11.08.2003
له گشت سه‌رده‌مه‌كانی مێژووی كۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تیدا، فه‌رهه‌نگی زاڵ، فه‌رهه‌نگی چینه چه‌وسێنه‌ره‌كان بووه و ئه‌وی زوڕناژه‌ن و بالۆرهوێژی ڕۆژگار نه‌بوو بێت، ئه‌وا سه‌ری له‌ژێر چه‌كمه‌ی ڕه‌شی سه‌روه‌راندا پڵیشاوهتهوه.
مێژووی دوورونزیكمان پڕه له ئه‌زموون و نموونه‌ی زیندوو له شێواندنی ڕوخساری مه‌شخه‌ڵبه‌ده‌ستان. هونه‌رمه‌ندانی شۆڕشگێڕیش له‌م خه‌ڵاته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی بێبه‌ش نه‌بوون، هه‌ركات هونه‌رمه‌ندان زوڕناژهنییان بۆ سه‌روه‌ران كردبێ و هونه‌ریان كردبێته ئامرازێك بۆ فریودانی جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه و ژێرده‌سته، ئه‌وا تا ئاستی ئه‌ستێره‌ی هونه‌ری به‌رزكراونه‌ته‌وه و پیرۆز كراون و بۆ ئاستی سه‌رومرۆیی به شان و باڵیاندا هه‌ڵگوتراوه، هه‌ر كاتێكیش كه گۆرانییهكانییهكان بووبێتنه وێردی سه‌رزمانی مناڵانی بێبه‌ش له ژیان، ئه‌وا كراونه‌ته خۆراكی دێوه‌زمه‌ی سیاچاڵه‌كانی سه‌روه‌ری و به تۆمه‌تێكی مۆڕاڵی ساخته، هه‌وڵی كهمڕهنگكردنهوه و سڕینه‌وه‌ی كاراییان دراوه.
له‌وه‌ته‌ی سه‌روه‌ری چینایه‌تی سه‌ری هه‌ڵداوه، هه‌موو شتێك دوو چه‌مكی جیاوازی به خۆوه گرتووه‌و كه‌وتۆته سه‌ر دووڕیانی: یان به‌ره‌ی چه‌وساوان یان به‌ره‌ی چه‌وسێنه‌ران. دوێكه له ئه‌مریكا «جۆو هیل» به تۆمه‌تی كوشتنی كه‌سێك له سێداره ده‌درێ و «جۆن لینۆن» تیرۆر ده‌كرێ و «چارلی چاپلن» به تۆمه‌تی شێواندنی ڕه‌وشتی لاوانی ئه‌مریكی و بێڕێزی به خاكی پیرۆزی نیشتمان ده‌كێشرێته ژێر لێپرسینه‌وه و له ئاڵمان نێوی «بێرتۆڵد برێخت» ده‌چێته لیستی ڕه‌شه‌وه و وڵاتبه‌ده‌ر ده‌بێ و له ئیتالیا «ئینیسیا تسیۆ سیلۆنه» ده‌كه‌وێته به‌رده‌ستی فاشیسته‌كان و له توركیه‌ش «نازم حیكمه‌ت» وڵاتبه‌ده‌ر و بێبه‌ری ده‌كرێ، ئه‌وڕۆش كاروانه‌كان و سبه‌ینێش نۆره‌ی ئه‌نگۆیه !
به‌مجۆره له هه‌ر جێیه‌ك به جۆرێك، كه بۆیان لوابێ و بواریان بۆ ڕه‌خسابێ، ده‌ست له‌ناو ده‌ست ئه‌وه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی پیرۆزیانی دابێ، ئه‌وا كه‌وتۆته به‌ر مه‌قسه‌ڵه‌ی دادروهرییان و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵیانداوه ڕوخساری شۆڕشگێڕانه‌ی بشێوێنن و هونه‌ره‌كه‌ی له جه‌ماوه‌ر داببڕن؛ به ڕێكخستنی سیناریۆگهلێك، كه مه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ ئه‌و گه‌مژانه جێی باوه‌ڕ بێت، كه به‌رژه‌وه‌ندییان به ده‌سه‌ڵاتی قه‌ره‌قوشی سه‌روه‌رانه‌وه به‌ستراوه.
