ئێوارەی فاتیمە

  

دلاوەر قەرەداغی
 

 

من ئەوم

 ئەم ئێوارەیە سەفەرم هەیە  

بە ڕوخسەتی ئێوە

من ئەم ئێوارەیە دەچمە سەما

بیرم ناچێت بلوسە پرتەقاڵییەکەم بپۆشم

بیرم ناچێت چاوانم بڕێژم بە هەتاو

بیرم ناچێت دوو گوارە لە گوێمکەم بە ڕەنگی کچێنیی

بیرم ناچێت بە گاڵتەوە خۆم لە چۆلەکە خەواڵووەکان

تووڕە بکەم و بڵێم:

کچینە دەی چیتان کرد با بڕۆین،

گورجکەن!

من ئەوم .. ئەوێک کە بیری ناچێت

 ئەم ئێوارەیە لە سەفەردایە و 

دەشزانێ کە مرۆڤ لە سەفەردا بوو.. دەبێ

وەک بەرد بێدەنگیی بەڵەد بێ

دەبێ هێند بە مشور و وریا بێ

کە چۆن بە درێژایی ڕێگە لە خاڵێک بنۆڕێ

دەبێ بزانێت لە کوێدا وچانێک دەدا و

لە کوێدا نوکتەیەک دەگێڕێتەوە و

لە کوێدا عەشق دەکا و

لە کوێدا خۆی دەکوژێ و

لە کوێدا دەکوژرێ و

لە کوێدا لەبەرخۆیه‌وە دەڵێ: ئۆف .. خودایە   

چەند بێ تاقەت و شەکەت و تەنیام!

من ئەوم و                                                            

دڵنیام کە تەنها عاشقان دەچنە سەفەر

ئەوەی عاشق نەبێ ئەو لە کوێ و

فڕین لە کوێ؟

تەنها عاشقانن کە بەتەما نین چ کەسێک

لە دوا وێستگە چاوەڕێیانکات

تەنها عاشقانن کە هەمیشە لە سەفەردا

نەختێک ئاسمانیان پێیە بۆ موفەڕک

ئاخر ئەوان لەوەتەی هەن

دوو ماڵیان هەبووە ... ماڵێک لە بیابان و

ئەوی دیشیان لە تەنیشت باران

بمبوورە کە بەم هەموو برینەوە ماتڵم کردیت

بەم هەموو ژانەوە و بەم هەموو خوێنەوە

کە قوڵپ قوڵپ دەڕوا لە کچێنیی

لە شەوی بکوژان

لە مێژوو

بە ڕادەیەک ئێشم زۆرە کە گەرەکمە

هێند توند بزریکێنم

هەموو ئەم وڵاتە ساردەتان بهێنمە سەیر

هەموو ئەم عالەمە ساردە!

دوو باغی وەک خۆم خوێناویی دێنە ژێر باڵم

هێند دڵم پڕە کە نازانم بۆ مردن دەچم

یاخود دەمەوێ هەر بدوێم و شت بگێڕمەوە و

تا بەیانی هەر خۆشنەکەمەوە و ببارم

من ئەوم

ئەوێک کە ئیدی لە چارەی نووسرا

دەبێ تا ماوە لەسەفەردا بێ

دەبێ تا ماوە لەودیو پەنجەرەوە و لەژێر باراندا،

سڵاو بکا لەو ژنانەی کە بە غەمباریی لە دایک بوون و

بە غەمباریی مردن

سڵاو بکا

لەو ژنانەی لەوەتی هەن قژ دەڕننەوە

لەوەتی هەن بە ژانەوەن

لەوەتی هەن سەردەبڕدرێن و هەتک دەکرێن و

لەوەتی هەن لێوانلێون لە تووڕەیی

لە زریکە

لە چاوەڕوانیی و تەقەی دەرگا

من ئەوم

ئەوێک کە ئیدی لە چارەی نووسرا

دەبێ ببێتە هاوڕێی گیانی بە گیانیی ئەو ژنانەی

کە چاوانیان پڕە لە زەریای کوژراو

کە گوێیان پڕە لە چپەی خنکاو

کە گەروویان پڕە لە کۆتری گریاو

کە دڵیان پڕە لە نامەی تەرە کراو

من ئەوم

عاشقێک کە ئیدی هەتا ماوم

هەمیشە لە سەفەردام!

 

      

                                                                                        گۆتینبێرگ

سەرەتای 2002

 

 

 

           

 

23/02/2012

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com