چەند رۆژێک پێش ئێستا لە بابەتێکدا باسم لەو هەوڵانەی
ئیسلامییەکانو سەلەفییەکانی کوردستان کرد لە
بەسیاسییکردنی سیستەمی پەروەردەی کوردستانو بە
ئیسلامییکردنی منداڵان لە قوتابخانەکان. ئەم بابەتە
درێژکراوەی ئەو بابەتەیەو قسە لەسەر کاریگەرییەکانی
بەسیاسییکردنی سیستەمی پەروەردەو بەئیسلامییکردنی
منداڵان بە کورتی دەکات. دواتریش هەندێک پێشنیازو
راسپاردە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە دەخاتەڕوو.
لەسەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە قسەکردن لەسەر پرسە
سیاسییەکانو پرسە ئاینییەکان لە قوتابخانە کارێکی
ئاساییەو دەبێت پشتیوانیو دەستخۆشی لێبکرێت. کاتێک
باس لە ئازادیو مافەکانی مرۆڤو مافەکانی منداڵانو
ژنانو کەمئەندامان دەکرێت ئەمە کارێکی زۆر رەوایە.
ئەگەر قسە لەسەر رێزگرتن لە فرەیی سیاسییو
کۆمەڵایەتییو ئاینییو مەزهەبیی بکرێت ئەمە کارێکی
نەک هەر رەوایە بەڵکو پێویستە. بەڵام گرفتەکە لەو
شوێنە دەستپێدەکات کە قسەکردن لەسەر سیاسەت بەمەبەستی
لە قالبدانی ئایدیۆلۆجیو تەلقیندانی منداڵ بێت. کاتێک
منداڵ لە قوتابخانە تەلقیندەدرێتو لەقالبی ئایدیۆلۆجی
دەدرێت پێش هەموو شتێک ئەوە زەوتکردنی ئازادییەکانی
منداڵە.
ئەوەی لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە کوردستان
دەبینرێت راست تەلقیندانو لەقالبدانی ئایدیۆلۆجییە.
لەبەرئەوەی لە بابەتەکی پێشوتر هەڵوەستەمان لەسەر ئەم
پرسە کرد، لێرە دووبارەی ناکەینەوە (تکایە تەماشای
بابەتەکەی پێشوتر بەناونیشانی "بەسیاسییکردنو بە
ئیسلامییکردنی منداڵان لە قوتابخانەکان" بکە کە لە
سایتەکانی ئاوێنەو خەندانو شارپرێسو سپیمیدیا
بڵاوکراوەتەوە).
واچاکە بڵاوکردنەوەو تەلقیندانی منداڵان لەسەر هەر
باوەڕێکی ئاینی یان هەر ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسیی لە
قوتابخانەکان قەدەغەبکرێت، جا تەلقیندانەکە لەسەر
ئاینی ئیسلام بێت یان هەر ئاینێکی دیکە (وەک ئێزیدی،
کاکەیی، کرستیانەتیی، هتد). بەهەمانشێوە، هەموو
لەقالبدانێک دەبێت قەدەغە بکرێت جا لەقالبدانەکە لەسەر
ئایدیۆلۆجیای ئیسلامیی سیاسیی، ئیسلامیزم، بێت یان هەر
ئایدیۆلۆجیایەکی دیکە (وەک کۆمۆنیزم، ناسیونالیزم،
سۆشیالیزم، کۆنزێرڤەتیزم، ئەنارشیزم، لیبرالیزم، هتد).
هۆکاری قەدەغەکردنی تەلقیندانو لەقالبدانی ئایدیۆلۆجی
لە قوتابخانەکان زۆرن هەندێکیان سایکۆلۆجی، هەندێک
سیاسی، هەندێکیش کۆمەڵایەتی، کە لە دەرەوەی کایەکانی
ئەم بابەتەن، بەڵام بەڕای من هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە
قوتابخانە جێگەی پەروەردەکردنی کادیری حزبی نییە بەڵکو
شوێنی پێگەیاندنو پەروەردەکردنی منداڵە لەسەر کۆمەڵێک
بەها ( بۆ نمونەی بەهاکان بڕوانە بابەتەکەی پێشوتر).
قوتابخانە شوێنی ئاشناکردنی منداڵە بە فرەییەکان نەک
لەناوبردنی جیاوازییەکان. تەلقیندانو لەقالبدانی
ئایدیۆلۆجی یەکەم هەنگاون بۆ لەناوبردنی فرەییەکانو
جێگیرکردنی تاکڕەوییو رەهاییگەرایی.
