"چیرۆکی من"
 
جیهاد محەمەد




چەندین ڕۆژە لە کەناڵی (ئێن ئار تی)یەوە، ڕیکلام بۆ گێڕانەوەی دەوڵەمەندبوون و لێهاتوویی و بوێری و موجازەفە پۆزەتیڤەکانی شاسوار واحید دەکرێت لە ژێر ناوی"چیرۆکی من"دا، گوایە کاک شاسوار بە بوێرانە هەموو نهێنییەکانی دەوڵەمەندبوونی خۆی دەخاتە ڕوو!
پێش ئەوەی بێمە سەر باسەکەم ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ کاک شاسوار و خوێنەرانی بەڕیز: (لێرەوە بە کاک شاسوار و بە خوێنەری بەڕێز دەڵێم، من پڕۆژەی چاڤی لاند بە پڕۆژەیەکی زۆر باش هەڵدەسەنگێنم، یەکێکە لەو پڕۆژانەی کە خەڵکی گشتی و منداڵان و ژنان و گەنجان زۆر سوودی لێ دەبینن. من کاک شاسوار ناناسم، خۆشەویستیم هەیە بۆی، بەڵام ڕەخنە لە هەموو ئەو کەسانە دەگرم کە پڕۆژەکانیان جێگەی گومانە، پڕۆژەکانیان فێڵی تیاکراوە و دەستی خەڵکیان بڕیوە، جگە لەوە شەراکەت لەگەڵ بەرپرسە دزەکاندا جیگەی قبووڵ نییە لای ئێمەومانان).
ئەمەش لینکی "چیرۆکی من": https://www.youtube.com/watch?v=XfnwHzcyOVg
هەڵبەت لە بنەڕەتدا "چیرۆکی من" دوو پاڵنەری هەیە:

یەکەم/ بۆ قایلکردنی هەموو خەڵک بە گشتی کە دەوڵمەندبوونی ئەم کوڕە گەنجە تەنها هۆکارەکەی بوێری و ئازایەتی خۆیەتی و بەهیچ جۆرێک گەندەڵی لەم دەوڵمەندبوونەدا نییە.

دووەم/ بۆ قایلکردنی ئەو دەیان هەزار خاوەن سەهمەیە، کە هاوبەشییانکردووە لە پرۆژەکەی چاڤی لاندا و تا ئێستاش یەک دینار قازانجیان وەرنەگرتووە، کە ئەم قازانجە نافەوتێت و هەرچی سەرمایەی ئەم کوڕە گەنجەیە لە وەبەرهێناندایە و قازانجی ئەم وەبەرهێنانەش ئەمڕۆ یا سبەی بە مسۆگەری دەردەکەوێت. ئەم هەوڵەش بۆ ئەوەیە کە خاوەن سەهمەکان دان بە خۆیاندا بگرن و خۆپیشاندان نەکەن لە بەردەمی چاڤی لاندا و کاری پشێوی نەنێنەوە و داوای قازانجی سەهمەکانیان نەکەن.

