دۆناڵد تره‌مپ و مه‌سعود به‌رزانی
 
دیلان حسێن




ئایا ده‌كرێت له‌ نێوان دۆناڵد تره‌مپ و مه‌سعود به‌رزانیدا له‌یه‌كچوونێكی قووڵتر هه‌بێت له‌وه‌ی له‌ جیاوازییه‌ ڕووكه‌شییه‌كانیاندا ده‌رده‌كه‌وێت؟ سه‌ره‌ڕای هه‌موو جیاوازییه‌ به‌رچاوه‌كانیان، ڕه‌نگه‌ ئه‌م دوو كه‌سه‌، له‌ ئه‌جێندا و له‌ پراكتیكدا، له‌ هه‌ندێ جومگه‌ی زۆر هه‌ستیار و زۆر بنه‌ڕه‌تیدا له‌ یه‌كتری بچن. له‌ ڕاستیدا، دۆناڵد تره‌مپ كۆمه‌ككارێكی بێوێنه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و هێزه‌ سیاسییه‌ تێبگه‌ین كه‌ هه‌رێمی كوردستانی وه‌كو لغاوێك به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتووه‌ و كوێرانه‌ ئاڕاسته‌ی ده‌كات.
دۆناڵد تره‌مپ به‌ نیازه‌ له‌ نێوان ئه‌مریكا و مه‌كسیك دیوار لێبدات، بۆ ماوه‌یه‌كیش نه‌هێڵێت موسوڵمانه‌كان بچنه‌ ناو ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌. مه‌سعود به‌رزانی به‌ كرده‌وه‌ شتگه‌لی هاوشێوه‌ی كردووه‌. له‌ پردێ به‌ هێزی چه‌كدار دیواری لێدا و نه‌یهێشت سه‌رۆكی په‌رله‌مان بچێته‌ پایته‌خته‌وه‌. له‌وه‌ش زیاتر، پارتی دیموكراتی كوردستان دیوارێكی زه‌به‌لاحی به‌ ده‌وری خۆیدا لێداوه‌، به‌ چه‌شنێك هه‌موو حیزبه‌ كوردییه‌كانی دیكه‌ له‌ بڕیاردان په‌راوێزخراون. له‌ جیاتی پێنه‌دانی ڤیزاش، ئه‌م حیزبه‌ له‌ په‌رله‌مانتارانی گۆڕانی قه‌ده‌غه‌كرد بچنه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان.
تره‌مپ له‌و گردبوونه‌وانه‌ی بۆ ده‌نگپێده‌ره‌كانی سازیكردوون، به‌ ئاشكرا داوای كردووه‌ خه‌ڵكی له‌ هۆڵه‌كه‌ یان گۆڕه‌پانه‌كه‌ ده‌ربكرێنه‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌منی تایبه‌تی سه‌ر به‌ تره‌مپ، له‌و گردبوونه‌وانه‌ چه‌ند جارێك به‌زۆر ئه‌و كه‌سانه‌یان ڕاكێشاوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ ویستویانه‌ دژ به‌ ئه‌جێندایه‌كی تره‌مپ هاواربكه‌ن. له‌ملاشه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی زه‌رد، چه‌ند كه‌ڕه‌تێك میدیاكارانی ڕه‌خنه‌گر ڕاكێشراونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی شار و لاشه‌كانیان دۆزراونه‌ته‌وه‌. خه‌ڵكی له‌ ڕه‌خنه‌گرتن تۆقیون، چما هه‌نگاونان بۆ چاكسازیكردن. كاتێك چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌ ئێستا له‌ هه‌ولێر ده‌ژیام، تێبینیم ده‌كرد كه‌ خه‌ڵكانێك ده‌ترسان هیچ جۆره‌ شتێك دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتی پارتی بڵێن، وه‌كو ئه‌وه‌ی چاو و گوێی پارتی له‌ هه‌موو كون و قوژبنێكی هه‌ولێردا دانرابێتن و هه‌میشه‌ هێزێكی شه‌ڕپێفرۆش باڵی به‌سه‌ر شاردا كێشابێت.
