په‌یوه‌ندی

نووسین

گۆرانی

ماڵه‌وه‌

سه‌ردار عه‌بدوڵلا

چه‌ند سه‌رنجێک له‌ سه‌ر وتنه‌وه‌ی گۆرانییه‌کانی کاروان عوسمان 

                

 پاشی چه‌ندین ساڵ له‌بێده‌نگی کوشنده‌ی مێدیایی له‌ سه‌ر یه‌كێک له‌ جوانترین ده‌نگه‌کان، که‌ ده‌نگی پڕ هه‌ستی کاروان عوسمانه‌، هێشتا ئه‌م ده‌نگه‌‌ ‌ له‌نێو کۆڕی گه‌نجانی دڵ پڕ له‌هیوا  به‌گوڕ و تینی خۆی  ئامادده‌یی خۆی هه‌یه‌.

کار و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که‌ کاروان داوی خۆی به‌جێی هێشتوون، سوودی زۆری گه‌یانده‌ که‌سانی تر و هه‌ندێک نازناوی هونه‌رمه‌ندیان له‌ سه‌ر سامانی هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ بۆ خۆیان بچڕی.  به‌تایبه‌ت کاتێک به‌شێک له‌ به‌رهه‌مه‌کانی که‌ به‌خامی له‌ زیندان تۆماری کردبوون، ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ له‌ سنوورێکی به‌رته‌سکدا و زیاتر له‌نێو دۆست و ئاشناکانی کارواندا بڵاوبوونه‌وه‌، به‌ڵام کاتێک ده‌ستی که‌سانی گۆرانی بێژی تر که‌وتن و موسیک و دابه‌شکردنی نوێیان بۆ دانرا، ئیتر له‌وساوه‌ ئه‌و که‌سانه‌ بوونه‌ خاوه‌ن و شانازیکه‌ری ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ و بچڕێنی نازناوی هونه‌ری بۆ خۆیان، به‌شی کاروانیش ته‌نیا فه‌رامۆشی و هێشتنه‌وه‌ی بوو له‌و دیو په‌رده‌ی بێ ده‌نگیدا.

به‌کارهێنانی ئاوازه‌کانی کاروان له‌ لایه‌ن که‌سانی تره‌وه‌، ماوه‌یه‌که‌ به‌شێک له‌ دۆستانی ئه‌و ده‌نگه‌ی ناڕه‌حه‌تکردووه‌، که‌ ده‌کرێت به‌نده‌ش یه‌کێك بێت له‌و که‌سانه‌، به‌ڵام به‌ هه‌ندێ سه‌رنج و هۆوه‌ که‌ ده‌کرێت هه‌ندێ جیاوازبێت له‌ هی ئه‌و به‌ڕێزانه‌!

له‌ راستیدا قسه‌ له‌سه‌ر بێ توانایی و ناهونه‌رمه‌ندی ئه‌و که‌سانه‌ نییه‌ که‌ تاکو ئێستا گۆرانییه‌کانی کاروانیان وتۆته‌وه‌، یاخود بڵێین: نابێت هیچ که‌س له‌به‌رهه‌مه‌کانی کاروان نزیکبێته‌وه‌. هه‌موو که‌س ئازاده‌ بۆخۆی چی ده‌کات و چی ده‌ڵێت، ئێمه‌ش ئازادین که‌ گوێی لێ نه‌گرین، به‌ رای من رێگری و دانانی له‌مپه‌ر و تانه‌لێدان له‌و که‌سانه‌ پێشێلکردنی ئازادی ئینسانه‌‌. ئێمه‌ ده‌توانین له‌ گۆشه‌نیگایه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بکه‌ین له‌سه‌ر وتنه‌وه‌ی دوباره‌ی ئه‌و به‌ه‌رهه‌مانه‌. سانسۆردانان کاری ده‌سته‌ڵات و مێدیاکانیانه‌، ڕه‌خنه‌گرتن کاری خه‌ڵکانی پێشکه‌وتووخوازه‌. 

هونه‌ری کاروان عوسمان، په‌یوه‌ستی به‌ ده‌وره‌یه‌کی پڕ کێشمه‌کێش و ئاڵوگۆڕی سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌، سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و هونه‌ره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند ساڵێکی کورتی پێش راپه‌ڕینی ساڵی 1991 و پاشان سه‌رده‌می دوای ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌یه‌، که‌ ده‌و‌ره‌ی بڕ و پۆپولارێتێتی ئه‌و هونه‌ره‌یه‌ له‌ نێو خه‌ڵکیدا که‌ ده‌کاته‌ دوای مه‌رگ‌ و نه‌مانی خۆی.