چاره‌نووسی هونه‌رمه‌ندانی شۆڕشگێڕ له وڵاتانێك كه به لانكی دیموكراسی ناسراون، به‌وجۆره بووبێ، ئاخر چۆن ده‌توانین، مه‌رگی ئاسایی هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك له ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمێكی وه‌ك «به‌عس»دا گومانی لێنه‌كه‌ین؟
ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێ چه‌ند وشه‌یه‌كی بۆ بخه‌مه سه‌ر كاخه‌ز، ده‌نگێكی شۆرشگێڕ و سیمایه‌كی شێوێندراوه. ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ به‌رجه‌سته‌ی بكه‌م ته‌نیا خه‌می وی نییه له مه‌رگی، خه‌می منه له مه‌رگی ئێوه، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی سبه‌ی له جاڕوجهنجاڵی میدیاكانی سه‌رمایه‌دا سیمای شۆڕشگێڕانه‌تان ده‌شوێنرێت و به تۆمه‌تی مۆڕاڵی ئاوه‌زنه‌گیر زیندانی هه‌میشه‌یی یان سێداره به باڵاتان ده‌بڕن! گه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌و گۆمی بێده‌نگییه نهشڵهقێنی، ئه‌و دیواری تۆمه‌ته نهڕوخێنی، چاوه‌ڕێ نه‌بی سبه‌ینێ كه‌س خولیای ده‌رخستنی بێتاوانی تۆش بێ، ئه‌ی هاوڕێم!
من له گۆرانییه‌كانییه‌وه ئه‌وم ناسی، موزیكه‌كه‌ی په‌یامی بێتاوانی وی پێڕاگه‌یاندم. ڕۆژ له دوای ڕۆژ ئه‌و هه‌سته‌م لا گه‌وره ده‌بوو و خۆزگه‌م به ده‌ره‌تانێك ده‌خواست، تا بتوانم چه‌ند وشه‌یه‌ك بۆ ئه‌و هاوڕێ نهدیتوهم بنووسم، چونكه ئه‌وكات له كوردستان هیچ ڕۆژنامه و گۆڤارێكم شك نه‌برد، كه له ده‌ره‌وه‌ی سنووری پارتایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندیخوازییه‌وه ئاماده‌بێ ئاوڕ له جوانه‌مه‌رگكردنی ده‌نگی دونیای نوێ بداته‌وه و گومان بخاته سه‌ر داد و لێپرسینه‌وه له سایه‌ی ڕژێمێكی دیكتاتۆردا. ئه‌م خه‌مه ڕۆژ و مانگ و ساڵ ناخی ده‌هه‌ژاندم و ده‌یخستمه ڕامان له لۆژیكی بڕواهێنان به تۆمه‌تی واو له ناخی خۆما سه‌رهه‌ڵدانی ئاخ و خۆزگه‌كانی ئه‌و ده‌نگه‌م به‌دیده‌كرد.
ئه‌و ده‌نگه «كاروان عوسمان» بوو، كه من نه‌مدیتبوو و له كاتی له سێدارهدانیشیدا ئاواره‌بووم و به‌ده‌م ژانی برینه‌كانی هه‌ڵه‌بجه له جه‌سته و ناخمدا، ده‌تلامه‌وه. كاتێ كه گه‌ڕامه‌وه ناو بیره‌وه‌رییه‌كانی مناڵیم، چریكه‌ی كاروان له‌و خه‌وه ئه‌فسوناوییه به‌ئاگای هێنام. هه‌ر ئه‌و شهیداییهمه ئه‌مڕۆ ئه‌م خامه‌یه‌ی داوه‌ته ده‌ستم، تا هاوكاروانییهكانی كاروان له سه‌مای گه‌مژان و بێده‌نگه‌ی چه‌په خۆ بهسۆشیالیست زانه كڕكهوتووهكان به ئاگا بێنم.