هه‌روه‌كچۆن تره‌مپ دژی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مریكا بێبه‌رامبه‌ر (ده‌ستكه‌وتی ئابووری) وڵاتانی ئه‌وروپا بپارێزێت، مه‌سعود به‌رزانی و حیزبه‌كه‌شی به‌ كرده‌وه‌ دژی ئه‌زموونی ڕۆژئاڤان و ئاماده‌نین هاوكاربن له‌ زامنكردنی مافی سه‌ربه‌خۆیی كوردانی ڕۆژئاوا. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش، به‌ڵكو سوپای توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان جێگیرئه‌كه‌ن. گه‌ر پارتی هه‌تاكو ئێستا سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌كانی بۆ چووبێتنه‌ سه‌ر، ئه‌وا له‌ دوای گۆڕانكارییه‌ جیۆپۆله‌تیكه‌كانی ئه‌م دواییه‌ زه‌حمه‌ته‌ به‌رده‌وامییان پێ بدات. ویستی خه‌ڵكی ئه‌سته‌مه‌ ڕێگه‌بدات هه‌رێم ببێت به‌ ویلایه‌تێكی سه‌ر به‌ توركیا، كه‌ ئێستا خه‌ریكه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت. ورده‌ ورده‌ هوشیاربوونه‌وه‌یه‌كی هێواشیش ده‌رباره‌ی پرسی كورد له‌ ژیانه‌وه‌دایه‌ كه‌ هیچ حیزبێكی بنه‌ماڵه‌یی ناتوانێت پێشڕه‌وی بكات. له‌ ڕاستیدا له‌ داهاتوودا به‌دیلی حیزبێكی وه‌كو پارتی ته‌نها ئه‌و هێز یان هێزانه‌ ده‌بێت كه‌ دیدگایان هه‌یه‌، كه‌ به‌رنامه‌ی درێژمه‌ودایان بۆ پرسی كورد پێیه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ تاوه‌كو ئێستا گۆڕان و یه‌كێتی شكستیان هێناوه‌ له‌وه‌ی به‌دیلی پارتی بن په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌م دوو حیزبه‌ی دوایی لاوازن، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌و دوو به‌ناو به‌دیله‌ زۆرێك له‌ پارتی ده‌چن، نه‌ خاوه‌نی ڕوئیایه‌كن بۆ پرسی كورد، نه‌ به‌ جدی له‌ پێناو كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپی بنچینه‌ییدا تێده‌كۆشن.
تره‌مپ وه‌هاش ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ مه‌یلێكی ژێربه‌ژێری به‌لای ڕوسیا و به‌ لای ڤلادیمێر پۆتیندا هه‌بێت. ئه‌و له‌م دواییه‌ ناڕاسته‌وخۆ داوای له‌ ڕوسیا كرد ئیمه‌یڵه‌ سڕدراوه‌كانی هیلاری كلینتۆن بدۆزێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ڕه‌خنه‌ی توندی به‌ دوادا هات. هه‌ندێك ده‌ڵێن گه‌ر تره‌مپ ببێت به‌ سه‌رۆك، ئه‌وه‌ هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ پۆتیندا گه‌رمده‌بێت. مه‌سعود به‌رزانیش هاوڕێیه‌كی هاوشێوه‌ی هه‌یه‌، ئه‌ویش سه‌رۆكی توركیا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه‌. جێگای سه‌رسامییه‌ كه‌ چۆن له‌ كاتێكدا تره‌مپ مه‌یلی به‌لای نه‌یارێكی مێژوویی ئه‌مریكادا هه‌یه‌، مه‌سعود به‌رزانیش هاوده‌مییه‌كی توندی له‌گه‌ڵ نه‌یارێكی سه‌رسه‌ختی دۆزی كورددا هه‌یه‌ كه‌ له‌ كه‌سایه‌تی ئه‌ردۆغاندا ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌وه‌ پیسبوونی جه‌وهه‌رییانه‌ی سیاسه‌تكردن نییه‌ كه‌ دوژمنه‌كان له‌ یه‌كتری نزیك ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ سیاسه‌تی چه‌وتی هه‌ندێك سیاسییه‌ كه‌ به‌ هۆی قازانجی تایبه‌تییه‌وه‌ پشت له‌ پرسه‌ گرنگه‌كان ده‌كه‌ن. مه‌سعود به‌رزانی نه‌ك هه‌ر بێبه‌رنامه‌ نییه‌، به‌ڵكو گه‌ر هه‌ر شتێكیش بڵێت ته‌نها كاتێك ده‌یڵێت دوای ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ئه‌ردۆغانی برا گه‌وره‌ی ده‌كات.
