له‌ ئاستانه‌ی فریودا دێمه‌ خوارێ‌
سەباح ڕەنجدەر





پێی یه‌كه‌مم له‌سه‌ر ژیان
زوو زوو ڕه‌نگی ده‌گۆڕێ‌ و ئه‌شقیش ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌
به‌ڵام نازانێ‌ له‌چی و به‌چی ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌
پێی دووه‌مم له‌سه‌ر مردن
هه‌زار و یه‌ك په‌یژه‌ی شكاوت له‌ پێش داده‌نێ‌
ناشزانم پێی سێیه‌مم له‌ كوێ‌ دانێم
هێند له‌سه‌ر به‌رماڵی ئه‌ستێره‌ به‌سه‌رداڕژاودا
به‌ ده‌وری شه‌رابی بێده‌نگیدا سووڕامه‌وه‌
سه‌رم سووڕا و سه‌رم به‌ ناوله‌پی جوانێكی بێ‌ ڕوخساردا كرد
هه‌قیقه‌ت وه‌ك چه‌قۆی به‌جێماوی دوای كوشتنێك
هه‌ردوو دیوی فریومان ده‌دا

حوزه‌یرانی 2016 هه‌ولێر


به‌رزه‌خ

به‌و ئاگره‌ ده‌سووتێم
كه‌ له‌ بینینی ده‌ترسێم
شكۆ و شانازیی من ئاگره‌
له‌ ڕازی ڕاماوم و دڵیم له‌ خۆمدا هه‌ڵگرتووه‌
له‌ سووتاندا ده‌مامك و په‌رده‌ نییه‌ و هیچ شتێكش ناشاردرێته‌وه‌
سووتان سه‌د گیانه‌
ڕێگای هاتن و ڕۆیشتن ده‌زانێت
پێڵاوی له‌ لۆكه‌ی یه‌كه‌م به‌ری كێڵگه‌یه‌
هات و ترپه‌ و ته‌په‌م گوێ‌ لێ‌ نه‌بوو
كه‌ ڕۆیشت به‌ چاومدا هاته‌خوارێ‌
چووه‌ ڕیشاڵی ڕووناكییه‌كی خاكییه‌وه‌ و زه‌وی ترووكا
ته‌ممووزی 2016 هه‌ولێر





كرانه‌وه‌ی ناوچه‌وان
له‌و چۆڵایییه‌ی ته‌نیا ڕه‌گی دره‌خت له‌ناو خۆڵ ی به‌هێزدا ئارامی گرتووه‌ به‌بێ‌ ڕاسپارده‌ و وه‌سیه‌ت ده‌مرم سه‌رم له‌ناو شكۆی ته‌شتێك ئاو كه‌ به‌ منداڵی تێیدا ده‌شۆرام ده‌حه‌سێنمه‌وه‌ ئاگر داوات لێ‌ ده‌كه‌م ڕاسپارده‌ و وه‌سیه‌تم بنووسی به‌خشراوێك بووم به‌ ئاگری دڵ و ناوچه‌وانم بۆ با كردبووه‌وه‌ هێند گه‌وره‌بووم چاوی چاودێره‌كانم داپۆشت با له‌سه‌ر برۆی لاله‌ مه‌ست و پیاڵه‌ له‌ده‌ست دڵی گه‌رم ده‌بێت و هه‌ر له‌خۆوه‌ ده‌بێته‌ بای پاڵه‌ و له‌ كێڵگه‌كانمان ده‌مێنێته‌وه‌ ڕه‌گی ناو خۆڵی به‌هێز ڕۆشنایی گه‌شه‌ به‌ناو خۆیدا ده‌گێڕێ‌ دڵ ڕێ ده‌كات و ده‌چێته‌ ناو جیلوه‌ی ڕوخساری خۆڵ و ئاو و ئاگر و با چۆنم بیركرده‌وه‌ گه‌شته‌كه‌م وابوو له‌ چیای پارێزراودا دڵ پێش ڕووكار هاته‌ لام ئامان به‌لای جیلوه‌ی ڕوخساردا بڕۆ ده‌گه‌ی به‌ نه‌رمایی دڵ و ده‌پشكوێی وا له‌ ئه‌ستێره‌كان ده‌كه‌یت به‌سه‌ر ڕوخساره‌كاندا بڵاوببنه‌وه‌ كێو جه‌سته‌ی یاری بێڕه‌نگه‌ ناتوانم گوێ‌ له‌ ئاواز و ده‌نگی ناو كێو نه‌گرم كه‌ له‌ ڕوونترین تاسه‌ ده‌دوێ‌.

ئابی 2016 هه‌ولێر




تێكه‌ڵبوونی ئاو و ئاگر
ته‌نیا منداڵانی خوداوه‌ند ده‌زانن باڵنده‌ له‌ناو قه‌فه‌س یان له‌ ئاسمان ده‌نگی زوڵاڵ و خۆشگۆ تره‌ و ده‌ڵێت تۆ پێشكه‌وه‌ و ئومێد ده‌بینیت قه‌فه‌سه‌وانیش باوه‌شێنه‌ی ده‌ور دووراو له‌ده‌ست هه‌ڵده‌سووڕێنێت و بای سه‌رباڵی باڵنده‌ بۆ خۆفێنك كردنه‌وه‌ ده‌دزێت یه‌كه‌مین هێلانه‌ یه‌كه‌مین به‌رزبوونه‌وه‌ بۆ فڕین ڕه‌گی ده‌فژه‌نی و ده‌ست خستنه‌ سه‌ردڵی كپی زه‌وییه‌ مانگ هێلانه‌ی باڵنده‌یه‌ هه‌موو شه‌وێ‌ هێلكه‌ی ده‌ترووكێ و ئه‌ستێره‌ به‌رزده‌بنه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌یان ئاو و ئاگر تێكه‌ڵ ده‌بن شای زه‌مین لاسایی یه‌كه‌مین به‌رزبوونه‌وی باڵنده‌ی كرده‌وه‌ و كه‌وت گیانێكی هاری تێدا ڕسكا و بووه‌ قه‌فه‌سه‌وان ڕووناكی له‌ناوه‌وه‌ی حه‌شار داوه‌ و چرایه‌كیشی له‌به‌رده‌می قه‌فه‌س پێ داناگیرسێ‌ .


ئه‌یلوولی 2016 هه‌ولێر




 

           

 

22/08/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com