سه‌ره‌تا زۆر هه‌وڵمدا، شتێك له‌باره‌ی ژیان و چۆنیه‌تی دادگاییكردن و له‌سێداره‌دانی ئه‌م مرۆڤه له ده‌ره‌وه‌ی گۆرانییه‌كانییه‌وه بزانم، بۆ ئه‌مه سه‌ره‌تا چه‌ندجار نامه‌م ئاراسته‌ی چه‌ند هاوڕێیه‌كم له كه‌ركوك كرد، بێ ئه‌نجامی ئه‌و هه‌وڵه‌م ڕاپێچی لای ماڵپه‌ڕی (حكا)ی كردم به‌و هیوایه‌ی ئه‌وان به هۆی نزیكی ناوبراوه‌وه له كانونی هونه‌رو ئه‌ده‌بیاتی كۆمه‌ڵه‌وه، دهستگیرۆییم له‌م هه‌وڵه‌دا بكه‌ن، به‌ڵام ئیمه‌یله‌كه‌م بێوه‌ڵام مایه‌وه. تا دواجار هاوڕێ سه‌ردار عه‌بدوڵا له گۆڤاری (هانا)ی ژماره 16- 17دا بابه‌تێكی له‌سه‌ر كاروان بڵاوكرده‌وه و دڵخۆشی كردم، كه له‌وانه‌یه وی بتوانێ له به‌خشینی زانیاری وادا كۆمه‌كم بكات، كه بتوانم وتارێكی لێكۆڵهوهرانه له‌سه‌ر تۆمه‌تی ئاراسته‌كراو و چۆنیه‌تی دادگاییه‌كه‌ی بنووسم و بیكه‌مه ده‌روازه‌ی قسه‌وباسێكی به‌سوود، به‌ڵام مه‌خابن، ئه‌م هاوڕێیه‌ش داوای ئه‌وه‌ی لێكردم كه وتاره‌كه‌ی بۆ بنێرم، وتارێك كه من هێشتا نهم نوسیبوو و كه‌ره‌سته‌ی واشم له‌به‌ر ده‌ستا نه‌بوو.
به‌مجۆره نه‌متوانی له به‌جێهێنانی ئه‌م ویستهمدا سه‌ركه‌وم، هه‌رچه‌نده لێره و له‌وێ كۆمه‌ڵێك شتم له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ڕوداو و دادگایی و ته‌نانه‌ت به‌شداری پارێزه‌ر له كێشه‌كه‌یدا و ژیانی سه‌رده‌می مناڵی و لاوێتی كاروان بیستبوو، به‌ڵام به هۆی نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی تۆماركراوه‌وه ناتوانم لێره‌دا بیانهێنمه‌وه، بۆیه له‌وه زیاتر چاوه‌ڕوان نه‌مامه‌وه و سه‌ره‌تا كه‌وتمه دروستكردنی ماڵپه‌ڕێك بۆ به‌رهه‌مه تۆماركراوه‌كانی هونه‌رمه‌ند و لێره‌شدا هه‌وڵده‌ده‌م چه‌ند پرسیارێك بوروژێنم و هێمای سه‌رسوڕمانیش له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی چه‌په خۆ به سۆشیالیست زانه‌کان دانێم، به‌تایبه‌ت كه له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه سه‌ره‌ڕای بوونی بوار بۆ پێداچوونه‌وه‌ی دادگاییه‌كه و تیشك خستنه‌سه‌ر هونه‌ر و شێوازه هونه‌رییه‌كه‌ی «كاروان عوسمان»، بێده‌نگه‌یان هه‌ڵبژاردووه!
