تێبینی:
ئه‌م نووسینه بیست و پێنج ساڵ پێش ئێستا نووسراوه،
له ژماره ( 2)ی ڕۆژنامه‌ی (ڕاپه‌ڕین)دا، تشرینی یه‌كه‌می
1991 بڵاوكراوه‌ته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌كه
زۆر ناوخۆیی بوو، له شه‌قڵاوه ده‌رده‌چوو، به‌شێوه‌یه‌كی
دیاریكراویش دابه‌ش ده‌كرا. دووباره بڵاوكردنه‌وه‌ی،
به لێزیادكردن و ده‌ستكارییه‌وه به پێویستییه‌ك ده‌زانم
بۆ پیشاندانه‌وه‌ی تێڕوانینی سه‌ره‌تایی خۆم بۆ شیعر و
شیعرییه‌ت. ئه‌م خۆبوونییه فراوانتره له‌وه‌ی من له
باره‌یه‌وه‌ی دواوم. له بنه‌ڕه‌تدا یه‌ك خۆبوونییه.
بریتییه له په‌نجا پارچه، یان تابلۆ، به‌ڵام له
كاتی جیا جیادا نووسراون و كێشراون. له ژێر سێ
ناونیشاندا پێشكێش كراون. هێزی شیعر و ده‌ربڕین و
شیعرییه‌ت له هه‌ر په‌نجا پارچه‌كه‌دا له یه‌ك
ئاستدان، به‌ڵام هێزی هارمۆنی و ده‌قئاوێزانی شێوه‌كاری
له بیست و پێنج پارچه‌ی (ئه‌زموون)دا به هێز و به‌رجه‌سته‌تره
له دوو به‌شه‌كه‌ی تر.
1- ئه‌زموون: بریتییه له بیست و پێنج پارچه. ساڵی
1985 - 1987 نووسراوه، له گۆڤاری (ڕۆژی كوردستان)،
ژماره (72)ی ساڵی 1986 بڵاوكراوه‌ته‌وه.
2- شتێك له مێژووی ئاوابوون: بریتییه له یازده
پارچه. ساڵی 1989 نووسراوه، له گۆڤاری (به‌یان)،
ژماره (166)ی ساڵی 1990 بڵاوكراوه‌ته‌وه.
3- په‌راوێز: دوو به‌شه، به‌شی یه‌كه‌م بریتییه له
پێنج پارچه. ساڵی 1986 نووسراوه. به‌شی دووه‌م
بریتییه له چوارده پارچه ساڵی 1988- 1989 نووسراوه،
له گۆڤاری (به‌یان)، ژماره (157)ی ساڵی 1989
بڵاوكراوه‌ته‌وه.
كۆی هه‌ر سێ به‌شه‌كه، هه‌وڵێكن بۆ چوونه ناو
تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه له شیعری
نوێی كوردیدا، كه به تێڕوانینێكی شێوه‌كاری نووسراوه:
(عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج) له ژماره (68) ی حوزه‌یران و ته‌ممووزی
1978ی گۆڤاری (ڕۆشنبیری نوێ) به‌ناونیشانی: (میهره‌جانی
ڕه‌نگ و هێڵ له پێشه‌نگای نالی دا) ئه‌مه‌ی وه‌ك
دیارده و ڕووداوێك له شیعری كلاسیكی كوردیدا هێناوه‌ته
به‌ر هه‌ست و بینین و له‌مه‌ی كۆڵیوه‌ته‌وه، كه (نالی)
سوودی له هونه‌ری شێوه‌كاری وه‌رگرتووه. ئه‌م ئه‌زموونه
(جیاوازه) له سوود وه‌رگرتن، به‌ڵكو به جیهانبینیی
شێوه‌كاری نووسراوه. نه‌ژاد خاوه‌نی: (كرۆكیجوانی -
ئێستێتیكا)ی شیعر و شێوه‌كارییه، گونجانی ئه‌م دوو چه‌شنه‌ی
پێشكێش كردووه، ئاكو ئێستا شه‌ش پێشه‌نگای كۆلاژیشی
كردووه‌ته‌وه. وه‌ك هاوگونجاندنی چه‌شن له ماڵ و
كتێبخانه‌كاندا هه‌ڵده‌گیرێت و ده‌مێنێته‌وه، هه‌موو
دیارده و ڕووداوێكیش ئه‌فسانه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌یه
و تێیدا ده‌ژی، به‌ڵام له پاش بیست و پێنج پارچه‌ی یه‌كه‌مدا
ئه‌زموونه‌كه‌ی تاڕاده‌یه‌ك ده‌وه‌ستێنێت و په‌ره‌ی
پێنادات، تا وه‌ك دیارده و ڕووداوێك بناسرێت و ته‌ماشابكرێت.