له‌ كۆتاییشدا، گرنگترین لێكچوونێك له‌ نێوان ئه‌م دووانه‌دا ده‌وڵه‌مه‌ندبوونیانه‌. تره‌مپ به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ له‌ پرۆسه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونیدا پشتی چه‌نه‌ها كه‌سی تری شكاندووه‌. خۆی به‌ كون و كه‌له‌به‌ری یاساییدا كردووه‌ و شكستهێنانی پرۆژه‌كانی له‌ ئه‌ستۆ نه‌گرتووه‌ و داویه‌تی به‌سه‌ر كۆمپانیا و لایه‌نی تردا. به‌ هه‌مان شێوه‌ش، ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی مه‌سعود به‌رزانی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر تاڵانكردنی سامانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بونیاد نراوه‌. شته‌كه‌ زۆر ئاڵۆز نییه‌. بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نه‌ به‌رهه‌مهێنن، نه‌ داهێنه‌ر. ئه‌وان به‌سه‌ر لوتكه‌ی تاڵانكردنی سامانی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ دانیشتوون. دیارنه‌بوونی پاره‌ی گرێبه‌ستی نه‌وت و ناڕوونی له‌ تۆماری ناردن و قۆرخكردنی مه‌رزه‌كان. پارتی كه‌ نه‌وتی هه‌رێم له‌ ڕێگه‌ی به‌غداوه‌ نانێرێت ئه‌مه‌مان وه‌كو موزایه‌ده‌ی نه‌ته‌وایه‌تی پێده‌فرۆشێت، به‌ڵام هه‌رچی كرداره‌ سه‌ره‌كی و كاریگه‌ره‌كانی ئه‌و نوخبه‌ و بنه‌ماڵه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ هه‌یه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌سه‌لمێنێت. ئه‌مه‌ش هه‌مدیسان لێكچوونێكی تره‌ له‌ نێوان تره‌مپ و به‌رزانیدا، به‌وه‌ی به‌ زاره‌كی شتێك ده‌ڵێن و به‌ كرداریش پێچه‌وانه‌ی ده‌كه‌ن. هه‌روه‌كچۆن به‌ سه‌رۆكبوونی تره‌مپ نه‌ك هه‌ر هه‌رایه‌كی گه‌وره‌ ده‌نێته‌وه‌، به‌ڵكو پێده‌چێت زۆر كاره‌ساتیش به‌ دوای خۆیدا بهێنێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ش حوكمڕانی پارتی له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ و سه‌رۆكبوونی مه‌سعود به‌رزانی هه‌تاكو ئێستا مایه‌ی نه‌هامه‌تی بووه‌ بۆ پرسی كورد و به‌رده‌وامبوونیشی كاره‌ساتی زیاتر به‌ دوای خۆیدا ده‌هێنێت. گه‌ر چاره‌سه‌ر بۆ تره‌مپ به‌شداری چالاكانه‌ بێت له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگداندا و قسه‌كردنی به‌رده‌وام بێت كه‌ ئه‌جێنداكانی ئه‌و كابرایه‌ چه‌ندێك كێشه‌ به‌ دوای خۆیاندا ده‌هێنن، چاره‌سه‌ری مه‌سعود به‌رزانی و ویسته‌ خۆپه‌رستانه‌كانی پارتیش به‌شداریكردنی كارای خه‌ڵكی و هه‌وڵدانی به‌رده‌وامه‌ بۆ جێپێگۆڕینیان به‌ كۆمه‌ڵێك به‌های گشتی كه‌ بكرێت هه‌موومان له‌و هه‌رێمه‌ كۆبكاته‌وه‌.


دیلان حسێن

 

           

 

04/09/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com