خۆ ئەگەر خاڵی سێیەمی پاڵنەری ئەم چیرۆکە هەبێت ئەوە لە خۆپیشاندان و خۆ زلکردنی کاک شاسوار بەولاوە هیچی دیکە نییە.
ئەم پاڵنەرانە لای من سروشتیە، ئەم کوڕە گەنجە مافی خۆیەتی هەوڵی ئەوە بدات پڕۆژەکەی زیاتر سەربگرێت، بۆ ئەمەش پێویستی بەوەیە کە هەم قسەی خەڵکی و گومانی خەڵکی لە خۆی دووربخاتەوە لەوەی کە لەگەڵ بەرپرسە پارەدارە دزەکاندا شەریکە، هەروەها بۆ هێورکردنەوەی خاوەن سەهمەکانیشە تا چیتر پێدانەگرن لەسەر دیاریکردن و وەرگرتنی قازانجی سەهمەکانیان.
ئاخر ئەو دەوڵەمەندانەی کە شەراکەتیان هەیە لەگەڵ بەرپرسە پارەدارە دزەکاندا یەکجار سومعەیان لەکەدار بووە و خەڵکی نەک خۆشیان ناوێن بەڵکو ڕقیشیان لێیانە. لە لایەکی دیکە ئەو پڕۆژە وەبەرهێنانانەی کە دەیان هەزار سەهمیان بە خەڵکی فرۆشتۆتەوە و پەیمانیان داوە کە ساڵانە لە ڕاگەیاندنێکی گشتییدا زۆر بە ڕوونی و ئاشکرایی قازانجی سەهمەکان دابەشکرێت بەسەر خاوەن سەهمەکاندا، کاتێک ئەمەیان نەکردووە وەک پڕۆژەکەی چاڤی لاند و چەندین پرۆژەی دیکەی وەبەرهێنان ئێستا خاوەن سەهمەکان کەوتوونەتە گومانی ئەوەی کە فێڵیان لێکراوە و هیچ دەزگایەکی یاسایی ئەوتۆش یان دادوەری گشتی بەهێز نییە کە پەنای بۆ بەرن، بۆیە ئەم کێشەیە لە نێوان خاوەن سەهمەکان و خاوەن پڕۆژەکاندا لە تەقینەوەدایە.
لە دوای گێڕانەوەی ئەم چیرۆکەدا، پرسیار ئەوەیە، ئایا بە ڕاست کاک شاسوار لەم گێڕانەوەیەدا توانی ئەوە بسەلمێنێت کە هەموو ئەو سەرمایە زەبەلاحەی کە لەبەردەستیدایە هی خۆیەتی و بە ئازایەتی و موجازەفەی خۆی ئەم دەوڵمەندبوونەی بەدەستهێناوە؟
بە بروای من لەم گێڕانەوەیەدا نەک هەر نەیتوانی پاکی خۆی بسەلمێنێت کە لەگەڵ بەرپرسە پارەدارە دزەکاندا دەستی تێکەڵ نەکردووە بەڵکو زیاتر گومانی لای خەڵک دروستکرد کە ئەم دەوڵەمەندبوونە و ئەم سەرمایەدارییە زەبەلاحە مەحاڵە بە موجازفەیەکی (١)یەک میلیۆن دۆڵاری بکرێت.

ئەو بەڕێزانەی کە قسەی باشیان لەسەر کاک شاسوار کرد لە پێشەکی گێڕانەوەی چیرۆکەکەدا هیچیان ئەوە ناگەیەنن کە ئەم کوڕە گەنجە لە گەندەڵیی و شەراکەت لەگەڵ بەرپرسە پارەدارە دزەکاندا شەراکەتی نییە. لە ڕاستیدا ئەوەی ئەم بەڕێزانە باسیان کرد سەلماندنی ئەوە بوو کە ئەم کوڕە گەنجە سەر بە خێزانێکی کۆمەڵایەتی بەڕێزە بە مەفهومی کولتووری کوردەواری وەک یەکێک لە هاوسێکانی ئەم خێزانە باسی لێوەکرد، کە هیچ پێویست نەبوو لە چیرۆکێکی وادا ئەمە باسبکرێت و کەسیش گومانی لە پاکی خیزانی کاک شاسوار نییە. ئەوانیدیکەش ئەوەیان سەلماند کە شاسوار کورێکی ئازا و موجازیفە بە واتا پۆزەتیڤییەکەی، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە شاسوار لە گەندەڵییەوە نەئاڵاوە، یان گومانی ئەوە ناڕەوێنێتەوە کە چۆن لە چەند ساڵێکدا ئەم کوڕە گەنجە بووە بە خاوەنی سەرمایەیەکی زبەلاح کە خۆی لە سەدان میلیۆن دۆلار دەدات.
کاک شاسوار لە کۆتایی قسەکاندیا وتی: ئێستا دوو جۆر بیرکردنەوە لە بەردەستی خەڵکیدایە لەسەر ئەم چیرۆکەی من و لەسەر پڕۆژەکانی من، ئەوانەش:
یەکەم/ یان ئەوەتا خەڵک بڕوابهێنن بەوەی کە ئازایەتی و بوێری و موجازەفەیەکی پۆزەتیڤانەی خۆم بووە کە سەرکەوتنی گەورەی بۆ بەدیهێناوم، پێویستیشە خەڵکی بەم جۆرەی من بیربکەنەوە و ئازا و بوێربن لە کارەکانییاندا.

