لە یادی ٢٥ ساڵەی هەڵەبجەو ئەنفالدا
 

  

 

سەرەتا بەخێرهاتنی هەموو لایەکتان دەکەین بۆ بە دەنگەوەهاتنتان بۆ ئەم ئێوارە یادە.

بەڕێزان دەمەوێت لە دەستپێکی وتارەکەمدا بە چەند قسەیەکی عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە (عەلی کیمیاوی) دەستپێبکەم:

دەڵێت:

- من بۆ لێیان گەڕێم لەوێ بژین وەک کەر، کە هیچ شتێک نازانن. باشە ئێمە چیمان لەمانە دەست دەکەوێت؟

- من وتم لەوانەیە هەندێ کەسی باشیان تێدا بدۆزینەوە، بەڵام هەرگیز وانەبوو.

- من سەریان پاندەکەمەوە، ئەم سەگانە هەر دەبێت سەریان پانبکەینەوە.

- ئاگام لێیان بێت! نەخێر، بە بلدۆزەر دەیانکەم بە ژێر خۆڵەوە.

 

بەڕێزان:

چارەکە سەدەیەک تێدەپەڕێت بەسەر کوشتاری نەتەوەیەکدا، کە نەک هەر بەشەرەکانی بەڵکوو گوند،ماڵ ، ئاژەڵ ، چۆلەکە، شانە هەنگ ، کانی، دەغڵ و دانی، ئاسمان و شاخەکانیشی نیشانەیەک بوون بۆ لەناو چوون.

 بیست و پێنج ساڵ پێش ئەمڕۆ ژمارەیەکی بێ فەڕبووین لە هاوکێشە نێودەوڵەتێکاندا و شایانی پێناسەیەکی ئینسانی نەبووین لای زۆرێکیان.  بە هێنانەوەی دەیان پاسا و یاسای لابەلا خۆیان دووردەگرت لەو قەسابخانەیەی کە لەسەر دەستی ڕژێمێکی نەتەوەپەرستی ئەوسای عێراق بۆ کورد کرابوەوە.

لەو ڕۆژانەوە بۆ ئەمڕۆ کەسانێک لێنەبڕاوانە لە پەناماندا وەستاون و بوونەتە پردێک بۆ گواستنەوەی کارەسات و ئازار و هاوارەکانمان، ئەو ڕۆژانەی دەستمان لە دەستی ژیان ببوەوە، لەسەر ژیانی خۆیان جارێکیتر دەستیان گرێداینەوە بە ژیانەوە، ئەوانە کۆمەڵێ ئینسانی جوانن، جوانن وەک جوانێکانی سروشت، جوانن لامان وەک ئەو پیرۆزیانەی خۆشمان دەوێن.

جێگای خۆیەتی پاش تێپەربوونی 25ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی کورددا ، ئێمە وەک کورد وەک ئینسانی ئازادی خواز و ئاشتی خواز ، وەک بەرەی دژی جینۆساید لە خۆمان بپرسین، کەیسی بە جینۆساید ناساندی کارەساتی هەڵەبجەو ئەنفال چەندە کاری لەسەر کراوە و چەندە پێشەوە چوونی بەخۆیەوە بینیوە، چەندە توانراوە کۆدەنگی پەرلەمانتارانی بۆ دەستەبەر بکرێت لە پێناوی بە جینۆساید ناساندنیدا؟ چەندە تووانیومانە ڕوحی لێبوردەیی و پێکەوە ژیان لە ناو خۆمان و کۆمەڵگەی کوردستاندا بچێنین.

بە دڵنیایەوە دەڵێین کار کراوە ، وە کار و هەوڵی باشیش لە ئارادایە، هەنگاوی باشیش بەو ئاراستەیەدا نراوە. ناساندنی کارەساتی هەڵەبجە لە پەرلەمانی کەنەدا وەکوو تاوانی دژی مرۆڤایەتی بە هەوڵو تێکۆشانی دۆستی کورد جیم کارجیانیس ، هەوڵ تێکۆشانێکی باشبوو بۆ کردنەوەی دەرگایەک بە ڕووی هەنگاوەکانی داهاتوودا بۆ بە جینۆساید ناساندنی هەڵەبجەو ئەنفال، ئەو هەنگاوەی کە ئێستا بە هەوڵی جیم کارجیانیس و هەموو لایەکمان لە پرۆسەی چوونە پێشەوەی خۆیدایە بۆ پەرلەمانی کەنەدا.

بە جینۆساید ناساندنی ئەنفال لەلایەن کۆمیتەی دەرەوەی پەرلەمانی سوید و هەوڵی بردنە پەرلەمانی بەریتانیا و زۆرێک لە وڵاتەکانی تری دونیا، گرتنی کۆرو کۆنفرانس لە ناوەندە جیاجیاکاندا نیشانەی هەوڵ و کارکردنێکی باشە. سەرباری ئەو هەوڵ تێکۆشانانە، هێشتا بزووتنەوەی دژە جینۆسایدی کورد پەرتەوازەیی و ناڕێک و پێکییەکی زۆر بە کارەکانییەوە هەیە و تائێستا نەیتوانییوە هەمئاهەنگییەکی پتەو لە نێوان خۆیاندا درووست بکەن لە پێناوی کاری باشتر و ڕٶشنتردا.

بزووتنەوەی دژە جینۆسایدی کورد سەرباری کارەکانی لە دونیای دەرەوە و بە دۆکیومەنتکردنی جینۆسایدکردنی کورد، دەبێت فشاری زیاتر بخرێتە سەر حکومەتی بەغدا ، بۆ داننان بە بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کە هەڵبجە و ئەنفالی بە جینۆساید ناساند و ئەرکی ئەو حکومەتەیە قەرەبووی زیان لێکەوتووان بکاتەوە.