پرۆگرامی قوتابخانە دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە
دامەزرابێت کە منداڵ ئازادە چ ئاینێک هەڵبژێرێت، یان
ئاینی هەر نەبێت. ئەگەر ئاینی هەبێت ئەوە دەبێت منداڵ
بتوانێت بە ئازادی گوزارشت لە ئاینەکەی بکات، خۆ ئەگەر
ئاینی نەبێت ئەوە دیسان دەبێت منداڵ مافی ئەوەی هەبێت
بە ئازادی گوزارشت لە بیروباوەڕە نائاینییەکەی بکات.
ئەرکی قوتابخانە هەر لە دەسپێکەوە ئەوەیە کە منداڵان
لەسەر چەمکی پێکەوەژیانی ئاینیو باوەڕەکانو
پێکەوەسازانی ئاینیو باوەڕەکان ڕابێنێو ئاشنابکات،
نەک منداڵەکان بکات بە موسڵمان یان کرستیان یان ئێزیدی،
وەک ئاین، یاخود منداڵ بکات بە ئیسلامیی یان
ناسیونالیست یان کۆمۆنیست، وەک ئایدیۆلۆجیا.
ئەرکی قوتابخانە سازکردنی زەمینەی پێکەوەژیانی
ئاینەکانە، ئەویش لەڕێگەی ناساندنی ئاینەکان بە
منداڵان بەگشتیو ناساندنیان بەو ئاینانەی کە لە
کوردستان هەن بەتایبەتی.
ئەم بابەتە قسەی زۆر زیاتر لەمانە هەڵدەگرێت بەڵام وەک
چارەسەرێکی سەرەتایی، واچاکە بەزووترین کات کتێبەکانی
پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان
سەر لە نوێ دابڕێژرێنەوە. داڕشتنەوەکەش دەبێت بە
ڕەچاوکردنی پێوەرو چەمکەکانی ئاینناسی بێت. بەو
مەبەستەی کە خوێندنی ئاین لە قوتابخانەکانی کوردستان
لە نوسین لە دیدێکی تەلقینی-تەبشیریی-ئاینیی، هەروەها،
دیدێکی ئایدیۆلۆجی-سیاسیی، بگۆڕێت بۆ ئاشناکردنی
منداڵان بە ئاینەکان. بەواتایەکی دیکە گۆڕینی خوێندنی
ئاین لە پەروەردەی ئیسلامییەوە بۆ ئاینناسی.
بۆ ئەم مەبەستەش واچاکە لیژنەیەک لە کۆمەڵناسو
شارەزایانی سایکۆلۆجی منداڵو ئاینناسو پسپۆڕانی
زمانەوانیو شارەزایانی بواری پەروەردە پێکبهێنرێت
تاوەکو بە ئەرکی داڕشتنەوەی دەقەکانی کتێبەکان هەڵبستن.
لەپاڵئەمانە، داڕشتنەوەکان دەبێت ڕەچاوی ئەوە بکەن کە
قوتابخانە مزگەوت نییە بەڵکو دەزگایەکی پەروەردەییە.
دەزگا پەروەردەییەکانیش دامەزراوەی گشتین واتە
دامەزراوەی تایبەتی نین کە ئیش لەسەر پرسە
تایبەتییەکان بکەن، وەک بەموسڵمانکردنی منداڵ. ئەوە
بەو مانایە نییە کە منداڵ ئاینو پرسە پەیوەندارەکان
بە ئاین نەخوێنێو ئاشنانەکرێن بە ئاینەکان، بەڵام
ئاشناکردنو خوێندنی ئاین دوو شتی لێکجیان.
ئەوەی لە قوتابخانەکانی کوردستان دەگوزەرێت ئەوە هەر
بە موسڵمانکردنی منداڵ نییە بەڵکو بە ئیسلامییکردنی
منداڵە کە ئێجگار خەتەرە، چونکە قوتابخانە لە
دەزگایەکی پەروەردەیی دەکات بە دەزگایەکی حزبی.
بەئیزافەی ئەمانە، پێداچوونەوەکەو داڕشتنەوەکە واچاکە
هەڵوەستە لەسەر ئەو شەش خاڵەش بکات کە لە بابەتەکەی
پێشوتر قسەم لەسەر کردن وەک سەرەکیترین کێشەکانی
کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی. لێرە بەکورتی چارەسەر بۆ
ئەو شەش خاڵە پێشنیاز دەکەین.
