هەمووتان ڕاست دەفەرموون تەنها کۆمەڵگا نەبێت
کامەران چروستانی




بیست و پێنج ساڵە کۆمەڵگای کوردی بەڕێوەبردنی خۆی لەژێر دەستی خۆیایەتی، هەر سەرکردە و سیاسەتمەداری کورد بوون کە ڕێگەنەخشەی ئەم بەڕێوەبردنەیان دانەوە و هەتا ئێستاش درێژەیان پێ داوە، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەێنێت کە ئەم سیستمی بەڕێوەبردنە لەژێر کاریگەری سیاسەتی جیهانی و فشاری وڵاتانی دراوسێدا نەبووبێت یان نەبێت، بگرە بە پێچەوانەوە پێش هەموو شتێک کاریگەریی پێگەی جوگرافی هەرێمی کوردستان گەلێک جار هۆکار بووە بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتی کوردی بە ناچاریی ملکەچ بێت بۆ داواکاری وڵاتانی دەوروبەر.
وەلێ کێشەکە لە هەموو ئەوانەی سەرەوەدا نییە و بگرە کۆمەڵگای کوردی گەلێک کات تێگەیشتنی هەبووە بۆ ئەو بارودۆخەی دەسەڵاتی کوردی حوکمی هەرێمی تێدا دەکات، بگرە هەر ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا هەتا ئەم ساتەوەختەش گەلێک کێشەی ناوخۆیی هەرێم قوت بداتەوە و لەبیر خۆی بباتەوە، بەڵکوو بنچینەی کێشەکە بریتییە لەوەی لەناو واقیعی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و دەسەڵاتدارانی کوردیدا دەگوزەرێت، کە هەمان سیستمی گەلێک لە وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتمان بەبیر دەهتینێتەوە، کە تیایاندا تەنها دەسەڵات، دەسەڵاتداران، حیزب و سیاسەتمەدارەکان ڕاستگۆن، ئەو لایەنەش کە لە سەرجەم هەموو بابەتەکان حاڵی نابن بریتییە لە سەرتاپای کۆمەڵگاکە.
بە درێژایی بیست و پێنج دانە ساڵ، کە نەوەیەک تیایدا پێگەیشتووە و هاتۆتە ناو مەیدانی خزمەتکردنی کۆمەڵگاوە دەسەڵاتدارانی کورد تەنها لەسەر بنەمای پاساو و چەواشەکاری و دۆزینەوەی هۆکاری بێ بنەما ئەم هەرێمە بەڕێوە دەبەن. قەیران و گەندەڵی بوون بە بەشێکی گرنگ لە سیستمی بەڕێوەبردن و سەرجەم شادەمارە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدارێتییان گرتۆتەوە و لە لوتکەی دەسەڵاتیشدا لە لوتکەدان.
پاش بیست و پێنج ساڵ هیچ شادەمارێکی ئابووری لە هەرێمدا نییە ئەگەر قۆرخ نەکرابێت، بوارێکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا نییە ئەگەر ڕووبەڕووی کێشە و قەیران نەبووبێتەوە، کوڕ و کچی دەسەڵاتدار نابینین ئەگەر نەبووبێت بە ئەستێرە گەشەی دەسەڵاتی کوردی. سەرباری هەموو ئەمانەش خاڵە لاوازەکان و گەندەڵییەکانی ئەم سیستمی دەسەڵاتەی بێ سیستمە جاروبار لێرە و لەوێ دەردەکەون، کە تیایدا ئەم لایەن کارتە شاراوەکانی ئەو لایەنە دەخاتە ڕوو، ئەم تۆمەتبار لەلایەن فڵان لایەنەوە پارێزراوە، ئەو بڕە پارەیە لەلایەن فڵان کەسەوە دیار نەماوە، تانکەرە نەوتەکانی ئەم یان ئەو بەردەوام لەبەر چاوی حکومەت و هەموو حیزبەکاندا دەبرێنە دەری وڵات و . . . هتد بگرە هەندێک جار هەڵدانەوەی پەڕەکانی یەکتر و دەرکەوتنی ڕاستییەکان سنووری مۆراڵی کۆمەڵایەتیش دەبەزێنێت.