«كاروان عوسمان» هه‌ر له به‌رهه‌می یه‌كه‌مییه‌وه نیشانی‌دا، كه چه‌ند هه‌نگاو له پێش هاوكاره هاسهردهمهكانی خۆیه‌وه هه‌نگاو ده‌هاوێ و سه‌ر به ڕێبازێكی هونه‌ری جیاوازه و له‌گشت بواره‌كاندا خاوه‌نی شێوازی تایبه‌تی خۆی و جیهانبینی جیاواز و بیركردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆیه؛ له بری پاشڕه‌وی پارته ڕامیارییه‌كان، ڕیزه‌كانی جه‌ماوه‌ری هه‌ڵبژاردووه و له‌بری ئاوه‌ڕدانه‌وه و پیرۆزكردنی ڕابوردوو، چاوی بڕیوه‌ته داهاتوویه‌ك كه خۆزگه‌ی دێرینی مرۆڤایه‌تییه و هه‌ر له ڕوانگه‌یه‌كی مرۆییه‌وه بۆ دیارده و ڕوداوه‌كانی ده‌وروبه‌ریشی ڕوانیوه. كاروان عوسمان نه‌ك ته‌نیا شێوازه موزیكییه‌كه‌ی و ئامێره‌كه‌ی و تێكستی گۆرانییه‌كانی له دیارده هونه‌رییه‌كانی ئه‌وكات جیای ده‌كرده‌وه، به‌ڵكو هه‌ڵوێستی هونه‌ری و تێڕوانینیشی بۆ ڕوداوه‌كان خستبوویه به‌ره‌ی ئه‌وانه‌ی، كه بێجگه له نانه‌سكی ڕۆژانه و خۆزگه و ئاره‌زووی دونیایه‌كی بێچهوسانهوه، چیدی شك نابه‌ن.
له‌ناوبردنی هونه‌رمه‌ندێكی وا، كه چه‌وساوه‌كان بۆ هێنانه‌پێشچاوی دونیایه‌كی وا بانگهێشت بكات، كه هه‌مووان وه‌ك یه‌ك بژین و هیچ سنورێك له‌به‌رده‌م ویستی مرۆییانه‌ی مرۆڤه‌كاندا نه‌بێت، هه‌روا ئاسان نییه، به گرتن و له‌سێداره‌دانی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی ڕامیاری و خه‌باتی هونه‌ری، هێنده‌یتر كاروان و هونه‌ره‌كه‌ی به جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ئاشنا ده‌كرد، بۆیه وه‌ك پێشینه‌ی چینایه‌تی بۆرژوازی، په‌نایان برده‌به‌ر كێشان و داڕشتنی تۆمه‌تێكی وا كه به‌ئاسانی بتوانێت تێڕوانینی خه‌ڵك به‌لاڕێدا به‌رێت.
به‌مجۆره ڕژێمی بۆرژوازی به‌عس بۆ كپكردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگه‌ی، كه خه‌ریك بوو كۆمه‌ڵگه‌ی لێ به‌ئاگا بێنێ، فه‌رمانی قه‌ره‌قوشیانه‌ی ده‌رده‌كا. ئه‌مه له كاتێكدا كه له عیراقی ئه‌و ساڵانه‌دا نه‌ك كه‌س له‌سه‌ر كوشتنی كه‌س، سزای له سێداره‌دان نه‌بوو، به‌ڵكو بكوژه‌كان گه‌ر مامه‌ڵه‌ی یاساییان له‌گه‌ڵ بكرایه، ئه‌وا له سزای زیندانی 15-20 ساڵ واوه‌تر نه‌بوو، له به‌رامبه‌ردا له‌ناو زینداندا ده‌یكردنه به‌كرێگیراوی خۆی و وه‌ك جڕوجانه‌وه‌ر بهریدهدانهوه گیانی زیندانیه‌كانی‌تر یان بۆ گیانی جه‌ماوه‌ر ئازادی ده‌كردن، كه‌چی بۆ له‌ناوبردنی «كاروان عوسمان» هه‌ڵه‌داوان ده‌كه‌وێته جێبه‌جێكردنی یاسای كوێرانه‌ی سه‌ده تاریكه‌كان (چاو له بری چاو، …).