1\10\2016 هه‌ولێر
* * *
(وه‌كو په‌مۆ:
له قۆزاخه و
له مه‌كینه و
له دار هه‌نه‌یشدا ده‌ژی
تا ئه‌وه‌ی له په‌رداخێكیش نقوم ده‌بێ
ده‌ریا هه‌ستێ ناگاته گوێزینگانی)
له په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسه‌وخۆ و زۆر تایبه‌تدا، به‌فریشم
به لووتكه‌ی سه‌رفرازی و چاوی سپی و هه‌مه‌ڕه‌نگی
دنیای تیشكداری نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌م وه‌ك لافاوی
ژیله‌مۆ و چپه‌ی ناخ و له‌رزه‌ی گیان و كۆی ژیان دیوه
و بۆیان دێمه خوارێ، به‌تاسه‌یانه‌وه ده‌نووم به
نیازی خه‌ونێكی ده‌سگیر. نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌م، كه‌ی
له واقیعێكی هه‌مه‌ڕه‌نگدا ده‌تانبینم، لێوتان باوه‌شێ
خه‌نده و چێژی ماچ و زمانتان مژده‌ی په‌یام بگه‌یه‌نێت.
تا ئه‌م كه‌سانه‌ی ئه‌مڕۆ كه‌مێ بیر له ناداهاتووی
ئێستایان بكه‌نه‌وه، كه دوێنێ له لاپه‌ڕه‌كانی
كتێبی كۆی ژیان و زه‌مینه‌ی مێژوویییه‌وه خزان و له
زۆر بڵێیی قه‌ڵه‌م هاڕمۆن ناشیرینی ده‌سمایه‌یانه. ئه‌وه‌ی
هه‌ڵه بكات ده‌بێ بڕوای به سزاش هه‌بێ. كه‌چی ئه‌م
ڕووه هه‌ڵبزڕكاوانه ئێستا قه‌ڵه‌میان له قه‌ڵه‌متراشی
كاروانسه‌را و كاروانه‌ڕێ تیژ ده‌كه‌ن، لاریش له‌وه‌دا
نییه قه‌ڵه‌مه سارده‌كان له گه‌رمایی ده‌تاوێنه‌وه،
به‌رده‌وامییان له بوونیان نه‌زۆكتره.
(ئاوێنه‌كان به دیواره‌وه شكاون..
هه‌تاو ڕووته، سایه بۆشه
پێینگانی كچی ئاسمان
داری حه‌سره‌تی لێ ڕوواوه)
ناخ په‌رتكردن، كاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ت ڕووه‌و كزی و
ئاواره‌یی ده‌بات. ڕوونتر مه‌به‌ست دیار بكه‌ین، له‌بارتره
ئه‌دیب له كاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی خۆیدا جێگۆڕكێ نه‌كات،
چونكه ڕامان ناردن به‌ملاوبه‌ولادا له گرینگییه‌تیی
كاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ت داده‌شكێنێ و ناخت گران ده‌كات.
بۆ وێنه، تۆ جووڵانه‌وه‌ی شیعرێكی نوێبه‌خشت له
ڕامانتدا ده‌سته‌مۆ كردووه و ئه‌ندازه‌ی دوورییه‌كانت
پێواوه و جه‌مسه‌ره‌كانت كۆكردووه‌ته‌وه، له هه‌مان
ته‌وه‌ری كات و شوێنی پاڵه‌وانی ئه‌م شیعره‌ی تێدا به‌ڕێوه‌ی
بۆ ماڵی نووسین. خه‌ریكی وه‌رگێڕانی شیعرێكی، ئه‌م وه‌رگێڕانه،
به‌شێك له بنه‌ڕه‌تیی شیعره نوێبه‌خشه‌كه‌ی خۆت له‌ناو
شیعره وه‌رگێڕدراوه‌كه‌دا ده‌توێنێته‌وه. وه‌رگێڕیش
ئه‌م ده‌قه ئه‌ده‌بییه وه‌رده‌گێڕێت، له‌گه‌ڵ ناخی
خۆیدا له چه‌ند خاڵێكدا یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌كی گیانییان
نێوانه و به‌شێك له كاره زیندووه هه‌ستییه‌كانی
جێنشینی هه‌رێمی ڕامانییه‌تی.
