پەیوەندیى ئێمە و نەوەى ئێمە ئەو نەوەیەى بەدواى
ناوەڕاستى هەشتاکان و ساتەوەختى جەنگى خوێناوى عیراق و
ئێران ودواتر هاتنى تراژیدیاکانى بەعس کاتێ ژیان هیچ
حورمەتێکى بۆ خودگەرێتیمان تیا نەمابوو، ئەو دەمە
ئێمەى نەوەیەک هیچ هەستێک و ئینتیمایەکمان بۆ ژیان
نەبوو جگە لە ئینتیماکردن بۆ عەشقى ژن، ئەو دەمە
شەوانە خەونمان بەوە دەبینى ئەو کوڕە گیتار بەدەستە
ئەمشەو لەناو گلۆپە ڕەنگاو ڕەنگەکان گۆرانى (وەرە لام)
مان بۆ بڵێت، تا لەگەڵ دەنگى ئەو وێنەى خەیاڵى و
ڕۆمانسى بۆ خۆمان درووست بکەین، تەنانەت ئەو دەمە
ئەوانەى بەکچێکمان نەووتبوو خۆشم ئەوێى ئەوانیش خەیاڵ
ئەیبردینەوە لەبەردەم کچێکى وەهمى، من ئەو کاتە هیچ
پەیوەندیەکى خۆشەویستیم نەبوو، بەڵام شەوانى هاوین
لەسەربانى ماڵەکەمان بەدیار تەلەڤزیۆنەوە خەیاڵ
دەیبردمەوە، وامدەزانى وەک ئازادى برام دەمەوێ ببم بە
پێشمەرگە ئەو کچەى کە لە قوتابخانەى ناوەندى نەهزە
بەیەکەوە بووین من هەمیشە وام خەیاڵ دەکرد پەیوەندى
خۆشەویستى لەنێوانمانە ئەویش بەقسەکانى من دنیایەک
شاگەشکە دەبوو بەڵام من عەشقەکەم دەگوزاتەوە ناو
خەیاڵم، خەیاڵ ئەوى دەهێنا ماڵمان کاتژمێر نۆى شەو بوو
ئەو کچە دەیووت "چۆن دەرۆى دەبیە پێشمەرگە لەو شاخە
دەکوژرێى و عەشقى من لەگۆڕ دەنێى" بەدواى قسەکەى ئەو
کورە گیتار بەدەستەکە گۆرانیەکەى خۆى دەوووتەوە
بەسۆزێک کە لەدەنگى خودا دەچوو نەک ئەو "بەبۆنەى تۆوە
لەم شارە وێڵم چۆن دڵم بێلێت کەتۆ بەجێ بێڵم" لەگەڵ
دەنگى ئەو سوێندم دەخوارد کە ئەو بەجێ نێلم بەیانى کە
دەچوومە پۆل کچەکە لەڕیزى ناوەڕاست بوو لەوانەى کیمیا
من خەیاڵ دەیبردمەوە بۆ حیکایەتەکەى شەو لەناکاو
مامۆستا (جیهاد) دەهاتە بەردەمم و دەیووت ئەو
هاوکێشەیە چۆن دەبێ بە ئاو، سەیرم پێ دەهات ژنێکى
جوانى وەک ئەو بۆ خەمى هاوکێشەکانى کیمیایەتى، بەڵام
باوەڕم بەخۆم دێنا کە ئەوان وەک من بیر ناکەنەوە ئەوان
دەیانەوێ ببنە زانا ئەوە نیە مامۆستا (ئەیتان) یش بەو
هەموو جوانى و باڵا بەرزییەوە خەریکى وانەى
زیندەوەرزانیە، لەو ڕۆژگارە تەنها ئێمەى سەرەتاى گەنجى
بیرمان لەعەشق دەکردەوە ئەوانیتریش لە شۆڕش و مەعریفە
و هەواڵى ڕادیۆى مۆنتیکارلۆ و درۆکانى حەسەن کاشف،
کاروان عوسمان بۆ ئێمە پێڵاوەکانى سەرى هەزاران
ڕۆژنامەنووسى درۆزنى وەک حەسەن کاشفى دەهێنا، هەندێک
جار دەمووت تۆ بڵێى مامۆستاى کیمیا و زیندەوەرزانیش
گوێ لەدەنگى کاروان بگرن ئاخۆ کاریان تێ ناکات جا کەس
هەیە بەو گۆرانیە عاشق نەبێ؟ دواى دەمووت ئەوان هەر
خەمى ئەوەیانە "ووردە دار و جیوە بخەنە ناو کەمۆڵەوە"
مامۆستاکان لەکۆتایى ساڵدا کە پلەکانیان
بۆدەخوێندینەوە لە 25 بۆ 30 لەسەر 100 زیاترم
وەرنەدەگرت، تۆزێک تەریق دەبوومەوە دواتر دەنگى کاروان
هێمنى دەکردینەوە "وەرە ئازیز مەڕەنجێ" دەمووت ئێستا
ئەو وام پێ دەڵێت هەر کاروان بوو غیرەتى ئەوەى لا