کاروان عوسمان کوڕی ده‌ور و زه‌مانی خۆی بوو، ئه‌و له‌ هه‌ناوی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ماندوو، ئازارچه‌شتوو سه‌ری ده‌رهێنا. سه‌رده‌مێک که‌ خه‌موو ئازاره‌کانی تا ڕاده‌یه‌ک جیاواز و تایبه‌ت  بوو له‌ سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ، سه‌رده‌می ئیستیبدادی ڕه‌های شۆڤێنیزم  بوو، خه‌می ژیان و خه‌می نان خه‌مێکی که‌مه‌رشکێن بوو. به‌ده‌ر له‌مانه‌ش خه‌می ده‌ستڕانه‌گه‌شتن  به‌و که‌سه‌ی که‌خۆشتده‌وێ له‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی داخراودا، خه‌م و بارێکی ده‌رونی گه‌وره‌بوو له‌سه‌ر گه‌نجان، مرۆڤ ئه‌و کات زیاتر ئاشق ده‌بوو، نه‌ک به‌و هۆیه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێستامان ئینسانی تر بووبێت، به‌ڵکو ئاشق بوون به‌ واتای مه‌حروومکردنی زیاتری مرۆڤه‌ که‌ ده‌ستی به‌ئاسانی به‌‌ خۆشه‌ویسته‌که‌ی نا‌گات،به‌هۆی سنووردارکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی مرۆڤ و دابڕاندنی له‌ خواسته‌کانی له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ و سیسته‌مه‌کانییه‌وه‌.

 به‌هره‌ی ده‌نگخۆشی و ده‌سته‌ڵات به‌سه‌ر ته‌له‌کانی گیتاردا،به‌ته‌نیا هۆکاری سه‌رکه‌وتوویی هونه‌ره‌که‌ی کاروان نه‌بوون، به‌ڵکو  به‌گژداچوونه‌وه‌ی جێگه‌وڕێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تی کاری ته‌واوکه‌ر و داهێنه‌رانه‌ی گێڕا بۆ ئه‌فراندن و خولقانی ئه‌و هونه‌ره‌ نه‌مره‌.

کاروان عوسمان، وه‌ک مرۆڤێکی وشیار جێگه‌ و ڕێگه‌ی چینایه‌تی خۆی و هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ی که‌ وه‌ک ئه‌ون پێ قبووڵ نه‌بوو، ئه‌و ده‌یویست کۆمه‌ڵگه‌ بگوڕێت، له‌ ڕێگه‌ی پرۆسیسێکی وشیارانه‌وه‌ چه‌وسانه‌وه‌ نه‌مێنێت.  ئه‌و له‌کاتێکدا گۆرانی بۆ مرۆڤایه‌تی و ره‌هایی مرۆڤ ده‌چری، که‌ ئه‌وکات به‌شی زۆری هونه‌رمه‌ندان له‌ ژێر کاریگه‌ری بزووتنه‌وه‌ی میللی و ناسێۆنالیستی کوردیدا، ئێش و ئازاره‌کانی برسێتی و بێ مافی خه‌ڵکانی زه‌حمه‌تکێش و برسیان نه‌ده‌بینی.

کاروان دڵی هه‌موو گه‌نجانی ئاشق و مه‌حرومی شاری ده‌خۆێنده‌وه‌ که‌ له‌ پیاسه‌ی ئێوارانی  شه‌قامه‌کاندا له‌ چاوه‌ڕوانی دیداری دڵداره‌کانیان بوون. کاروان  نموونه‌یه‌کی جوان و زیندوو له‌ دڵداری  کوڕانی شار نیشان ده‌دا که‌ نیشاندانی ئه‌م جۆره‌ وێنه‌یه‌ ده‌گمه‌ن بوو.

کاروان عوسمان له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ی باسمانکردن، له‌هه‌موو هه‌ست و موعاناتی ئینسانی پڕ و ساڕێژبوو، له‌گه‌ڵیان ده‌چووه‌ پۆلی خوێندن، له‌گه‌ڵیان ده‌چووه‌ سه‌رکار له‌گه‌ڵیان ده‌خه‌وت، له‌گه‌ڵیان هه‌ڵده‌ستاله‌خه‌و، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئاویزانی هونه‌ره‌که‌ی کاروان ببوون، هه‌موو ئه‌مانه‌‌ ئاوێزانی قوڕگی کاروان ببوون.