یەکەم، کاتێک دەڵێین کێشەی هەرە سەرەکی کتێبەکان
ئەوەیە کە بەسیاسییکراونو بەرنامەکانی خوێندن کراون
بە پلاتفۆرمێک بۆ بڵاوکردنەوەو تەڕاتێنێی ئایدیۆلۆجیای
ئیسلامیی سیاسیی، ئەوە پێداچوونەوەکە دەبێت ئەم پرسە
چارەسەر بکات، چونکە ناکرێتو نابێت لاپەڕەکانی
کتێبەکانی قوتابخانە بکرێن بە گۆڕەپانی ئایدیۆلۆجیاکانو
گەشکردنی ئایدیۆلۆجیایانەی منداڵان بکرێت بە ئامانجی
کتێبەکان.
دووەم، کاتێک دەڵێین ئەوەی لەو کتێبانە بەدیدەکرێت
بەئیسلامیکردنی بەها مرۆییەکانە ئەوە مەبەستمان ئەوەیە
هەر کاتێک ئەم کتێبە سەرلەنوێ داڕێژرانەوە ئەوە دەبێت
ئەو بەها چاکانەی کە لە کۆمەڵگەی کوردستانی هەن
بەوانەش کە بەهای ئیسلامو موسڵمانانن وەک بەها
مرۆییەکان بناسێنرێن بۆ ئەوەی رۆحی ئەو بەها مرۆییانە
بکرێن بە هەوێنی پێکەوەژیانی ئاینەکانو نەتەوەکانی
کوردستان لەگەڵ یەکدی.
سێیەم، لەوانەش گرنگتر داڕشتنەوەی کتێبەکان دەبێت
بەشێوەیەک بێت کە تەواوی چیرۆکەکانو دەقەکانو
پەیامەکانی نێو کتێبەکان لە نوسین لە دەربڕینێکی
رەهاییگەرایی رزگاربکاتو پاکبکاتەوەو نوسینەکانو
دەقەکان بەشێوەی رێژەیی دابڕێژرێنەوە. مەبەستیش لێرە
ئەوەیە کە وا لە خوێندکار بکرێت لەجیاتی ئەوەی کە
پرسیاری لای نەمێنێت پرسیاری لا دروستبێت.
چوارەم، لە پەیوەند بە بەموسڵمانکردنی منداڵ، ئەوە وەک
پێشتر ئاماژەیپێکرا، دەبێت کتێبەکانو بەرنامەکانی
خوێندن لەژێر رۆشنایی ئەو راستییەی کە قوتابخانە
دامەزراوەیەکی پەروەردەیی-گشتییە بۆیە دەبێت ئەرکی بە
موسڵمانکردنی منداڵ ئەرکی قوتابخانە نەبێتو کتێبەکان
بەشێوەیەک دابڕێژرێنەوە کە ئەرکە پەروەردەییەکەی
پێوەدیار بێت نەک ئەرکی ئاینی، کە ئەرکی مزگەوتە.
پێنجەم، ئەو بەشانەی لە کتێبەکانی پۆلی یازدەو دوازدە
کە تەرخانکراون بۆ ئاینناسی فراوانبکرێنو ببن بە بەشی
هەرە زاڵی کتێبەکان بەڵام نەک بکرێن بە گۆڕەپانێک بۆ
گاڵتەکردنو بچوککردنەوەی ئاینەکانی دیکە وەک ئەوەی
ئێستا دەبینرێت بەڵکو بکرێن بە روبەرێک بۆ ئاشناکردنی
منداڵان بەتەواوی ئاینەکانی دنیا بەتایبەتی ئەوانەی لە
کوردستان هەن.
شەشەم، ئەوەی لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی
بەدیدەکرێت ئیستیعلاکردنی (superiority) ئاینی ئیسلامە
لەسەر ئاینەکانی دیکە. بۆیە کتێبەکانو دەقەکان دەبێت
لەو ئیستیعلاکردنە پاکبکرێنەوەو بە هیچ شێوەیەک ناکرێت
ئاینی ئیسلام، یان هەر ئاینێکی دیکە، لە کتێبەکانی
قوتابخانە وەک ئاینێکی باڵاتر لە ئاینەکانی دیکە
بناسێنرێت، بەڵکو دەبێت دەقەکان بەبێ لایەنگریی لە هیچ
ئاینێک بنوسرێنەوە تاوەکو ببنە هەوێنی رۆحی یەکسانییو
تەباییو پێکەوژیان لەنێو منداڵانی کوردستان.
