ساده‌یی و چاولێکه‌ریی ده‌زگاکانی میدیای ئه‌ده‌بی پاقژ ده‌کاته‌وه‌، داهێنانی ئه‌ده‌بی وا شتێکی ساده‌ نییه‌ هه‌موو که‌سێك بێزاریی ڕێی لێ هه‌ڵه‌ بکات و بۆ نموونه‌ بانگه‌وازی شاعیربوون یان چیرۆکنووسیی رابگه‌یه‌نێت، ره‌نگه‌ زۆربه‌شمان کۆك بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێداویستی گۆڕه‌پانی ئه‌ده‌بی کوردی زۆر حه‌وجێی ره‌خنه‌ی وردو مه‌وزوعییه‌ دوور له‌ پێوه‌ره‌کانی ناسیاویی و خزمخزمێنه‌، به‌ڵام جارجار ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بنووسن وته‌ی وا ده‌درکێنن و ده‌نووسن زۆر دووره‌ له‌ هه‌موو پێوه‌ره‌کانی ئه‌کادیمی و زانستی، که‌سیش نازانێت ئه‌م وته‌و بۆجوونانه‌یان له‌ کوێوه‌ هێناوه‌، داخی گرانم کۆمه‌ڵێك لایك و ده‌سخۆشی و مه‌دح و سه‌ناو پیاهه‌ڵدان له‌ کۆتایی نووسینه‌کاندا له‌ لایه‌ن که‌سانێکی نه‌خوێنده‌وار وکه‌م مه‌عریفه‌و ه‌ بۆ ده‌نووسرێت، که‌ له‌و بڕوایه‌دام نه‌ك نه‌یانخوێندووه‌ته‌وه‌ به‌ڵکو ده‌رگای هۆشیان نه‌کردووه‌ته‌وه‌ تا وته‌که‌ لێك بده‌نه‌وه‌و هه‌ڵیبسه‌نگێنن.
ئه‌وه‌ی سه‌رنجی راکێشام و لێره‌دا ده‌مه‌وێت به‌ نموونه‌ بیهێنمه‌وه‌ وته‌یه‌کی ره‌خنه‌نووسێکه‌!! که‌ له‌ لاپه‌ره‌ی خۆیدا پێش چاوم که‌وت و کۆڵێك خه‌فه‌تم پێخوارد، که‌ له‌ ناو ئێمه‌ی هه‌ژاردا خاوه‌ن ئه‌و رایانه‌ ببنه‌ ره‌خنه‌ نووس و ئێمه‌ش چه‌پڵه‌یان بۆ لێبده‌ین و ئه‌شهه‌دویان بۆ بکه‌ه‌ین، که‌ خوێنه‌رێکی ساده‌ی وه‌ك من زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانێت هه‌ڵه‌ی ئه‌و وته‌و بیروبۆچوونه‌ ده‌ستنیشان بکات، ئه‌و براده‌ره‌ نووسیویه‌تی:
....................
جیاوازی نێوان (داهێنان) و (توانا)

ـ لە داهێناندا خود خۆی دەشارێتەوە، لە بەکارهێنانی توانادا خود بەرجەستە دەبێت.
ـ لە داهێناندا مەبەست ئاشکرا نییە، لە بەکارهێنانی توانادا مەبەست ئاشکرایە.
ـ داهێنان خاوەنداری ناکرێ، توانایی خاوەنداری دەکرێ.
....................

سه‌ره‌تا ئه‌م سۆفستائی و جیاکاریه‌ بۆ؟ ئایا داهێنان به‌رهه‌می توانا جۆراوجۆره‌کانی مرۆڤ نییه‌؟ پاشان بۆ نموونه‌ ئایا داهێنه‌رانی رادیۆ و ئامێری چاپ و ته‌له‌فۆن و.... شاکاره‌ ئه‌ده‌بییه‌کان له‌ مێژووی دوورو نزیکدا ، هه‌مووان ناسراو و ئاشکرا نین، خۆ ناکرێت بڵێین که‌س ئه‌دیسۆن و مارکۆنی و گراهامبڵ و دیستۆفیسکی و مارکیزو ئیلیه‌ت ناناسێت، ئایا ئه‌وانه‌ داهێنه‌ر نه‌بوون؟ ئه‌ی بۆچی خۆیان نه‌شارده‌وه‌و هه‌ر له‌ زه‌مه‌نه‌که‌ی خۆیاندا ناسران، مه‌به‌سته‌کانیشیان دیاریکراو بوو ، چ له‌ داهێنانی مادی بێت یان مه‌عنه‌وی بێت وه‌کو وێژه‌، هه‌روه‌ها ساده‌ترین ده‌قیش له‌ لایه‌ن ئه‌و ناودارانه‌وه‌ نووسرا بێت هه‌ر خاوه‌ندارێتیان کردووه‌و له‌ دووتوێی په‌ڕتووکه‌کانیاندا نووسیویانه‌ته‌وه‌، باشتر وابوو بۆ ئه‌و براده‌ره‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی جیاجیای متمانه‌پێکراوی زانستی بخوێندایه‌ته‌وه‌ له‌ مه‌ڕ داهێنان یان توانا، پاشان به‌ جیا هه‌ر یه‌ك له‌و باسانه‌ی تاوتوێ و وتوێژبکردایه‌و پاشان رای خۆی بنووسیایه‌، تا ئیحتیکاك له‌ نێوان ئه‌و و خوێنه‌رو نووسه‌رانی تردا دروست ببوایه‌و به‌ره‌نجامێکی جیاوازی لێ وه‌به‌ر بهاتایه‌، نه‌ك زوو زوو چه‌ند بابه‌تێکی سه‌خت و قوڵی به‌ جه‌ند دێڕێکی تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ بخستایه‌ته‌ روو و ته‌بیعه‌تی خوێنه‌رانی وردبینی تێك بدایه‌، داخم ناچێت هه‌ر ئه‌م براده‌ره‌ جارجار هه‌ر له‌ لاپه‌ڕه‌که‌ی خۆیدا په‌یام بۆ شاعیران و ره‌خنه‌گرانیش بڵاوده‌کاته‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌، چونکه‌ که‌س خاوه‌ندارێتی ئه‌ده‌ب ناکات و که‌س له‌و شوێنگه‌یه‌دا نییه‌ په‌یام بۆ شاعیران و ره‌خنه‌نووسان بدات و ئاراسته‌یان بکات، خۆزگه‌ تێده‌گه‌شتین له‌وه‌ی که‌ هه‌ر وشه‌یه‌ك بینووسین چه‌ند به‌رپرسیاریه‌تیه‌کی گرنگه‌و له‌م گه‌نده‌ڵستانه‌دا گه‌نده‌ڵیمان له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر جیابکردایه‌ته‌وه‌و هه‌ر له‌ خۆمانه‌وه‌ ژماره‌مان لێ نه‌دایه‌ به‌ قۆستنه‌وه‌ی که‌مئاستی و ته‌مه‌ڵیی خوێنه‌ران.


 

           

 

30/08/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com