کافری مه‌غریبی و نوکته‌ی مه‌لا هه‌یسه‌م
 
سیروان عوسمان عه‌لۆ






هه‌یسه‌م ته‌لعه‌ت (هیثم طلعت) ناوی شێخێکی گه‌نجی میسرییه‌. ئه‌و کابرایه‌ یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ی باس له‌ ئیعجازی زانستی (اعجاز العلمی) ده‌که‌ن له‌ قورئاندا. وه‌ک ده‌زانن ئه‌مڕۆ موسڵمانه‌کان له‌م ڕووه‌وه‌ بوونه‌ته‌ دوو به‌ش، به‌شێکیان باوه‌ڕی به‌ ئیعجازی زانستی هه‌یه‌ و به‌شه‌که‌ی تری باوه‌ڕی پێ نییه‌. هه‌یسه‌م ته‌لعه‌ت باوه‌ڕی پێیه‌تی و جاروبار چه‌ند شتێک له‌ زانا کافره‌کان وه‌رده‌گرێت. کلک و گوێیان ده‌قرتێنێت و ده‌ڵێ ئه‌وه‌ دۆزیمه‌وه‌، ئیعجازی زانستی له‌ قورئاندایه‌. له‌گه‌ڵ زۆر له‌ ئاته‌ئیسته‌کان، واته‌ له‌گه‌ڵ بێدینه‌کاندا گفتوگۆی کردووه‌ که‌ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌مویاندا شکستی گه‌وره‌ی خواردووه‌. بۆ نمونه‌ له‌گه‌ڵ (کافر مغربی)دا. ئه‌و پیاوه‌ نه‌ک هه‌ر له‌ دینه‌کان به‌ڵکو له‌ زانستیشدا زۆر شاره‌زایه‌. ناوی (هیشام)ه‌. له‌ گفتوگۆیه‌کدا کارێکی به‌ هه‌یسه‌م کرد، نه‌بێته‌وه‌. (کافر مه‌غریبی) شتێکی زۆر سه‌یری له‌ هه‌یسه‌م که‌شف کردووه‌ و له‌ ڤیدیۆیه‌ک دایناوه‌ که‌ بۆته‌ نوکته‌ی ڕۆژ. له‌و گۆڤاره‌ی ناوی (چارلی ئیبدۆ)یه‌ که‌ تایبه‌ته‌ به‌ کاریکاتێر بابه‌تێک بۆ نوکته‌ بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ گوایه‌ پێنج تایه‌فه‌ی ئه‌گنۆستیک هه‌ن له‌ سوێد، که‌ ئه‌گنۆستیک ئه‌وانه‌ن باوه‌ڕیان به‌ دینه‌کان نییه‌ به‌ڵام نازانن خوا هه‌یه‌ یان نا، ئه‌وانه‌ یه‌کتر ته‌کفیر ده‌که‌ن. گۆڤاره‌که‌ نووسیویه‌تی که‌سێکی ئاته‌ئیست، واته‌ که‌سێکی بێدین له‌ناو جه‌رگه‌ی ستۆکهۆڵمدا خۆی له‌ناو ئه‌گنۆستیکه‌کاندا ته‌قاندۆته‌وه‌ و هه‌ژده‌ی لێ کوشتوون. ئه‌مه‌ وه‌ک وتمان هه‌ر بۆ نوکته‌ له‌و گۆڤاره‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌. نه‌ ئه‌گنۆستیه‌کان چه‌ند فرقه‌یه‌کن و نه‌ یه‌کتر ته‌کفیر ده‌که‌ن و نه‌ که‌س خۆی ته‌قاندۆته‌وه. ته‌کفیر هه‌ر ده‌سته‌واژه‌یه‌کی ئیسلامییه‌ و بۆ نوکته‌ وتراوه‌.‌ (هه‌یسه‌م) ئه‌وه‌ی لێ بۆته‌ ڕاست و هاتووه‌ له‌ گفتوگۆدا وه‌ک عه‌یبێکی گه‌وره‌ له‌سه‌ر کافره‌کانی حیساب ده‌کات. ده‌ڵێ ئه‌وه‌ موفاجه‌ئه‌یه‌ و زۆر که‌س ئاگایان لێ نییه‌. ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ هه‌یسه‌م له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو خۆکوژییه‌ی ئیسلامی که‌ به‌ڕاستی هه‌یه‌ قسه‌ی نییه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و گۆڤاره‌ له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌کانه‌وه‌ ته‌قێنرایه‌وه‌ به‌ خه‌یاڵیدا نه‌هاتووه‌ به‌ڵام ئه‌و نوکته‌یه‌ی لێ بۆته‌ راستی و دنیای خه‌راب کردووه‌. به‌ قسه‌ی هه‌یسه‌م ئه‌گه‌ر باوه‌ڕێک خه‌ڵک بکوژێت و خه‌ڵک بته‌قێنێته‌وه‌ خراپه‌ و بۆ ئه‌وه‌ ناشێت خه‌ڵک دوای بکه‌ون. ئایا تۆ بڵێی ئه‌گه‌ر له‌ سوێد هه‌ژده‌ که‌س بته‌قێنرێته‌وه‌ خه‌ڵک نه‌یزانن؟ ئایا ئه‌مه‌ سه‌یر نییه‌ هه‌یسه‌م وه‌ک هه‌موو شێخه‌کانی تر هه‌ر ده‌م ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ خه‌ڵک ده‌ڵێن جاهیل به‌ڵام خۆی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه‌؟ یان ویستویه‌تی خه‌ڵکی پێ چه‌واشه‌ بکات؟
ئه‌مه‌ ڤیدیۆکه‌یه‌ ئه‌گه‌ر که‌سێک بیه‌وێت سه‌یری بکات و به‌ڕاستی گوێ له‌ نوکته‌که‌ بگرێت:

https://www.youtube.com/watch?v=7oeZODYYzY4

 

           

 

04/09/2016

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com