تا ئەو رادەیەی من ئاگاداربم لە وڵاتە پێشکەوتووەکان
بە دوو شێواز مامەڵە لەگەڵ پرسی ئاین لە قوتابخانەکان
کراوە.
یەکەم، وەلانانی یان نەخوێندنی وانەی ئاین لە
قوتابخانە گشتییەکان (public schools)، وەک ئەوەی لە
ئوسترالیا پەیڕەودەکرێت. بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە
وانەی ئاین لە ئوسترالیا تەنیا لە قوتابخانە گشتییەکان،
واتە حکومییەکان، ناخوێنرێت کەچی لە قوتابخانە
ئاینییەکان وانەی ئاینی هەیە. بۆنمونە قوتابخانەی
ئیسلامی لە ئوسترالیا هەنو لەوێدا منداڵەکان لە پاڵ
وانەکانی دیکە وانەی پەروەردەی ئاینی ئیسلام دەخوێنن.
بەهەمانشێوە قوتابخانە کرستیانەکانیش بەڵام بەگشتی
وانەکانی ئاین نمرەیان لەسەر نییە.
دووەم، خوێندنی ئاین وەک مێژوو، وەک ئەوەی لە هەندێک
وڵاتی ئەسکەندیناڤی پەیڕەودەکرێت. لەوێدا ئاین وەک
چیرۆکو ئەفسانە کۆنەکان دەخوێنرێن.
ئەوەی لێرە پێشنیاز دەکرێت نە ئەمیانەو نە ئەویان. من
پێموایە ئاین لە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان فەزاییەکی
ئێجگار گەورەی لە ژیانی گشتی خەڵک پێکدێنێتو
داگیرکردوە، بۆیە ناکرێت ئاین لە قوتابخانەکان
نەخوێنرێت. بەڵام ئەوەی من باسی دەکەم راست پێچەوانەی
ئەوەیە کە ئێستا لە ئوسترالیا یان لە کوردستان
پەیڕەودەکرێت، ئەوەی کە هەر منداڵێک سەر بە چ ئاینێک
بوو یان چوو بۆ کامە قوتابخانە ئەو ئاینە بخوێنێت
بەشێوەیەکی تەبشیریی.
من پێموایە منداڵ لە هەر قوتابخانەیەک بێت دەبێت
ئاشنابکرێت بە هەموو ئاینەکانی جیهان لەبەر دوو هۆی
سادە:
یەکەم، لە کوردستان پەیڕەوانی کۆمەڵێک ئاین هەن بۆیە
بە رای من لە هەموو قوتابخانەکانی کوردستان چ
قوتابخانەی موسڵمانە سوننەکانی هەولێر بێت، چ
قوتابخانەی موسڵمانە شیعەکانی خانەقین بێت، چ
قوتابخانەی کرستیانەکانی عەنکاوە بێت، چ قوتابخانەی
کاکەییەکانی داقوق بێت، چ قوتابخانەی ئێزیدییەکانی
شەنگال بێت، ئەوە منداڵان دەبێت بە هەموو ئاینەکانی
کوردستان ئاشنابکرێن.
دووەم، کۆمەڵگەی کوردستان لە جیهانێکدا دەژیت کە رۆژ
بە رۆژ لە بچوکبوونەوەدایەو لە تێکەڵبوونو
پشتبەیەکتربەستندایە، بۆنمونە ئێستا لە کوردستان خەڵکی
بەنگلادیشی، ئەسیوپی، فلیپینی، چینی، هیندی، سۆماڵی،
ئەمریکی، هۆڵەندی ... هتد، کاردەکەن. بۆیە منداڵانی
کوردستان رۆژانە پەنجەیان لەگەڵ خەڵکانێک نەرمدەکەن کە
پەیڕەوانی ئاینی جیاجیان یان لەوانەیە هەر ئاینیان
نەبێت. لەبەرئەوە دەبێت منداڵانی کوردستان بە هەموو
ئاینەکانی دنیا، نەک هەر ئەوانەی لە کوردستان هەن،
ئاشنابکرێن.
ئەم چارەسەرو راسپاردانەی کە لەم بابەتەدا
پێشنیازکراون بە دڵنیاییەوە هەموو گیروگازەکانی ئەم
پرسە ئاڵۆزە چارەسەرناکەن بەڵام دەکرێت بکرێن بە
سەرەتایەک.
|