خۆشه بتوانی به‌رد بیت به‌رد
دڵی ڕه‌قی هیچ شتێ كارت لێ نه‌كا
نه مودمینی چای تاڵ بیت و
نه ناهه‌قییه‌كانی ئه‌م وڵاته ببینیت
نه گوێت له پرته و بۆڵه‌ی هیچ مه‌خلووقێك بێ و
نه چاوه بادهمییهكانی دولبه‌ر
شیعری هه‌له‌ق و مهلهقت پێ بنووسێ
***
به‌رد هه‌ر به‌رده
له هه‌ر كوێ بێ
نه سه‌نگین ده‌بێ نه سووك
ئه‌وه مرۆڤه به ناوی ئه‌وه‌وه بوختان ده‌كا و ده‌ڵێ:
به‌رد له جێی خۆی سه‌نگینه!
***
به‌رد هه‌ر به‌رده
چ گه‌وره بێ یا بچووك
وه‌لێ مرۆڤ
ده‌مێ هه‌ڕ و گیڤ بكات و نه‌یباته سه‌ر
ده‌مێ دروشمی قه‌به‌ی بێ كردار به‌رزكاته‌وه
ده‌مێ به‌ڵێنی درۆ بدات
ده‌مێ بیه‌وێ به‌ناوی پاشه‌كه‌وت
پاره‌ی میلله‌ت حه‌په‌لووش بكا
پێی ده‌ڵێن به‌ردێكی گه‌وره‌ی ده‌ست دابوویێ
كه توانای هه‌ڵگرتنی نه‌بوو
***
به‌رد هه‌ر به‌رده
چ گه‌وره بێ یا گچكه
وه‌لێ مرۆڤ
ئه‌گه‌ر ناپیاوهتییهكی گچكه بكا
ده‌ڵێ به‌ردێكی له‌سه‌ر دانێن و ئه‌هـ
ئه‌گه‌ر كه‌تنێكی گه‌وره‌ش بكات
(بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له قومارخانه تووشی
دۆڕانێكی گه‌وره بێ و زۆر ڕووقایم نه‌بێ)
ئه‌حبابه‌كانی پێی ده‌ڵێن
به‌ردێكی گه‌وره گه‌وره‌ی له‌سه‌ر دانێ و ته‌واو
***
به‌رد هه‌ر به‌رده
چ گه‌وره یا بچووك
ئه‌وه ئێمه‌ین ئه‌گه‌ر به‌ردی گه‌وره‌مان پێ نهوهشێنرێ
ده‌ڵێین ده‌ی ده‌ی
به‌ردی گچكه‌ش هه‌ر سه‌ر ده‌شكێنێ
ئه‌وه ئێمه‌ین وه‌ك بڵێی
به‌رانبه‌ر هه‌ر نه‌زانێك سه‌ت زانامان هه‌بێ
زوو زوو ده‌ڵێین
به‌ردێك نه‌زان بیخاته گۆمێ
به سه‌ت زانایان ده‌رنایه!
***
به‌رد نه ئاشتی ده‌زانێ نه شه‌ڕ
ئه‌وه مرۆڤه
به‌ردی سۆر و سپی خڕ ده‌كاته‌وه
بۆ یارییی دامه و سێڕێچكانێ
به‌ردی خڕ و پان هه‌ڵده‌گرێ
بۆ گه‌مه‌ی كێلهبهردانێ
هه‌ر مرۆڤیشه
به‌رد كۆ ده‌كاته‌وه
بۆ نێو به‌رده‌قانی و
شه‌ڕه‌به‌رد و
به‌ردبارانكردنی ئه‌وی دی
***
به‌رد هه‌ر به‌رده
نه ڕێگری ده‌كا و نه پلار له كه‌س ده‌گرێ
به‌ڵام هه‌ندێ كه‌س
به به‌ردی گه‌وره گه‌وره
سه‌ری ئه‌و شه‌قام و كۆڵانانه داده‌خه‌ن
كه ده‌چێته به‌رده‌م ماڵی به‌رپرسه‌كان
هه‌ندێ كه‌پوو بڵندی قۆشمهش
به‌ردی توانج له‌و
كڵاشخوارانه ده‌ده‌ن
كه به پاس ده‌ڵێن نێرین و
سبه‌ینانیش له‌باتی سه‌موونی ئۆتۆماتیك
نانی تیری ده‌ده‌نه منداڵه‌كانیان
***
به‌رد نه ڕق ده‌ناسێ نه ئه‌ڤین
ئه‌و ئه‌گه‌ر خوێنده‌واریشی هه‌بووایه
بڕوا ناكه‌م وه‌ك هه‌ندێ مرۆڤی ده‌م هه‌راش
كه یاداشتی ژیانی خۆی ده‌نووسییه‌وه
(ئه‌سپێ)ی نه‌ده‌كرد به (ئه‌سپ) و
(وشترمرغ)یشی به (وشتر) پیشان نه‌ده‌دا
به‌رد ئه‌گه‌ر حیزبایه‌تیشی كردبا
بڕوا ناكه‌م سیستمێكی حیزبۆكراتی داهێنابا
به ناوی دیمۆكراتی
***
هه‌ر چابوو به‌رد
وه‌كو هه‌ندێ مرۆڤی ئه‌م سه‌ر زه‌مینه‌ی ئێمه
دڵی ڕه‌ق نه‌بوو
ده‌نا كێ ناڵی له‌سه‌ر نووسینی ئه‌م شیعره‌م
سه‌رمی نه‌ده‌كرده به‌رده‌باز
...............................................................
زیاد ڕه‌شاد قادر
Zirak1974@yahoo.com
وان، 17/9/2016
|