"سنووره‌كانی لێكدانه‌وه‌و ڕاڤه‌كردنی تێكسته‌كان له‌وێدا
ته‌واو ده‌بن، كه مافه‌كانی تێكست ده‌ستپێده‌كات" (ئه‌مبێرتۆ
ئیكۆ)
هه‌میشه كه‌كتێبێك ده‌گرم به‌ده‌ستمه‌وه و پێش ئه‌وه‌ی
ده‌ست بكه‌م به‌خوێنده‌وه‌ی له‌به‌رده‌م پرسیاری ئه‌وه‌دا
خۆم ده‌بینمه‌وه كه بۆ ئه‌م كتێبه بخوێنمه‌وه؟ ئه‌م
كتێبه بۆ ژیانی من بۆ گرنگه‌و ده‌توانێت چی له
دونیابینی من بۆ ژیان و ئه‌و واقیعه‌ی منی تیام بگۆڕێت.
من پێم وایه چۆن هه‌موو كه‌س خاوه‌نی دونیایه‌كی
تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی، ئاوهاش هه‌موو كه‌س ئه‌و كتێبانه
ده‌خوێنێته‌وه كه كۆمه‌كێكه بچوك به‌و دونیا تایبه‌ته‌ی
ئه‌و بكات. وه‌ك (ڕالف ولدۆ ئێمرسۆن)یش ده‌ڵێت" هه‌ندێك
كتێب هه‌ن ڕۆڵیان له ژیانمدا له ڕۆڵی دایك و باوك،
له ڕۆڵی دۆستان، خۆشه‌ویستان و له ڕۆڵی ئه‌زمونه پڕ
عه‌شقه‌كانمان كه‌متر نییه" چونكه كتێب ناچارمان ده‌كات
بیربكه‌ینه‌وه‌و له خۆمان و ده‌وروبه‌ر ڕابمینین،
پرسیاربكه‌ین و ئاسان بڕوا به‌هه‌مووشته‌كان نه‌كه‌ین،
ئه‌وه هه‌ركتێبیشه مرۆڤ ناچار ده‌كات له ژووره‌كه‌ی
خۆیه‌وه و هه‌ر له‌و شوێنه‌وه‌ی كه كتێبێكی پێیه‌و
سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌یه بێ هیچ مۆڵه‌ت‌و فیزایه‌ك گه‌شتێكی
دورو درێژبكات، گه‌شتێك به درێژای گۆی زه‌وی به چه‌ندین
وڵات و خاك و نیشتماندا به ده‌ریاو دارستان و پانتای
بیابانه‌كاندا، به‌ناو چه‌ندین شارستانی و شار‌و گوندا
بگه‌ڕێت و به مرۆڤی نه‌ته‌وه‌جیاوازه‌كان ئاشنابێت
وهه‌میشه له گه‌ڕانێكی به‌رده‌وامدابێت، بۆیه
مومكین نییه مرۆڤ دوای خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر كتێبێك به‌شێكی
گه‌وره له تێڕوانینه‌كانی نه‌گۆڕێدرێت، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی
(عه‌تا محه‌مه‌د) له ڕۆمانی (ڕێبه‌ری كتێبسازه
كوژراوه‌كان) دا ده‌ڵێت" مرۆڤ بریتییه له كه‌ڵه‌كه‌بوونی
كتیب و ده‌ستنوسه‌كان ئه‌وه‌ی بیرده‌كاته‌وه، كتێبه‌كانن،
هه‌رچۆن ئه‌وه‌ی مرۆڤ و دنیا ده‌گۆڕێت هه‌ر كتێبه‌كانن،
ئه‌مه‌ش وام لێده‌كات بڵێم هه‌موو شتێك كۆتای هه‌یه،
ته‌نها كتێبه‌كان نه‌بێت كه بێكۆتان" ئه‌گه‌رچی كه‌میش
نین ئه‌و كتێبانه‌ی كه مه‌ترسی گه‌وره‌ن له‌سه‌ر
ژیانی تاك و كۆمه‌ڵگا‌و به‌خوێندنه‌وه‌یان ڕه‌نگه نه‌وه‌یه‌ك
توشی گرفتاری بكه‌ن‌و به‌ره‌و هه‌ڵدیاریان به‌رێت و
لاپه‌ڕه‌كانی مێژووش پڕن له‌م نمونانه. مادامێكیش
كتێب ئه‌م هه‌موو گرنگییه‌ی هه‌یه كه‌واته ده‌بێت له
ئێستادا بزانین بۆ ده‌خوێنینه‌وه چی ده‌خوێنینه‌وه.