له كاتێكدا كه ڕژێم ئاوا كاروان له‌ناو ده‌با، به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی ناوسراو، به بێدهنگهكردن له‌م كاره‌ی ڕژێم، ده‌ستخۆشانه له هاوچینه به‌عسییه‌كانیان ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت دوای ڕاپه‌ڕینیش ئاگاهانه ناسراوترین به‌رهه‌می كاروان كه سرودێك بوو به ناوی ( بێنهپێشچاو موڵك نه‌بێ…)، كه گه‌واهی بیركردنه‌وه و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن و شێوازی خه‌باتی ئه‌ون، له‌ناو به‌رهه‌مه تۆماركراوهكانیدا سانسور ده‌كرێت و له كاسێتهكهیدا بێسه‌روشوێن ده‌كرێت!
تا ئێره نه جێگه‌ی لۆمه‌یه و نه نیگه‌رانی، چونكه ئه‌مانه دوژمنی چینایه‌تی «كاروان»ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌ركۆنه و ڕسواكردنه هه‌ڵوێستی چه‌پی خۆ بهسۆشیالیست زانه، به كۆن و نوێوه، به میانڕه‌و و توندڕه‌وه‌وه؛ هه‌ڵوێستێك كه خستوینیهته ته‌نیشت به‌عس و پارته بۆرژوازییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی فهرمانیهوایی.
ئێستا كه ڕژێمی به‌عس گۆڕبه‌گۆڕ كراوه و بوار له هه‌ركات فراوانتره بۆ لێكۆڵینه‌وه، ده‌كرێ و جێی خۆیه‌تی چه‌په خۆ به سۆشیالیست زانه‌كان ، ئاوڕێك له په‌روه‌نده‌ی داخراوی «كاروان عوسمان» بده‌نه‌وه و لانیكه‌م وه‌ك ته‌نیا هونه‌رمه‌ندێكی سۆشیالیست له باشووری كوردستاندا به‌سه‌ری بكه‌نه‌وه. به بڕوای من ده‌كرێ ئه‌مڕۆ له‌ناو سۆشیالیسته‌کاندا پارێزه‌رێك به كردنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌كه‌ی هه‌ستێ و هێنده‌ش توانایی مالی ده‌بێ، كه خه‌رجی ئه‌و كاره‌ی پێجێبه‌جێ بكرێت. به هیوای ئه‌وه‌ی ئه‌م چه‌ند دێره وێڕای هه‌وڵه‌كه‌ی هاوڕێ «سه‌ردار عه‌بدوڵا»، ببنه هۆی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌ك بۆ كاری دڵسۆزانه‌ی هاوبه‌ش بۆ خێراكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه هاوڕێی ماندونه‌ناس «كاروان عوسمان» له پێناو دونیای هاوبه‌ش و ئازاد‌دا هاویشتنی.
من لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م چه‌ند به‌رهه‌مێكی به نموونه بهێنمه‌وه بۆ نیشاندانی هه‌ڵوێستی هونه‌رمه‌ند له‌و كاته‌دا و چه‌ندێتی ڕاستی ئه‌و تۆمه‌ته‌ی كه خرایه پاڵی.