به ڕوویه‌كی تر، ئه‌و ئه‌دیبه‌ی فرمێسكی چرای
تێڕوانینی له چه‌ند كارێكی ئه‌ده‌بیدا ده‌ڕژێنێ، بای
ڕۆشنبیرییه‌كی كاریگه‌ر به‌روبوومی ڕه‌ز و بێستانی هه‌وڵه‌كانی
ده‌خاته لار و له‌نجه‌ی به‌رده‌وامی، ده‌نا كاره‌كانی
ده‌چنه خانه‌ی ئه‌ده‌بی ڕۆژانه و هه‌ناسه‌ی ئاینده
له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و سه‌ره‌نجام، له مێژووی داهێناندا
هه‌وڵ به‌تاڵ ده‌مێنێته‌وه.
له‌م چه‌ند دێڕه‌دا ده‌مه‌وێ و ویستوومه په‌نجه
ڕووناكی ئه‌م چه‌ند هێما جێگیرییانه بكه‌م هه‌ر له
سه‌ره‌تای خوێندنه‌وه‌م لا دروست بووه. شاعیری: (شتێك
له مێژووی ئاوابوون) له چه‌ند لكێكی تریش كار ده‌كات
و ناخی به‌م لایه‌نانه‌دا په‌رت كردووه، به‌ڵام
تارمایی، گیانی زه‌رد نه‌كردووه و نیانیی داهێنانی
ڕووه‌و ڕه‌نگڕێژتر سه‌رده‌خا به‌ره‌و بڵندبوونه‌وه‌ی
خودی بابه‌ته كاریگه‌ره‌كان و تێكڕای جیاوازییه‌كانی
ڕه‌گه‌زه پێكهێنه‌ره‌كانی گه‌ردوون. ئه‌مه‌ش كۆكردنه‌وه‌یه‌كه،
كه‌م په‌نجه‌ی نووسین ده‌توانێت و توانیویه‌تی له
سێبه‌ری فیكر و ده‌سه‌ڵاتی داهێناندا ئه‌مانه كۆبكاته‌وه
و وه‌ك داهێنانیش وه‌ربگیرێت و لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێت:
١ــ شیعر
2- كۆلاژ
3ــ ڕۆژنامه‌گه‌ری
4ــ وه‌رگێڕان
5ــ ڕه‌خنه‌ی ئیتنباعی
6ــ لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری و ئاركیۆلۆژی.
* * *
ئه‌م خه‌سڵه‌ت و خاسییه‌تانه‌ی له: (نه‌ژاد عه‌زیز
سورمێ)ی ئێمه‌دا دیار كه‌وتوون، به هه‌مان شێوه له:
(پۆل شاوڵ)ی عه‌ره‌بیشدا دیارن. هه‌ردووكیان ڕۆحی كۆمه‌ڵگا
و كولتووری خۆیان ناسیوه و مایه‌ی دڵخۆشین و ده‌قه‌كانیان
ئاره‌زووشكێنن. كه‌سی دووه‌م، كه خوێنه‌ره. دووچاری
ڕامان و وردبوونه‌وه‌ی گیانی و سه‌رسووڕمان ده‌كه‌ن.
ئه‌وكاته‌ی له سینگی كۆشیعری: (تاڤگه‌ی مه‌ند - 1987)
دا هه‌ناسه‌ی ئۆخه‌م خوارده‌وه، باری سه‌رنج و
تێڕوانینم له چه‌ند لاپه‌ڕێكدا گرد كرده‌وه، له‌ژێر
ناونیشانی: (وێنه‌ی مه‌ند له تاڤگه‌ی مه‌ند)دا، فلچه
و په‌ڕه‌مووچی تواناداری ئێستێتیكیم له شیعره‌كاندا
جووڵاندبوو، له هێڵی ئه‌م ڕاوه وردانه گه‌ڕابووم،
تیشكدانه‌وه‌ی ئاوێنه و سێبه‌ری فیكر و نموونه‌ی هونه‌ری
باڵای شاعیر بوون، به‌ڵام ئه‌فسووس له ڕۆژنامه‌ی: (هاوكاری
و هه‌فته‌نامه‌ی پاشكۆی عێراق)دا ده‌رگای گه‌یاندن به
خوێنه‌رانی له ڕوودا به‌سترا.