چونكه (چالس دیكنز) واته‌نی " زۆر كتێب هه‌ن باشترین
شت تیایاندا ته‌نیا به‌رگه‌كانیانه" بۆیه ئێستا‌و
دوای ئه‌م پێشه‌كییه ده‌مه‌وێت كه‌مێك ده‌رباره‌ی
نوسه‌رێكی ورد‌و به ئه‌زمون و به‌توانا بدوێم كه وه‌ك
ڕاوچه‌ك هه‌میشه له ناو لاپه‌ڕه‌ی كتێبه‌كاندا ڕاوی
جوانییه شاراوه‌كانده‌كات، نوسه‌رێك كه زۆر ده‌خوێنێته‌وه‌و
كه‌م قسه‌ده‌كات، گۆشه‌گیره‌و هه‌میشه خۆی له
میدیاكان ده‌دزێته‌وه، ئه‌و به‌ته‌مه‌نێكی كورته‌وه
وه‌ك مرۆڤی چاخی كۆن به‌رده‌وام له‌ناو به‌رگی كتێبه
كلاسیكیه‌كاندا ون بووه، ئه‌و نوسه‌ره‌ش (ڕه‌بیع
جابر)ی لوبنانییه. ئه‌م نوسه‌ره ته‌مه‌نی سی و نۆ
ساڵه‌و ده‌رچووی به‌شی فیزیای زانكۆی ئه‌مركییه له
به‌یروت. بۆ ماوه‌یه‌كیش سه‌رپه‌رشتیاری پاشكۆی (افاق)
بووه له ڕۆژنامه‌ی (الحیاه) ئه‌و له ئێستادا خاوه‌نی
حه‌ڤده ڕۆمانه له‌وانه (پادشای تاریكی، چاپی ڕه‌ش،
په‌پووله‌ی شین، یوسفی ئینگلیزی و ده‌روزه‌كانی
بولگراد و به‌یروت شاری دونیا‌و چه‌ند ڕۆمانی تر. ئه‌م
نوسه‌ره لاوه له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی خاوه‌نی چه‌ندین
خه‌ڵاته له‌وانه‌ش (خه‌ڵاتی ڕه‌خنه‌گران بۆ ڕۆمان) له‌سه‌ر
ڕۆمانی (پادشای تاریكی)ساڵی (1992) خه‌ڵاتی به‌ناوبانگی
(پۆكه‌ری عه‌ره‌بی) بۆ ڕۆمانی (درووزه‌كانی بوڵگراد)
ساڵی (2012). هه‌ر چه‌نده به‌داخه‌وه ئه‌م نوسه‌ره
تا ئێستا هیچ یه‌كێك له ڕۆمانه‌كانی وه‌رنه‌گێردراون
بۆ سه‌ر زمانی كوردی و كتێبخانه‌ی كوردی و خوێنه‌ران
بێبه‌شن له خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م نوسه‌ره،
به‌ڵام هه‌ر دوو كتێبی (پارادۆكسی نووسین و نووسین و
بێده‌نگی) ئه‌م نوسه‌ره له‌لایان وه‌رگێڕی به‌توانا (شوان
ئه‌حمه‌د)وه كراون به كوردی، كه ئه‌م دوو كتێبه
پێكهاتوون له كۆمه‌ڵك وتار‌و لێكۆلینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی،
كتیایدا نوسه‌ر زۆر شاره‌زایانه‌و به وردی و چه‌ندین
پرسیاری جدی ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌ب و نوسین و خوێندنه‌وه
ده‌خاته ڕوو،كه پرسیار‌و سه‌رنجه‌كانی ئه‌و قسه‌ی دڵی
هه‌موومانن له‌مه‌ڕ ئه‌ده‌ب. به‌جۆرێك چه‌نجه له‌سه‌ر
هه‌موو ئه‌و جوانیه شاراوانه داده‌نێت، كه ئه‌سته‌مه
هه‌ریه‌كێك له ئێمه له چه‌ندینجار خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و
ڕۆمانانه‌دا به‌و شێوه‌یه بیان بینین،(شوان ئه‌حمه‌د)ی
وه‌رگێڕ ده‌ڵێت" سه‌روه‌ختێك ده‌ستم به وه‌رگێڕانی
كتێبی (پارادۆكسی نووسین)كرد، ده‌مزانی كه‌مێكی كه‌می
خوێنه‌رانی كورد ئاشنایه‌تیان به(ڕه‌بیع جابر) هه‌یه،
به‌ڵام دڵنیابووم كه كاری نوسه‌رێكی به‌هره‌مه‌ند و
موعته‌به‌ر ده‌كه‌م. دڵنیابووم له‌به‌رده‌م نوسه‌رێكی
جدی و پڕ به‌رهه‌م و به‌سه‌لیقه‌دام. ئه‌م كتێبانه له‌لایان
ناوه‌ندی ئه‌ندێشه‌و ده‌زگای جه‌مال عیرفانه‌وه، چاپ
وبڵاو كراونه‌ته‌وه، كه نوسه‌ر له هه‌ریه‌كێكیاندا
خوێنه‌ر له‌به‌رده‌م وه‌ڵام چه‌ندین پرسیاردا ڕاده‌گرێت.