دووەم/ یان ئەوەتا خەڵک بە جۆرێکی دیکە بیربکەنەوە و بڵێن ئەمە بە خۆرای نەکراوە و لە پشتی کەوالیسەوە شتێکی نهێنی دیکە هەیە!
لە ڕاستیدا کاک شاسوار ویستی بەم کۆتا قسەیەی بە تەواوەتی گومان لەسەر تێوەگلانی لە گەندەڵ و دەستتێکەڵکردنی لەگەڵ بەرپرسە دزەکاندا بڕەوەێنێتەوە. بەڵام بە خوێندنەوەی من ئەم کوڕە گەنجە زیاتر گومانی لەسەر دەوڵمەندییەکەی خۆی دروستکرد و ئەوەی سەلماند کە مەحاڵە ئەم دەوڵەمەندبوون و ئەم پڕۆژە گەورەانە بە سەرمایەیەکی یەک میلیۆن دۆلاری بتوانرێت لە ماوەی چەند ساڵێکدا بکرێت بە سەدان میلیۆن دۆلار! بە مەرجێک تا ئێستا وەک خۆی دەڵێت و وەک وەڵامی ئیدارەی چاڤی لاند بۆ خاوەن سەهمەکان هێشتا قازانجەکان دیار نییە، هەموو سەرمایە و قازانجەکان خراونەتەوە گەڕ و چونەتەوە ناو وەبەرهێنان!
ئەمانە پرسیاری جددین لە کاک شاسوار و لە جیرۆکەکەی:
ــ لە وڵاتێکدا کە هیچ کەس ناتوانێت دەوڵمەند بێت و ببێت بە سەرمایەدارێکی زەبەلاح ئەگەر لەگەڵ بەرپرسە دزەکانی دەسەڵاتی سیاسییدا شەریک نەبێت، چۆن کاک شاسوار توانی خۆی لەمە ڕزگار بکات و کەس شەریک نەکات؟

ــ چۆن بە سەرمایەیەکی یەک میلیۆن دۆلاری لە دوای چەند ساڵێک ئێستا پرۆژەکانی کاک شاسوار وەک خۆی لە ڕوونکردنەوەیەکی پێشووتریدا باسیکرد خاوەنی سەدان میلیۆن دۆلارە؟

ــ ئەی ئەگەر ئەم کوڕە گەنجە هێندە پاکە و هەموو پڕۆژەکانی بە موجازەفە و ئازایەتی خۆی کردویەتی بۆچی هەوڵی تیرۆرکردنی درا و لەو هەوڵەدا خۆشبەختانە ڕزگاری بوو، بە بریندار بوونی کۆتایی هات؟ ئایا ئەمە ململانێی نێوان بەرپرسە دزەکان نەبوو؟ ئاخر کورێکی گەنجی پاکی وەک کاک شاسوار بۆ دەبێت تیرۆربکرێت!، لە کاتێکدا کە زۆربەی شاهیدحاڵەکان شاهیدی دەدەن لەسەر پاكێتی خۆی و خانەوادە بەڕێزکەی. ئایا دەکرێت بڵێین ئەمە تەنها ئیرەیی بووە لە کاک شاسوار و لە دەوڵەمەندیەکەی؟