له كاتێكدا، كه كۆنه ( ئاشتی و پێكه‌وه ژیان)خوازان ( مه‌به‌ست له كۆنه ئه‌ندامه‌كانی حشعه كه بوو بوونه زوڕناژه‌نی به‌عس و سه‌دام) بالۆره به‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كانی سه‌رۆكی فه‌رمانده‌دا ده‌ڵێن و بالۆرهوێژانی بۆرژوازی كورد شیوه‌نی ئاشبه‌تاڵی چهندجارهیان ده‌گێڕن، ده‌نگێكی زوڵاڵ له نێو ماڵه هه‌ژارانه‌وه به‌رزده‌بێته‌وه و به گیتاره‌كه‌ی، سه‌روه‌ری چه‌وسێنه‌ران ده‌كاته نیشانه و خه‌ون و خۆزگه‌ی مناڵانی ژیان نه‌دیتوو ده‌چڕێت. له كاتێكدا، كه پێنج هه‌زار ژیان، پێنج هه‌زار خۆزگه، پێنج هه‌زار هیوا گازكوژ ده‌كرێن، زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندان وه‌ك كیسه‌ڵ سه‌ریان ده‌به‌نه‌وه ناو قاوخی به‌رژه‌وه‌ندخوازی، ئه‌و ده‌نگه زوڵاڵه له ماڵه هه‌ژارێكه‌وه به ڕووی گه‌رده‌لوول و ژاوه‌ژاوی سه‌روه‌راندا به‌رزده‌بێته‌وه و دواخۆزگهی مناڵانی گازههڵمژتووی هه‌ڵه‌بجه به‌گوێی شاری خامۆشكهوتهدا ده‌چرپێنێ :
له حه‌شارگه‌ی خێزانێكی ئاواره‌بووی هه‌ڵه‌بجه‌دا
مناڵێكی دڵ بچكۆله‌ی شادی نه‌دی و دڵی بۆ دواجار لێ ئه‌دا
له‌م كاته‌دا خه‌م بزماری ژه‌نگ گرتووی له ناخما ئه‌چه‌قێنێ
بۆیه به هه‌نگاوی زۆر به په‌له منی كورد به‌ره‌و ئامێزی سێداره هه‌نگاو ئه‌نێم *
ئه‌و كاته‌ی، كه ڕێسای ڕزیوی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ی خواوه‌نده‌كان، گوندنشینانی گه‌رمیان ده‌داته ده‌ست سهرابی بیابان-ئه‌نفال-، ئه‌و كاته‌ی كه شۆڕه‌سوارانی ئاشبه‌تاڵ –به‌ره‌ی کوردستانی- بۆ وه‌رگرتنی ویزا سه‌ره ده‌به‌ستن یان پۆل پۆل به‌ره‌و باوان كڕنوش ده‌به‌نه‌وه و هێزی سوكتر له (ئه‌فواج خه‌فیفه) دروستده‌كه‌ن، ده‌نگێكی زوڵاڵ له‌ژێر گڵۆپی كزی كۆڵانه‌كانی كه‌ركوك، تامه‌زرۆیی لاوانی باباگوڕگوڕ ده‌وروژێنێ :
ئای له‌م شه‌وه كه ته‌نیام و كه‌س نییه به هاوڕێی ڕێ
جاده‌كانی كه‌ركوك چۆڵ و گڵۆپه‌كان كز ئه‌سوتێن
هه‌ر ده‌ڕۆم و مه‌ستی ئه‌م شه‌و بۆنی سوتانی خاكمه
بۆیه له لاشه‌م بێزاره و ئاواتی مه‌رگی گیانمه
ئه‌ی كه گه‌مژه‌ن و نازانن من به مه‌ستی خاك چین لێ دێ *
له كاتێكدا، كه خواوه‌ندی مشه‌خۆری، لاوان و زارۆ‌كان بۆ خۆپه‌رستی بانگهێشت ده‌كا، ده‌نگێكی زوڵاڵ، خه‌ونی بێسه‌رپه‌رشتانی (سانپاوڵی و كه‌لكه‌ته)یان بۆ ده‌گێڕێته‌وه و هاواری گشت له گه‌روی یهكسانیخوازیدا هاوئاهه‌نگ ده‌كا:
ئه‌ی چاوانی به قوڵا چووی مناڵ و لاوی زه‌حمه‌تكێش
كه سه‌رنجتان ئه‌خوێنمه‌وه سكاڵای زۆری ده‌ردو ئێش
به‌س بریقه‌ی چاوه‌كانتان بروسكه‌ی هه‌وری به‌هاره
ده‌نگ و زه‌نگێكی به‌كاره *
له‌كاتێكدا كه شێره كوڕانی یاسای جه‌نگه‌ڵ –چه‌ته‌کانی شاخ-، ئه‌ویندارانی یاخی خه‌ڵتانی خوێن ده‌كه‌ن، ده‌نگێكی مرۆیی سه‌رنجی لاوان بۆ ماچی نا شه‌رعی و ردهشهپۆل و ڕۆخی ده‌ریا ڕاده‌كێشێ :
ئه‌م مرۆڤه هه‌ندێ جار له ته‌نیایدا خه‌مه‌كانی وه‌ك چرا داده‌گیرسێنێ
هه‌ندێ جاریش چه‌پكێ هه‌تاوی سه‌ربڕاو هه‌ڵئه‌گرێ و
وه‌ك شێت به‌ناو كۆڵانهكانهكاندا ده‌گه‌ڕێ
ئه‌م مرۆڤه وه‌ك تۆ ژیانی پێخۆشه
كاتێ له‌گه‌ڵ یاره‌كه‌یدا سه‌ما ئه‌كا
یا له كه‌ناری ڕوبارێ داده‌نیشێ وا ده‌زانێ
سواری ئه‌ستێره‌كان بووه و به‌ناو گه‌ردوندا ڕێ ئه‌كا *
هه‌روا له كاتێكدا، كه خوا كوێرانه به‌شی ئێمه و ئه‌وان له مه‌نجه‌ڵی ژه‌نگاوی ئه‌فسانه‌دا دابه‌شده‌كا و ده‌ست بهسمێڵی تهوهزهلاندا دێنێ، ده‌نگێكی زوڵاڵ له دیواره شهقبردووهكانی «سابونكه‌ران»ه‌وه، كاسهلێسانی شار له شیرین خه‌ودا هه‌راسان ده‌كا :
بێنه پێشچاو موڵك نه‌بێ
ئاسانه ئه‌گه‌ر تێفكری
هیچی موڵكی هیچكه‌س نه‌بێ
سه‌رسه‌ریشمان تا چاو بڕێ
غه‌یری ئاسمان چیدی نه‌بێ
ڕه‌نگه بڵێی خه‌یاڵات ئه‌كه‌م
به‌ڵام هه‌ر من نیم وا ئه‌ڵێم
به‌هیوام تۆش ڕۆژانێ بێیته كۆڕمان*
به‌ڵام له كاتێكدا، كه كاروان گۆرانی بۆ مناڵانی هه‌ڵه‌بجه ده‌چڕێ، هونهرفرۆشان و پاشڕه‌وانی پارته هه‌ڵهاتووه‌كان، خه‌ریكی بێده‌نگه هه‌ڵبژاردن و له‌بری به‌گژاچوونه‌وه و ده‌نگهه‌ڵبڕین و پهردههڵماڵین له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه، خه‌ریكی ناو و ناوبانگ بوون له گۆشه‌گیری ڕامیاریدا.
له شاره‌كان به‌ری ڕوبار په‌رده‌ی شانۆ گه‌مارۆیه
هه‌موو مناڵانی برسی فێر بوون كه گۆرانی بڵێن
به‌ڵام كوانێ دهستو په‌نجه‌ی هونه‌ریتان
له كاتێكا لوله‌ی تفه‌نگ ڕاسته ڕێیه‌كیش هه‌ڵناكا *
له كاتێكدا كه كاروان گۆرانی بۆ مناڵانی بێده‌ره‌تانی شه‌قامه‌كانی كه‌ركوك ده‌چڕێ، هونه‌رمه‌ندانی هونهرفرۆش و كوڕانی ڕۆژ وه‌ك نه‌عامه سه‌ریان له ناوگه‌ڵیان نابوو.