گرنگ ئەوەیە دەسەڵات بە بەردەوامی شکستەکانی خۆی بە دەستکەوت و پێشکەوتن لە قەڵەم دەدات، کەسی بێ توانا بە ئەندازیار و پلانداندەر نمایش دەکات، بۆ هەندێک پرس گوێی لە هیچ نییە و هیچیش نابیستێت، بۆ هەندێکی دیکە پاساو و چەواشەکاریی ماشێنی میدیایی خۆی دەخاتە گەڕ، هەندێک پرسی دیکەش دەخاتە ناو نێوان دوو کەوانەی نکوڵیکردن و ڕەتکردنەوەوە: هەموو جارێکیش و لە هەموو بۆنە و قەیرانێکدا شەهیدانی کوردستان دەکەن بە ئامێرێک بۆ ڕاکێشانی سۆزی کەسانێک و لایەنگرەکانی خۆیان، لەلایەکی دیکەش بۆ ئەوەی بۆ کۆمەڵگای دەربخەن: ئێمەین بە خوێن ئەم دەسەڵاتەمان کەوتۆتە دەست، هەروا بە ئاسانیش دەستبەرداری نابین.
نەبوونی موچە باشترین نموونەیە کە دەتوانرێت بۆ ئەم مەبەستە بخرێتە ڕوو: دەسەڵات بە بەردەوامی باس لە "خۆڕاگریی" تاکی کورد دەکات بەرامبەر بە قەیرانەکان: ئەوان لە لوتکەی دەسەڵاتەوە لەبری خەڵکی بڕیار دەدەن و لە هەمان کاتدا گوێیان لە هەموو ئەو ناڕەزاییانەی خەڵکی نییە، کە بژێو بەو شێوەیە ناتوانێت بەردەوام بێت لە کاتێکدا هەمان ئەو دەسەڵاتدارانە چەندین ملیۆنی داهاتی مانگانەیان ئەگەر زیادی نەکردبێت ئەوا بە هیچ شتێک کەمی نەکردووە.
هەموو ئەمانە کۆمەڵگا دەخاتە بارێکەوە کە بڵێین: بەڕێزان ئێوە ڕاست دەفەرموون، ژیان ئەو بەهەشتەیە کە خۆتان لە تەلارەکانی خۆتانەوە و لەپشت ئۆتۆمبێلە جامڕەشەکانەوە وێنای دەکەن، ئێوە ڕاستگۆن، ئێوە دڵسۆز و نیشتمانپەروەرن، ئێوەن لە ڕاستییەکان تێدەگەن و شتەکان بە واقیع دەبینن. ئەوەی لێرەدا و بە بەردەوامی هەڵەیە ئەو کۆمەڵگایەیە کە بە هەڵە گومانی لەسەر ڕاستگۆییتان هەیە، گومانی لە داهاتتان هەیە، هەر بە هەڵە گومانی لە هزر و توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایەکتان هەیە لەلایەن خۆتان و نەوە و هەموو دەروێشەکانی دەوروبەرتانەوە، ئێوەن کەمینەیەکی دەسەڵاتدار لە لوتکەی کۆمەڵگاکەدا کە لە سەرتاپای کۆمەڵگاکە دەگەن، ئێمەین زۆرینەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا کە تێگەیشتنمان بۆ ئێوە نییە و ناتوانین بلیمەتی و بەهرەکانی ئێوەی بەڕێز بە ڕاستی هەڵبسەنگێنین. هەر نەسازانی ناو کۆمەڵگاکەیە هەموو ئەم قەیران و کێشانەی نەک تەنها بۆ کۆمەڵگا بەڵکوو بۆ ئێوەی بەتواناش دروست کردووە.
ببورن بەڕێزان، ئێوە هەمیشە ڕاستییەکان دەدرکێنن، بەڵام کۆمەڵگایەکی نادروست ناتوانێت لەو ڕاستییانەی ئێوە تێبگات: بەردەوام بن چونکە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەو توانا بێ سنوورەی خۆتانەوە کۆمەڵگا هەر دەگەێننە "ئەو کەنارەی خۆتان دەتانەوێت".


 

           

 

04/09/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com