ڕۆژنامەنوس و کۆیلەی حیزب

  

شوانە حسن ابوبکر





ده‌شێ نوسه‌رو رۆژنامه‌نووسی مراوغه‌كار سیاسییه‌كی درۆزن بێت ، ده‌شێ سیخورێك بێت له‌ به‌رگی سواڵكه‌ردا یان له‌ پۆشاكی خێرخوازێك كه‌ هه‌ر جاره‌و به‌ ره‌نگێك خۆی نمایش بكات ، ده‌شێ فالچییه‌ك به‌ سیمای نورانی بێت ،ده‌شێ خۆی به‌ به‌ سه‌ربه‌خۆو ئازاد له‌ بیر كردنه‌وه‌و تێرامان بشوبهێنیت ،به‌ڵام له‌ كرۆكدا كۆیله‌یه‌كی ملكه‌چپێكراوی حزب بێت !
حزب له‌ كوردستاندا بووته‌ دیوه‌خانی كۆنه‌جاش و شۆڕشگێڕه‌ فایلداره‌كان ، ئه‌مه‌ نه‌ك ئاسایی و سروشتی نییه‌، به‌ڵكو مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌رهوشیاری خه‌ڵك ، ده‌ركه‌وتنی ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م گه‌مه‌كارانه‌و هه‌ڵدانه‌وه‌ی ده‌مامكه‌كانیان ڕنگه‌ له‌ كوردستاندا زه‌حمه‌ت و ئه‌سته‌م نه‌بێت ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ مه‌ترسیداره‌ شێواندنی هوشیاری كۆمه‌ڵگاو ناشیرینكردنی په‌یامی نوسیینه‌ ، ئاخر ئه‌و نوسه‌ره‌ گه‌مه‌كارو گاڵته‌جاره‌ زیره‌كانه‌ كار له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ست و سۆزی هاونیشتیمانیان ده‌كات .
فاكته‌ری سه‌ره‌كی بۆ دروستبوونی ئه‌م جۆره‌ نوسه‌ره‌ گه‌مه‌كاره‌ كه‌ ناوی ده‌نێم (گاڵته‌جار ) خودی حزبه‌ ، چونكه‌ حزب زه‌مینه‌سازی و كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م جۆره‌ له‌ نوسه‌ری گاڵته‌جاره،‌ ناسینه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ نوسه‌ره‌ گه‌مه‌كارو گاڵته‌جاره‌ی كه‌ ئێستا بووه‌ته‌ سۆپه‌ر ڕیفۆرمخوازو سۆپه‌ر دیموكراتخواز، ئه‌گه‌ر به‌ چاوێكی دیقه‌ت و ووریاییه‌وه‌ له‌ خۆیان باكگراوه‌ندو نوسین و ژێرخانه‌ فكرییه‌كانیان وورد بیته‌وه‌ ، باش تێده‌گه‌یت كه‌ له‌ پشتی نوسینه‌كانیان لۆژیكێكی كوشنده‌و ده‌رونێكی نه‌خۆش هه‌یه‌ ، به‌ چاوپۆشین له‌ ناشاره‌زایی و هه‌ژاری و ده‌ستكورتی و موفلیسی مه‌عریفی كه‌ له‌ پاشخانی فكری و سیاسییان هه‌یانه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ كاڵفامیان له‌ ته‌وزیف و ته‌ئویلكردنی چه‌مك و كرۆكی نوسین له‌ ڕووی چۆنایه‌تیه‌وه‌ .
هه‌میشه‌ ئه‌مجۆره‌ نوسه‌ره‌ گاڵته‌جارانه‌ له‌ بری ئینتیما بۆ به‌هاو قییه‌می ئینسانبوون ، حه‌زیان به‌ كۆیلایه‌تی و ملكه‌چبوون هه‌یه‌ ، هه‌میشه‌ له‌ بری ئینتیما بۆ نه‌ته‌وه‌ونیشتیمان ، له‌خه‌می كلتوری خێڵ و هۆزو بنه‌ماڵه‌یه‌كدان ، له‌كاتێكدا پێویسته‌ چهمكه‌كانی خێڵ و عه‌شیره‌ت و هۆزو بنه‌ماڵه‌ومێگه‌ل و ره‌عیه‌ت تێپه‌ڕێنین .
ئه‌م جۆره‌ نوسه‌رانه‌ به‌یت و بالۆره‌ بۆ ئاگری شه‌ڕی براكوژی خۆشده‌كه‌ن ، ده‌بێته‌ پارێزه‌ری خۆی و حاكمی حزب ، وه‌لێ كه‌ ئاگری شه‌ڕه‌كه‌ كڵپه‌ی بڵێسه‌ی كرد ، له‌ بێده‌نگییه‌كی شه‌رمنانه‌دا بێ هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ نێو تارمایدا و له‌ پڕێكا بۆ جوگرافیایه‌كی تر هه‌ڵدێت ، ئیدی نه‌ لێدوان و نه‌پاساوی نییه‌ .

شوانە حەسەن ئەبوبەکر
21/4/2017




 

 

           

 

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com