هه‌ر وشه‌یه‌کی نێو گۆرانییه‌کانی کاروان هه‌ست وئه‌ویندارییه‌کی به‌هێزی تێدایه‌، ئه‌وینداری وسۆزێکی وا که‌وا له‌ مرۆڤ ده‌کات، هه‌ست به‌ جوانی و مانای وشه‌کان بکات و به‌دوای مه‌به‌سته‌کانیدا بگه‌ڕێت، به‌ڵام تۆ چی ده‌ڵێت چۆن هه‌ست ده‌که‌یت!  له‌گه‌ڵ گۆرانی بێژێک که‌ ده‌یه‌وێت گۆرانییه‌کی کاروان بڵێته‌وه‌، به‌خواستی دڵی خۆی وشه‌ی هه‌ڵه‌ ڕیزده‌کات، که‌ له‌ هیچ دیالێکتێکی زمانی کوردیدا بوونی نییه‌، به‌جۆرێک که‌ ئه‌و‌هه‌ست و سۆزانه‌! ده‌دات به‌کۆڵی وشه‌ی خوار ولاری بێ ده‌سته‌ڵاتدا که‌ بێ توانان‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌کان، به‌جۆرێک میلۆدیه‌که‌ له‌و هه‌ست وسۆزه‌ ده‌رده‌کێشێته ده‌رێ‌ که‌ کاروان به‌رجه‌سته‌ی کردبوو. جیاوازی نێوان کاروان و‌ زۆرێک له‌وانه‌ی که‌ لاسایی که‌ره‌وه‌یه‌کی میکانیکی ده‌نگی ئه‌ون له‌وه‌دایه‌، کاروان به‌هۆی هونه‌ره‌که‌یه‌وه‌ ژیانی خۆی خسته‌ مه‌ترسی و تیاچوون لای ده‌سته‌ڵاتداران و داراکانی کۆمه‌ڵ، به‌ڵام لاسیکه‌روه‌کانی ئێستا، هونه‌ره‌‌که‌یان بۆ خزمه‌تی فه‌رهه‌نگی باوی ده‌سته‌ڵاتدران به‌کارهێناوه‌‌.

کاروان عه‌سمان، ئێستاشی له‌سه‌ربێت پرسیارێکی تابۆیه،‌ مێدیاکانی ده‌سته‌ڵاتداری کوردستان خۆی له‌قه‌ره‌ ناده‌ن، هۆکه‌شی تێڕوانینی ئه‌خلاقی، عه‌شیره‌گه‌ری و مه‌زهه‌بیانه‌ی ناسوینالیزمی حاکمه‌ له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ و به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه‌! کاروان لای خه‌ڵکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست یه‌کێکه‌ له‌ قوربانییه‌کان به‌ڵام لای مێدیابه‌دسته‌کانی کوردستان ئه‌و تاوانباره‌یه‌ که‌ به‌ سزای خۆی گه‌یه‌ندراوه‌. ‌هه‌ر به‌م هۆیه‌ ناکرێت هه‌ست و سۆزه‌کانی کاروانه‌کان له‌و که‌ناڵانه‌وه‌ بۆ بینه‌ران بگوێزرێته‌وه‌.

که‌ناڵه‌کانی کوردستان که‌ له‌ژێر ناوی قه‌به‌ی کورد و کوردستان...هتد ریزبوون، که‌ وا نیشان ده‌ده‌ن که‌ بۆ خزمه‌ت خه‌ڵکی کوردستان دانراون، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌وکه‌ناڵانه‌ بۆ خزمه‌تی ده‌سته‌ڵاتداران و فه‌رهه‌نگی باوی چینی حاکم دانراون، به‌ پاره‌ و پۆڵی له‌ده‌مگیراوه‌ی خه‌ڵکی کوردستان. ئه‌و که‌ناڵانه‌  ئاڕاسته‌کراون و زۆربه‌یان به‌ میزاجی سه‌رانی نێو حیزب به‌ڕێوه‌ ده‌چن، له‌وێ بڕیار ده‌درێت کێ هونه‌رمه‌نده‌، کێ شاعیره‌، کێ نووسه‌ره‌ وکێ سیاسه‌تمه‌داره‌! له‌وێ بڕیارده‌درێت که‌ كێ ده‌بێت خزمه‌ت بکرێت و كێ فه‌رامۆش.

له‌ کۆتایدا ئه‌وه‌نده‌مان ماوه‌ به‌و گۆرانی بێژه‌ به‌ڕێزانه‌ بڵێین، ئازیزان: پێتان وابوو، ئێوه‌ له‌ باخی پڕ گوڵی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و بۆنداری کاروان عوسمان، گوڵانێکتان بۆ هێناوین پڕ له‌ڕه‌نگ و پڕ له‌ بۆن، به‌ڵام مخابن گوڵه‌کانتان نایلۆنی بێ گیان ده‌رچوون.

sardar2@spray.se