له‌وانه‌ش " نوسین چیه؟ مرۆڤ بۆ ده‌بێت بنوسێت؟ نوسین
گرنگه یان خوێندنه‌وه؟ نوسین چی له دونیای خوێنه‌ر
ده‌گۆڕێت؟ نوسه‌ر تا كوێ گرنگه بنوسێت و خوێنه‌ر
پێویسته چی بخوێنێته‌وه؟ هه‌ر له‌به‌ر گرنگی ته‌وه‌ری
ئه‌م گفتوگۆیانه‌ی نوسه‌ریش بۆ خوێنه‌رانی كورد له
ئێستادا (شوان ئه‌حمه‌د) كتێبێكی دیكه‌ی ئه‌م نوسه‌ره‌ی
وه‌رگێڕاوه بۆ كوردی به‌ناوی (هێزی ئه‌ده‌ب) كه
بڕیاره به‌م زوانه له ناوه‌ندی ئه‌ندێشه چاپ و
بڵاو بكرێته‌وه. من له‌م نوسینه‌مدا كه‌زیاتر مه‌به‌ستم
له ناساندنی دونیای نوسین و گوفتوگۆكردنه ده‌رباره‌ی
تیڕوانینه‌كانی ئه‌م نوسه‌ره بۆ هه‌ندێك چه‌مك و
پرسیار، له‌سه‌ر سێ پرسیاری گرنگی ناو ئه‌م كتێبانه‌ی
(ڕه‌بیع جابر) ده‌وه‌ستم. كه ئه‌ویش برتین له (نوسین،
نه‌نوسین، نوسین و خوێندنه‌وه) و هه‌وڵده‌ده‌م كه‌مێك
ده‌رباره‌یان بدوێم.
نووسین:
ڕه‌نگه به‌درێژای مێژوو یه‌كێك له گه‌وره‌ترین
داهێنانه‌كانی مرۆڤ بریتی بێت له دۆزینه‌وه‌ی نوسین،
چونكه ده‌توانین بڵێین مێژوی نوسراوی مرۆڤ له‌و ڕۆژه‌وه
ده‌سپێده‌كات كه نوسین ده‌دۆزرێته‌وه، بۆیه نوسین
گرنگه‌و هه‌موو شارستانیه‌ته گرنگه‌كانی مرۆڤیش هه‌ربه‌رهه‌می
نوسینن. بۆیه بۆ تیگه‌یشتن له خۆت و دونیا نوسین وه‌سیله‌یه‌كی
گرنگه هه‌روه‌ك (ڕۆلان بارت)یش ده‌ڵی" ئێمه ناتوانین
به‌شێوه‌یه‌كی دیكه بنوسین، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی
دیكه بیرنه‌كه‌ینه‌وه، چونكه نووسین مانای ڕێكخستنی
دونیایه. بۆخۆی نوسه‌ر بوونیش یه‌كێكه له ئه‌ركه
هه‌ره قورسه‌كانی مرۆڤ هه‌ركه‌س پێیوابێت نوسین
كارێكه ته‌نها بۆ كات به‌سه‌ربردنه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره
ده‌كات. ئه‌وه‌ی به‌درێژای مێژوو نوسه‌ر له ڕێگه‌ی
نوسینه‌وه كردویه‌تی هیچ نه‌بوه جگه له ڕووناك
كردنه‌وه‌ی ئه‌شكه‌وته تاریكه‌كانی مرۆڤ (نیچه)
زۆرجار وتویه‌تی "من به‌خوێنی خۆم ده‌نوسم" ئه‌ڵبه‌ته
هه‌موو نوسینێكی جدی هیچ نیه جگه له نوسینی پیته‌كانی
به‌خوێنی نوسه‌ره‌كه‌ی هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی (عه‌تا محه‌مه‌د)یش
ده‌ڵێ" گه‌وره‌ترین بڕیار بۆ نوسه‌ر، بڕیاری دانیشتنه
له‌به‌رده‌م مێزی نووسیندا" له كتێبی (نوسین و بێده‌نگی)یشدا
(ڕه‌بیع جابر) له‌به‌رده‌م پرسیاری نوسه‌ر كێیه‌و بۆ
ده‌نوسێت ڕامانده‌گرێت ئه‌و له پێشه‌كی وتاری (نوسین)دا
ده‌ڵێت" نوسه‌ری ڕاسته‌قینه بۆ خاتری شكۆ‌و نێوبانگ په‌یداكردن
