حەج
 

  تاهیر رەحیم

 





حەج وشەیەكی عبریە بە مانای سوڕانەوە بە دەروی شتێك دێت. بەپێی ساڵنامەی (قمر)ی حەج لەكاتێكی دیاریكراودا دەكرێ1 و دەكەوێتە ئەو مانگانەی پێی دەوترێ مانگە حەرام كراوەكان، واتا لەو چوار مانگەی شەڕو كوشتارو تاڵانكردن حەرام بووە. لەپێناوی ئەوەی هۆزە دەشتەكییەكانی عەرەب سەردانی كەعبە بكەن. هەر هۆزێك بتێكی لەناو كەعبە هەبوو، گەورەتەین بتیش ناوی هۆل بووەو بتی قوڕەیشییەكان بووە. هەروەها لەو چوار مانگەی( ذوالقعدە.ذوالحجە.محرم.رجب) كە وەك مانگی ئاشتی ناودێركراوە، ئاڵوگۆڕی تاڵانی و فرۆشتنی كەلوپەكانیان دەكرد.
حەج نەرێتێكی كۆنی عەرەبی پێش ئیسلامە، بێجگە لەوەی ئامرازێكی خواپەرەستییە لە هەمان كاتدا، داهاتێكی باشی ئابووری شاری مەككەو دێكانی دەوروپشتی مەككە بووە.
پێش ئیسلام ئەو دەشتەكییانەی سەر بە هۆزی قوڕەیش نەبوایەتن، دەبوایە بە رووتی حەجی بكردایە. بەڵام قوڕەیشییەكان بە لەبەركردنی پۆشاكی خۆیان حەجیان دەكرد كە پێیان دەوترا الحمس. هەروەها پۆشاكی خۆیان بە كرێ دەدا بۆ هەركەسێك بیویستایە بە رووتی حەج نەكات.
هەموو نەریتەكانی حەج پێش ئیسلام وەك خۆی ماوەتەوەو تەنیا گۆڕانێكی كەمی بەسەردا هاتووە، ئێستا وەك جاران كەس بە رووتی حەج ناكاتو هەروەها ئەو 360 بتەی لەناو كەعبە هەبووە، ئێستاكە نەماوە. هەروەها پێش ئیسلام لە كاتی حەجكردن قوڕەیشییەكان لە (مزدلقە) رادەوەستان، بەڵام هەموو عەرەبەكانی تر لە ( عرفە) رادەوەستان كە ئەویش جیاكارییەكی چینایەتی بوو لە نێوان چینی ئۆرۆستوكراتی قوڕەیشییەكان و چینەكانی خوارەوە. ئیسلام ئەو جیاوازییەی نەهێشت2
هاتوو چۆكردن لە نێوان سەفا و مەروا كە شوێنی دوو بتی دەشتەكییەكانی عەرەب بوو، بەناوی ئاسەف ونایلە(ێساف و نائلە) وەك خۆی ماوەتەوەو موسڵمانەكان تاوەكوو ئێستا لە كاتی حەج سەردانی شوێنی ئەو دوو بتە دەكەن.
ئەفسانە بەشێکی گرنگ بوو لە ژیانی بیاباننیشنەکان. لەبەر ئەوە دەبینین لە نزیك كەعبە شوێنێك كە ئێستا پێی دەڵێن ماڵی شەیتان لە كاتی حەجكردن حەوت بەردیان تێدەگرت. كاتی خۆی كە بە( مسلە العسكریە المصریە) ناسراو بوو شوێنی سەربازگەیەكی میسری كۆن بوو.3دەشتییەكان كردیان بە سیمبولی ماڵی شەیتان واتا چۆن خوا ماڵی هەیە پێی دەڵێن كەعبەو بەهەمانشێوەش ماڵێكیان بۆ شەیتان دیاریكرد. لەكاتی حەجكردن بەردیان تێدەگرت، تاوەوكوو ئێستا لەكاتی پیادەكردنی حەجكردن، موسڵمانەكان ئەو حەوت بەردە فڕیدەدەنە ئەو شوێنەوە .
ساڵانە بە ملیۆنەها ئیماندار دەچێن بۆ عەمرەكردن و هەموو ساڵێك 2 بۆ 3.5 ملیۆن موسڵمان لە هەموو دونیا حەج دەكەن. كە هەزارەها لەوانە كوردی موسڵمانن. ساڵانە لە هەرێم زیاتر لە 100 هەزار كەس ناوی خۆی بۆ حەجكردن دەنوسێت.
.
لە هەموو شوێنێكی ئەم دونیاییە بۆ ریكلامكردن بۆ شوێنی گەشت وگوزار بیرۆی تایبەت بە گەشت و گوزار هەیە. بیرۆی گەشت وگوزاری حەج و عومرە مزگەوت و ئەحزابی ئیسلامییە، كە هانی خەڵك دەدەن رووبكەنە وڵاتی سعودیە بۆ حەج و عومرە. هەر لەبەرئەمە وڵاتی سعودیەو كەنداو بە ملیۆنەها دۆلار خەرج دەكەن بۆ كردنەوەی مزگەوت وئەحزابی ئیسلامی سیاسی و سەلەفی چوونکە داهاتی سعودیە ساڵانە لە حەج و عومرە نزیكەی بیست ملیار دۆلارە!
بەپێی دوا ئاماری وەزارەتی ئەوقاف 5473 مزگەوت بێجگە لە كەركوك لە كوردستان هەیە. لەشەش مانگی دوایی 130 مزگەوت لە هەرێم كراوەتەوە(4). ئەمە لەكاتێكدایە كە هەنووكە گەورەترین كێشەی وەزارەتی پەروەردە کەمی قوتابخانەیە.
لە هەندێك شوێن كێشەی نەبوونی قوتابخانە، نەخۆشخانە، کتێبخانە ، دایەنگە و باخچەی ساوایان، کتێبخانە، باخچە... هەیە وەك گەڕەكی پەنجا عەلی لەكەركوك كەچی 37 مزگەوتی لێیە!
كێشە لە ئایین نییە بەڵكوو كێشە لە چۆنێتی بەكارهێنانی ئایینە. هەروەها لە كوردستان حكومەتێكی بە دامەزراوەییمان نییە تاوەكوو ژیانی خەڵك بەشێوەی سیستماتیكو لەسەر بنەمای مافی هاوڵاتی بەشێوە دێمۆكراتیەكەی رێكبخات، بەپێچەوانەوە حیزبەكانی كوردستان بۆ مەرامی سیاسی ئایین بەكاردەهێنن وە حیزبە ئیسلامییەكانیش سیاسەت بۆ مەرامی ئایینی بەكاردەهێنن، لەم حاڵەتەدا هەم ئایین و هەم سیاسەت لە كوردستان شێوازێكی ناشیرینی بەخۆیەوە گرتووە.
سەرچاوە:
1+3/ كتاب رزقی تحت چلال رمحی لە نووسینی امین زەكی ڵ 34
2/ كتاب التصوف رحیق الادیان لە نووسینی عبدالرحمن زەنگنە ل 274
4/ ماڵپەری میدای سپی لە 30/07/2016 بڵاوكراوەتەوە



 

 

           

 

14/08/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com