ــ کاک شاسوار لە چیرۆکەکەیدا بۆچی باسی قازانجی پڕۆژەکانی نەکرد؟ خۆ ئەگەر قازانجی نەکردوە ئەی ئەو هەموو سەرمایە و وەبەرهێنانەی لە کوێوە هێناوە؟ لە کاتێکدا هەموو خاوەن سەهمەکان کە هاوبەشیانکردووە لە چاڤی لاندا ناگاتە دە میلیۆن دۆلارێک، ئەی خۆ کاک شاسوار کاتی خۆی وتی ئێستا ئەم پڕۆژانە بایی نزیکەی ٦٠٠ میلیۆن دۆلار دەبێت! ئەم پارە زەبەلاحە لە کوێوە هات؟ ئایا دەکرێت جێگەی باوەڕ بێت لە چەند ساڵێکدا یەک میلیۆن دۆلار بکرێت بە ٦٠٠ میلیۆن دۆلار؟
ــ کاک شاسوار لە ڕوونکردنەوەیەکی پێشووتردیا هەر لە کەناڵەکەی خۆیەوە(ئێن ئاڕ تی)، وتی من خاوەنی ١٠٥ میلیۆن دۆلار بووم کە دەستم داوەتە ئەم کارە، کەچی ئێستا خۆی و شەریکە سەرەکییەکەی دەڵێن ئێمە هەرچۆنێک بێت! توانیمان یەک میلیۆن دۆلار دابین بکەین و دەستبکەین بە پڕۆژەکەمان، ئەمە چەندی بە چەند، تۆ بڵێی کاک شاسوار هەموو خەڵک بە گەمژە و گێل بزانێت، وابزانێت هەموو خەڵک تووشی لە بیرچوونەوەیەکی زۆر خراپ بووە و قسەکانی یەکەمجار و یەکەم ڕوونکردنەوەی کاک شاسواریان بیرچوبێتەوە! ئەم قسانەی کاک شاسوار هەموویان ناکۆک بوون لەگەڵ یەکتریدا.
ــ بۆچی کەناڵی نالیا سوتێنرا؟ ئایا ئەمە دەچێتە عەقڵەوە کە خەڵکانێک ڕقیان لە کاک شاسوار بووبێت و ئەم کەناڵەیان سوتاندبێت! خۆ کەناڵی نالیا هێشتا نەکەوتبووە ئیشکردن و ڕەخنەگرتنێکی جددی لە حکومەت و یەکێتی و پارتی تا بڵێین ئەوە ئەوان بوون ویستیان ئەم کەناڵە نەکەوێتە ئیش. ئەگەر ئەمە ململانێی نێوان بەرپرسە دزەکان نەبوو، ئەی چیی بوو کاک شاسواری بەڕێز؟ ئەی هەر خۆتان نەبوون وتتان داوایان لێکردووین کە ئەم کەناڵە بفرۆشینەوە بە بەرپسێکی حیزبیی بە ٢٠ میلیۆن دۆلار؟ ئەگەر ئەم پێشنیازی کڕینەوەیە لە ململانێی نێوان بەرپرسە دزەکانەوە نەبوو ئەی لە چییەوە سەرچاوەی گرتبوو؟ تۆ بڵێی هەموو حیزب و هەموو کەسێک ڕقی لە کاک شاسوار بێت!.
ــ پرسیارێکی ترم لە کاک شاسوار ئەویە، هۆکار چی بوو کە کاتێک هەندێک لە خاوەن سەهمەکان هاتەنە بەردەرگای سەرەکی چاڤی لاند و خۆپیشاندانیان کرد، چۆن وا کوتوپڕ و دەستبەجێ ئاسایش و پۆلیس فریاتان کەوتن و ئەم کەسانەشیان تۆمەتبارکرد بەوەی کە گێرەشێوێنن، ئەگەر ئەمە بە ئیعازی بەرپرسە شەریکەکانت نەبووە ئەی خۆ بەرپرسی ئاسیاش و پۆلیس برای باوکت نین، تا ئەمەت بۆ بکەن. ئەی بۆ لەسەر تیرۆرکردنی دەیان رۆژنامەنووس و چەندین ئاژاوە و ژن کوشتن وا دەستبەجی پۆلیس و ئاسایش ئامادە نابن؟
هیوادارم کاک شاسوار سنگی فراوان بێت بەرامبەر بەم ڕەخنە و پرسیارانەی من، کە دڵنیام ڕەخنە و پرسیاری هەزاران کەسە. ئەمانەی من باسمکردوون هەموویان لە گومانەوەیە و گومانکردنیشمان مافی خۆمانە.
حەزیش دەکەم ئەوە بڵێم کە لەمەودوا هەموو کەس دەبێت لەم دەوڵەمەندانە خۆشنەبێت کە گومان هەیە لەوەی کە شەریکی بەرپرسە دزەکانن.

جیهاد محەمەد
٠٤/٠٩/٢٠١٦




 

           

 

04/09/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com