جولاندم یەکەم پەیوەندى خۆشەویستى لاى خۆم نەهێڵمەوە
بە کچەکە بڵێم، کاتێ ڕاپەڕین هاتوو ڕۆژەکان تێدەپەڕین
کاسێتەکەى کاروان و کەمال وەک جوانترین بەرهەمى هونەرى
لام دەردەکەوتن خەونم بەوە ئەبینى رۆژێک بەدیدارى ئەو
بگەم، لەبەردەم چایخانەکەى مام عەبد خەریکى چا
خواردنەوە بووم نیگام کەوتە سەر وێنەى گۆرانى بێژەکانى
جامخانەى تۆمارگاى مشکۆ وێنەى کاروان ڕایپەڕاندم کە
سەیرم کرد نووسرا بوو "بەشێک لەگۆرانیە
بڵاونەکراوەکانى هونەرمەندى جوانەمەرگ کاروان عوسمان"
هیچ بیرم لەوە نەکردەوە ئەو دەمەو عەسرە گوێ
لەگۆرانیەکانى بگرم بەڵکو هەواڵى مردنى ئەو دەبێ چەند
ساڵى بەسەر تێپەڕیبێت تازە من بەدیدارى ئەو ناگەم
لەناوخۆم پرسەم بۆ کاروان دادەنا بەیانى کاسێتەکەم
دەکڕى و گوێم لێى دەگرت کەتەواو دەبووم لەبیستنى
دەمووت "چۆن دەبێ تۆ بمرى" ئەو ڕۆژانە تازە
لەخوێندنەوەى هەردوو شانۆگەریەکەى سارتەر ببومەوە (دەرگا
داخراوەکان) و (مێش) خەیاڵمى بردە سەر گۆارنیەکى
کاروان "ئەو مرۆۆڤە وەک تۆ ژیانى پێ خۆشە" بەبۆچوونى
ئەوسا و ئێسشتاشم ئەوە تاکە گۆرانیەکە لەناو گۆرانى
کوردى کە بتوانین وەک گۆرانیەکى وجودى سەیرى بکەین
هەست بە فەزایەکى داریوشى دەکەین لەم گۆرانیەدا،
لەکۆتایەکانى 1999 لە مۆتێل میر بەدواى ئەوەى شەوى
پێشوو شاعیر جەمال غەمبارم ناسى بوو ئەمشەوەیانمان
بەشێکى زۆرى دیدارەکەمان بۆ کاروان تەرخان کرد ئەو
بەچیرۆکى مەرگى کاروان ئاشناى کرد هەستم ئەکرد بەشێکى
نهێنى ئەو دەمەو عەسرەى کەبیستم کاروان مرد ئێستا بەشى
زۆرى چیرۆکەکەیم دەست کەوتووە، ئەو گەیشتنە حەقیقەتە
بۆ من وەک سۆراخى کەس و کارى ئەنفالەکان بوو بۆ منال و
ژنە ئەنفال کراوەکانیان، لەو ڕۆژەوە بیر لەوە دەکەمەوە
کارێکى شانۆیى بنووسم تایبەت بە ژیانى کاروان بەڵام
هەمیشە لەو کارە سەرکەوتوو نابم ئەگەرچى تێکستێکى
شانۆیم نووسى بەناوى گیتار کە لەداهاتوودا بڵاو
دەبێتەوە بەشى زۆرى تایبەتە بە یادەوەرى من بەو
داهێنەرەوە، بۆیە پێشکەشى ئەو کراوە، بەڵام هێشتا
نەمتوانیووە کارێک بکەم شایەنى عاشقى و دەنگى ئەو بێت،
بۆ من ئەوەندە بەسە هەموو رۆژێک چ لەسەر کۆمپیوتەرەکەم
یا لەناو مۆبایلەکەم لەکاتى کار گوێ لەدەنگى کاروان
دەگرم سەربەرزیشم بەوەى دەنگەکان بیرى لەداهێنەرێکى
گەورە کردەوە.. عاشقێکى گەورە کە هەندێک دەیانەوێ
بایەخى کەمبکەنەوە بەڵام ئێمەى هەموو رۆژێک لەرێگەى
رۆژنامەى ئەلکترۆنى دەنگەکان بەیەک دەگەین و وەک مالى
ئەلکترۆنى ئەو نوخبەیە سەیرى دەکەین دەبینین کاروان
دەکاتەوە شەهیدى ماڵە ئەلکترۆنیەکەمان بۆیە بە ئازیزم
گۆران عەبدولڵا دەلێم "کاروان وەک ئێمە ژیانى پێخۆش
بوو کاتێ لەگەل یارەکەیدا یا لەکەنار جۆگەیەکدا.....
باواز لەو قسانە بێنین و وەکو ڕۆژان دواى خوێندنەوەى
ئەو چەند نووسینەى دەنگەکان سەرلەنوێ گوێ لەخۆى بگرین
بزانین چۆن سەیرى ئایندە و ئێستا و فەردانیەتى وجودى
دەکرد
|