نانوسێت، نووسه‌ری ڕاسته‌قینه له‌پێناو نووسیندا ده‌نوسێت.
ده‌نوسێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناتوانێت نه‌نوسێت، تۆ ئه‌گه‌ر
ده‌توانیت بژیت، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویستت به‌وه بێت
بنوسیت، مه‌نووسه. خزمه‌تێك به‌م دونیایه بكه.
كتێبخانه‌كان پڕپڕن له كتێب. كه‌س پێویستی به ڕۆمان
و قه‌سیده‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر و دووباره نیه"
لێره‌شه‌وه تێده‌گه‌ین كه خه‌می ئه‌م نوسه‌ره چه‌ند
په‌یوه‌سته به خوێنه‌ره‌وه ئه‌وه‌نده‌ش په‌یوه‌سته
به‌نوسه‌ره‌وه‌و پێی وایه مرۆڤ پێش ئه‌وه‌ی بڕیار
بدات ببێته نوسه‌ر ده‌بێت هه‌میشه له خۆی بپرسێت بۆ
ده‌یه‌وێت بنوسێت و ده‌یه‌وێت چی بنوسێت؟ و ئه‌وه‌ی ئه‌و
ده‌یه‌وێت بینوسێت تا چه‌ند گرنگه.
نه‌نوسین:
ئه‌گه‌ر ڕه‌وابێت بۆ نوسه‌ر نوسین كارێكی پڕچێژبێت، ئه‌وا
به‌دیوێكی تریشدا و له یه‌كێك له قۆناغه‌كاندا(نه‌نوسین)و
ده‌سبه‌رداربوون له نوسین هه‌مان ئه‌و چێژ‌و ئارامیه‌ی
هه‌یه، مه‌رج نیه هه‌موو نوسه‌رێك تا مردن ده‌سبه‌رداری
نوسین نه‌بێت، چونكه مرۆڤ كه بڕیارده‌دات ببێته
نوسه‌ر بۆ چه‌ند ئامانجێكی دیاریكراو ده‌نوسێت‌و كه
ده‌ش نوسێت ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵێك شت بگێڕێته‌وه هه‌ركاتێكیش
هه‌ستی كرد ئه‌وه‌ی ویستویه‌تی گێڕاوێتیه‌وه‌و
نوسیوێتی ئیتر پێویسته قه‌ڵمه‌كه‌ی دا‌نێت و چیتر نه‌نوسێت
و ئه‌مه‌ش بۆ هیچ نوسه‌رێك له‌نگی نه‌بووه‌و نابێت،هه‌روه‌ك
(ژان دولا پیرۆبیر) ده‌ڵێت "شكۆ‌و شایه‌ن بۆ هه‌ندێك كه‌س
په‌یوه‌سته به باش نوسینه‌وه، به‌ڵام بۆ هه‌ندێكی
تر په‌یوه‌سته به نه‌نوسینه‌وه" هه‌ر بۆیه هه‌ندێكجار
خوێنه‌ربوون زۆر زیاتر چێژی له نوسه‌ربوون هه‌یه،
چونكه نوسه‌ر ته‌نها ئه‌وه ده‌نوسێت كه ده‌ی زانێت،
به‌ڵام خوێنه‌ر ئه‌وه ده‌خوێنێته‌وه كه خۆی ده‌یه‌وێت
و هه‌میشه ده‌رگای ئیختیاره‌كان له به‌رده‌میدا
واڵاترن. چی وای له نوسه‌رانێكی وه‌ك (خوان ڕۆلفۆو
پاتریك زۆسكێند) كرد كه ده‌سبه‌رداری نوسین بن، ئایا
نه‌نوسین له هه‌یبه‌ت و نابانگی ئه‌وانی كه‌مكرده‌وه؟
به‌پێچه‌وانه‌وه نه‌خیر ئه‌و بێده‌نگیه‌ی نوسه‌ر پاش
ده‌سبه‌رداربوون له نوسین ده‌ستی ده‌كه‌وێت چێژێكی
باوه‌ڕپێنه‌كراوه، وه‌ستانی (محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان)
له كتێبی (له‌غوربه‌تا)دا‌و مامۆستا(ئه‌حمه‌د هه‌ردی)له
كتێبی (ڕازی ته‌نیای)دا چیان له شكۆ‌و ناوبانگی ئه‌وان
