لە چاوەڕوانی فریادڕەسدا....
شێرزاد وڵاتدۆست

 




قوڵتربوونەوەی قەیرانەکان و بێدەنگی هاوڵاتیان جێی سەرنجە ، بەجۆرێک کۆمەڵێک پرسیار دێنێتە پێشەوە کە ئاخۆ چ هۆکارگەلێک لە پشت بێدەنگ بوونی دەنگی ناڕازی و سڕ بوونی شەقامەوەیە ؟ ، ئایا هۆکار چیە خۆپیشاندان و جوڵانی شەقام لە ئێستا دا گۆراوە بە بوونی دەنگێکی کزی ناڕازی کە چەند شوێن و میدیاکان دا ڕۆژانە بەر گوێمان دەکەوێت لەگەڵ بوونی خراپترین هەلومەرجی ژیان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بەچەند ساڵی ڕابردوو؟!.ئاخۆ هاوڵاتیان بەڕاستی بێزار بوون لە خۆپیشاندان و داواکارکردنی مەفەکانیان لە دەسەڵاتێک کە بەرپرسە لە ئاست بوونی خەرمانێک لە قەیران و گیروگرفت ، یاخود بەڕاستی هاوڵاتیان خۆیان لەگەڵ ئەم باردۆخە گونجاندووە و دڵنیان لەم بەرودۆخە حکومەت هەر ئەوەندە دەسەڵاتی هەیە لە ساڵێک دا چەند مانگێک نیو مووچە و چەند کاتژمێرێک کارابا بدات !!! بەڵام پێناچێت ئەم هۆکارانە هۆکارگەلی سەرەکی بن بۆ بێ دەنگی و نەبوونی ناڕەزیەتیەکی دیار لە چوارچێوەی خۆپیشاندان و سەرهەڵدان ، بەڵام وادیارە ئەمجارە هاوڵاتیان لە چاوەڕوانی هاتنی فریادڕەسێکن بۆ ڕزگارکردنیان لەم باردۆخە؟!.
لێ ئاخۆ هیچ فریادرەسێک بوونی هەیە ، ئایا عیسایەک یان محمدی مەهدیەک لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە و دەبێتە فریادرەس و بۆ چارەی قەیرانەکانی ئەم هەرێمە !! ، یاخود بەشێوەیەکی تر هاوڵاتیان لە چاوەڕێی ئەوەدان وڵاتێکی دەرەکی بە هانای کێشە و گرفتەکانی ئەم مەملەکەتەوە بێت و بێت بە فریادرەس ، بێ گومان و بە دڵنیایەوە وڵامەکەی نەخێرە ، چونکە هیچ کەس و هیچ لایەنێک وەک فریادڕەس بوونی نیە بۆستەملێکراوانێک کە بەرامبەر ستمکار بە دەنگ نایەن و ناڵێن “نا” . بەدرێژای ساڵانی ڕابردوو لە دوای ڕاپەڕین و پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەت ، ساڵ لە دوای ساڵ هاوڵاتیان لە چاوەڕێی بە دیهێنانی ئە بەڵێنە بریقەدارانە بوون ، کە بە درێژایی (25) ساڵی رابردوو لەلایان دوو حزبی دەسەڵات دار پێیان درابوو ، بەڵام نەک ئەو بەڵێنانە بەدی نەهات بەڵکو سادەترین ماف کە خۆی دەدیەتەوە لە ژیانێکی شیاو بەدی نەهات بۆ گەلێک ، کە ساڵەهای ساڵ لە ژێر چەپووکی دڕەندەدەترین داگیردابوو.
گرنگە دیسان ئاماژە ئەوەیە هەتاوەکو کوڵان و شەقامی شارو شارۆچەکەکانی هەرێمی کوردستان پر نەبێت لە دەنگی ناڕازی لە هەموو چین و توێژەکان و بەیەک دەنگ نەڵێین “نا” بۆ دەسەڵاتێکی شکستخواردوو “نا” بۆ دەسەڵاتێکی مافیا ئاسا “نا”بۆ ژیانێکی شاهانە بۆ ئەوان و ژیانێکی کۆیلە ئاسا بۆ ئێمە “نا” بۆ چیتر بەتاڵان بردنی داهاتی ئەم میللەتە “نا” بۆ کوشتنی ڕۆژنامەنوس “نا” بۆ مانەوە بە شێوە کارتۆنی یاسا و دادگا “نا” برسیکردنی هاوڵاتیان “نا”.... “نا” ...“نا”.. ،بێگومان هەتا ئەم دەنگە ناڕازیانە نەبن بەیەک بە یەدەنگ هاور نەکەن و بناغەی دەسەڵاتی گەندەڵکاران نەهێنە لەرزین ، نە دەسەڵات مل کەچ دەبێت و نە باردۆخی ژیان باشتر و شیاو تر دەبێت ، بەڵکو ڕۆژ لە دوای رۆژ بەرەو بارودۆخی سەخت تر خراپتر هەنگاو دەنێین.


 

           

 

16/08/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com