كێ تاڵاوی خوارد؟
كێ تاڵاوی خو؟؟
كێ تاڵاو..؟؟؟
كێ تاڵ..؟؟؟؟
كێ ت..؟؟؟؟؟
ك..؟؟؟؟؟؟؟
ئه‌م شیعره ڕسته‌یه‌كی ئه‌ماژه‌یییه. خۆی، خۆی ده‌خواته‌وه.
ئێجگار ئه‌ندازه‌یی و شێوازییه. به وریایی و ئاگاییه‌وه
دۆخی ڕۆحی كۆمه‌ڵگای كوردی و كوردستان‌مان وه‌ك ته‌لارێكی
نیشته‌جێبوون له‌ناو شه‌ڕی ناوه‌خۆدا پیشان ده‌دات،
ورده‌كاری بیناسازی تێدا به‌كارهاتووه، وردبوونه‌وه‌یه
له دیارده و ڕووداوێك. دیاره و رووداوه‌كه‌ش شه‌ڕی
ناوه‌خۆی شاخه، له ده‌ستپێكدا پرسیاره، پرسیار له
ناوێك، ( كێ تاڵاوی خوارد). له پێكهاته‌ی شیعره‌كه‌دا
وشه وشه ده‌خواته‌وه، له كۆتاییشدا ته‌نیا وشه‌ی
(ك) ده‌مێنێته‌وه، هێمایه بۆ ناوی (كوردستان)، به
زمانی نهێنی وه‌ڵامێكی هێمنه بۆ پرسیاری ده‌ستپێك.
(ئه‌وان تینی كووره‌ی ده‌فیو
ئێمه شه‌خته..
ئه‌وان گیا
ئێمه‌ش به‌رخی دوو باقه‌گیا..)
ئه‌مه ئاماژه‌یه بۆ برایه‌تی: (كورد و عه‌ره‌ب)، له
دوو نیشتیمانی به‌زۆر سه‌پێندراو و به‌یه‌كه‌وه
لكێندراودا. هه‌م له ئاستی مامه‌ڵه‌ی فیكری، هه‌میش
له ئاراسته‌ی نیانی زمان و شیعرییه‌تدا، جیاوازه له‌و
برایه‌تییه‌ی: (گۆران و له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) له ده‌قه‌كانی
خۆیاندا وه‌ك ته‌بایی و هاوگونجاندنی ژیان باسیان
كردووه.
ده‌قی: چیرۆكێكی برایه‌تی، دیوانی گۆران، ل: 320.
ده‌قی: داستانی برایه‌تی دوو ڕووبار، دیوانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت،
ل: 495.
(ئه‌وه هه‌ناسه‌دان نه‌بوو
ئه‌وه ڕمانی چیا بوو..
چه‌خماخه‌ی هه‌وره‌تریشقه و
فڕینی هه‌موو چۆله‌كه و كۆتره‌كانی دنیا بوو.
ئه‌وه هه‌ناسه‌دان نه‌بوو.)
ئه‌مه‌ش خاڵی وشیاركردنه‌وه و ڕاگه‌یاندنی كاره‌ساتی
هه‌ڵه‌بجه‌یه، به‌هایه‌كه بۆ یاخیبوون. شیعری كوردی
به‌ری كاره‌ساتی هه‌مه‌جۆری نیشتیمان و نه‌ته‌وایه‌تیمان
بووه. شیعریش له هه‌موو بار و سه‌رده‌مه‌كاندا وه‌ك
بوونێكی فیكری له ئاست ڕووداوه دیار و نادیار و مه‌ییوه‌كانی
نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌دا بوونی خۆی له چوارچێوه‌ی
ئێستێتیكیدا نمایش كردووه.