و دنیای نوسینیان كه‌م كرده‌وه؟ بۆیه له هه‌ردوو
كتێبی (پارادۆكسی نووسین و نووسین و بێده‌نگی)یشدا(جابر)ی
ته‌ئكید له شكۆ‌و نابانگ و توانای ئه‌و نوسه‌رانه ده‌كاته‌وه
كه پاش ماوه‌یه‌ك له نوسین بڕیاریاندا نه‌نوسن و
بێده‌نگ بوون، ئه‌وه‌تا له وتاری (نه‌نوسین)دا ده‌ڵێت."
نوسه‌ر له هه‌ندێك حاڵه‌تدا بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه
ئیتر ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت بینوسیت هیچ گرنگ و كاریگه‌ر
نییه. بوێرانه ڕووبه‌ڕووی دۆغی خۆی ده‌بێته‌وه‌و
بڕیار ده‌دات ده‌سبه‌رداری نوسین بێت. دونیا پڕیه‌تی
له كتێبی ناشیرین و ڕه‌زا قورس، ئیتر بۆچی ئه‌میش
كتێب گه‌لێكی له‌و جۆره زیاد بكات."
نوسین و خوێندنه‌وه:
له پێشه‌كی وتاری (نوسین و خوێندنه‌وه) دا (ڕه‌بیع
جابر) به‌م جۆره ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته ده‌دوێت"
تۆ به‌رله‌وه‌ی تێكستێكی ئه‌ده‌بی بنوسیت، پێویسته
بخوێنیته‌وه، هیچ شتێك له هه‌وانته دروست نابێت،
نوسه‌ر سه‌روه‌ختێك ده‌نگی تایبه‌تی خۆی ده‌دۆزێته‌وه
كه كتێبی ئه‌وانی دی ده‌خوێنێته‌وه، ئه‌وكاته‌شی ده‌نگی
خۆی ده‌دۆزێته‌وه، ڕه‌هه‌ندێكی نوێ له‌و كتێبانه‌دا
كه‌شف ده‌كات كه خوێندونیه‌ته‌وه. ده‌ست به‌خوێندنه‌وه‌ی
ئه‌و كتێبانه ده‌كات و شتگه‌لێك ده‌بینێت كه‌له‌كاتی
خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌مجاردا نه‌ی بینیون. گه‌ر گوێت بۆ
جیهان ڕادێڕا، ئه‌وا گوێ بیستی ترپه‌ی دڵی خۆت ده‌بیت،
ئه‌و نوسه‌ره‌ی ناخوێنێته‌وه نوسه‌ر نییه. ئه‌گه‌ر
سه‌رنج له‌م به‌شه بچوكه‌ی ئه‌م وتاره بده‌ین خه‌می
سه‌ره‌كی ئه‌م نوسه‌ره‌مان له پرسی نوسین و خوێنه‌وه‌دا
به ڕوونی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌به‌لای ئه‌وه‌وه مه‌سه‌له‌ی
خوێندنه‌وه هیچی كه‌متر نیه له نوسین و پێی وایه
مرۆڤ بۆئه‌وه‌ی له خۆی و دونیای نوسینی خۆی تێبگات ده‌بێت
ئه‌زموونی ئه‌وانی تر بخوێنێته‌وه، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش
كه (به‌ختیار عه‌لی) ده‌ڵێت" هیچ نوسه‌رێك له جه‌وهه‌ردا
نابێته نوسه‌ر، ئه‌گه‌ر لاسایی نوسه‌رێكی تر نه‌كاته‌وه"
كه‌واته چه‌ند جار بخوێنه‌وه پێش ئه‌وه‌ی بڕیار بده‌ن
بنوسن، بخوێننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زمونی ئه‌واتر بناسن
و تاقیبكه‌نه‌وه،دواتر بنوسن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن
بگێرنه‌وه.