ئامادەبووانی بەڕێز

ئەم ئێوارەیە برینەکانی خاتوو مەریەم ساڵح ناکولێنینەوە و داوای کردنەوەی بوخچەی بوکێنێکەی لێناکەین، ئەو بوخچەیەی وەک مەرگی خۆی بە خونچەیی مایەوەو بە حەسرەتی کردنەوەوە بوو لە ماڵی زاوا.

ئێمە ئەمڕۆ ناچینە پای گلەیی و گازندەکانمان لە ئیدارەی ئەو وڵاتانەی کە بێدەنگییان هەڵبژارد بەرانبەر بەو هەلمەتی لەناوبردنەمان، کە ساڵانێکی پێش ئەو مێژووە لەلایەن حکومەتی ئەوسای عێراقەوە بریاری لەسەر درابوو. باسی ئەو وڵاتە زلهێزانە ناکەین ، کەشەری عێراق - ئێران ببوە بازاڕێکی باش بۆ ساغ کردنەوەی کاڵاکانیان، هەر بۆیە چاوی ویژدانیان بە داخراوی مایەوە لە بەرانبەر مەرگی ئەو هەزاران ئینسانەدا. گەر ناچاریش بوونایە شتێک بڵێن ، ئەوا دەیان وت ئەوە کێشەیەکی ناوخۆییە.

ئەم ئێوارەیە لانادەینە شارەکەی عومەری خاوەر بۆ هەڵدانەوەی برینەکانمان، لەم ئێوارەیەدا تووند تووند دەستەکانی ئەو کامێرا مانە دەگوشین کە تووانی ڤیستیڤاڵی مەرگی شارێک بە توونێڵی زوومی کامێراکەیدا بگەیەنێتە جیهان و هەڵەبجە بکاتە سەفیری کۆستی نەتەوەیەک لەسەر عەرشی کەلاوەی مافی مرۆڤ. ئەم ئێوارەیە باوەش بە هادی عەلەویدا دەکەین، بۆ دڕاندنی شوناسنامەکەی، چوونکە ئەو فرۆکەوانەی کە هەڵبجەی کیمیا بارانکرد، هەڵگری هەمان شوناسنامەی نەتەویی ئەو بوو.

باس لەو لەشکرە لە وەزیر و گزیر و شاعیر و بەناو دیموکراسیخوازانە ناکەین، لەو ڕۆژگارە مەرگهێنەرەی کوردستاندا چاوو گوێی خۆیان داخستبوو یان خەریکی رتووشکردنی کارە دزێوەکانی سەدام بوون.

ئێمە دەچینە لای پیتەر گاڵبرێس و چەپکێک گوڵ لە باخچەی ڕوحمان دەبەخشینە ئەو پیاوە، ئەو پیاوەی ماندوبونێکی زۆری بینی بۆ پەیداکردنی بەڵگە لەسەر کیمیابارانکردنی کورد، تەنانەت هاوەڵەکانی گاڵبرێس لە وەزارەتی دەروەی ئەمریکا لەوکاتەی کیسەیەک هەنگی مردووی لە کوردستانەوە گەیاندە ئەمریکا وەکوو نیشانەیەک لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی، بە شێتیان لە قەڵەم دا و بە توانجەوە دەیان وت (ئەوە پیتەرە دووبارە لێی هەڵداوەتەوە).

بە باوەشێک سوپاسەوە دەچینە لای ولیام سەفایەر لە نیۆرک تایمزو جیم هۆگلاند لە واشنتۆن پۆست ، کە دەورێکی بەرچاویان هەبوو لە دەرخستنی تاوانەکانی حکومەتی ئەوسای عێراق سەبارەت بە گەلی کورد. سەفایەر بە تورەییەوە لە 5ی سێپتامبەری 1988 نووسیبوی ( نموونەیەکی کلاسیکی جینۆساید درێژەی هەیە، جیهانیش باکی بە هیچ نییە). هۆگلاندیش نووسیبوی:( دەتەقێنرێنەوە،بە بیلدۆزەر لەناو دەبرێن و گازباران دەکرێن بۆ لە بیر چوونەوە).

بە دوودەستی پڕ لە گوڵە نێرگزەوە دەچینە سەر گۆرەکەی مەدام میتران و سوپاس گوزاری ئەرک و ماندووبوونە زۆرەکانی دەبین، کە وەک دایکێکی میهرەبان هەڵگری خەمە گەورەو بچووکەکانمان بوو.

سوپاسی میدڵ ئێست وۆچ ، یۆست هیڵتەرمان ، کەنعان مەکییە، سامانسا پاوەر و هەمو ئەو نووسەر و ئەندام پەرلەمانانە دەکەین کە بوونە پردی بە جیهان ناساندنی کارەساتەکانمان.

سوپاس گوزارییەکی زۆرمان بۆ جیم کارجیانیس و هاوەڵەکانی ، کە هەمیشە وەک خەمخۆرێکی جدی لە پەنامان وەستاون.

ئێمە دەڵێیین ، ئێوە ئەی مرۆڤ دۆست و ئاشتیخوازەکان، لەگەڵ ئێوەدا و شان بەشانی ئێوە دەتوانیین دووربین لە جینۆساید و دونیایەکی بێ جینۆساید درووست بکەین، دونیایەک بۆ هەموان و پێکەوە بە ئاشتی تێیدا بژێین.

 

جارێکیتر سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەین

16/3/2013

تۆرۆنتۆ کەنەدا

 

 


 

           

 

22/03/2013

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com