به‌شێك له شاعیران، ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بوون له ئاست
ئه‌م به‌گژداچوونه فیكرییه‌دا، به‌هه‌مان شێوه
شیعریش به‌ردی شووره‌ی سه‌نگه‌ر بوونه، هه‌موو كات
گولله‌ی دیكتاتۆر له‌م به‌رده‌دا سارد بووه‌ته‌وه و
ملكه‌چ بووه. له‌ناو ئه‌ده‌بی ئێمه‌شدا چه‌ند شاعیرێك
ئه‌و به‌رده بوونه، وه‌ك: جه‌میل ڕه‌نجبه‌ر، دڵشاد
مه‌ریوانی، جه‌لالی میرزا كه‌ریم، شێركۆ بێكه‌س، سامی
شۆڕش، فه‌رهاد شاكه‌لی، ڕه‌فیق سابیر، مارف عومه‌ر گوڵ،
هه‌ندرێن.....تاد، (شتێك له مێژووی ئاوابوون) ئه‌و
مووچڕكه‌ی دامێ، كه من له شیعردا ده‌مه‌وێ و
چاویشی پێ ڕوونكردمه‌وه، له ناوه‌وه‌م ڕابمێنم و له
سنووری جووڵانه‌وه‌ی پاڵه‌واندا، یه‌كانگیربوونی
ئێستێتیكا و مانا و بنیاد و زمان ڕوونی ببینم.
١ــ وشه‌ی ئاسایی، به‌ڵام ڕۆڵێكی تر به وشه ده‌دا و
مۆسیقای جووڵانه‌وه‌ی پیت گوێ ئارام ده‌كات، شیعری
بێگه‌رد به وشه‌ی ناو ژیان ده‌نووسرێت و په‌یوه‌ندی و
گونجاندنی نێوان وشه ده‌دۆزێته‌وه و هێز ده‌داته
وشه، ئه‌مه گرینگ‌ترین خاڵی بینینه بۆ داهێنان، ئه‌وه‌ی
به وشه‌ی ناو فه‌رهه‌نگان بنووسێت، ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نی
نووحیشی هه‌بێت و ژوورێك كتێب كه‌ڵه‌كه بكات. ته‌نیا
نووسین و خۆ به‌فیڕۆدانه، داهێنان نییه.
٢ــ وێنه‌ی ڕوون و تا ڕاده‌یه‌ك ئاشكرا، بنیاد و كه‌ش
و هه‌وای وێنه‌كان ناده‌سته‌مۆ و خورپه‌دار ده‌كات و
شوێنی كاته ناكاته‌كانی تێدا به كراوه‌یی جێده‌هێڵێت.
٣ــ زمانی له فۆرمێكی بێ گرێ، له به‌شه‌كانی وێنه‌دا
چالاك و هه‌ستیار كردووه.
٤ــ یه‌ك گیانیی بابه‌ت له سه‌ره‌تای شیعردا تا
كۆتایی سه‌ره‌داوی بابه‌ت به‌رنادا، تا به خوێنه‌ری
ده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌م كات سه‌ره‌داوه‌كه بۆ خوێنه‌ری
نموونه‌یی جێی ده‌هێڵێ.
ئه‌م چه‌ند جووڵانه‌وه شیعرییه هێمائامێزه ڕووی
دیار و نادیاری كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی داهێنان و
پێویستییه نیشتیمانی و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانمانه:
ئا ــ هێڵی داهێنان، شیعر و كۆلاژ.
ب ــ هێڵی پێویستییه مێژوویی و ڕۆژانه‌یییه‌كان و
هێزی خۆڕسكی داهێنه‌ر له چركه زۆر تایبه‌تییه‌كانی
نووسین و به‌رجه‌سته‌كردندا.
(شتێك له مێژووی ئاوابوون)، هه‌ردوو هێڵه‌كه‌ی هاوشان
كێشاوه بۆ نادیارییه‌كی ئێستێتیكی و خۆی له‌م خاڵ و
هه‌سته ئێستێتیكییه‌دا دووپاتكردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی
له دووپاتكردنه‌وه‌كه‌دا گرینگ و ده‌ركه‌وته‌یه
پێداگرییه بۆ ئازادی سروشتیی ئه‌ده‌ب.
28/8/1991 شه‌قڵاوه
|