كاتێ چنگی دڕندانه‌ی یاساوڵی دژی ئاسۆ
له‌گه‌ردنی به‌رزی ئێوه خۆی گیر ده‌كا
كاتێ ده‌نگتان كپ ده‌كه‌ن و لایان وایه
ئیتر هه‌رگیز له په‌رده‌ی گوێچكه‌ی كه‌س نادا*
كاروان له گۆرانییه‌كانیدا ڕۆژی بۆ شه‌مشه‌مه‌كوێره نه‌كرده شه‌و، به باڵای داڵهكهرخۆره و دڕنده‌ی بێشه‌ڵاندا هه‌ڵینه‌دا، كاروان به ئه‌وینێكی مرۆیی گیتاره‌كه‌ی ژه‌نی و به هیوای سبه‌ینێیه‌كی بێ‌چین و چه‌وسانه‌وه‌وه گۆرانی چڕی. عیشق لای كاروان ئه‌و هه‌سته مرۆییه به‌رزه بوو، كه هه‌زاران عاشقه ڕووته له‌پێناویدا بوونه‌ته سوته‌مه‌نی ئازادكردنی و به‌سه‌رهاتیان بووه‌ته شاكاری مێژوویی:
ئه‌ی فریشته‌که‌م، قینت لێم نه‌بێ
كه‌وا جێت دێڵم
له‌نێو ژیانمانا من گوڕم نه‌ماوه
هه‌رچی سۆز و خه‌نده و بیر و ڕایه فه‌وتاوه
سیمای خه‌ڵكی شاریش وا به‌ده‌ست گورگه‌وه
من نه‌بم تۆ نه‌بی، كێ گورگه‌كان ڕاوكا
من نه‌بم تۆ نه‌بی ئه‌و نه‌بێ
بۆ چاندنی شادی له‌سه‌ر خاكی دڵی
مناڵانی هه‌تیو و لێقه‌وماوی جیهان
بۆ لابردنی ژه‌نگ له‌سه‌ر وشه‌ی ڕاستی
من نه‌بم تۆ نه‌بی ئه‌و نه‌بێ كێ بیكا
بۆ دۆزینه‌وه‌ی مێژووی ونبوومان
بۆ هێنانی به‌هارێكی پڕ له شادی و گوڵ *
ئایا ئه‌و په‌یامانه‌ی که «کاروان عوسمان» له ناو گۆرانییه‌کانیدا له سایه‌ی هارترین ڕژێمی سه‌رده‌می خۆیدا بۆ چه‌وساوانی دهنێڕیت، به‌س نین بۆ تۆمه‌تبارکردنی وه‌ك «جۆو هیل»؟ کاتێك که خه‌ریکه تۆمه‌ته‌که‌ی «جۆو هیل» به درۆ بخرێته‌وه، ده‌سه‌لاتدارانی ئه‌وکات، ڕپۆرتێك بۆ دادگه ده‌نووسن " له‌بیرتان نه‌چێت، که جۆو هیل، ئه‌ندامی یه‌کێتی کارگه‌رانه و گۆرانی بۆ ناڕه‌زایه‌تییه‌کان ده‌ڵێت!". هه‌روا کاتێك که به‌ڵگه‌ی ته‌واو بۆ تۆمه‌تبارکردنی کاروان له‌به‌رده‌ستدا نابێت، کاسێته‌که‌ی بۆ دادگه قهرهقوشییهکی سلیمانی به‌ڕێ ده‌کرێت، تاوه‌کو بواری قوتاربوونی نه‌مێنێته‌وه! ئایا ئه‌مانه ڕێکه‌وتن یا دووبارهونهوهی گاڵتهجارییهك که تێیدا گه‌مژان سه‌ری ڕه‌زامه‌ندی بۆ سه‌روه‌ران ده‌له‌قێنن؟
دوا وشه‌م بۆ هاوڕێیانێك، كه خوازیارن له‌م باره‌وه كۆمه‌ك بكه‌ن، هیوادارم گه‌ر هه‌ر به‌رهه‌مێكی بڵاونه‌كراوه‌ی هونهمهندیان لا ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و سروده‌ی كه له‌ناو كاسێتهكهیدا دهرهاویشتهكراوه. یان هه‌ر بابه‌تێكیان له‌سه‌ر كاروان عوسمان هه‌یه، با بۆ ئه‌م ئه‌دره‌سه ئه‌له‌كترۆنییه به‌ڕێی بكه‌ن :karwan_usman@yahoo.com. هه‌روه‌ها ده‌توانن به‌رهه‌مه‌كانی هونه‌رمه‌ند له‌م ماڵپه‌ڕه‌وه له‌سه‌ر فۆرماتی MP3 داگرن :
/ http://www.geocities.com/karwan_usman
* به‌داخه‌وه ناچار له‌سه‌ر گۆرانییه‌كان، تێكسته‌كانم نوسییه‌وه و داوای لێبوردن له خاوه‌نی ئه‌و تێكستانه ده‌كه‌م، گه‌ر بكرێت خۆیان تێكسته‌كانم بۆ بنێرن، ئه‌وا گه‌لێك سوپاسگوزار دەبم