ڕیفراندۆم و گەوجاندنی عەقڵی تاکی کورد ؟
 

  

شوانە حسن ابوبکر



هەموو میلەتێک خاوەن کلتور و نەریت و زێد وخاک و زمان و ئاینی خۆیەتی بۆیه وەک مافێکی ڕەوای خۆی ئاساییە بڕیار بدات بەکام ئاڕاستەدا ژیان بسوڕێنێت و وەک هەر میلەتەکانی تر لەپێناو فەراهەمکردنی دواڕۆژێکی گەش و پڕشنگدار بۆ نەوەکانی ئایندە.

بەڵام بەرلەهەموو شتێک پێویستە بیرکەینەوە ئایا ئەوەی لەکوردستان دەگوزەری دەتوانێت ئەو واقیعە بەرجەستەبکات لەکاتێکدا کۆمەڵێک مافیا وبازرگان بەخوێنی کوردەوە، ناویان لەخۆیان ناوە فڵان و فیسار حیزبی کوردی.

لە ئەمڕۆدا نەخشەی سیاسی کوردستان، بریتیە لە فەوزایەکی روخێنەر وماڵوێرانکەر و گەوجاندنی عەقڵی تاکی کورد ریفراندۆم ، بازرگانی وموزایەدەیە، دەوڵەتی کوردی درۆیەکی شاخدار وخۆڵکردنە چاو خەڵکە، لەکاتێکدا مسعود بارزانی و پارتی وەک دەبینین و ئاشکرایە لەلایەک وڵاتەکەی فرۆشتوە بەتورکیاو و وسنورەکانی کوردستانی داخستوە وهێزێکی داگیرکەر ودوژمن بەکوردی هێناوەتە کوردستانەوە وپەرلەمانی هەڵوەشاندوەتەوە لە بازگەکان پەرلەمانتار بەر شەق دەدات ونەوتی وڵاتەکەی بۆ ماوەی پەنجا ساڵ داوەتە تورک وتورکیش داعشی پێبەخێو ئەکات وچەکی پێدەکڕی وکوردی پێ ئەکوژێ.
داهاتی کوردستان ئەوەی لەفرۆشتنی نەوت ئەگاتە حکومەتی هەرێم جگە لەداهاتی ناوخۆ، ساڵانە 16ملیار دۆلار بەهاوبەشی یەکیەتی ئەدزرێت وموچەی لێنادرێت. داهاتی کەرکوک جگە لەداهاتی ناو خۆ وئەوەی بۆێدێت لەبەغداوە، مانگانە دە ملیون دۆلاریشیان لەهەرێمەوە بۆدێت ودۆلارێکی سەرف ناکرێت ، فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک یەک ملێون دۆلا عجزی هەیە وئیدارەی شار بردویەتی ونایداتەوە، ئیدارە دەیان ملیار دینار قەرزارە بە مقاولەکان ، وتەنانەت پارەی ریکلامی هەڵبژاردن قەرزارن بە رۆژنامەی هاو وڵاتی ونایداتەوە، ئەیشیانەوێ کەرکوک بکەنە هەرێمێکی سەر بەخۆ، لەکەرکوکیش پیاوێکی تورک هەیە بەناوی محێدینەوە، ساڵانە بە مەلاین دۆلار لە ئیش وکاری وەهمیدا وەک گەزۆ ئەخوات.

باری ئابوری کوردستان بەکەرکوکیشەوە، لە سەردەمی بەعس خراپترە، هەرچی بەر پرس هەیە لە بەڕێوەبەری ناحییەکەوە تا دەگاتە بەرپرسە باڵاکانی حکومەت وحیزبەکان . چەندین ڤێلا ومەزرعە وباڵەخانەیان هەیە ، بە پارە ورەنجی شانی خۆیان نەیانکردوە ، هەر بەرپرسێک ئەگریت دە پۆلیس یان دە پێشمەرگە لە مەزرعە وماڵەکانیان وەک کۆیلە خزمەتکاریان بۆ ئەکەن، کام لەو بەرپرسانە بگریت ئەوەندەی فەڕاشی قوتابخانەیەک لەسیاسەت نازانێت، بەر پرسی وا هەیە خۆیکردوەتە قارەمانی شەری داعش وکەچی لەیەکەم تەقەدا رائەکات، لەهەمووی سەیرتر ئەو بەرپرسانە بەر ناکەون بۆ بەرنامە ولێدوان لەکەناڵەکان وێنەگرتن لەگەڵ هەزاران کۆیلە وبڵاوکردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتێکان. راستە کۆمەڵگای جاهیل وگەمژە سەرکردەی درۆزن ودز و جەردە بەرهەمدێنێ ، ئێستا لە سەر ئەم نوسینەی من دەیان ماستاو چی وترسنۆک جنێوم پێدەدەن و دەیگەیەنەوە سەروی خۆیان، ئەمە وڵاتەکەی ئێمەیە پاسەوانی بەرپرسەوە خۆی نان نیە بیخوات کەچی زەوی بۆ بەرپرسەکەی داگیر ئەکات ودزی بۆ ئەکات ولە فەقیر وهەژار ئەدات.
هەندێک پاسەوانی بەرپرس هەیە پێش دەرچونی بەرپرسەکەی شەقام ئەگرێت وتەقە ئەکاتە بان سەر خەڵکا،

شۆڕش درۆ بوو، ریفراندۆم درۆیە، دەوڵەتی کوردی درۆیە، ئەمانە بەس لای رۆڵەی فەقیر وهەژار بوونی هەیە ودەبێت رۆژانەش دەیان گەنجمان شەهید بێت بۆ ئەوەی ماڵ ومناڵی بەرپرسەکان بەخەستی بیخۆن وموچەی بەرز وکارەبای بەردەوام فێنکی بەردەوامیان هەبێت. هەتا ئەمانە بمێنن، چاوەڕێی نەک دەوڵەت چاوەڕێی موچەش مەکەن.

شوانە حسن ابوبکر

19/09/2017

 

 

           

 

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com