سه‌ره‌نجام
ئه‌وه‌ی من له‌م نوسینه‌مدا مه‌به‌ستم بوو ته‌نها
ناساندنێكی كه‌می ئه‌م نوسه‌ره‌و كتێبه‌كانی بوو، ئه‌گه‌رچی
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م نوسه‌ره بناسیت ده‌بێت خۆت بیخوێنیته‌وه،
(ڕه‌بیع جابر) له نه‌سلی ئه‌و نوسه‌رانه‌یه كه ده‌بێت
چه‌ند جارێك وتاره‌كانی بخوێنیته‌وه، چونكه له‌گه‌ڵ
هه‌رجارێك له خوێندنه‌وه‌یدا به‌ر دونیایه‌ك له
زانیاری نوێ له‌مه‌ڕ نوسه‌رانی دونیا‌و به‌رهه‌مه‌كانیان
ده‌كه‌ویت، (جابر)ی ئه‌وه‌نده قوڵ ده‌نوسێت كه له‌گه‌ڵ
خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر وتارێكدا مرۆڤ په‌لكێشی ناو دونیا
تایه‌به‌ته‌كه‌ی خۆی ده‌كات. بۆیه به‌بڕوای من
خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م نوسه‌ره لاوه بۆ ئێستای دونیای
نوسینی ئێمه گرنگه‌و ته‌مانا ئه‌كه‌م هاوڕێ زمانزانه
عه‌ره‌بیه‌كانمان له داهاتودا ڕۆمانه‌كانی ئه‌م نوسه‌ره
وه‌ربگێڕنه سه‌ر زمانی كوردی تا ئێمه‌ی خوێنه‌ری كورد
بێبه‌ش نه‌بین له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م نوسه‌ره‌و
زیاتر‌و باشتریش بیناسین. چونكه وه‌ك( مه‌ریوانی وریا
قانع) ده‌ڵێت" كتێب ئینسان ده‌كاته بوونه‌وه‌رێكی خه‌یاڵكراوه،
عه‌قڵانی ڕه‌خنه‌ی و پرسیاركه‌ر. واته ده‌ی كاته كه‌سێك
فێرببێت خۆی باشه له خراپه، ڕاست له هه‌ڵه، جوان
له ناشیرین جیابكاته‌وه، خۆی ببێت به سه‌ردارو
چاوساغی خۆی و پێویستیه‌كی ئه‌وتۆی به چاوساغه ده‌ره‌كییه‌كان
نه‌بێت.سوپاسی زۆر بۆ (شوان ئه‌حمه‌د)ی وه‌رگێڕ كه به
زمانه پاراوه كوردییه به‌م نوسه‌ره‌و به‌م به‌رهه‌مه
ناوازانه‌ی ئاشناكردین. چاوه‌ڕین له ئاینده‌دا كتێبی
زیاتری ئه‌م نوسه‌ره بخوێنینه‌وه.
بۆ ئه‌م نوسینه
سودم له‌م كتێبانه بینیوه.
پارادۆكسی نووسین و نووسین و بێده‌نگی_كۆمه‌ڵێك وتار_
ڕه‌بیح جابر_ وه‌رگێڕانی شوان ئه‌حمه‌د
كتێب و دونیا_ كۆمه‌ڵێك وتار_ مه‌ریوان وریا قانع
ڕێبه‌ری كتێبسازه كوراوه‌كان_ڕۆمان_عه‌تا محه‌مه‌د
|