رەنگەکانی نیشتیمان...
شوان عوسمان





لەناو رەنگەکانەوە هاتووم ،
رەنگەکانم تێر بوون و
ئێستا کاڵ دەبنەوە...
من کاتێک دوور ئەکەومەوە چەند کاڵ ئەبمەوە ،
ئەگەر بە رەنگی نیشتیمان نەبێ ،
لە رەنگ تێر نابم..
تا لە رەنگی ئەو پڕ ببم ،پڕتر دەبێ رەنگە کاڵ و تێرەکانم...
برسیترم دەکات گەڕانەوە ،
بۆ باوەشی...
بێرەنگم دەکات دووری ،
لە دووری ئەودا...
من تەنانەت کە سەفەرم کرد هەموو رەنگەکانی نیشتیمانم لە جانتایەک نا ،
لەخۆم لولدان وەکو جلەکانم....
تا لە رەنگی ئەوانەوە نەبم...
لە غوربەتیشدا هەر بەو رەنگانەوە ئەژیم ،
رەنگێک ئەبەم و رەنگێک دێنم...
تا رەنگێکم هەبێت ،
ئەو دێتە دەنگ هەموو رەنگەکان دەبنە من و
دەنگی نیشتیمان...
هەر رەنگێکیش بەردەم ،
دەنگێکی نیشتیمانم لێ بەرئەبێتەوە...
خۆم ئەوەرم ،
خۆریشم ئاوا دەبێ ،
لە بەرەبەیاندا...
ئێستا لە دووری ئەگەر لە رەنگیش بم ،
نە رەنگم تێر دەبێ ،
نە دەنگم دەتوانێت نێتە دەنگ...
هەر هەموویان کاڵ دەبنەوە کاتێک خەزانێک پەلکەزێڕینەکان کاڵ دەکاتەوە...
پاییزێک دێ ،
بەرلەوەی کاڵ ببینەوە ئەو کاڵمان دەکاتەوە...
تەمەن دێ لە رەنگمان دەکات ،
من بێرەنگ ئەبم ،
رەنگم کاڵ دەبێتەوە...
بەڵام هەرگیز دەنگم کاڵ نابێتەوە..
پاییز ناتوانێت بێدەنگم بکات ،کاتێک رەنگم زەرد دەبێ..
بە تەمەن و
بە غوربەتێکی زۆر زۆر درەنگ...
من بە رەنگەوە دەنگ وەرئەگرم ،
بە دەنگیش رەنگم تێر دەبێتەوە سەرلەنوێ...
تەنیا نیشتیمانە ناهێڵێت من لە رەنگ و دەنگی خۆم ببم ،
ئەگەر لە دووریش بم ،
نزیک ئەبمەوە ،
هەرچەند دوور بم....


شوان عوسمان
٧/٩/٢٠١٤


 

           

 

11/09/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com